كازمی و سیناریۆیە چاوەروانكراوەكان
June 28, 2020
وتار و بیروڕا
مستەفا كازمی لەسەرەتای دەست بەكاربوونیەوە، ئەوەی خستەروو كەدەیەوێت گۆرانكاری سەرەكی بكات و نابێتە بەشێك لەسیاسەتی حكومەتەكانی پێشخۆی ئەمەش بەتەواوەتی نامەیەك بوو بۆ بەشێكی زۆر لەسەركردە شیعەكان، ئێستا كازمی خۆی لەناو چەند سیناریۆیەك دا دەبینیتەوە.
ئۆپەراسیۆنێكی جیاواز
شەوی بیست و شەشی حوزەیران كاتێك زۆربەی دانیشتوانی بەغدا لەخەودابوون، ئەوەندەیان زانی هیزەكانی دژە تیرۆر گەمارۆی بارەگایەكی حزبوڵلای عیراقیان داوە تەواوی ئەندامانی نیو بارەگاكەشیان دەستكيردووە كە ژمارەیان ١٤ كەس دەبیت دەست بەسەر چەندین جۆری چەكی جیاواز لە چەكی قورس و سووك دوو سەكۆی هەڵدانی موشەكیشدا گیراوە، بەتایبەتی، ئەمە بیجگە لەو هەنگاوانەی تری كازمی بانگەشەی بۆ دەكات، هەمووی بەزیانی گروپە چەكدارەكانی نزیك لەئێران كۆتایی دیت، بەتایبەتی كۆنتڕۆڵكردنی دەروازە سنورییەكان و چەككردنی گروپە چەكدارەكان، بۆیە روودانی هەر گرژیی و پەرچەكردارێك چاوەڕوانكراوە و پێناچێت گروپەكان دەستەوەستان بن.
یەكێك لەسیناریۆ دیارەكانی كازمی بۆ كۆنترۆڵكردنی سەرچاوە داراییەكانی گروپە شیعەكانە، تەواوی دەروازە سنوورییەكانیش لەژێر كۆنترۆلی گروپە شیعەكاندان، بەمەش داهاتێكی خەیاڵی دەست ئەو گروپانە دەكەوێت، ئامانجی سەرەكی لەم هەنگاوەدا ئەوەیە كە تەواوی دەروازەكان لەدەست گروپە چەكدارەكان بهێنێتە دەرەوە، بەم هەنگاوەش ئێرانیەكان تووشی گەورەترین زیانی ئابووری دەبن.
گەمارۆكان و ئێران
ئاساییە كازمی بۆ رازیكردنی ئەمریكا، سنوور بەرووی كەلوپەلی ئیرانیدا دابخات، بەمەش دەتوانێت بەتەواوەتی گەمارۆكان لەسەر ئێران چربكرێتەوە، چونكە ئێستا عیراق بۆتە بۆرسەیەك بۆ گواستنەوەی دراوە گران بەهاكانی وەك(دۆلار و یۆرۆ ) بۆ ئێران، كازمی دەیەوێت لەرێگەی كۆنترۆڵكردنی دەروازە سنوورییەكانەوە ئەو گورزە لەئێران بدات، لەكاتیكدا بەهۆی سزاكانی ئەمریكاوە ئێران ڕووبەڕووی فشاری گەورەی ئابوری بۆتەوە ، دوای بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسی كۆرۆنا دۆخەكەیان لە ئێران ئاڵۆزتر كردووە.
سیاسەتی دەرەكی
یەكەم سەردانی فەرمی كابینەكەی مستەفا كازمی بۆ دەرەوەی عێراق، لەرێگەی عەلی عەلاوی وەزیری داراییەوە بۆ ولاتانی كەنداو بوو یەكەمیان بە كوەیت دواتر بۆ سعودیە بوو، لەكاتێكدا ئەم هەنگاوەش لەلایەن ئەمریكاوە پێشوازی لێكراوە، واشنتن دەیەوێت عیراق بگەرێینتیەوە بۆ نێو جیهانی عەرەبی و كۆتای بەهەژموونی ئیرانیەكان بهێنیت، ئەمە بیجگە لەوەی كازمی بەنیازە بۆ كرینی غازی سروشتی و كارەبا روو لە سعودیە بكات، ئەمە بیجگە لەوەی بەنیازە بەشێكی زۆری كەرتی غازی سروشتی بەتایبەتی (كیڵگەی عوكاز)عیراق رادەستی كۆمپانیا سعودیەكان بكات، ئەم هەنگاوەش زیاتر ئیرانیەكان توورە دەكات.
هەلوەشاندنەوەی ئەنجوومەنی نوینەران
یەكێكی تر لەهەنگاوەكانی ئەمجارە كازمی بۆ بەهێزكردنی پێگەی خۆی ، هەولدانە بۆ هەلوەشاندنەوەی ئەنجوومەنی نوێنەران، ئەمەش كارێكی زۆر قورس و ئەستەمە لەرووی یاسایی و دەستوورییەوە، بەلام كازمی ئەوەی نەشاردۆتەوە كەخۆی بۆ هەلبژاردنی پێش وەخت ئامادە دەكات، لەم حالەتەشدا ئەنجوومەنی نوێنەران هەلدەوەشێنیتەوە، رەنگە كازمی ئەم بژاردەیە بۆیە دەوێت بەكاربهێنت بۆ ئەوەی بتوانێت لەم رێگەیەوە كۆنترۆڵی دەستەلاتی یاسادانان بكات، بەتایبەتی زۆرینە ئەنجوومەنی نوێنەران لەهیزە شیعەكان پێكدێن و رێگری لەكارەكانی دەكەن، لەلایەكی تریشەوە ئەگەر ئەنجوومەنی نوێنەران نەما ئەوكات حكومەتێكی بچووكراوە دروست دەكات بەشێوەیەی كاربەرێكەری فەرمانرەوایی ولات دەكات، ئەمەش بابەتێكی زۆر ئەستەمە چونكە عیراق دەخاتە نیو بۆشاییەكی دەستووری و یاساییەوە.
جەنگی ناوخۆیی
لەكۆتایدا هەنگاوەكانی كازمی هەرچۆنێك بێت و چ ئامانجێكی هەبێت كازمیی لەنێوان دوو بژاردەدایە یەكەمیان ئەوەیە لە هەنگاوەكانی بۆ سنورداركردنی گروپەكان دەستی ئیران بەردەوام بێت، بەلام ئەمەش ئاسان نیە چونكە عێراق لەژیر نفوزی ئیراندایە و بەشێكی دانیشتوانی عیراق وەلائیان بۆ ئیران لەخودی ولاتی خۆیان زیاترە، ئەمەش وادەكات جارێكی دیكە عیراق ببێتە گۆڕەپانی شەڕی ناوخۆی لەم بارەشدا عیراق بەرەو داڕوخان دەروات، یان دەبێت هەولبدات رەچاوی بەرژەوەندییەكانی تاران و واشنتن بكات،دۆخی عێراق بەهاوسەنگی لەنێوان بەرژەوەندییەكانی ئێران و ئەمریكییەكاندا رابگرێت، بەلام ئەمەشیان زۆر ئەستەمە ئێستا چونكە كازمی لەیەكەم دەستپیكی كارەكانیدا خۆی بەهاوسۆزی ئەمریكیەكان نیشان داوە هەولەكانی بۆ سنورداركردنی دەسەڵاتی گروپەكانی لایەنگری ئێران چركردۆتەوە.
قۆناغی دوای قاسم سلەیمانی
ئەوەی زیاتر بۆ كازمی مایەی دڵخۆشیەو ئومێدی سەركەوتنی لەلای ئەو دروستكدووە ئەوەیە كە ئێستا غیابی قاسم سلەیمانی لە شانۆی هەرێمی و بەتایبەت لە عێراقدا بە روونی بەدیدەكرێت، بە ئاشكراش هەست بە نەمانی ئەو توانایەی سلەیمانی دەكرێت كە لە كپكردنەوەی كێشەكان و چارەسەردا لە بەرژەوەندی تاران بەكاری دەهێنا بەتایبەت لەناو ریزەكانی شیعەدا كە پەیوەندییەكی دێرینی لەگەڵ زۆرینەی سەركردەكاندا هەبوو و بەشێكیشیانی بە بەرژەوەندی و دەسەڵات رازی كردبوو، بەڵام دوای بێدەنگبوونی ئێران و رێگەدان بە گەیشتنی مستەفا كازمی بۆ سەر كورسی سەرۆك وەزیران. بە ئاشكرا هەست بە لاوازی پێگەی تاران دەكرێت، بەتایبەتی لەچەند مانگی داهاتوودا گۆرانكاری زۆر گرنگ لە عیراقدا روودەدات چونكە زۆر لەو سەركردە شیعییانە ئێستا لە دەسەڵاتدان هەوڵی نزیكبوونەوەی زیاتر لە ئەمریكا دەدەن، ئەمەش رەهەندێكی نوێ لە سیاسەتی ئەمریكا لەعیراقدا دەردەخات .
لەكۆتایدا كازمی بەرەو قۆناغێك هەنگاودەنێت ئەستەمە سەركەوتوووبێت بەتایبەتی پیدەچێت پەنا بۆ هەڵوەشاندنەوەی پەرلەمان بەرێت لەپێناوی سەرقاڵكردنی حزبە سیاسیەكان بەهەلبژرادنی پێشوەختەوە ئەمەش ئەوەندەی تر عیراق دەخاتە نێو تونیلێكی تاریكەوە كەدیوی ئەو دیوی دیارنیە.