ساردکردنەوەی خەڵکی لە پێناو چی؟

ساردکردنەوەی خەڵکی لە پێناو چی؟

بەر لە تەشەنەکردنی ڤایرۆسی کۆڤید-١٩ ناسراو بە ڤایرۆسی (کۆرۆنا) بۆ ھەرێمی کوردستان، بەپەلە لە لایەن ڕێزدار جەنابی کاک (مەسرور بارزانی) سەرۆکی حکومەتی ھەرێمی کوردستان ڕێکاری توندی خۆپارێزی لە پێناو خۆپارێزی و خۆپاراستن و ڕێگری کردن لەو ڤایرۆسە ترسناکە گیرایەبەر، ھەروەھا لە ڕێگای پابەند بوون بە ڕێکارە تەندرووستییەکان و قەدەغەی ھاتووچۆ و ڕێکاری دی لە پێناو تەشەنەکردن و نەگواستنەوەی ڤایرۆسەکە بوو و خۆشبەختانە پلانەکە بە سەرکەوتووی ئەنجامدرا، بەڵام بە داخەوە لە شاری سلێمانی لە لایەن چەند سەرکردە و کەسایەتی ناسراوی ئەو شارەوە ڤایرۆسەکە بە سیاسەت کرا و لە پێناو ناشرین کردنی حکومەت ژیانی سەدان ھاوڵاتی سڤیڵیان کردە قوربانی پیلانە گڵاوەکانیان.

کوان ئاوانەی بانگەشەیان ئەکرد و ھاواریان ئەکرد و دەیانگووت کرۆنا درۆیە؟

خۆپیشاندان کردن و گردبوونەوە لە پێناو تێکەڵ بوونی ھاوڵاتی سڤیڵ ئامانجی بەرزبوونەوەی ڕێژەی تووشبووان بوو، ئێستاش ئەو کەسانەی کە لە ڕابردوو بانگەشەی بە درۆ خستنەوەی ڤایرۆسەکەیان ئەکرد ئێستا خودی ئەو کەسانە خۆیان شاردۆتەوە و لە ماڵ و کۆشکەکانیانەوە خۆیان کەرەنتین کردووە و تووشی فۆبیا بوونە و پەستانی مێشکیان لە لووتکەی ترسدایە.

پەیڕەو کردنی بە سیاسەت کردنی ڤایرۆسی کرۆِۆنا ڕێگەدان بە ھاتووچۆ و ھێنانە ژوورەوەی ھاوڵاتی ئێرانی بۆ ناو شاری سلێمانی دەرەنجامی ئەو بێ کۆنتڕۆڵییەیە، کە بۆتە ھۆکارێکی مەترسی لە شارەکە و ڕۆژانە بە چاوی خۆمان ئەبینین کە بە سەدان کەس دەبنە قوربانی و سەدانی دیش ھەڵگری ڤایرۆسەکەن، پێویستە خەڵکی بەشەرەفی شاری سلێمانی شاری ھەڵمەت و قوربانی چیدیکە ڕێگە بەو خوێن مژانە نەدەن و ئیدی قبوڵ نەکەن کە بازرگانی بە ژیانیان بکرێ و ببنە قوربانی ململانێ سیاسییەکانی ئەو حزبانەی کە لە سنوورەکانیان پیشەیان ھەمیشە پلانی گڵاو و ئاژاوە نانەوەیە، بۆیە کاتی موزایەدە و پڕ و پاگەندەی بێ بنەما نییە و پێویستە ھەمووان نە بەرپرسیارانەوە ھەڵسووکەوت بکەین بەرامبەر بەو ڤایرۆسە و پابەندبین بە ڕێنماییە تەندرووستییەکان بکەین و چیدی ڕێگە بە بەرزبوونەوەی ڕێژەی قوربانی نەدەین.

قەدەغە کردنی ھاتووچۆکردن و بەکارھێنانی دەستکێش و ماسک ھەروەھا پابەندبوون بە ڕێنماییە تەندروستییەکان لە پێناو سەلامەتی و پاراستنی ژیانی خانەوادە و کەس و کاری ھاوڵاتیانە و بنبڕکردن و نەگواستنەوە و تەشەنە نەکردنی ئەو ڤایرۆسەیە، بۆیە ھەست بە بەرپرسیارەتی سەر شانتان بکەن و پابەند بن بە ڕێکارە یاسای و تەندروستیەکانی حکومەتی ھەرێمی کوردستان.

ھیوادارم یەزدان ھاوڵاتیانی سەرجەم شار و شارۆچکەکانی ھەرێمی کوردستان بەبێ جیاوازی بپارێزێ و داواکارم ھاوڵاتیان پابەندی ڕێنماییە تەندرووستیییەکان بن.
Top