باڵادەستی کوردستان و ترسی داگیرکاران
July 2, 2020
وتار و بیروڕا
پلانی لاوازکردنی ھەرێمی کوردستان بەرێکەوتنی عێراق و ئێران و تورکیایە، ئەویش بۆ سڕینەوەی قەوارەی ھەرێمی کوردستان و چاوپۆشی نەتەوەیەکگرتووەکان لەبەرامبەر ئەو ئیھانەو سنووربەزاندنەی تورکیاو ئێران، ھاوکات لەگەڵ بڕینی مووچەو بوودجەی ھەرێمی کوردستان و وشک کردنی سەرچاوەی داھاتی ھەرێمی کوردستان لەلایەن بەغداوە، پلانی سێ قۆڵی ھەرسێ دەوڵەتی ناسۆشیالستی دژەنەتەوەی کوردە، کە بەدرێژایی مێژوو لەپێش چاوی ھەموو گەلانی جیھان کوردیان چەوساندووەتەوە و سەرکوتیان کردووە، کەچی ھەموو گەلان بێدەنگن و چاوپۆشی لەکوشتن و سووتاندن و کیمیا بارانکردن و زیندەبەچاڵکردنی گەلی کورد دەکەن، کوردستان وەک ھەرێمکی فیدڕالی لەدەستووری عێراق ڕێگەپێدراوە، سەرەڕای کە بەشێکە لەخاکی عێراق بەلام ھەتاکوو ئێستا عێراق بەتەنەفوسی خاک و ھاوڵاتی خۆی مامەڵەی لەگەڵ کوردو ھەرێمی کوردستان نەکردووە، بەلێدوانێکیش ئیدانەی سنووربەزاندنی تورکیاو ئێرانی نەکردووە.
ترسی فارس و تورک و عەرەب چییە لەبەھێزبوونی کوردستان ؟ بۆچی ھەموو کات ئەم سێ دەوڵەتە ترسیان لەقیادە نیشتیمانییەکانی ناو پارتی ھەیە؟ ئەمە پرسیار گەلێکن زۆر وەڵامی بەدواوەدێن کە سەرتاپایی باڵادەستبوونی کوردستانە کەنیشتیمانپەروەری خاک و گەل ویستی ھەیە، ھەرگیز سازش لەسەر ماف و خاک و گەلەکەی ناکات، ترسی دەوڵەتانی عێراق ئێران تورکیا لەھەرێمی کوردستان ڕاگەیاندنی دەوڵەتی کوردییە بەناوی کوردستان کە کورد بووە خاوەن دەوڵەت دەتوانێت لەبانگی سەربەستی گشت پارچەکانی تری کوردستان دەسکراوەتربێت و پەناگەیەکیش دەبێت بۆ گەلی کورد لەجیھاندا، ھەرێمی کوردستان تاکو ئێستا ئارامگەو شوێنی نان پەیداکردنی بەشێک لەکوردانی چوارپارچەی کوردستانە.
تیری دووژمن ڕووی لەپارتییە بەتورک و فارس و عەرەبەوە سەرەرای ھاوکاری ھەندێک وڵاتی بەرژەوەندی خوازی دەرەکی لەناو پارتیشدا کەسە دیارو نیشتیمان پەروەرەکان ئەوانەن کەبینیمان لەشەڕی نەگریسی داعش بەدەیان شەو ڕۆژ لەسەنگەری بەرگیریدابوون شان بەشانی پێشمەرگە قیاداتی جەنگیان دەکردو ھەرێمی کوردستانیان پاراست لەداعش و حەشدی شەعبی دەییان داستانی گەورەیان تۆمارکرد، ئەوان جێگای شانازی گەلی کوردن لەمێژوودا ناویان لەسەرووی ھەمووانەوەیە، دراوسێیەکانی ھەرێمی کوردستان وەک گورگی برسی گەر بتوانن ئێسقانەکانی کوردیش دەقرۆنژن، بەڵام راستەخۆ ناتوانن وەک چەقەڵ بەفێڵ و تەڵەکەبازی پەلاماری کوردستان دەدەن، جێگای نیگەرانییە ھێشتا ھۆشیاری بەشێک لەحیزب و لایەنە کوردستانییە بەرژەوەندی خوازەکانیش نەگەیشتۆتە ئەوئاستە کەخاک و گەل لەسەرووی ھەموو شتێکەوەبێت، بێ ئاگان لەوەی کە گەلی بێ خاک وەک مرۆڤی بێ ماڵ وایە.
یەکگرتنی کیانە سیاسییەکانی کوردستان ھێزو سەنگی ھەرێمی کوردستان بەدیاردەخات و لوت و ئەژنۆی دووژمن دەشکێنێت، بەڵام بەداخەوە کورد ھەموو کەس و نەتەوەیەکی قبوڵە سەرکردایەتی بکات تەنیا خۆی نەبێت، ناوچەگەری و شێوەزاری قسەکردنی سۆرانی و بادینی خەریکە کەسانێکی نابەرپرس و بەرژەوەندخواز دەیکەن بەدووبەرەکی و سەرەنجام بە دەسکەوتی دووژمن دەشکێتەوە، یەکگرتنی گەلی کورد سەرکەوتنی ھەرچوار پارچەی کوردستانە، ئازادی و سەربەخۆیی باشووری کوردستان ئازادییە بۆ پارچەکانی تری کوردستانیش، باڵادەستی ھەرێمی کوردستان شکۆو ھێز ئەدات بەھەموو کوردستان و گەلی کورد لەجیھاندا.