مەمکدان و گرنگی پێوانی مەمکەکان

مەمکدان و گرنگی پێوانی مەمکەکان

مانگی ئۆکتۆبەری ھەر ساڵێک لە ئەوروپا زۆربەی ڕێکخراوەکانی ئەھلی و حکومی لە بواری تەندروستی و ڕێکخراوی Pink Ribbon، یان قردێلەی پەمەیی بە تایبەت، کە ڕێکخراوێکی جیھانییە ھەوڵ ئەدەن بۆ وشیارکردنەوەی خەڵک و ئافرەتان بە تایبەت لە سەر کێشەکانی مەمک کە یەکێک لەو کێشانە شێرپەنجەی مەمکە. لەوانەیە پێتان وابێ کە مەمکدان چی پەیوەندییەکی بە نەخۆشیەکانی مەمک ھەیە، بەڵام ‌ھەڵبژاردنی مەمکدان گومانی تێدا نییە کە ڕۆڵی ھەیە لە سەر پەیدابوونی ھەندێک خاڵی باش یان خراپ.

زۆربەی ئافرەتان بەرگ بۆ مەمکیان بەکار دێنن کە پەێی دەڵێن مەمکدان (ستیان)، بەڵام ڕێژەی ٨٠%یان مەمکدان بە قەبارە یان ئەندازەی نادروست ھەڵدەبژێرن.

لەوانەیە ئەو ڕێژەیە لە کوردستان زیاتریش بێت، چۆنکە لەو بوارە‌وە زانیاری و بایەخپێدان بە جۆری مەمکدان و گرنگی ئەو بەرگە ژنانەیە کەمە بە شێوەیەکی گشتی و ئەو پۆشاکەش بە ڕێگە و جۆرە مەتریالە دروستەکەی لە خزمەتی ئافرەتانی کوردستانیدا نییە. ھەروەھا کەمتر ئافرەت ھەن کە دەتوانن قەبارەی مەمکیان بپێون و مەمکدانی پڕ بە مەمک و گونجاو بەکار بێنن. لە ڕووی نەبوونی رۆشنبیری و زانیاری لەو بارەوە ھەندێک ئافرەت مەمکدان بە قەبارەی بچووک بەکار دێنن تا مەمکە گەورەکانیان بشارنەوە و ھەندێکی دیکەیان بە پێچەوانە مەمکدان بە قەبارەی گەورەتر لە مەمکیان ھەڵدەبژێرن تاکو مەمکە چووکەکانیان گەورەتر نیشان بدەن. ئەو جۆرە مامەڵەیە تەندروست نییە.

چەند خاڵێکی گرنگ ھەیە کە لێرەدا بە پێویستی دەزانم ڕوونکردنەوەیەک لە بارەی مێژوو و لێکجیاکردنەوەی ئەندازە دروستەکەی مەمکدان و ڕۆڵی ئەو پۆشاکەی تایبەت بە ئافرەت بکرێت.

مەمکدان لە کۆتایی چەرخی نۆزدەھەم لە لایەن Française Herminie Cadolle (١٨٤٥–١٩٢٦) ھاتە داھێنان و ئەو خانمە یەکەم دوکانی ئەو بەرگەی لەBuenos Aires دا لە ساڵی١٨٨٧ کردەوە و دووەمیان لە ١٨٨٩ لە پاریس بوو. سەرەتای چەرخی بیستەم واتە ١٩١٤ مەمکدان بە شێوەی نوێ ھاتە ناو بازاڕ لە لایەن Mary Phelps Jcob ئەمریکیەوە.

ئافرەتان ھەردەم بە دوای چارەسەرییەک گەڕاون بۆکێشەی مەمکەکان کە سروشت پێیانی داوە، ئینجا ئایا ئەوان بۆ ڕاکێشانی سەرنجە؟ بۆ شەیدا و ھەڵفریواندنە؟ یاخود سیستێمێکی شیرە؟

مێژوو ھەندێک زانیاری لە بارەی شێوەی مامەڵەکردنی ئافرەتان لە گەڵ مەمکەکانیاندا و ڕۆڵییان لە کۆمەڵگەدا تۆمارکردووە.

لە کۆنەوە ژنە یۆنانییەکان لە سەر کراسەکانیان پشتێندێکی ئەستووریان لە ناوقەدیان پێچاوە، نە تەنیا بۆ ڕاگرتنی کراسەکە بەڵکو بۆ بەرزکردنەوەی مەمکەکانیان.

ئافرەتە وەرزشوانەکانی ڕۆمانیی مەمکەکانیان بە پشتێندێکی کەتان یان چەرم، تووند بە سینگیان دەبەستەوە.بەو شێوەیە ئەوان بێکێشە و ئازار دەیانتاونی وەرزش بکەن.

ژنانی ئایینی کە نوێنەرایەتی خەڵک و مەعبوودی مارداریان دەکرد لە کرێتای کۆندا،٢٥٠٠ ساڵ پێش ھاتنی مەسیح، ئەوان جۆرێک مەمکدانیان بەستووە بۆ تووندڕاگرتنیان و ھەروەھا بۆخۆدەرخستن و شانازی پێکردن.

مەمکدان و بەکارھێنانی لە ناو ئافرەتانی کۆمەڵگەی کوردەواریدا زانیاری کەمی لەسەر ھەیە. بەڵام ئەوە دەزانین کە زۆر لە پیاوان بە شێعر، ھونراوە، گۆرانی و حەیران زۆرجار باسی مەمکی ئافرەتیان کردووە و ئەویان بە میوە وەک سێو یان شەمامە وەسف کردووە.

لە چەرخەکانی ناوەڕاستدا واتە ١٦٠٠ ساڵ دوای میلاد ئافرەتانی زەنگین و کلاس باڵا، زیاتر پۆشاکی تایبەت و بەرگی مەمکیان بەکار دەھێنا و مەمکەکانیان زیاتر بەرەو سەرەوە پاڵدەنا و باڵاتەنەیان تووند دەپێچایەوە. جوان و سەرنجڕاکێش بوو، بەڵام لەھەمانکاتدا بە ئازار و ناتەندروستیش بوو. جووڵانەوەی تێدا نەدەکرا و ھەناسەسواری پێوە بوو.جاریوابوو ئەوەندە تووند خۆیان دەپێچایەوە کە زیانی دەگەیاند بە جگەر و زۆریان لە ھۆش دەچوون.

ئینجا دوایی چەرخی نۆزدەھەم بیر لە ڕێگەی تەندروستی ئەو پۆشاکە کرایەوە و ھەندێک داھێنەر بیریان لە دروستکردنی جۆرێک مەمکدان کردەوە کە بێزیان بێ و ئافرەتان بتوانن بە ئاسانی تێیدا بچووڵێنەوە.

ھەروەھا کارخانەکان ھەوڵیان ئەدا کە نە تەنیا لایەنە تەندروستییەکەی بەڵکو لایەنە جوانیەکەشی واتە سێکسیەکەشی ڕەچاو بکەن.

بۆ یەکەم جارلە ساڵی ١٩٠٧ دا لە کۆڤاری مۆدە Vouge مەمکدان بە ناوی Brassiere یان Bra نووسرا. ئەو کاتە لە دایکبوونی مەمکدان ئەژمار کرا.

زۆربەی ئافرەتان جووتە مەمکێکی لە قەبارەدا جیاوازیان ھەیە،کە یەکێک لەوان ناچار لە توورەکەیەکی گەورەتر لە قەبارەی خۆی و ئەوەی دیکە لە توورکەیەکی تەسکدا کە تەواوی ڕۆژ بەند کراوە جێبەند دەکرێن.

ئەو نایەکسانییە بۆ مەمکەکان گرفت دروست دەکات، چۆنکە مەمکەکان لەگەڵ ھەر ھەنگاویک کە ئافرەت ھەڵدێنێت کەم یان زیاد حەوت سەنتیمەتر بە تەنیشت جەستەدا دەجووڵێنەوە.‌

ئەو ماددە زۆرینەی کە مەمکی پێکھێناوە چەورییە و چەوریش دەگۆڕێت بە ھۆی: بەرزبوونەوە و دابەزینی کێش،وەرزش و دووگیانی و گۆڕانی ھۆرمۆنەکان.

ئافرەت کەم یان زیاد لە ماوەی ژیانیدا ٦ جار ئەندازە یان قەبارەی مەمک و ناوقەدی دەگۆڕێت. ئینجا پێویستە کە ئافرەت بۆ ھەر ئەندازەیەکی کە ھەیەتی لە کاتی خۆیدا مەمکدانی گونجاو ھەڵبژێرێت، نەک لە سەرەتا چی بەکار ھێناوە، ھەرلەودا بەردەوام بێت.

مەمکدانێکی نادروست دەبێتە ھۆی زۆر کێشەی تەندوستی وەکو پشتئێشە،کێشەی مل و گەردن و سەرئێشە.

ژنانی شیردەر پێویستە بە ئارامی لە گەڵ مەمکەکانیان مامەڵە بکەن و مەمکدانی تەسک و نەگونجاو بەکار نەھێنن چۆنکە مەمکدانی تەسک دەبێتە ھۆی گوشینی مەمک و ئەوەش ھۆکارە بۆ ڕێبەستکردنی بۆڕییەکانی شیر یان ھەوکردن لەناو مەمکدا.

ئەو ئافرەتانەی کە تووشی شێرپەنجەی مەمک ھاتوون و مەمکدان بەکار دێنن، باشتروایە لەو مەمکدانە تایبەتانە بێت کە بۆیان داھێنراوە، ئەو مەمکدانانە بە شیوەیەکن کە پەتکی سەر شانیان پانە و نابێ گرانایی بخاتە سەر شان. چۆنکە گرانایی سەرشان دەبێتە ھۆی کەمکارکردنی لیمفەکان و دەرەنجام ئەگەری ئاوسانی ئەو دەست و باسکەی کە لەولایەدا نەشتەرگەری بۆ کراوە ھەیە.
مەمکدان بە ژمارێک و بە پیتێک جیا دەکرێتەوە و چۆنییەتی پێوانی قەبارەی مەمک و ھەڵبژاردنی مەمکدان باشتروایە ئافرەتان بیزانن.
بۆ ھەڵبژاردنی مەمکدان بە رێگە دروستەکەی، پێویستە مەمک ئەندازەی دیار بکرێت و بەو شێوەی خوارەوەیە:

یەکەم/ بە سەنتیمەتر قەبارەی پشت وسینگ تاکو ژێر مەمکەکان بپێوە.ئەوە دەبێتە قەبارەی ژێرسینگ.
دووەم/ بە سەنتیمەتر قەبارەی پشت و سینگ تاکو سەرگۆی مەمکەکانت بپێوە و تووند نەبێت.ئەوە دەکاتە قەبارەی سەرسینگ.
ئینجا ژمارەی ژێرسینگ لە سەرسینگ دەر بکە و ئەنجامەکەی دەبێتە ئەندازەی توورەکەی مەمک یان مەمکان.

نموونە:
قەبارەی سەرسینگ ٩٠ سەنتیمەتر
قەبارەی ژێرسینگ ٨٠ سەنتیمەترە
٩٠-٨٠=١٠ cm واتە مەمکدان بە قەبارەی پیتی C و قەبارەی٨٠ cm لەو حاڵەتەدا گوونجاوە.بۆ ھەر ٢،٥ یەک پیت ئەژمار دەکرێت واتە ژمارە ١٠ دەبێتە چوارەم پێت(C ) و ژمارە ٨٠ یەکەش قەبارەی ژێرسینگە.
ئەوە خشتەی داڕێژراوی ئەوروپاییە بۆ مەمکدان کە لە بچووکترین ئەندازەی مەمکدانەوە دەستپێدەکات:

١٠ - ١٢ cm: AA
١٢ - ١٤ cm: A
١٤ - ١٦ cm: B
١٦ - ١٨ cm: C
١٨ - ٢٠ cm: D
٢٠ - ٢٢ cm: E
٢٢ - ٢٤ cm: F
٢٤ - ٢٦ cm: G
٢٦ - ٢٨ cm: H
٢٨ - ٣٠ cm: J

بە پیی لێکۆڵینەوەیکی زانستی پزیشکی کە لە بەریتانیا ئەنجام دراوە و فیدەراسیۆنی بەلژیکی دژ بە شێرپەنجەی ڕایگەیاندووە لە ١٦ی نۆڤەمبەری ٢٠٠٠دا و دەلێت:

لەو توێژینەوەیەدا پەیوەندییەک دەبێ ھەبێ لە بەکارھێنانی مەمکدان و بەردەوام ئازاری مەمک.

لە ڕێژەی ١٠٠ ئافرەت کە بەردەوام گرفتی ئازاری مەمک و دروستبوونی گرێی بێزیانیان ھەبووە و بەشدارییان کردبوو لە لێکۆڵینەوەکەدا،داوایان لێکرا بۆ ماوەی سێ ھەیڤ(مانگ) مەمکدان بەکار نەھێنن و دوایی ئەو سێ مانگە،سێ مانگ مەمکدان بپۆشن.ئەو ژنانەی کە ھێشتا لە سووڕی مانگەنەدا نەوەستاون، دەرچوو کە ئەوان ھەستیان بە ئازاری کەمتر دەکرد لەو ماوەیەکی کە مەمکدانیان بەکار نەدەھێنا. ئەو ئەنجامە ئەوە دەگەیەنێت کە بەکارھێنانی مەمکدان کاریگەری نەرینی دەخاتە سەر کارکردن و چالاکی لیمفەکان و سووڕانی ماددە شلەمەنییەکان بە ڕێگەی لیمفەکان لەناو جەستەدا.

بە وتەی ھەندێکیان گوایە بەکارھێنانی مەمکدان ھۆیەکە بۆ دروستبوونی نەخۆشی شێرپەنجەی مەمک. ‌ئەڵبەتە ڕاستی ئەوە جارێ نەسەلمێندراوە و بەڵکو مرۆڤ ئێستا زیاتر بە دوای لێکۆڵینەوە و توێژینەوەدایە. بەڵام زانایان ئەوە پێشنیار دەکەن کە مرۆڤ بەرگ و پۆشاکی تەنگ و تەسک نەکاتە بەر بۆ نموونە پانتۆڵی تەسک ئەگەری ھەیە کە کاریگەری نەرینی ھەبێ بۆ نەزۆکی پیاوان.
_________________________
سەرچاوەکان:
گۆڤاری Plus Woman ژمارە ١ ‌ ٢٠٠٩
www.borstenforum.nl
http://www.borstvoeding.ecoparents.com/bh.html

Top