هەرێم هەلدەوەشێتەوە یا عێراق؟!

هەرێم هەلدەوەشێتەوە یا عێراق؟!


قەوارەی هەرێمی کوردستان موقەدەس و پیرۆزە، بەرهەمی سەدەیەک دڵۆپەکانی خوێن و فرمێسک وعارەق و زامی سارێژنەبووی ئەنفال و جینۆسایدی گەلێکی ستەمدیدەیە، دەبێ وەک بیلبیلەکانی چاومان بیپارێزین، به‌ڵام مخابن کەسانێک دەیانەوێت به‌ پيلان و چه‌واشه‌كارى كار بۆ هەڵوەشاندنەوەی ئه‌م هه‌رێمه‌ ده‌كه‌ن و، بێخەبەرن لەوەی عێراق خەریکە بەرەو هەلوەشاندنەوە دەچێت، بە جۆرێک ته‌نانه‌ت خەریکە ناوماڵی شیعەى حوكمڕانيش به‌ ته‌واوى تێك ده‌چێت، كه‌ لەسەر پارەو پۆست و تەماح وای لەسەر داون، ئەگەر نیوەی خەلکی خۆیان بە کوشت بدەن، پێیان ئاساییە، هۆكاره‌كه‌شى زياتر ئه‌وه‌يه‌ كه‌ تاقمێکی سەربە ئێران خەریکە خۆیان و ماڵی شیعە دەکەنە قوربانيی بەرژەوەندیەکانی ئێران، لەلایەکی ديكه‌وه‌ کیشەی سوننە و شیعە هەیە، سەرباری ئەو هەموو کیشە و ململانێ نێوخۆیی و نیودەوڵەتی و ناوچەييە، شیعە خەریکە دژی دۆستەکەی دوێنێى کە کوردە زۆر هەڵەی گەورە ئەنجام دەدات... وامان دانا ئەوان ناسنامە و هەموو شتێکیان جیاوازە لەگەل ئێمە، به‌ڵام ئه‌و جاش و خۆفرۆشانەی نێوخۆمان چ سوودێکیان پێ دەگات کە دژی گەڵەکەیان پيلان بگێڕن، جا بە هەر جۆرێک بێت، داوای هەڵوەشاندنەوەی قەوارەی هەرێم دەکەن، نازانم چۆن شەرم لە خوێنی شەهیدان و پێشمەرگەو ئەو میللەتە بەشخوراوە ناکەن؟! ئه‌وانه‌ قەت ڕۆژێک لە خۆیان نەپرسی ئەگەر هەرێم هەڵوەشایەوە، خۆيان چييان به‌سه‌ر دێت. ئه‌وا پارە و پۆستیان پێ درا لەلایەن بەغداوه‌، يان ئيمتيازاتێكى كاتييان وه‌رگرت، به‌ڵام ئايا له‌ سزاى گه‌ل و مێژوو ناترسن؟
ئه‌و خۆفرۆشانه‌ دەبێت بیرله‌وه‌ بکەنەوە، كه‌ هه‌ر پاره‌يه‌كى خيانه‌تكارييان كه‌ وه‌رى ده‌گرن، ئەوە ئێسك و پرووسكى ئەنفالكراوان و خوێنى جەستەی پاكى شەهیدەکانی کوردستانە كه‌ دەیخۆن!
ئه‌وانه‌ى داوای دووبارە ئەنفالكردنى گەلەکەیان دەکەن، دەبێت دڵنیا بن له‌وه‌ى كه‌ ڕۆژێک دێت، عێراق دابەش دەبێت و هەرێم نەک هەڵناوەشێتەوە، بەلکو ئەوان شاربەدەر دەبن، چونکە چاویان بە دروستبوونی دەوڵەتی سەربەخۆی کوردستان هەڵنایەت و خۆشیان خۆری تەمەنیان ئاوا دەبێت، کەوایە خەونە نه‌زۆكه‌كه‌يان کەیان بەهەڵە تەعبیرکراوە.
Top