حكومه‌تى به‌هێز ڕه‌چاوى گوزه‌ران و بارى ده‌روونيى هاونيشتمانيان ده‌كات

حكومه‌تى به‌هێز ڕه‌چاوى گوزه‌ران و بارى ده‌روونيى هاونيشتمانيان ده‌كات

حکومەتی عێراق لە سەرەتای دروستبوونیەوە تا ئێستا غەرقی گەندەڵی و دزی و نادادیيەکی زۆر بۆتەوە، ھەزاران ھاوڵاتی بە ھۆی کارە چەوت و نادادیيەکانی حکومەتی عێراق لە ژێر ھێڵی ھەژارییەوەن. بۆشایی ئەمنی و نەبوونی سیستمێکی سەربازيی بەھێز، واى كردووه‌ خەڵکی عێراق ھەمیشە لە ترسی مردن و کوژراندان، ئەمە جگە لەوەی ھیچ خزمەتێک نەکراون.
حکومەتی عێراق غەرقی گەندەڵی بووە، دوژمنکاری و دووبەرەکی نێوخۆیان بە ئێمە دەڕێژنەوە، ئەوان بەو ھەموو پارە زەبەلاحەوە ناتوانن دڵی ھاوڵاتیەکی بەغدادش کە پایتەختە ڕازی بکەن، چ جای شارە پەراوێزخراوەکانى وەک بەسڕا و سامەڕا و ناسڕیە کە لە سایەی حوكمڕانيى خراپ و نەزانیدا وەک وێرانەیان لێھاتووە! جگە لە جیاوازی چینایەتی و ڕێژەی به‌رزى ھەژاری، بەتایبەت لە زۆرێک ناوچەکان ڕێژەی ھەژاری دەگاتە، سەرووى ‏٤٠٪ ئەمەش کارەساتێکی گەورەیە بۆ دەوڵەتێکی نغرۆبوو لە نـەوت!
حکومەتی عێراق داخی شکستەکانی خۆی بە کورد دەڕێژێ. ھەر لە دوای ڕژێمی سەددام حسێنەوە تا ئێستا (حکومەتی عێراق) نەیتوانیوە حوكمێکی ڕەشید و دادپەروەرانە بۆ گەلی عێراق بەڕێوەبەرێ، لە کاتێکدا ئەم وڵاتەدا ڕۆژ بە ڕۆژ لە پەرەسەندن و بەرەوپێشچوونی داھات و بەرزبوونەوەی سامانی وڵاتدا بووە. بەڵام ھەتا ھاتووە و قەیرانە سیاسی و داراییەکانی قووڵتر بۆتەوە!
گەلی کوردستان کە بە زۆر بەم عێراقەوە لکێندراوە لە ساڵی (٢٠٠٣)وە کورد ڕۆڵی باڵای لە نووسینەوەی ئەو دەستوورە ھەبوو کە ئێستا عێراقیيەکان باسکردنیشی بە شانازیی دەزانن و جێبەجێی ناکەن! کورد ھەمیشە بووەتە قوربانيی بەڵێنه‌ کاتیيەکانی ئەوان، ئەوان ھەرگیز نەیانتوانیوە متمانە بۆ "حکومەتی ھەرێم" و خەڵکی ھەرێمی کوردستان دروست بکەن. ھەمیشە بە چاوی ڕک و کینەوە ڕوانیويانه‌ته‌ خەڵک و خاکەکەی، سڵیشیان نەکردۆتەوە لە بڕینی مستەحەقاتی خەڵکی ھەرێمی کوردستان...
حکومەتی عێراقى فيدڕاڵى لە ساڵی (٢٠١٤) لە سەخترین بارودۆخی ھەرێمی کوردستاندا، بێ ویژدانانە بوودجەی ھەرێمی کوردستانی بڕی، گەر ھەندێک سیاسەتی پێویستی ئەو کات نەبا، بێ شک ھەرێم ڕووبەڕووی سەختيی زیاتر دەبوویەوە، سەڕەڕای ئەوەش ھەرێم شەڕی برینی بوودجە و جەنگی داعش و ئاوارەبوونی ھەزاران ھاووڵاتی کرد، پیلانی بەردەوامی کاڵفامانیش لەلایەک! ئیتر لە دوای ئەوەش ھەموو پەیوەندیيەکیان لەگەڵ ھەرێم پچڕاند. کوردی رەسەن و خاوەن حەیسیيەت بیریان لە ڕیفراندۆم کردەوە. ڕیفراندۆم سەرکەوتوو بوو، بەڵام لە شکرکێشی عێراق بە دەستکێشی پەندەکانی زەمانە، قۆناغێکی سەختی تری ھێنایە کایەوە، سەڕەرای ئەوەش ھەر نە نیازی سڕینەوەی ناسیۆنالیزم و قەوارەى ھەموو کوردستان پيلانيان دانا، وەلێ لەوێش شکستیان ھێنا، دوای ئەوەش حکومەتی ھەرێم گەر حەقانی بین، دەیان ئۆپشنی چارەسەری خستە بەردەم بەغدا، بەڵام ئەوان لەسەر فکرە شۆڤێنیەکانی خۆیان بەردەوام بوون بۆ ئه‌وه‌ى خەڵکی کوردستان ملكه‌چى خۆيان بكه‌ن.
پاش بڵاوبوونەوەی کۆرۆنا و دابەزینی نرخی نەوت قەیرانی دارایی ھەموو جیھانی گرتەوە، بەڵام دەوڵەتە گەندەڵدەستانەکانی وەک عێراق ھەر زوو یەخەی گیرا، لەگەڵ ئەوەش ئەم دەوڵەتە نەکەوت و مووچەی فەرمانبەرانی خۆی کە دووبەشی نایاساییە بە بێ دواکەوتن دابەش دەکرد. پرسیارەکە لێرەدا ئەوەیە ئەم یارییەی حکومەتی عێراق لەپێناو چیدا؟ ڕاستە ھەرێمی کوردستان لە دوای ساڵی (١٩٩٢) وە بە قۆناغی جیاجیای حوكمداریدا تێپەڕیوە، به‌ڵام لە بەشێکیکی قۆناغەدا دەیان کەرتی خزمەتگوازی و ئاوەدانی و گشت سێکتەرەکانی حکومەت بووژایەوە و بەشێک لە شارەکان ئاوەدان کراونەوە و بوونە سیمبوولی جوانی و ئاوەدانی و نموونەیەکی ئاراميی ناوازە لە عێراق و ڕۆژھەڵاتی ناوەڕاستدا، بەڵام ئەوەش نادیدە ناگرین، بەداخەوە بڕیاری ھەڵە لە کەسانی ناشایستە لە پۆستە حکوومیيەکان کاریگەری خراپی لەسەر خەڵک دروست کرد، لە گەندەڵی و بەھەدەردانی سامانی گشتی و بەکارھێنانی پۆست بۆ ژیانی کەسی، ئەمە نادادییەکی زۆری لە مووچە، سەروەری یاسا و دەیان کەیسی دیکە ھێنایە کایەوە، کە کاریگەرییەکەی بە ئێستاشەوە ماوە.
حکومەت عێراق چۆن لە ھەرێم دەڕوانێ؟ ‎
لە سەردەمی ڕیفراندۆمەوە و یەکگرتوويی گەلی کوردستان، حکومەتی عێراق و لایەنە شیعیەکان لە ھەرێم دەترسان، نەیاندەتوانی ھەموو شتێک دژی ھەرێم بکه‌ن، ‎بەڵام لە دوای ڕووداوە عەیبەکانی دوای ١٦ـی ئۆکتۆبەر و تەسلیمبوونی ھەندێک پەرلەمانتاری بەناو کورد بە سیاسەتەکانی حکومەتی عێراق، ئێستا ئەوان و ئێرانیش گەیشتوونەتە ئەو قەناعەتەی کە ئیدی شتێک نەماوە بە ناوی یەکڕیزيی گەلی کورد!‎
شیعەکان قەت پێكه‌وه‌ ته‌با نین، بەڵام بۆ دژی کورد یەکھەڵوێستن، ئێمەش لەناو خۆماندا کۆمەڵێک خاکفرۆش و ئیرھاب فکرمان بۆ دروست بووە، کە کاتێک باسی تاوانەکانی حکومەتی عێراقی بۆ دەکەیت، دەبێتە محامی و بەرگریکاری ئەوان. حەسادەتی ئیدارەدان! واقعەکەی شێوازی حوكمداريی حکومەتی ھەرێم، بەتایبەت لە سەردەمی کۆرۆنادا،حکومەتی عێراقی نیگەران کردووە، ئەو واقعەیان پێ ھەزم ناکرێ، کە کورد حوكمداريی باش بکات، بە تایبەت لەوەی کە حکومەتی عێراق غەرقی گەندەڵیيەکی ئێجگار زۆرەو لێرەش ئیرادەی ڕووبەڕووبوونەوەی گەندەڵی ھەیە، وڵات بەره‌و سیستم و شەفافیەت دەچێت، بەڵام ئەو ((حصار)) و بارقورسيیەی خستوویەتیە سەر ھەرێم، جگە لە ئیرەیی و حەسادەتی حوكمداری و سڕینەوەی کیان ھیچی دیکە نیيە,,,
بەداخەوە کۆمەڵێک ھەلپەرست و کاڵفامی سیاسی دژە کوردی کورد بوونەتە پارێزەری حکومەتی عێراق، لە کاتێکدا ئەوەی ھاتووە بەپێی دەستوور مافی خەڵکی کوردستانە و کەس خێری بە ھەرێم نەکردووە. بابەتەکە ئەوەیە ئەو متمانەی کە ئەمریکا و ھاوپەیمانان بە کورد و ھەرێمەیەکان ھەیە، بە عێراقیان نیيە، لە ئەمانەتەیشا نین، بۆیە ئێستا لە ھەموو کات پێویستترە کە ئەمریکا ڕۆڵی خۆی ببێنی، ئه‌گەرپێشتر لەبەر ھۆکاری سیاسی قوبوڵی پێدرێژی عێراق و ئێرانی بەسەر دۆستەکەی خۆیدا کردبێ، ئێستا ڕێگر بێت...
دڵنیابن سەرەڕای کەموکووڕيی ناوخۆمان، بەڵام ئەمەی عێراق دەیکات، شەڕی دەروونیيە بەرامبەر بە خەڵکی کوردستان، مووچە بەرامبەر بە ھەموو شتێک، ئەمە کارەساتی گەورەی بۆ خەڵک ھێناوە، ھۆکارەکەشی ئەو یەکنەگرتوویی و دەرەنجامی ھەڵەی کاڵفامان بوو. قسەگەلێکی زۆر ھەن، لەسەر ئەو بارە سەختە، بەڵام بێ شک ڕەچاوی لایەنە دەروونيیە قورسەكه‌ی ھاونیشتمانیان دەکەین، بەڵام ناکرێت کاتێک ئاستی فکری و ھۆشیاری بەشێک لە وڵاتمان کەوتووەتە بەر ھەڕەشە و داگیرکردنی عەقڵی، بێدەنگ بین، لەمەڕ ئەو ھەموو ھێرشە ناڕەوا و بێ بنەمایەی دەکرێت.
پێویست نیيە مزایەدەی چاکسازی و بوونی گەندەڵی بە سەرماندا بکەن، تەسەور ناکەین ھیچ کەس بە قەدەر ئێمەمانان لە خەمی جێبەجێکردنی پڕۆسەی چاکسازی و دژبەری گەندەڵی بووبێ، تێپەڕاندنی یاساکەش ھەر بە زەختی نوخبە نەتەوەییەکە بوو.
پێویستە نەکەوینە ژێر عاتیفەوە، بەو پەرتەوازەییە ناگەینە ھیچ، دەبێت یەکڕیز و یەکھەڵوێست بین، ئەم دۆخە دۆخێکی قورس نیيە، بەڵام سادەش نيیە، بۆیە دەبێت زۆر بە وریاییەوە مامەڵە بکرێت.
دڵنیا و پشتڕاست بن حکومەتی عێراق زۆر ڕێگەی دیکەی تاقیکردەوە، بەڵام شکستی ھێناوە، ھەر لە سەربازی- سیاسی- بڕینی بوودجە كه‌ دواجار فەشەلی ھێناوە.. گرنگە پشتیوانی پڕۆژە یاسای چاکسازی بین و گوێ نەدەینە ئەوانەی کە بەرپرسن لە بەتاڵان بردنی داھات و ڕێگری چاکسازین.
Top