رۆڵی پەرلەمان لە چارەسەری قەیرانەکاندا

رۆڵی پەرلەمان لە چارەسەری قەیرانەکاندا

پەرلەمان یەکێکە لە سێ کۆلەگە سەرەکییەکانی دەسەڵاتی حوکمداریی، کە بریتییە لە دامەزراوەیەکی یاسادانانی دیموکراسی. بەپێی سیستەمی دیمەکراتییەتی ناڕاستەوخۆ، لەڕێگەی دەگدانی گەلەوە، خەڵکانێک ھەڵدەبژێردرێن و دەچنە ناو دامەزراوەی پەرلەمان و نوێنەرایەتیی دەنگی ھاووڵاتییان دەکەن و بڕیار لەسەر جارەنووسیی ئەم گەلە دەدەن کە دەنگیان پێداون. جا ئەم نوینەرانەش، بەپێی ڕێکارێک کە لە پەیرەوی ناوخۆی پەرلەمانەوە دیاریکراوە، سەرۆکێک بۆ ئەم پەرلەمانە دەستنیشاندەکەن و دەنگی پێدەدەن. ھەر ئەم پەیرەوەش دەسەڵاتەکانی سەرۆک و جێگرو سکرتێری پەرلەمان دیاریدەکا.
گەر لە مێژووی حوکمداریی وڵاتانی دونیا وردبینەوە، ھیچ دەوڵەتێک نابینینەوە، کە بێ دامەزراوەی یاسادانان (پەرلەمان) بەڕێوەبچێت. دەکرێ دەوڵەتێک بێ سەرۆکایەتیی کۆمار یا سەرۆکی ئەنجوومەنی وەزیران بێ، بەڵام ئەستەمە دەوڵەت بێ سەرۆکایەتیی پەرلەمان، بتوانێ کاروباری وڵات بەرێوەبەرێت.
ھەرجەندە سەرۆکی پەرلەمان دەسەڵاتیی رەھای کارگێڕی و دارایی لە پەرلەماندا ھەیە، بەڵام لەکاتی یەکلاکردنەوەو دەرکردنی ھەر بڕیارو یاسایەک، کە لەناو ھۆڵی پەرلەمان، بەدەنگی زۆرینەی ئەندامانی پەرلەمان دەردەچێ، سەرۆکی پەرلەمان دەبێ پابەندی دەنگی زۆرینەی پەرلەمانتاران بێ، ھیج ھێزێک ناتوانێ ئەم یاساو بڕیارانە بەتاڵبکاتەوە، کە دەنگی لەسەر درابێ، تەنیا بەڕێکارێک نەبی، ئەویش گرێدانی دانیشتنێکی دیکەی پەرلەمانەو بە دەنگی زۆرینەی پەرلەمانتاران، یاساکە رەتدەکرێتەوە، یان ھەموار دەکرێت. ئەگینا ھەر بریارێکی سەرۆکی پەرلەمان بەتاکڕەوی و بێئەوەی بەپرۆسەی دەنگدانی ئەندامانی پەرلەماندا تێپەڕبێت، ئەوا لێدانە لەپرۆسەی دیموکراسی و پێشێلکردنی پەیڕەوی ناوخۆی ئەو پەرلەمانەیە، کە خودی پەرلەمان دەنگی لەسەرداوە.
ئەوەی لەم ماوەیەدا لە پەرلەمانی کوردستان روویدا، نموونەی ھەڵەیەکی بەرچاوی بەڕێز سەرۆکی پەرلەمانی کوردستانە لەبەکارھێنانی دەسەڵاتەکانی خۆی، لە پرسی لێسەندنەوەی پارێزبەندیی ئەندام پەرلەمانیکی کوردستان، بەناوی ( سۆران عومەر )، کە پەرلەمانتارێکی فراکسیۆنی کۆمەڵی ئیسلامی کوردستانە، دیارە دامەزراوەی دادوەریی لە ھەرێمی کوردستان، داوای لە پەرلەمانی کوردستان کردوە، تا پارێزبەدیی لەسەر ئەو پەرلەمانتارە ھەڵبیگرێ، بەمەبەستی لێکۆڵینەوەو ئامادەبوونی لەبەرامبەر دادگا. ئەویش لەدانیشتنێکی فەرمی پەرلەمانی کوردستان، بەئامادەبوونی دوو ئەندامی دەستەی سەرۆکایەتی پەرلەمان، بەزۆرینەی دەنگی پەرلەمانتارانی بەشداربوو لە دانیشتنی حەوتی مانگ، پارێزبەندیی لەسەر پەرلەمانتار سۆران عومەر ھەڵگیراوە. کەچی بەڕیز خاتوو ( د. رێواس فایق)، سەرۆکی پەرلەمانی کوردستان، دەیەوێ بە بەکارھێنانی دەسەڵاتی تاکلایەنەی خۆی، وەکو سەرۆکی پەرلەمان، بێگەرانەوە بۆ دەنگی پەرلەمانتاران، لە دانیشتنی فەرمی پەرلەماندا. بڕیاریی ھەڵگرتنی پارێزبەندییەکە ھەڵبووەشێنێتەوە،. کە ئەمەش خۆی لەخۆیدا، لادانە لە پەیڕەوی ناوخۆی پەرلەمان، چونکە ھەر بریارو یاسایەک کە بە دەنگدانی زۆرینەی ئەندامانی پەرلەمان دەرکرا، دەبێ بەھەمان میکانیزمی دەنگدانی زۆرینەدا تێپەڕبێت تا رەتبکرێتەوە.
لەکاتێکدا، ھەرێمی کوردستان چەندین ھەڕەشەو مەترسی گەورەی ناوخۆیی و ھەرێمی لەسەر زیادبووە، ئەوەتا رێکخراویی تێڕۆریستی داعش دەستی بە جالاکییەکانی کردۆتەوە، تورکیاو ئێران بە تۆپ و فرۆکە بۆمب بارانی ھەریمی کوردستان دەکەن، سوپای تورکیا ھاتۆتە ناوەوەی ھەریمی کوردستان. ھەروەھا دوچاریی قەیرانی گەورەی تەندروستیی و سیاسیی و ئابووریی و دارایی و ناوخۆیی و جیھانی بۆتەوە، کەچی سەرۆکی دامەزراوەیەکی مەزنی یاسایی، لەبڕی ئەوەی لەسەر ئاستی پەرلەماندا لەگەڵ پەرلەمانەکانی دونیاو ھەرێمەکە، کار بۆ نەھێشتنی ئەو قەیران و مەترسییانە بکات، خۆی و پەرلەمانەکەی، سەرقاڵی رەتکردنەوەی ھەڵگرتنی پارێزبەندییە لەسەر پەرلەمانتارێک، بە ڕێگەیەکی نایاساییش.
ھەرچەندە ئەرکی سەرەکی پەرلەمان، لە یاسادانان و تێپەڕاندنی بوودجەو چاودێریکردنی کاروبارەکانی حکوومەت چڕکراوەتەوە، بەلام ئەوە رێگە لەوە ناگرێت، کەوا پەرلەمان بەرپرسانە چەند ئەرکێکی نیشتیمانیی و نەتەوەیی دیکە بخاتە ئەستۆ خۆی... بۆیە لەم باسەمدا، بەحوکمی ئەزموونی حەوت ساڵیم لە کاری پەرلەمانی و نزیکیم لەدەستەی سەرۆکایەتیی پەرلەمان، وەکو راوێژکارو بەرێوەبەریی نووسینگەی سەرۆکی پەرلەمان. بە ئەرکی خۆمم زانی، لەگەڵ تێبینییەکانم، بۆ بەرچاوڕوونی سەرۆک و دەستەی سەرۆکایەتی و ئەندامانی پەرلەمان، چەند ئەرکێکی گرنگی پەرلەمان بخەمەڕوو، چونکە وا ھەستدەکرێ، ئەم خولەی پەرلەمان، خەریکە لە مەھامی سەرەکی و کاری پەرلەمانی لایداوە. بۆئەوەی پەرلەمان، بکەوێتەوە سەر ڕێچکەی راستەقینەو نیشتیمانییانەی خۆی، زۆر گرنگەو پێویستە، سەرۆکایەتی و ئەندامانی پەرلەمان، چاو بە رەفتارو گوتارو کارەکانی رابردوویاندا بخشێننەوە. تا ھیچ نەبی لەوە زیاتر پیرۆزی پەرلەمان کاڵتر نەبیتەوەو ھاووڵاتییان ھیوا لەسەر ئەو پەرلەمانە دابنێنەوە. بۆیە بەپێویستم زانی بۆچوون و تێبینییەکانم لەم خاڵانە کورت بکەمەوە، ھیوادارم سوودبەخش بێت. ئەرکەکانیش بریتین لە:
1- ئەرکی یەکەمینی پەرلەمانی کوردستان و سەرۆکایەتییەکەی، لەم قۆناغەدا، ئامادەکردن و نووسینەوەی دەستوورێکی مۆدێرنە، کە باس لە سیستەمی سیاسیی و دەوڵەتی کوردستان و جیوگرافیاو مێژووی کوردستان بکا، مافی ھاووڵاتیبوون و ئاشتی و پێکەوەژیان تیایدا بەرجەستەو جێگیرکرابێ، ئەم دەستوورە دایکی یاساکان بێت، شکۆی ھاووڵاتییان و بنیادنانەوەی کەسایەتیی تاکی کوردستانیی ئامانجی سەرەکی بێت، نەوەکو دەستوورێک بێ، حزب و لایەنی سیاسی و دامەزراوە ئەمنییەکان، بۆ بەرژەوەندیی تەسکی حزبی دایانڕشتبێ.
2- ئەرکی پەرلەمانە، تا ئاشتی کۆمەلایەتی لەناو کۆمەگەدا بگەڕێنێتەوە، لەرێگای پەرلەمانتاراندا بەدوای کێشەو قەیرانەکاندا بگەرێ، پرۆژەی بۆ ئامادەبکاو ڕێگەچارەی بۆ بدۆزرێتەوەو بکرێ بەیاسا، یاساکانیش وەکو ڕیگەچارەی کێشەو قەیرانەکان، ئاراستەی حکوومەت بکرێ. نەوەکو گرفت و ململانێی نێوان حزبەکان و کێشەو مشتومڕی نیوان باڵەکان، بیننەوە ناو پەرلەمان و قەیران زیاتر بکەن و ئاشتی کۆمەڵایەتیی تێکبدەن.
3- ئێمە کێشەی خاک و مافی دەستووری و دارایی و مرۆییمان لەگەڵ عێراقدا ھەیە، کە کێشەی ماددەی سەدو چل و ناوچە کوردستانییە داگیرکراوەکانی دەرەوەی ئیدارەی ھەرێمی کوردستان و مووچەو مافە داراییەکانە، تا ئێستا لەم ناوچانەی دەرەوەی ئیدارەی ھەرێمن، کورد لەناودەبرێ و شکۆی دەشکێندرێ و دەربەدەرو ئاوارە دەکرێ. دەسەڵاتی ناوەند قووتی ھاوولاتییانی ھەریمی بریوەو مووجە نانیرێ، مافە داراییەکان پیشێل دەکا، پارەی چەندساڵەی گەنمی جوتیاران نانێرێ. بۆیە پێویستە پەرلەمانی کورستان، لەسەر ئەو پرسانە بووەستێ و قسەی خۆی ھەبێ، نەوەکو خەریکی کاریی لاوەکی بێ و خۆی بە شتی بچووکەوە سەرقاڵ بکا.
4- پێویستە گوتاریی سەرۆکی پەرلەمان، لەسەر ئاستی بەرژەوەندیی باڵای نیستیمانیی و نەتەوەیی دابێ، بە دیاریکردنی ئەرکەکانی پەرلەمان و حکوومەت، بەئاڕاستەی ستراتیژیی بەھێزکردنی دامەزراوە دەستووریی و یاسایی و ئیدارییەکانی ھەرێم دەنگبداتەوە. نەوەک گوتارەکانی بۆ ئاستی کەسی و بەرژەوەندیی تەسکی حزبایەتیی بچووک بکاتەوە. سەرۆکی پەرلەمان دەبێ خۆی بەنوێنەری ھەموو ھاووڵاتییانی کوردستان بە ھەموو پێکھاتە ئەتنی و ئایینییەکان بزانێ، نەوەکو نوێنەری حزبێک و گرووپ و باڵێک بێ.
5- پتەوکردنی ھاوکاریی و ھەماھەنگی نێوان پەرلەمان و حکوومەت، ئەرکی سەرەکی و بەرایی سەرۆکی پەرلەمانە. (لەکاتی ئەزموونی کارکردنم وەکو راویژکارو بەرێوەبەریی نووسینگەی سەرۆکی پەرلەمانی کوردستان، مانگانە کۆبوونەوەی نیمچە دەوریی لەنێوان سەرۆکایەتیی پەرلەمان و سەرۆکایەتیی ئەنجوومەنی وەزیران ئەنجام دەدرا، بەمەبەستی ھەماھەنگی و چارەسەری ئەو کۆسپ و تەگەرانەی دەکەوتە نێوان ھەردوولا، زۆرجاریش لەرێگای مجامەلەو گلەیی و گازاندەکردنەوە، کێشەکان جارەسەردەکران) ئەوە ئەزموونێکی سەرکەوتووی نێوان حکوومەت و پەرلەمان بوو، دەکرێ ئێستا بکرێتە عورفێک و سوودی لێوەربگیرێ.
6- بۆ پاراستن و شکۆو ھەیبەتی پەرلەمان، ناکرێ سەرۆکی پەرلەمان لەژێر ھیچ کاریگەرییەک و بە ھیچ پاساوێک، پەیڕەوی ناوخۆی پەرلەمان پیشێل بکاو ھەر بڕیارێکی پەرلەمان کە دەنگی لەسەردرابێ، بێبایەخی بکاو بەلاوەی بنێ. بەڵکو دەبێ رێز لە دەنگی ئەندامانی پەرلەمان بگرێت و پشتگیریی و بەرگریی لێبکا. چونکە دەنگدان وەکو پرۆسەیەکی دیموکراتی، شەرعییەتی یاسایی دەداتە بڕیارو یاساکانی پەرلەمان. ئەو رەفتارەی سەرۆکی دامەزراوەی یاسایی، وادەکا ھاووڵاتییان بە گاڵتەجاڕییەوە لە ئەرک و کارەکانی پەرلەمان بڕوانن.
7- ئەرکی سەرۆکی پەرلەمانە، تا لەناو پەرلەماندا، پەیوەندیی فراکسیۆنەکان رێکبخات و تەبایی و ھاوکاریی بخاتە نێوانیان، دەبێ فراکسیۆنەکان بۆ یەکھەڵوێستی و یەکبڕیاری و یەکدەنگی لەسەر پڕۆژەیاساکان و دەنگدان لەسەری ئاراستەبکا. نەوەکو ببێتە ھۆکارو یارمەتیدەری لێکترازانی فراکسیۆنەکانی ناو پەرلەمان.
8- ئەرکی سەرۆکی پەرلەمانە، کار بەو ئاراستەیە بکا، تا حوکمڕانی حکوومەتی ھەرێم، ھەموو ھەرێم بگرێتەوە، کار بۆ یەکخستنی ئیدارەو یەکخستنی جێبەجێکردنی بڕیارەکان لە وەزارەتەکان دامەزراوە حکوومییەکان بکات.





ئەندامی مەکتەبی ناوەندیی
سەنتەریی دیراسات و توێژینەوەو ئەکادیمیای پارتی
Top