چاوەڕێی هەنگاوەكانی سهرۆكى حكومەت بكەن
June 22, 2020
وتار و بیروڕا
حكومەتی كوردستان بە سەرۆكایەتی رێزدار مەسروور بارزانی هەر لە سەرەتای دەستبەكاربوونیەوە تا بە ئەمڕۆ ، بەرنامە و پلانەكانی بە شێوەیەكی زۆر روون و ئاشكرا خستووهتەڕوو، بە شێوەیەك كە لە خزمەت هەموو تاكێكی كوردستاندا بێت، هەر لە داهاتی نێوخۆیی و رێژەی هەناردەكردن و فرۆشتنی نەوت و گشت بوارەكانی دى.
ئەگەر هەڵوەستەیەك لە سەر رووداو و پێشهاتەكانی چەند ساڵی رابردوو و بەتایبەت ماوەی پێنج ساڵی رابردوو بكەین، ئەو راستییە زۆر بە باشی دەردەكەوێت كە تاچەند ناحەزان لە رێگەی خۆڵقاندنی قەیران و كۆسپ چەندە هەوڵی لە باربردنی دەستكەوتەكانیان داوە. لە سەر ئاستی نێوخۆیی كوردستانیش بە هەمان شێوە هەندێك لایەن لە ژێر كاریگەريی وڵاتانى دراوسێ رۆڵێكی نەرێنیان بینیوە، ئهوه له حاڵێكدا كه لە زۆربهى وڵاتان و لە كاتی قەیراندا، هەموو گرووپ و پارتەكان جیاوازییان بەلاوە دەنێن و، بە یەك تیم كار لەسەر كۆنتڕۆڵكردنی دەكەن. بەڵام بە پێچەوانەوە لە هەرێم هەمیشە دەنگی جیاواز هەبووە، بەو مەبەستەی قەیران و كێشەكان بە سیاسی بكات، لە كاتێكدا ئەو قەیران و كێشانە تەواوی هەرێمەكەی گرتووەتەوە و لە بری چارەسەر، ئەو دەنگە ناشازانە بێ گوێدانە دۆخی هاووڵاتییان و بۆ چەند دەستكەوتێكی بچووكی حزبی، قەیرانەكان قووڵتر دەكەنەوە.
كابینەی نۆیەم پێكهاتەی سێ هێزی سەرەكیی هەرێمە و شكست و سەركەوتنی بۆ ئەو سێ هێزەیە، بەڵام سەرۆكی حكومەت بەردەوام دووپاتی كردووەتەوە كە ئەوە كابینەی هەمووانە، بەڵام ئەوەی لەم كابینەیەدا دوو دەور دەبینێت، یەكێتییە كە هەم ئۆپۆزسیۆنە و هەمیش دەسەڵات.
كابینەی نۆیەمی حكومەتی ھەرێم ئەگەرچی درێژەپێدەری كابینەكانی ديكهى حكومەتی كوردستانە، بەڵام لە سەرتای ڕاگەیاندنی كابینەكە سەرۆكی حكومەت وتارێكی دوور و درێژی لە بارەی چاكسازی و گۆڕانكاری جددی دا لە ھەرێمی كوردستان، گرینگترینیان چاكسازی دارایى و ئابووری ھەروەھا پەرهدان بە زیادكردنی سەرچاوە ھەمەجۆری دارایی بوو، كە لە ناویاندا گرینگی دان بە كەرتی كشتوكاڵ و گەشتیاری بوو، دوای نزیكەی ساڵێك لە دروستبوونی كابینەی نۆیەم دەبینین چەندین قەیران بەرۆكی حكومەتی ھەرێمی گرتووه، كە لە ھەندێكیان حكومەت توانی زۆر باش بەسەریاندا زاڵ بێت و، ھەندێكیشیان بە ھۆی كەڵەكەبوونی قەیرانە ئابووريیەكانی كابینەكانی پێشوو، نەتوانراوە بەسهریدا زاڵ بێت.
دەبێت هەمومان تەقهبولی ئەم بارودۆخە نەخوازراوە بكەین كە رووبەڕووی هەرێمەكەمان بووهتەوە، لە دابەزینی نرخی نەوت و كەميی داهاتی ناوخۆیی بەهۆی پەتای كۆرۆنا و سەرەڕای ئابلوقەی ئابووری كە حكومەتی فیدراڵیى عێراق بەسەر هەرێمیدا سەپاندووە، بۆیە دەبێت هەموومان هاوكار بین تا ئەم بارودۆخە تێپهڕ بكەین.
ئەگەر هەڵوەستەیەك لە سەر سێ مانگی رابردوو، رێكارو هەنگاوەكانی حكومەتی كوردستان بۆ رووبەڕووبوونەوەی پەتای ڤایرۆسی كۆرۆنا و ئینجا قەیرانی دارایی و دابەزینی بەهای نەوت و شێوازی مامەڵەكردنی سەرۆكایەتيی حكومەتی كوردستان و تیمەكەی بكەین لەگەڵ بارودۆخە نەخوازراوەكان، ئەوا ئەو پەڕی دڵسۆزی، شەفافییەت و راشكاوی و راستگۆیی و خزمەتكاری ئەو حكومەتەمان بۆ دەردەكەوێت. لەلایەكی ديكهوە هەنگاوەكانی چاكسازی و رووبەڕووبوونەوەی حكومەتی كوردستان ئەگەرچی سەخت و قورسە، بەڵام بە بێ جیاوازی و لە پرۆسەیەكی گشتگیردا چوونەتە بواری جێبەجێكردنەوە، بۆیە پێوستە هەموو هێز و لایەنە كانی بەشدار لە حكومەت و لە دەرەوەی حكومەت پشتیوان بن لە پێناو كوردستانێكی بەهێزتر و پێشكەوتوو لە گشت بوارەكاندا .
پێوستە ئەوانەی دژی كوردستان پروپاگەندە و چەواشەكاری دەكەن، رەخنهكانيان به زمانی سیاسی رووبەڕووی بەغدا بكردایەتهوە، كە ئێمە وەكو هەرێم هەموو ئامادەباشیمان پیشان داوە بۆ رێككەوتن لەگەڵ بەغدا، كەچی ئەوان رۆژانە دەستی دەستیمان پێ دەكەن... لە جیاتی ئەوەی رۆژنامەنووس وسیاسيیەكانمان تۆزێك قەڵەمی خۆیان لە دژی سياسهتى ناڕهواى حكومەتی فیدڕاڵ بەكار بێنن، كهچى ههندێكيان تۆمەت بۆ حكومەتی هەرێمی كوردستان دروست دەكەن و خۆیان بە پارێزەری بەغدا دادەنێن و بەرگری لێ دەكەن.
پێوستە هەموو لایەنە سیاسيیەكانی كوردستان لەم هەل و مەرجە نالەبارە هاوكاريی حكومەتی هەرێمی كوردستان بكەن و پشتگیری بكەن بۆ پرۆسەی چاكسازی و حوكمی پێشوەختە نەدەن و چاوەڕێی هەنگاوەكانی حكومەت بكەن. بەهیوای پاشە رۆژێكی گەش بۆ كوردستان.