سۆران عومەر دڵت ئێشاندم

سۆران عومەر دڵت ئێشاندم

جاک دریدا جوانی نووسیە دەڵێت " من کەسێکی نیشتیمان پەروەر نیم بەڵام ئەو ڕاستیە دەزانم کە خیانەت کردن لەنیشتمان دواین پلەی بێ ڕەوشتیە"

کورد کە ئەمڕۆ گەورەترین نەتەوەی بێ نیشتمانی سەر گۆی زەوییە یەکێک لە کۆنترین نەتەوەکانی ڕۆژھەڵاتی نێزیک و ناوەڕاستە. سەرچاوەکەی دەگەڕێتەوە بۆ ناخی مێژوو. بەڵگە زانستییەکان پیشان دەدەن کە کوردستانیش مێژووەکەی دەگەڕێتەوە بۆ کانگەی
کەنارایەکی ھەرە کۆن و دێرین.

کوردستان-یش، ھەر لەبناغەی دروست بوونیەوە ھەتا ئەمڕۆ کە خاوەنی ھەزاران شەھیدە و ھەزاران پێشمەرگەی دلێر و گیان فیدا ڕوحی پاکیان پێشکەش بەخاک و وڵاتیان کرد تاوەکو ئەمڕۆ دروست ببێت، تۆش ھاتووی باسی ھەڵوەشاندنەوەی دەکەی کە ھەزارانی دیکە پێشمەرگە ئاسا ئامادەن بە ڕوح و گیان بیپارێزن

سۆران عومەر، بۆ نازانی ھەر وا بەئاسانی قەوارەی ھەرێمی کوردستان بە دیاری نەدراوە بە کورد، بەڵکو ئەو کوردستانە و خەڵکەکەی چ نەھامەتیەکی چێشتووە؟ نازانی لەوەتەی ھەین دەچەوسێنرەینەوە؟ نازانی ئەو کوردستانە بێ نازە بەرھەمی ھەزاران شەھیدە، بەرھەمی جینۆساید و ڕاپەڕین و ئەنفالە؟ ئەی نازانی خاوەنی ئەم قەوارەیە ھەزاران کەسی بێ سەروشوێنکراوە، ھەزاران گوندی سوتێندراوە و خەڵکەکەی دەربەدەرکراوە، زمانی تۆ کوردیە و کوردی و خەڵکی کوردستانی و جلت جلی کوردیە.

ھەر ڕۆژە و قسە لەخۆ گەورە کردنێکت لەپای چی و کێ قورمیشی کردووی؟ ئەم ئەزموونەی ھەرێمی کوردستان و ئەم کیانە بە جەنابت و ئەمسالی وەکو جەنابت دروست نەبووە، نە ئێوە بۆی تێکۆشاون نە ئێوە بۆی خرۆشاون نە ئێوە خەباتتان بۆی کردووە نە ئێوە بۆی ماندووبوون، بۆیە بەھیچ شێوەیەک مافی ئەوەتان نییە داوای لەناچوونی بکەن .

سۆران عومەر، خەجاڵەت نابی پێنووسەکەت دژی ھاوزمانەکانت بەکاردەھێنی، خەجاڵەت نابی بەکوردی دەدوێی دژی برا کوردەکانت، خەجاڵەت نابی ھەموو ڕۆژ خەڵک بەلا ڕێ دەبەی، چەندە خۆشە ئینسان فیترەتی پاک بێت، زمانی پاک بێت، دڵی پاک بێت بەرانبەر بە خاک و وڵات و نیشتیمانی.

سۆران عومەر، ھەر بەڕاستی دڵت ئێشاندم، قەوارەی کوردستان ناچێتەی خانەی ئازادیی بیروڕا دەربڕینەوە،بەڵکو
دەکەوێتە خانەی ناپاکی لە نیشتمانەوە.
Top