کامیان شایستەی ھەڵوەشاندنەوەیە، کوردستان یان عێراق

کامیان شایستەی ھەڵوەشاندنەوەیە، کوردستان یان عێراق

بوونی کوردستان مێژووەکەی بۆ پێش دامەزراندنی دەوڵەتی عێراق دەگەڕێتەوە، بەڵام ناپاکی و ناڕاستگۆیی وڵاتە بڕیار لە دەستەکانی سەرەتای سەدەی نۆزدەھەم، وای کرد ئێمە بێ قەوارە بین و لەکاتی دووبارە نەخشەکێشانی ناوچەکە لەسەر دەستی سایکس و بیکۆ وەک کێکێک دابەشکراین بەسەر سێ دەوڵت (عێراق و سوریا و تورکیا). کە بە درێژایی سەد ساڵی ڕابردوو ئەو دەوڵەتانە ھیچ کامیان ھەستی بە خاوەنداریەتی و ئارامی نەکردووە لە ناوچە کوردستانیەکان، بگرە بەبەردەوامی لە دڵەڕاوکێ و شەڕ دابووە لەگەڵ شۆرشەکانی گەلی کورد، سەرەڕای ئەوەی کورد ئیمکانیاتی شەڕکردنی زۆر سنوردار بوو بەڵام باوەڕ بوون بە ڕەوایی دۆزی گەلەکەیان ھەمیشە شۆرشەکانیان ترس و دڵەڕاوکێیان لە دڵی ئەو دەوڵەتانە چنی بوو.
دوای گشت ئەو شۆڕش و قوربانیەی گەلی کورد لە باشوور توانیان لە ساڵی ١٩٩١ قەوارەیەک بۆ خۆیان فەراھەم بکەن، کە بووەتە ماڵی گەورە و پەناھگای سەرجەم کوردانی بەشەکانی تر کوردستان.

جێگای سەرسوڕمانە کەسانێک ھەبن لە کوردستان گشت ئەو شۆڕش و بەرخودانە لەبەر چاو نەگرن وە بە دڵی دوژمن قسە بکەن و بانگەشە بۆ بەرنامە گڵاوەکانیان بکەن و داوای نەھێشتنی قەوارەی کوردستان بکەن، کە دەیان ھەزار ڕۆڵەی ئەم وڵاتە گیانی خۆیان لە پێناوی بەخشیوە. ڕەوا نییە بە پاساوی خراپ ئێدارە دان داوای نەمانی کوردستان بکەی، ئایا بیستوتانە حکومەتی بەریتانیا یاخود ئیسپانیا کۆمەڵکوژی و قوت بڕین و کیمابارانی خەڵکی سکۆتلەند و کاتەلۆنیان کردبێ! نەخێر، بەڵکو وەک ھەر ھاوڵاتیکەی تر مافەکانیان فەراھەم کراوە، بەڵام ئەوان ھەر داوای مافی ڕەوای خۆیان کرد کە بوونە بە دەوڵەت. لە لایەکی تر کەس بیستویەتی لەبەر خراپی حەماس و فەتح فەلەستینیەکان داوای نەمانی فەلەستینیان کردبێ. دەبێ ئەوە ڕوون بێ بۆ ھەموومان کە دەسەڵات و حکومەتەکان دێن و دەڕۆن، بەڵام گەل و خاک ھەردەمێنێ.

لە کۆتاییدا دەڵێم، ئەگەر بێینە سەر حەق دەبێت داوای ھەڵوەشانەوەی ئەو قەوارە خێرلەخۆ نەدیوەی بەناوی عێراق بکەین، کە جگە لە ماڵوێرانی و کارەسات و تاوان ھیچی تری نەبووە بۆ ئێمە، نەک کوردستان ھەڵوەشێنین و جارێکی تر بیخەینە ژێر حوکمی بەغدا. مێژوو سەلماندی بۆ گەلەکەمان بە حوکمی پاشایی و شیوعی و دیکتاتۆری و دیموکراتی، بە حوکمی سونە و شیعەوە، دەسەڵاتدارنی عێراق ھەموویان بە یەک پرێنسیب (مبدڕ) سیاسەتیان کردووە لەبەرامبەر گەلی کورد، ئەویش ھەر کاتێک لاواز بوونە دەستی برایەتیان درێژ کردووە و ھەر کاتێک بەھێز بوونە بە تۆپ و تانک ھێرشیان کردۆتە سەرمان و ھەوڵی نەمانمانیان داوە.
Top