سایکۆلۆژیای خودپەرستی

سایکۆلۆژیای خودپەرستی

چەمکی خود پەرستی لە دەروونزانیدا زیاتر ڕەفتار و ھەڵچوونێکی نەرێنییە، جیاوازە لە چەمکی نەرگسیەت واتە ئەشق بوونی خودی خۆت کە دەچیتە بازنەی نەخۆشی خودی دەروونییەوە.
بەڵام خود پەرستی واتە گەندەڵی دەروونی کە ڕەھەندەکانی دەروونی و کۆمەڵایەتی لێک دەترازێت و ھیچ پەیوەندیێکیان بە یەکەوە نامێنێت، تاک لە بوونەوەرێکی کۆمەڵایەتیی دەگۆڕێت بۆ بونەوەرێکی خودی و دەروونی تەنھا بیر لە خۆی دەکاتەوە، کەسێکی دیکە بەلای ئەو بوونی نییە واتە ھیچ. ئەمەش ئەوە دەگرێتەوە کاتێک دەڵێین ( لە ماڵی خۆم دانیشتووم حەقم نییە بەسەر کەسەوە، ئاگرە سوورە لە خۆم بە دوورە، دەست بە کڵاوەکەی خۆت بگرە با نەیبات، لە من نادەن لە حەمەدی برا دەدەن وا دەزانم لە جەواڵی کا دەدەن) دەیان وتەی دیکە لە ڕووی دەروونییەوە باس لەوە دەکات ئەگەر دراوسێیەکەت ئاگری گرت حەقت بەسەریەوە نەبێت. ئەگەر کوردێک لە شوێنێکی دیکە کوژرا یان قڕکران پەیوەندیت پییانەوە نەبێت گرنگ خۆت سەڵامەت بیت. ئەگەرپارچەیەکی خاکی نیشتیمان سووتا گرنگ نیە تەنھا مالە کەی خۆم سەڵامەت بیت ونەسووتێت. ئەمانە لەشرۆڤەی دەروونی نەخۆشی پەیوەستبوونی کۆمەڵایەتیی – دەروونییە، ھەڵوەشانەوەی بەھای مرۆڤایەتییە کەتاک سڕ دەکات لە ھەستی یارمەتی دان و بە کۆمەڵایەتیی بوونی و لە دەستدانی وێژدانی مرۆڤی بوون. کە ھەر یەکەو لە جیھانی تایبەتی خۆی دەژیت و پیویستی بە کەسێکی دیکە نییە. ئەویش غەریزەی سادیزمە واتە بە ئازاردان و پارچە پارچەکردنی کەسانی دیکە چیژ وەردەگرێت، ھەستێکی بکوژی و مافیایی ھەیە، ھەموو شتێک لە پیناو چێژ وەرگرتنی خۆی لەسەر نەمانی کەسانی بەرامبەر تا ڕادەی ئەوەی منداڵێک ئەسووتینێ بۆ ئەوەی جگەرەیەک دابگرسێنێت. خودپەرستی مەترسییە لەسەر ئاسایشی خێزانی و ھەڵوەشانەوەی ھەموو پەیوەندییە پیرۆزە‌کان. نەک خاک و نیشتیمان بەڵکو ئایینیش بۆ بەرژەوەندی تایبەتی بەکاردەھێنیت، ھەموو بەھای مرۆڤایەتی و ئەخلاقی ئەخاتە ژیر پێ بۆ چێژوەرگرتنی کاتی دەروونزانی دەڵێت تاکی کورد ھەمیشە تەماشا‌کار بووە نەک بکەر و مەیدانی بووە.
Top