ئەنفلەوەنزای ئیسپانی

ئەنفلەوەنزای ئیسپانی

لە مێژووی نوێ مرۆڤایەتی تاکە دەرد و ئافەت کە لەو کۆرۆنایەی ئێستا بچێت، بریتیە لە: (پەتای ئینفلەوەنزای ئیسپانی) کە: لە ساڵانی (١٩١٨ - ١٩١٩ز) زیاتر لە (٥٠٠) ملیۆن لە دانیشتوانی سەر زەوی، کە ئەو کات دەیکرد سێیەکی دانیشتووی سەر گۆی زەوی تووشی ھاتن؛ وە لەم ژمارەیەدا: زیاتر لە (٥٠) ملیۆن کەس مردن و بەس لە ئەمریکادا بە تەنیا (٦٧٥) ھەزار کەس گیانی لە دەستدا. ئەو کات ئەم ڤایرۆسە لە پەلەوەرەوە لۆ مرۆڤ ھاتبوو؛ وە بریتی بوو لە جۆری ڤایرۆسی ئینفلەوەنزای جۆری (Type A)؛ وە بە (H١N١) دەناسراوە. ئەو کات دەردەکە بەزۆری گیرۆدەی منداڵی خوار لە پێنج ساڵی و تەمەنی (٢٠ - ٤٠) ساڵی و دەگەل سەرووی (٦٠) ساڵی تووش دەبوون! گەنجانی ئەو کاتی قڕ دەکرد و بەتووندی تووشی دەبوون.
لێرە لە کوردستان ھیچ بەڵگەیەکی تۆمارکراو دەربارەی ئەم دەردەی ئەو کات نییە!؟ بەڵام لە ووڵاتێکی دراوسێی ئێمە؛ کە: ووڵاتی ئێرانە ئەو کات زۆرترین خەڵک بەھۆی ئەم دەردەی ئەو کاتی مردن؛ کە: (٨ - ٢٢٪)ی دانیشتووانی ئەو کاتی ووڵاتی ئێران بوو. دەگەل نەبوونی نووسراو و بەڵگە بەڵام زۆر جار ئێمە لە داپیر و باپیرانی خۆمانمان بیستووە؛ کە: ساڵی گرانییەکەی (١٩١٧ز) و دواتر لێرە لە کوردستان خەڵکێکی زۆر مردن تەنانەت خێزان ھەبووە؛ کە: ئێک یان دوو منداڵییان لۆ ماوە و ئەویدی خڕ بەسەر یەکدا دەکەوتن و مۆت. بێ ئەوەی ھیچ تەفسیر و لێکدانەوەیەک لۆ مردنییان ھەبوو بێت بەتایبەت لە ساڵی دوای شەڕی جیھانیی یەکەم و نەمانی ئیمپڕاتۆریەتی عوسمانی.. لێرەدا؛ ڕەنگ بێت ئەو مردنەی ئەو کات بە ھۆی ئەنفلەوەنزای ئیسپانی بوو بێت بەتایبەت کە دەگەل کۆتایی شەڕی جیھانیی یەکەم لەشکرێکی زۆر پاشەکشەی کرد؛ وە ھاتنی لەشکری ئینگلیز کە ژمارەیەکی زۆری ھیندستانی و خەڵکی ھیند عەسکەری لیڤی بوو. ئەو کاتیش نەبوونی و بەد خۆراکی سەربار و سەرەڕای خراپی کەشی ئیداری و سیاسی و ڕامیاری ئەو کات.

* دەردی ئەو کات: لە مێژوودا ئەو دەردە بە خراپترین پەتا دادەنرێت! وە زۆر لەو ووڵاتانەی؛ کە: ڕێکاری خۆپارێزییان پیادە کرد؛ ئەوا: ڕێژەی مردن تیایاندا زۆر کەم بوو. ھەر ئەو کات بوو؛ کە: خۆدوور گرتن لە یەکتری؛ دەمامک، دەستکێش....ھتد پیادە کرا چونکە ئەو کات ھیچ دەرمانی دژەزیندەگی و دژە ڤایرۆس نەبوو.. ھەتا ئەم ساڵانەی دوایش زانایان لێکۆڵینەوەیان لە سەر ھۆکاری زۆری ڕێژەی مردنی ئەو کات کردووە؛ دەرکەوتووە:
١. ئەو کات حکومەتەکان درۆیان دەگەل خەڵک کردووە! تەنانەت لە ووڵاتێکی وەکو ئیتاڵیا قەدەغە بوو ھیچ دەربارەی ئەم پەتایە بنووسرێت؛ وە یان ئاماری تەواو دەربارەی مردن بڵاو بکرێتەوە. لە ووڵاتێکی وەکو ئیسپانیا بەتایبەت کاتێک پاشای ووڵات بە تووندی تووش ھات و ڕۆژنامەکانیش سەربەست بوون لە بڵاو کردنەوەی زانیاری ھەر لۆیەش بوو پەتایەکە ناوی (ئەنفلەوەنزای ئیسپانی) ناوزەد کرا.
٢. گەندەڵی و خراپی دەسەڵات: ئەو کات بە ھۆی گەندەڵی و خراپی دەسەڵات نەکرا؛ کە: لە ھەندێک ووڵات خەڵک قورمتێنە بکرێت و نان و خۆراکییان لۆ دابین بکرێت. کەچی ئەو ووڵاتانەی؛ کە: نان و دان و خۆراکی لۆ ھاووڵاتییانی دابین کرد؛ ئەوا: کەمترین زیانی بەرکەوت.
٣. قەرەباڵغی: بە ھۆی ئەوەی کۆتایی شەڕی جیھانیی یەکەم بوو؛ وە زیندانییەکی زۆر ھەبوو؛ وە تەنانەت سەربازێکی زۆر ئەوانەی کە گوومانی تووشبوونییان لێدەکرا بە شەمەندەفەر وێکڕا دەنێردران لۆ خەستەخانە؛ وە ھەروەھا قەرەباڵغی خەستەخانەکان و ....ھتد ھۆکار بووە لۆ ئەوەی زیاتر تەشەنە بسەنێت و ڕێژەی مردن زۆر بێت.
٤. ڤایرۆسەکە: ھەتا ھەنووکە نەزانرا؛ کە: ڤایرۆسەکە لە کێندەر ھات بەڵام مەزەندە دەچوو؛ کە: لەو کرێکارە چینییانەوە ھات بێت؛ کە: کاتی جەنگ لە پشتەوەی سوپای فەڕەنسی خزمەتییان دەکرد.

* دیعایە و ئینفلەوەنزای ئیسپانی: لە کاتی بڵاوبوونەوەی دەردەکەی ئەو کات؛ زۆر قسە و باس تەنانەت لە مێدیا جیھانییەکان و ناو خەڵکیش بڵاو بوونەوە. لەوانە:
ا. ئەڵمانیا لە ڕێگای گازێکەوە ئەم نەخۆشییەی بڵاو کردۆتەوە؛ وە ئەوە ھەر بەشێکە لە شەڕەکە..
ب. شەریکەی (بایەر) یێ دەرمانی ھەستاوە؛ کە: حەبی (ئەسپرین)ی بەم ڤایرۆسە ژەھراوی کردووە بووەتە ھۆی ئەم پەتا و دەردە.
ج. ئەو گازاتە و ژەھرە لەو تەرمانە دێت؛ کە: لە ووڵاتی بەلجیکا وێکڕا کوژران و وێکڕا نێژران! ئەوە بووە ھۆی دەرچوونی گازی ژەھراوی و پەیدا بوونی ئەم پەتایە.

* پەتا و دەردەکە: پەتای (ئینفەلەوەنزای ئیسپانی) بە چار شەپۆل تووشی خەڵکەکە بوو؛ وە زۆربەی خەڵکە لە شەپۆڵی دووەم مردن ئەمەش چونکە ڕێکارییەکانیان پێشێل کرد؛ قوتابخانەکان بوونەوە؛ وە ھەروەھا گۆڕان لە پلەی گەرمی و کەشوھەوا ڕوویدا. ئەم پەتایەی بە زۆری گەنج و جەوان و مندڵ پێیەوە گیرۆدە بوون دەگەل ژنی دووگیان بەجۆرێک ژنی دووگیان ئەگەر تووشبوو بایە؛ ئەوا: ڕێژەی مەترسی مردنی بە (٢٠٪) و لە ھەندەک باردا دەگەیشت بە (٧٠٪). ھەرچەند پیر تووش دەھاتن بەڵام ئەگەری مردنییان کەمتر بوو؛ ئەو کات مەزەندە دەکرا بە ھۆی ئەوە بێت کە پیرەکان پێشتر لە ساڵی (١٨٨٩ - ١٨٩٠ز) تووشی (ئەنفلەوەنزای ڕووسی) ببوون و بەرگرییان ھەبوو بێت، ڕەنگ بێت ھەر لەبەر ئەوەش بێت کە لە پەتای (١٩١٩ز) کەمترین ڕێژەی مردن لە ڕووسیا تۆمار کرا.
پەتا و دەردەکە؛ بە چار شەپۆڵ ھات. دوا شەپۆڵ لە ساڵی (٢٠٢٠ز) بوو؛ کە: وەک پێشتر نەبوو. دوایێ ھەر لەخۆوە و ووردە ووردە ڤایرۆسەکە گۆڕانی بەسەر بۆھێڵی بۆماوەیی داھات و ھەتا گۆڕا لۆ ڤایرۆسێکی بێزەڕ و دوای ئەوە چیدیتر خەڵک تووش نەبوون.
Top