مانگی تەمموز مانگی یەکلاكردنەوەی دەسەڵات لە نێوان حکومەت و حزب !

مانگی تەمموز مانگی یەکلاكردنەوەی دەسەڵات لە نێوان حکومەت و حزب !

بڕیار وایە لە مانگی تەمموز کە يه‌ك دوو ڕۆژی ماوە بۆ ئه‌م مانگه‌ چارەنووسسازە، یاسای چاکسازی کە پرۆژەیه‌كه‌ و خواستی زۆربەی ھاووڵاتیانی ھەرێمی کوردستانە بە ھەموو چینەکانيەوە بۆ بەرجەستەکردن و چەسپاندنی دادپەروەری جێبەجێ بکرێت. ھەر لە سەرەتای باسکردنی ئەم پرۆژەیەوه‌، ئەو شەخسانەی لە ھەموو حزبەکانەوە بەبێ جیاوازی زەرەرمەندن لەم پرۆژەیە بەربەست و کۆسپی زۆریان دروست کرد، ھەندێکیان بە ڕاستەوخۆ، ھەندێکیشيان با ناڕاستەوخۆ، به‌ڵام پرۆژەی چاکسازی کۆتا ھەلە بۆ گەڕانەوەی متمانەی ھاووڵاتیان بە حکومەت و حکومەت نابێت گوێ بە ھیچ کەس و بەربەستێک بدات.
ناکرێت چاکسازی بە ڕێکكەوتن بکرێت، بەتایبەتی لەنێوان پارتی و یەکێتیدا، بەڵکو دەبێت بەپێی یاسا بێت و، چاکسازی لەھەموو سەکتەرەکاندا بکرێت، ئەم پرۆژەی چاکسازیيە لە زۆر بواری ديكه‌دا ده‌بێت بكرێت، بەڵام ئێستا دەستپێکە و دواتر دەتوانن لە ھەموو سەکتەرەکانی ديكه‌دا چاکسازی بکرێت، بەتایبەتی لە (خاڵە گومرگیيەکان و شەفافکردنی داھاتی نەوت)، ناكرێت و نابێت ئیتر داھاتی وڵات لە دەستی چەند کەس و حزبێک بێت، بەڵکو دەبێت ھەموو داھاتی وڵات بگەڕێتەوە بۆ خه‌زێنه‌ى حکومەت بۆ ئەوەی ئیتر حکومەت بتوانێت بەسەر ھەموو قەیرانەکاندا زاڵ بێت.

ئەگەر پرۆژەی چاکسازی جێبەجێ کرا، ئیتر دەسەڵات لە ھەموو حزبەکان وەردەگرێتەوە و دەسەڵات دەگەڕێتەوە بۆ دامودەزگاکانی حکومەت، ئه‌وكات ھاووڵاتیان دەزانن بڕیار لە کوێوە دەدرێت و، دەزانن کێ خاوەندارێتی ئەوان دەکات، ھەر بڕیارێکیش بدرێت، ھەموو ھاووڵاتیانی کوردستان بەگشتی پابەند دەبن بە بڕیاری حکومەتى ھەرێمی کوردستان، نەک بە بڕیاری ئەو زۆن و ئه‌و زۆنی دى...
ئەگەر پرۆژەی چاکسازی بە ھەر بیانوویەک جێبەجێ نەکرا، یان وەک خۆی جێبەجێ نه‌کرا، يان بە ڕێکكەوتنی حزبەکان جێبەجێ کرا، چیتر نە ھاووڵاتیان متمانە بە حکومەت دەکەن، نە پێویستیان بە حکومەت دەبێت، چونکە مادام ھەر حزبەکان باڵادەست بن، پێویست بەو ھەموو مەسرەف و خەرجکردنی ئه‌و پارەیە ناکات لە ھەموو دامو دەزگاکانی باڵای حکومەت، با ئیتر لە ئۆرگانەکانی حزب کۆوبونەوە بکرێت، حزبەکان بڕیار بدەن، پێویست بە بڕیارەکانی حکومەت ناکات!
حکومەت و ھاووڵاتیان تەواوکەری یەکترن و پێویستە ھەموو ھاووڵاتیان پشتگیری حکومەت بکەن، بۆ سەرگرتنی ئەم پرۆژەیە، چونکە لە ھەموو جیھان ھیچ حکومەتێک سەرکەوتوو نابێت، ئەگەر ھاووڵاتیان پشتیوان و ھاوکارى نەبن، ھاووڵاتیانیش ڕێگای سەرکەوتن ون دەکەن، ئەگەر حکومەتێکی بەھێزیان لە پشت نەبێت .
Top