تێڕوانینێك بۆ ئایندە لە سەر مووچەی مووچەخۆران

تێڕوانینێك بۆ ئایندە لە سەر مووچەی مووچەخۆران

وەك ڕوون و ئاشكرایە حكومەتی هەرێمی كوردستان بە میكانیزم و پلانێكی نوێوە لیستی مووچەی مووچەخۆرانی بڵاو كردەوە. لە ڕاگەیەندراوی ئەنجومەنی وەزیراندا هاتووە: 79%ی مووچە و شایستە داراییەكانی مووچەخۆرانی گشت دامودەزگا حكوومییەكان و 50%ی مووچەی پلەباڵاكان و ئەندام پەرلەمان و وەزیر و بریكاری وەزیر و خانەنشین كراوە پلە باڵاكان بدرێت، ئەمەش ناڕەزایەتییەكی زۆری لە لایەن مووچەخۆرانەوە لێ كەوتەوە. ئەگەرچی ئەو بڕیارە زۆر لە جێی خۆیدا بووە. لەوانەیە زۆرێك لە خوێنەرانی ئەم نووسینە، بپرسن: چ سیاسەتێك لەوەدایە كە مووچەی مووچەخۆران كەم بكرێتەوە؟ یان چۆن بڕیارێكی وا، بە سیاسەتی سەركەوتوو و حەكیمانەی سەرۆكی حكومەتی هەرێم كوردستان لە قەڵەم دەدریت؟ لە وەڵامی ئەو پرسیارەدا پێويسته‌ ئه‌وه‌ له‌به‌ر چاو بگرين، كه‌ مووچه‌خۆر حيسابى تايبه‌ت له‌ سه‌ر مووچه‌ى مانگانه‌ى ده‌كات. واته‌ مووچه‌كه‌ى ده‌بێت له‌ كات و ساتى خۆيدا بدرێت، ته‌نانه‌ت ئه‌گه‌ر ته‌نيا يه‌ك مانگيش بێ مووچه‌ بێت، ئه‌وا فشارێكى گه‌وره‌ى بژێوى بۆ خۆى و خێزانى دروست ده‌بێت. هاوكات ناتوانين قه‌يرانه‌ جيهانييه‌كه‌ى كۆرۆنا و ده‌به‌زينى نرخى نه‌وت و گرفته‌ ئابووريىه‌كان ناديده‌ بگرين. هه‌ر بۆيه‌ ئه‌گه‌ر مووچه‌كه‌ رێژه‌يه‌كيشى لێ پاشكه‌وت بكرێ، يان كه‌م بكرێته‌وه‌، ئه‌وا مووچه‌خۆر ژيانى خۆى پێ رێك ده‌خات. هه‌ر چه‌ند ئه‌وه‌ بۆ ماوه‌يه‌كى كاتى ده‌بێت و، له‌ به‌رنامه‌ى كارى كابينه‌ى نۆيه‌مدايه‌، كه‌ مووچه‌ى فه‌رمانبه‌رانى ئاست نزم زياد بكات و مووچه‌ى پله‌باڵاكان كه‌م بكاته‌وه‌. واته‌ ئه‌م پلانه‌ لە ڕاستيدا بۆ كەمكردنەوەی مووچەی مووچەخۆرە پلە نزمەكان و ئەو كەسانە نیە كە مووچەیەكی كەم وەردەگرن، به‌ڵكو بۆ بەرزكردنەوەی ئاستى ژيانى ئەوانە، وەك لە ڕابردوودا زۆرينه‌ى خەڵكی هەرێمی كوردستان و بەشێك لە ئەندام پەرلەمانه‌كان داوای كەمكەمكردنەوەی مووچەی پلە باڵاكانیان كرد، هەروەها ئەنجومەنی وەزیران به‌ نيازى ڕاگەیەندنی یاسای چاكسازی بوو، كە تیایدا مووچەی پلە باڵاكان كەم دەكرایەوە، ئەمەش كاردانەوە و ناڕەزایەتيیەكی زۆری هەندێك لایەنی سیاسی و بەشێك لە خودی پلە باڵاكانی لێ كەوتەوە. هەروەها پێشمەرگە داوای ئەوەی دەكرد، مووچەكانیان هاوتەریب بێت لەگەڵ مووچەی هێزەكانی ناوخۆ و هێزەكانی ئاسایش، حوكمەتیش ئەوەی لەپێش چاوى بوو كە برا پێشمەرگەكان ماندوويى نەناسانە خزمەتی كوردستان دەكەن و وڵات دەپارێزن و به‌ گيانى خۆيان قوربانى بۆ پاراستنى ده‌ستكه‌وته‌ نه‌ته‌وه‌ييه‌كان ده‌ده‌ن. به‌ڵام له‌ توانايدا نه‌بوو، یەكسەر مووچەی پێشمەرگە بەرز بكاتەوە. بۆ ئەم مەبەستە ده‌بوا سیاسەتێك په‌يڕه‌و بكات كە بتوانێت مووچەی پێشمەرگە و ئەو كارمەندانەش كە مووچەیان كەمە بەرز بكاتەوە، به‌ جۆرێك كە كاریگەری لەسەر خەزێنەی حكومەت و خزمه‌تگوزراييه‌كانى دروست نەكات، بەهەمان شێوە كەم ئەندام و خاوەن پێداويستیيە تایبەتەكان كه‌ هاواری كەميی مووچەیان دەگەشتە ئاسمان، ئەمەش حەقی خۆیان بوو، چونكه‌ مووچەكانیان بەشی حەفتەیەك داودەرمانیان ناكات. پەندێك هەیە دەڵێ: (ساڵێك بخۆ نانی وشكی، هەتا ماویت نان و كەرە). بۆيه‌ پێويسته‌ پێشمەرگە‌ى وڵاپارێز و هەموو ئەو فه‌رمانبه‌رانه‌ى كە مووچه‌یان كەمە دڵنيا بن له‌وه‌ى كه‌ ساڵێك مووچەی كەمكراوە وەربگرن، دواتر تا هەتایە مووچەی بەرزكراوەيان وەرده‌گرن و پله‌ باڵاكانيش جياوازيى مووچه‌يان له‌گه‌ڵ پله‌ نزمه‌كان زه‌وى تا ئاسمان نابێت و دادپه‌روه‌رانه‌ هه‌ركه‌س مافى خۆى وه‌رده‌گرێت.
Top