پەکەکە بە قوربانیکردن یان قوربانیدان!

پەکەکە بە قوربانیکردن یان قوربانیدان!

لە ڕاستیدا ئەم ڕووداوانەی لەم دوایيانەدا ڕوویان دا، لە شەهیدبوون و سووتانی سەروماڵی هاووڵاتیان لەناوچە سنوورییەکانی هەرێمی کوردستان، دەکرێت خوێندنەوەیەک بکەین جیا لەو خوێندنەوەی هەمیشە تورکیا بە هۆکاری ئەو پێشێلکارییانە بزانین لە ناوچەکە، ئەمەڕاستە لەلایەک، لەلایەکی ترەوە دیاره هەرێمی کوردستان بەدۆخێکی سەختی ئابووری و شەڕی بەدەستهێنانی مافە دەستووريیەکانیەتی لەگەڵ عێراق و هەروەها ڕووبەڕووبوونەوەی دەردوپەتایەکی جیهانی کە هەرێمی کوردستانیشی گرتوەتەوە باری سەرشانی‌ حکومەتیان قورس کردوە لەگەڵ ئەوەشدا دەکرێت تیشک بخینە سەر دۆخێکی تر کە ئەویش ئەوەیە ئەدی تورکیا بۆ وا دەکات و هۆکاری چییە... بۆیە لێرەدا هۆکارگەلێک ڕوون دەکەینەوە کە زیاتر پەیوەندی به سیاسەتی هەڵەی پەکەکەوە هەیە لە هەرێمی کوردستان، دیارە بۆ تێگەشتن لە دیدو ئایدۆلۆژیای هەر هێزێکی سیاسی لە مێژووی خەباتی خۆیدا پێویستە تێبگەین لەو بنەماوبیروباوەڕانەی کەپارتە سیاسیەکەی بۆ دامەزراوە یاخود باشتر دیاریکردنی ئامانجەکانی بزانرێت، بۆئەوەی قسەلەسەر کارو کردەوەکانی بکەین ، پارتی کرێکارانی کوردستان ناسراو بە پەکەکە لەکورتیدا مێژووی دروستبوونی بەم شێوە دەستى پێکرد، لەساڵی ئۆجەلان دوای تەواوکردنی بیروباوەڕەکانی بە دامەزراندنی هێزێکی کوردی لە باکووری کوردستان لەساڵی 1977 دەستی کرد بە نووسینی ڕەشنووسی پەیڕەوی پارتەکەی کە دواتر لە بەهاری ساڵی 1978بەشێوەی نامیلکە بەسەر سەرجەم لایەنگرو هاوڕاکان و کاديرانی خۆیدا دابەشى کرد، بە مەبەستی پەروەردەو تێگەیاندنی کاديرانیان لە بەرنامەی کاری پارتەکەیان ، دواتر هەر ڕەشنووسەكه‌ بووە بەرنامە و پرۆگرامی پارتەکه‌، کە دواتر لە كۆنگرەی یەکەمی خزبەکەشیان پەسەند کرا، دوای تەواوکردنی ئامادەکاریيەکان لە 27نۆڤەمبەری 1978
لەگوندی فیس سەربەقەزای لیجە ی شاری ئامەد بە ئامادەبوونی 22کەس کە دووانیان کچ بون پارتی کرێکاران دامەزرا ،
هەموان ڕایان وابوو کە دەبێت کاتی ڕاگەیاندنی پارتەکە هاوکات بێت لەگەڵ ئەنجامدانی چالاکیيەکی کاریگەر.
ڕەنگە ئێمە پێمان وابێت چالاکیەکی کاریگەری مەدەنيی گەورە کە هەمووان بزانن کە ئەم پارتە پارتێکی ئاشتیخوازە باوەڕی بە گفتوگۆهەیە بۆ چارەسەری دۆزی کورد، بەڵام بە پێچەوانەوە ئامادەکاری کرا بۆ کردەیەکی تیرۆرکردن کە لەگەڵ ڕاگەیاندنی لەدایکبوونی پەکەکە، ئەوە بوو لە ساڵی‌1979لە شارۆچکەی حیلوانی سەربە ئورفە چالاکيی کوشتنی محه‌مه‌د جەلال سەرۆکی عەشرەتی بوجاک -يان ئەنجام دا، کە دواتر بە برینداری ڕزگاری بوو ، ئەمە یەکەم دەستپێکی چالاکيی کاری ئاپۆچيیەکان بوو، لەمەوە چی دەبینين و لەدوای ئەوە چی دەستی پێ کرد و ئێستا چی دەبینین؟
دوای ئەوەی پەکەکە هاتە باشووری کوردستان و چالاکيی چەکداری دژبە دەوڵەتی تورکیا دەست پێ کرد، ئیدی باشووری کوردستانی کردووەتە جێگەی قوربانیکردن لە پێناو ئامانجه‌كانى! ئاخر نامەنتیقیيە تۆ لە باشووری کوردستان بارەگا بکەیتەوە و لە پەنای خەڵکی مەدەنی ناوچەکانی ئەو سنوورەدا دەیان و سەدان هۆکار بدەیت بەدەستەوە کە دواتر دەوڵەتی تورک بە تۆپبارانکردن و بۆمببارانکردنی ناوچە سنوورییەکانی باشووری کوردستان گیانی هاووڵاتیان و باخ و مەڕوماڵاتی خەڵکی سنوورەکە بكاته‌ قوربانيی سیاسەتەکانی پەکەکە
ڕاستە هەرپارتێک خەبات بکات بۆ گەلەکەی جێگەی ڕێزە، بەڵام نەک گەلەکەی بکاتە قوربانی بۆ وتنی قوربانیدان بۆ گەل ، لەڕاستیدا ئەمەی پەکەکە دەیکات بەقوربانی‌کردنی خەڵکی باشووری کوردستانە، نەوەک قوربانیدان بۆ خەڵکی باشووری کوردستان .
سەرنجێکی دى لەسەر سیاسەتی پەکەکە، ئه‌وه‌يه‌ كه‌ ده‌ڵێت: تەنها خۆم و خۆم بە ڕاست دەزانم! ئەمەش نە لەگەڵ پره‌نسیپه‌کانی دیموکراسی و نەلەگەڵ بیروباوەڕی شۆڕشگێڕی ناگونجێت. چۆن؟ لەخەباتی پارتە سیاسیەکانی باشووری کوردستان ناکۆکی زۆر گەورە هەبوە بەڵام سیاسەتی نەخوێندنەوە نەبوە بۆ ئەجندایی یەکتر ،بەنموونە پارتی کرێکاران دەڵێت من خەبات دەکەم بۆ ڕزگاری هەرچوارپارچەی کوردستان بەڵام ئەم قسەلەگەڵ واقیعدا یەک ناگرێتەوە چونکە لەپارچەکانی تری کوردستاندا تەنها پەکەکە بوونی نیيە بەڵکو چەندین هێزی سیاسی تریش هەن کە تێدەکۆشن لەپێناو چارەسەری بۆ کێشەی کورد لەناوچەکە، بەڵام پەکەکە ڕێگا نادات چالاکی سیاسی و تەنانەت چەکداریش ئەنجام بدەن بەنموونە لەڕۆژئاوای کوردستان پەکەکە ڕێگری دەکات و خۆی بەخاوەنی ئه‌و كه‌رته‌ى كوردستانيش دەزانێت، بەڵام ڕون و ئاشکرایە ئەنجامی ئەم سیاسەتانە ڕۆژئاوای بەچ دۆخێک گەیاندوە ، با باسی باشووری کوردستان بکەین کە چۆن پەکەکە بوەتە سەرچاوەی نانەوەی ئاڵۆزی و شەڕو کێشە لەناوچەکە هەموومان دەزانین کەچۆن لەساڵانی ڕابردوودا پەکه‌كه‌ شەڕی دژی هێزە سیاسيیەکانی کوردستانیش پەرپا کرد، بەو جۆرەی خۆیان دەڵێن ئێمە باشووری کوردستان دەپارێزین لە داگیرکاری دەوڵەتی تورکیا... ئەمە ڕێک لەکاتێکدا تورکیا نیشتمانی پەکەکەی لە باكووری کوردستان داگیرکردووە، بەڵام پەکەکە تەنها گوندێكى باكووری رزگار نه‌كردووه‌! بۆیە زۆر جار سەرانی پەکەکەش ڕەخنە لەم جۆرە خەباتەی پارتەکەیان دەگرن و ئەوەش لە کۆنگرەکانیاندا ڕەنگی داوەتەوە ، باشترین نموونەش دامەزراندنی پارتی هەدەپە بوو لە باكووری کوردستان، کە باوەڕیان وابوو دەبێت لەڕێگەی خەباتی مەدەنی و هەڵبژاردنەوە دۆزی کورد چارەسەربکرێت.. به‌ڵام به‌ سياسه‌تى هه‌ڵه‌ ئوانيشيان لاواز كرد . هه‌ر بۆيه‌ پێویسته پەکه‌كه‌ بە سیاسەتی خۆیدا بچێتەوە و بیانووی زیاتر بە دەست تورکەوە نەدات بۆ کوشتنی هاووڵاتیانی بێ دیفاعی هەرێمی کوردستان ئەمە له‌ لایەک، لەلایەکی تریشەوە هەندێک هێزی ناوخۆیی هەرێم هاوڕان لەگەڵ سیاسەتی پەکەکە کە ئەمەش وای کردووە هەندێکجار تورکیا دەوروبەری هەندێک پارێزگا بکاتە ئامانج بە بیانووی هەبوونی پەک لە بنکڵیشەی ئەوهێزانەدا هەرواشە کە کارێکیان کردوە پەک و پاسدار بەناو سلێمانی و زۆر سنووری ناوچەکەدا سەربەخۆ دەسوڕێنەوەو دەبنە هۆکاری کێشە بۆ خەڵک ، بۆیە ئەوەی پەک دەیکات لە هەرێمی کوردستان قوربانیدان نیيە بۆ خەڵک بەڵکو، بە قوربانیکردنی خەڵکە لە هەرێمی کوردستان .
Top