ڕەھەندەکانی پشت پێڕڕنە سەربازییەکانی تورکیا ئۆپەڕاسیۆنەکانی سوپای ئەو وڵاتە لە باشورو ڕۆژئاوای کوردستان وەک نمونە،

ڕەھەندەکانی پشت پێڕڕنە سەربازییەکانی تورکیا  ئۆپەڕاسیۆنەکانی سوپای ئەو وڵاتە لە باشورو ڕۆژئاوای کوردستان وەک نمونە،

لۆزان وەک بکوژی ڕاستەقینەی سیڤەر، تەنھا توانای بریندارکردنی ئەو پەیماننامەی ھەبووەو ھەیە، لەبەر ئەوە کوردەکان، لە ڕەوشێکی گونجاو لە ھەر دەرفەتێکدا مافی دووبارە زیندوو کردنەوەی پەیماننامەی سیڤەریان دەبێ.
پێم وابێ تورکیا لە ترسی ھەڵدانەوەی لاپەڕەکانی مێژوو و کارکردن بە پەیماننامەیەکی مت بوو نەک مردوو، کە بە پەیمانی سیڤەری ساڵی بیست ناسراوە، ئەنجەتی بە بوونی تەڤگەڕو جموجۆڵی گەڕیلاکانی پێکەکا گرتووەو شەرعیەت بە دەستدرێژییە سەربازییەکانی دەدات لە ناوچە سنوریە دەستکردەکانی نیوان باکور و باشوری کوردستان، چونکە ئەنقەڕە بێخەبەر نیە لە وەھا ھەوڵ و ستڕاتیژێکی نەخشە بۆ کێشراوی نێودەوڵەتی، بەتایبەت دوای کۆتایی ھاتنی داعش و جێکردنەوەی بەرژەوەندییەکانی ئەمریکا لە سوریا، کە بەگوێرەی ھەموو ئاماژەکان و لە تێروانینی ئەمریکاو ھاوپەیمانەکانی، باشورو ڕۆژئاوای کوردستا وەک یەک پاکێجی سیاسی و ئابوری مامەڵەی لەگەڵ دەکرێ، واتا ھیچیان بەبێ ئەوەی تر سەربەخۆی مسۆرگەر ناکات.
بۆیە کەڵکەڵەی ئەردۆگان و زێدەڕۆی سوپای تورکیا و چێکردنی ئاستەنگ لەبەردەم ھەردوو جەمسەرە بلۆکی جیھانی، ئەوەی لێدەخوێنرێتەوە کە ڕەنگە پەیماننامەی سیڤەر بە فۆڕمێکی جیاواز لە ڕابردوو زیندوو بکرێتەوەو دەوڵەتێکی کوردی لەو دوو بەشەی وڵات ئاوابکرێ.
لە تازەترین و لە لێدوانەکانی ڕابردووی بەرپرسانی تورکەوە دیارە، مەبەست لە ئۆپەڕاسیۆنی سەربازی "چڕنووکی ھەڵۆ" تەنھا گەڕیلا ئامانجی سەرەکی نیە، بەڵکو قەوارەی ھەرێمی کوردستان وەک بەشێک لە میراتی بەزۆر لکێنراوی پێشووی جوگرافیای خەلافەتی عوسمانی لە نێو پیلانەکەدا ھەست پێکراوە، بۆیە دەوڵەتی فاشی تورکیا بۆ ئەوەی لەلایەک باکوری کوردستان لەدەست نەدات و لەلایەکی تریشەوە بەر بەم ھەوڵەی ووڵاتانی ڕۆژئاوا بگرێ، سەنگەری شەڕی ھێناوەتە باشورو ڕۆژئاوای کوردستان.
لەوڕا گرنگە لە ئێستادا کوردەکان خوێندنەوەو تێڕامانێکی درووستیان بۆ باروودۆخەکە ھەبێ و وەک برا تەڤلی ھەڤ ببن و لەسەر ئاستی ھەر چوار بەشی کوردستان ھەوڵی گووتارێکی کوردی یەکگرتوو بدرێ و قەناعەتیش بە سەرانی پەکەکە بێنن کە چیتر پاساو نەداتە دەست تورکیا تا بە بیانووی ئەوانەوە، داگیرکارییەکانی لە کوردستان زیاتر بکات.
Top