قۆناغی سێیەمی کۆرۆنا
June 23, 2020
وتار و بیروڕا
لۆ ئەمڕۆ، و. تەندروستی عێراقی فیدڕاڵ ئاشکرای کرد؛ کە: بەگوێرەی ئامار و داتاکان بێت؛ ئەوا: عێراق چووە ناو قۆناغی سێیەم لە تووشبوون بە کۆرۆنا؛ ئەویش دوای ئەوەی ئەمڕۆ ئاشکرا کرا؛ کە: مردن بە ھۆی کۆرۆنا ڕێژەی (٣.٥٦٪)ی تێپەڕ کرد و یەکەم ڕۆژە ئەو ڕێژەیە لە عێراق تۆمار دەکرێت. ئەم ڕێژەیە دەریدەخاتە؛ کە: مردن بە ھۆی کۆرۆنا بە ڕێژە و بە ژمارە زیادی کردووە.
وە ھەروەھا ھێشتا نسبەی ئەوانەی، کە: ھەنووکە لە ژێر چاودێریدان ھێشتا بەرزە و بە ڕێژەی (٥١.٣٪)یە! دەگەل ئەوەشدا ڕێژەی ئەو کەسانەی تەواو چاکبوونەتەوە کەمبۆتەوە بۆ کەمتر لە (٤٥.١٪)، کە: ھەموو ئامانجەکان لۆ ئەوەیە؛ کە: ئەم ڕێژە و نسبەیە بەرز بکرێتەوە لۆ (٧٠٪). ھەرچەند ژمارەی تووشبووان گومان دەکرێت لەو ژمارە و رێژەیە گەلەک زیاتر بێت چونکە لە ھەنووکەدا لە سەرانسەری عێراقدا خڕ وێکڕا پشکنینی لۆ ناکرێت، لۆیە: ئەگەری ھەیە ئەوانەی بە خەفیف تووشی ھات بێت نەدۆزرێنەوە و تێدا بزر بن. و. تەندروستی عێراقی فیدڕاڵ تەمای وایە؛ کە: چ نەبێت ڕۆژانە لە (٥٠) ھەزار پشکنین کەمتر نەکرێت.
لێرەدا دەردەکەوێت؛ کە: ئەوە حەفتەیەکە ووڵاتی عێراق ھەنگاوی ناوەتە قۆناغی سێیەمی نەخۆشییەکە! ئەمەش چونکە ھەر دوو ڕێژە و ژمارەی تووشبووان و مردووان لە زیاد بووندان. ئەمڕۆ، لۆ یەکەم جار ڕێژەی (٣.٥٦٪)ی تێپەڕاند و گەیشت بەم ڕێژەیە. ھەرچەندە لەوەتەی ئەم ڤایرۆسە (سارس - ٢ نۆڤل کۆرۆنا ڤایرۆس) و نەخۆشییەکەی (کۆڤید ١٩) ڕێژەی مردن بە ھۆی ئەم نەخۆشییە لە نێوان (٣ - ٥٪) بووە!
لێرەدا؛ ئەگەر لە عێراقدا و لە چەند ڕۆژی داھاتوودا بەو چەشنە ژمارەی تووشبووان و مردووان ڕوو لە زیاد بوون بکەن؛ ئەوا: لۆی ھەیە دەسەڵات و حکومەت پەنا لۆ ڕێکاری بەرەنگار بوونەوەی تووندتر ببات. وە بەتایبەت؛ کە: لە سەرانسەری عێراقدا ئاستی خزمەتگوزاری تەندروستی و دامەزراوە تەندروستییەکان وەکو پێویست نییە! ھەروەھا ئەوەش بزانین؛ کە: ھەر ئەمڕۆ ئەوە بەیان کرا؛ کە: (٢٠٪)ی دەستی کاری پزیشکی لە عێراقدا تووشی کۆرۆنا بووە.
ئەوەی ئەمڕۆ، لە مێدیاکان و ڕاگەیاندنەکان گرنگی پێدرا، بریتی بوو لە ئۆغر کردن و وەفاتکردنی یاریزانی بەناوبانگی عێراقی (احمد ڕازی)؛ کە: وایکرد ھاووڵاتی سادە بڕۆکەک بسەلمێتەوە و کەمێک ترسی لێ غارب ببێت؛ وە بێتە ڕایێ کە: ڕاستە کۆرۆنا ھەیە و دەبێت گرنگی بە ڕێکارە خۆپارێزییەکان بدرێت چونکە پێشتر ھاووڵاتی ئاسایی ملەی دەکرد و قەت نەدەھاتە ئەو باوەڕەی کۆرۆنا ھەبێت یان مەترسی ھەبێت. بەڵام دوای وەفات کردنی ئەم کەسایەتی و یاریزانە بەناوبانگە خەڵک و عەوام گەیشتنە ئەو بڕوایەی بەڵێ ئەوە مەترسییە و تەنانەت لە سەرانسەری جیھاندا بە جەنگێک وێنای دەکەن، ھەر لۆیە: دەبێت ھەموو ھەماھەنگ و یارمەتیدەری یەکتری بین ھەتا ئەم ئافات و دەردە کۆتایی پێدێت.
دەبێت خڕ ئەوە بزانن، کە: ھەتا ئەمڕۆ ئەم ڤایرۆس و نەخۆشی (کۆڤید ١٩) ھیچ چارەسەری نییە و ھیچ ڤاکسینی نییە و تاکە ڕێگا لۆ دوور بوون لەم ڤایرۆسە بریتی یە لەوەی ھەنگاوەکانی خۆپارێزی لە سەر ئاستی تاک (خاوێنی، دەستشووشتن، دەستکێش، دەمامک، دوورە تەریکی، دوور بوون لە کۆبوونەوە و قەرەباڵغی...ھتد)؛ وە لە ئاستی کۆمەڵگا و دەسەڵات خڕ وێکڕا لۆ تێپەڕاندنی ئەم بارۆدۆخە بەرەنگاری ئەم ڤایرۆسە ببینینەوە.
ئەگەر دەتەوێت خۆت و ئەندامانی خێزانت ساغ و سەلامەت بمێننەوە؛ ئەوا: ڕێنماییەکان پیادە بکە و تکایە ھەماھەنگ بە و تکایە کارت نەبوو لە ماڵ مەیە دەرەوە.