سەرۆكێك بۆ هەمووان

سەرۆكێك بۆ هەمووان
لەكاتی گەلەكۆمەكی نەیاران دژ بەهەرێمی كوردستاندا، ئەزموونی نێچیرڤان بارزانی وەك دیپلۆماتكارێكی بێوێنە دەركەوت، چونكە توانی گۆرانكاری لەسیاسەتی ولاتان بكات سەرلەنوێ متمانە لەنیوان هەرێمی كوردستان و ولاتانی جیهاندا ببوژێنیتەوە، كاتێك لەڕێگەی ئۆپەراسیۆنە دیپلۆماسیەكانی توانی خەونی نەیاران بوچەڵ بكاتەوە، كەشتیی هەرێمی كوردستانی بە ناو زریان و شەپۆلی هەڵچووی ڕقی دوژمنان و گێژاوی قەیرانی سیاسی و داراییی تودنددا گەیاندیە كەناری ئارامی، لەكەمترین ماوەدا ئۆپەراسیۆنی دیپلۆماسی ئەنجامداو چەندان دیداری لەگەل هەریەك لەسەرۆكی فەڕەنسا و ڕاوێژكاری ئەڵمانیا و سەرۆكوەزیرانی هۆڵەندا و سەرۆكی رووسیا و وەزیری دەرەوی ئەمریكا و پاپای ڤاتیكان و پاشای ئوردن، ئەنجامدا.

ئۆپەراسیۆنە دیپلۆماسیەكەی ئەمجارەی سەرۆكی هەرێم زۆر جیاوازە، چونكە لەكاتێكدایە جیهان گیرۆدەی دەردێكی كوشندەبووە، ناجێگیری نرخی نەوت و زیادبوونی بیكاری تەواوی جیهانی تەنیوە، تەنانەت ولاتە زلهیزەكانیش لەم قەیرانە بێبەش نەبوون، ئەم رەوشەی ناهەموارە هاولاتیانی هەرێمی كوردستانیان تووشی دڵەراوكی كردووە، سەردان و گفتۆگۆی سیاسییەكان وەستاون و زیاتر گرنگی بە دیداری ئۆنلاین و گفتوگۆی ڤیدیۆ كۆنفرانس دەدرێت، بەڵام نێچیرڤان بارزانی بە مەبەستی دیالۆگ و چارەسەری كێشەكان و ڕووبەڕووبوونەوی تەحەدییەكانی ئەم قۆناغە سەردانی بەغدای كرد، سەرلەنوێ چرای هیوا هەڵدەكات و بەتایبەتی هەتا ئێستا هەرێمی كورستان وابەستەی دەوڵەتی عێراقە و بەغداش چەقی سیاسەتی ناوخۆیی و دەرەكی و ئابووریی عێراقە، هەماهەنگی و لێكتێگەیشتنی نێوان هەولێر و بەغدا تاكە ڕێگە چارەسەری كێشەكان دەبێت.
لەلایەكی ترەوە میدیا عیراقیەكان زۆر بەگرنگیەوە لەم هەولەی سەرۆكی هەرێم دەڕوانن، لەكەمترین ماوەدا لەسەر ئاستی عیراق چەندان دیداری لوتكەی لەگەل هەریەك لەسەرۆك كۆمار و سەرۆكی حكومەت و سەرۆكی ئەنجوومەنی نوێنەران ئەنجامدا.
یەكریزی و تەبایی.

رۆڵی هەرێمی كوردستان بەشێكی گرنگ دەبێت لەئەدای داهاتووی حكومەتی عیراق و چۆنێتی كاركردنی حكومەتی نوێ، چونكە گۆرانكاری زۆر خێرا لەعیراق ناوچەكەدا روودەدات و مەرجە هەرێم بەشدارێكی كارا بێت چونكە ململانینی ئابووری لەنێوان رووسیاو ئەمەریكاو چین و بەریتانیا لەرۆژهەلاتی ناوەراستدا بەئاشكرا بوونی هەیە، ئەمە بیجگە لەوەی ولاتانی كەنداوی عەرەبی بەتایبەتی سعودیە و ئیمارات سەرقاڵی دۆزینەوەی پێگەی ئابووریی خۆیانن لەعیراقدا دەیانەوێت پردێك لەنیوان ریاز و بەغدا دروست بكەن، ئەمە بیجگە لەوەی توركیا بەدوای ئەوەیە رۆژهەلاتی ناوەراستدا پیگەی خۆی لە سوریا و لیبیا و عیراق و سودان زیاتر بكات، ئێرانیش گیرۆدەی پەیداكردنی سەرچاوەی بژێوی ئابووری بووە، واتا نەخشەی سیاسی لەچەند مانگی داهاتوودا گۆرانكاری خیرا بەخۆیەوە دەبینێت لەم كاتەشدا بەغدا پێویستی بەكەسێكی وەك نیچیرڤان بارزانی دەبێت كە ئەزموونێكی بێوینەی لەپرۆسێسی دیپلۆماسی و تێگەیشتن بۆ سیاسەتی زلهیزەكان هەیە.

دەكرێ لەم سەردانەدا زۆر رێككەوتنی گرنگ لەچوارچیوەی دەستووردا جێبەجێ بكرێت، بەلەبەرچاوگرتنی دەستكەوتی سەردانەكانی ڕابردووی نێچیرڤان بارزانی لەسەر ئاستی ناوچەیی و نێودەوڵەتی ئەنجامی ، دەكرێ بگوترێ ئاسۆی ڕوون و داهاتووی گەش لەو سەردانەدا وەدی دێت و ئەنجامەكەشی لەسەر ئاستی دیپلۆماسی لە چەند كاتژمێری داهاتوودا دەردەكەون و لەسەر ئاستی كردەیی و پەیوەست بە ژیان و گوزەرانی خەڵكیش دوای سەردانی وەفدی حكوومەتی هەرێم بۆ ڕێككەوتن لەسەر مافە داراییەكانی هەرێم بۆ بەغدا كە لە ئایندەیەكی نزیكدا ئەنجام دەدرێت.
لەلایەكی ترەوە گرنگی پێدانی سەرجەم سیاسەتمەدارانی عێراقی لەنێویشیاندا كازمی بۆ سەردانەكەی سەرۆكی هەرێم كۆمەلێك رەهەندی هەیە، كازمی هەر لەیەكەم دەستپێكی كارەكانیدا دروشمی گۆرانكاری و چاكسازی بەرزكردەوە، لێرەدا كازمی زۆر پێویستی بەهەرێمی كوردستان دەبێت، چونكە ئەستەمە بەبێ كورد كازمی بتوانێت ئەو پرۆسە دوورو درێژە جێبەجێ بكات

ئەوەمان لەیاد نەچێت ئەم سەردانە هاوكاتە لەگەل رێككەوتنامەی ستراتیژی نێوان ئەمەریكاو عێراق، چونكە بەگویرەی ئەو رێككەوتنامەیە دەبێت عیراق جارێكی نەخشەی سیاسیەكەی دابرێژرێتەوە و لەسەر بنچینەی یەكگرتوویی پێكهاتەكان و جێبەجیكردنی مافەكانیان خۆی پێناسە بكاتەوە، بەگویرەی ئەم بابەتیش هەرێمی كوردستانیش لەسەر بنچینەی هەرێمێكی یەكگرتوو لە چوارچێوەی عێراقی فیدڕاڵدا خۆی نوێ بكاتەوە، ئەگەر ووردبینەوە ئەم رێككەوتنامەیە دەرفەتێكی زۆر باشە لەم كاتەدا بۆ بەهیزبوونەوەی پێگەی هەرێمی كوردستان، مەرجە هەوڵە دیپلۆماسیەكانی هەرێم لەهەموو كات زیاتر پەرەی پێبدرێت، سەردانی ئەمجارەی سەرۆكی هەرێم لەم كاتەدا تارادەیەك هەنگاوێكی زۆر نایاب دەبێت و كاریگەری زۆر باشی دەبێت و سەرلەنوێ لەلای ئەمریكیەكان پێگەی هەرێم لەنیو رێككەوتامەكەدا بەهیز دەكات.
Top