جەنجاڵ کردنی ژیان کێ لێی زەرەرمەندە

جەنجاڵ کردنی ژیان کێ لێی زەرەرمەندە

بەھۆی زۆر بوونی کێشە و قەیرانەکان و کاڵبوونەوەی یان نەمانی ئینتیمای نیشتیمانی تاکی کورد، و پێگەیاندنی چینێک لە گەنجان بێ ئەوەی بەھا پیرۆزەکانی نیشتیمان بناسن، ھەر ئەوە نییە کە دوژمنانی گەل وەک خاڵێکی لاوازمان لەسەر پشت لێی پاڵکەوتوون و لە قەوارەی ھەرێم و مافەکانیان بێ باک بوون، بەھۆی ئەوەش کە ئەو قەیرانانەی کەڵەکە بوون بەھۆی بڕیاری کەسانێکی زلھێزی کوردستانن کە باڵادەستن وچاکسازی لە بەرژەوەندیەکانیان دەدات، بە خودی خۆیان و پشتیوانەکانیان کە سۆشیال میدیاکانیان تەنیوە، ئەوەش ژیانی کۆمەڵایەتی سەخت و ئاڵۆز کردووە، ئەوەی من زۆر نیگەران دەکات بەھا نیشتیمانی و کۆمەڵایەتیەکان لە ژێر ھەڕەشەی داڕووخانن لە لایەن کەسانێک کە دەنگیان لە باڵای کەسایەتیان بەرز ترە، لێرەدا دەبێت چالاکوانانی بواری کۆمەڵایەتی و پەروەردەیی ڕۆڵی شورشگێڕە گیان فیداکان ببینن و دەست بکەن بە راست کردنەوەی ھەڵەکان، و تاکەکانی کۆمەڵگاش بزانن ژیان بریتییە لە خۆشی و ناخۆشی و ئێوارەی چا خواردنەوە و میوە خواردنت نەکەیت بە گۆرەپان و کۆبوونەوەی سیاسی، بەڵکو دایک و باوک سۆز و خۆشەویستیان بۆ یەکتر و منداڵەکانیان و نیشتیمانی بوونیان تەرخان بکەن، بە قسەی خۆش و ئامۆژگاری جوان و بەخشینی وزەی ئەرێنی بە یەکتر و ھەرگیز ماڵ نەکەن بە کۆپی کارەکانیان چ حکومی چ حزبی بێت، چونکە کاتی دەوام دەتوانی خراپی ھەر شتێک ھەیە نمایش بکەیت و لە حزبەکەشت بە ھەمان شێوە دڵسۆزانە دەست لەسەر گرێیەکان دابنێن و شێوازی کردنەوەشی ژیرانە بخەنە روو، ئەگەر بزانن و دڵنیا بنەوە لەوەی دەگاتە شوێنی خۆی و ئەگەر نەگەیەنرا ئەوان دەیان رێگای تر ھەیە بەڵام لە وشە وشەی نوسینەکان سەلمێنەری ئەمەکت بن بەرانبەر ئەو نیشتیمانەی کە وەک دایک پێویستە لەناخ و ھزر ودڵمان پیرۆز بێت، ئەوەی ئێستا حاڵەکەی خراپتر کردووە بڵاو بوونەوەی ھەواڵی ناراست بە چاو تروکانێک بەناو ھەموو ماڵێکدا لە رێگەی ئەو پێگە کۆمەڵایەتیانەی ھەن، بەتایبەت فیسبووک بێ ئەوەی راستی بابەت بزانن و بێ ئەوەی لە سەرچاوەی ھەواڵ دڵنیا بن، ھەرچەند مرۆڤ ھەواڵی نادروست و ناراستی دەست بکەوێت ئەوەندەی تر مێشکی ئاڵۆز دەکات و تاکەکان بە ئاقارێکی نادیار دەبات، کە لە ڕووی کات و کۆششەوە بەھەدەر چوونی توانا و بیر کردنەوەی پێشکەوتووی لێ دەکەوێتەوە، وەک بڵێی سەرقاڵ کردنەوەکە بە مەبەستە وروژاندنەکەش بەرژەوەندی لەدواوەیە، ئاکام ئەو ھەڵانە دەبنە ھۆی تاریکی و ڕەشبینی باڵی بەسەر تاکەکاندا دەکێشێت، ئەو قسانەم بۆ ئەوە نییە تاک ناھۆشیار بێت خوانە خواستە یان حەز نەکەم داوای مافی خۆیان بکەن، بەڵام لێرە ھەموو باسەکان تێکەڵ کراون لەدەرئەنجام مێشک شێواو دەبن و تاک ناتەندرووست و نەخۆش دەبێت، کاتێک من نیشتیمانم خۆشدەوێ ڕەخنە لە شوێنی خۆی دەگرم و رێگا راستەکان بە پێی پێزانینی خۆم نمایش دەکەم، ئەوەی تر ھەرگیز نابێت بەشدار بیت لە بڵاو بوونەوەی پروپاگەندە کە جگە لەو قەیرانانەی ھەمانە قەیرانێکی تر لە دەروونمان کەڵەکە نەکەین و خۆمان خۆشبوێت و نەبینە ئالەتێک لە دەستی ئەوانەی بەرژەوەندیان لە بڵاو کردنەوەی ئەو جۆرە شتانە ھەیە.
Top