ئەو بابەتەی کە کەس نایخوێنێتەوە! سایکۆلۆژیای ئینتما

ئەو بابەتەی کە کەس نایخوێنێتەوە! سایکۆلۆژیای ئینتما

زۆر شرۆڤەی جۆراوجۆر بۆ چەمکی ئینتما کراوە، کۆی ئەم شرۆڤانە ئینتما بەھای سەرەکی کرداری ئەقلی تاکە، لە ڕووە دەروونییەوە ئینتما بەرپرسیاریەتییە بەرامبەر ئەرک و ماف، کاتێ ئەرک و ماف یەکسان بوون لە بەرامبەر یەکتر کێرڤی ئینتما بەھێز دەبیت، وبەشەکانی جۆراو جۆرن : ئینتما بۆ خیزان ، ھۆز، عەشرەت، ئاین، حزب ، کولتوور ... بەڵام ئەوەی ئەم ھەموو ئینتمایانە کۆدەکاتەوە نیشتیمانە واتە بەھای تاک لە ئینتمای نیشتیمان دەردەکەویت، کاتێک تاک دەڵێت نیشتیمان و خاک لە پێش ھەموو شتیکە بوونی خۆی بە نیشتیمان گرێدەدات ئەوە ئامادەیە گیانی خۆی لە پیناویدا فیدابکات، ڕەنگە ئەم دەستەواژەیە لە نەوەی ئێستادا جێگای مشتومڕی زۆر بێت، کە دەڵێت نیشتیمانمان نییە تێدا بەختەوەر بین بۆیە ھەستی ئینتما لاوازە بەرامبەر خۆشەویستی نیشتیمان و گۆڕینی دەسەڵات و خومخۆری ئەوەی نیشتیمان پارچە پارچە بێت. ھەر ئەو ھەستەیە وایکردووە نیشتمان وەکو ئەو ھەنگوینە بێت کەھەرچی مێش و زەردەواڵە ھەیە لێی کۆدەبنەوە و دەیخوات و مێشەکان قەڵەو دەبن و ھەنگوینەکەش نامێنێ، نیشتیمان ئێستا وەکو خانوێکی بێ دەرگا و خاوەنە ھەرچی بێگانەیە ڕەحمی پێناکات چونکە بە مالی خۆی نازانێت. ئەوەی گرنگ نەبێ لە نەوەی دووای ڕاپەرین نیشتیمانە تەنھا بیر لە خۆژیان دەکاتەوە خۆی و بەس! ئامادەنییە بچووکترین شت ببەخشێ بە نیشتیمان. بەڵام ساڵەکانی پێش ڕاپەرین تاک لەو پەری خۆشگوزەرانی دابوو ئامادەبوو تەنھا لە پێناو ئازادی و سەروەری نیشتیمان گیانی خۆی ببەخشێ، دەرووزانی دەڵێت لە ھەر شوێنێک ئەگەر ھەستت بە ئارامی و خۆشگوزەرانی نەکرد ئەوە ھەستی نامۆبوون بەرز دەبێتەوە بە بێگانەبوون خۆی وەسفدەکات، بەدووای نیشتمانی میواندا دەگەڕێت. ئەگەر ئینتمامان دەوێت دەبێت لە سەرەتادا ئارامی و خۆشگوزەرانی بۆ تاک ھەبێت . واتە ئاسایشی دەروونی تاک .کەسێک کە وڵاتی دووەم و سێیەم ھەڵدەبژێرێت بۆ ژیان بیر لەوە ناکاتەوە لە بەرخاتری ناو سروشتی ئەو وڵاتەیە بەلکۆ بیر لە یاسای دادپەروەرانەو خۆشگوزەرانی و ئاسایشی دەروونی دەکاتەوە لەسەر ئەو بنەمایە نیشتیمانی خۆی جێدەھێڵیت و پابەندی پیرۆزیەکانی ئەو نیشتمانە دەبێت و واز لە نیشتیمانی دایک دەھێنی. کاتێک دەڵێن ( ئەگەر لە برسان و بێ بەرگی ئەمڕۆ ڕەق ھەڵێنم، نۆکەری بێگانە ناکام تا ماوم کوردم ئەمن) زۆر کەس نەک ھەمووی لێت تێناگا ڕەنگە گاڵتە بەم بەھا ھۆنراوەیە بکات، دەڵێت تۆ زۆر کۆنی باوی ئەم شتانە نەماوە... بەڵام کاتێ دەڵێیت ( مەملی مەمانی مەمۆ، ھی خۆمەو نایدەم بەتۆ...) کە تا ئێستا من ماناکەی نازانم. ئامادەیە دووشەو دووڕۆژ ھەڵپەرکێ بکات و دڵخۆشبێت، ناسنامەی نیشتیمان لە مەترسی دایە کوردم ئەمن.
( بەداوای لێبوردن بۆ خاوەنی گۆڕانی مەملی مەمۆ...)
Top