حکومەت و میلەت و خەڵک!!!
June 20, 2020
وتار و بیروڕا
ئەگەر وەکو چاودێرێک بێیت، وە بەدوا داچوون لۆ ڕێژەی تووشبووان بە نەخۆشی شەکرە لە کوردستان بکەیت؛ ئەوا: واقت وڕ دەمێنێت و پرسیارت لۆ دروست دەبێت، کە؛ ئەرێ لۆ نەخۆشی شەکرە بەو شێوە دەناو میلەتی ئێمەدا تەشەنەی کردووە!؟ گرفتەکە، لەوەیە کە: نەخۆشی شەکرە وەکی مۆرانەیە! وە درەنگ کەسی تووش بوو دێتە ڕایێ، کە: نەخۆشی شەکرەی ھەیە و تووشبووش ھەیە ھەر ڕکەی دەگرێت و قەت ناسەلمێنێ و ملەی دەکات.
لە ئێستادا و بەگوێرەی ئاماری فەرمی ڕێکخراوی تەندروستی جیھانیی بێت، ئەوا: (١٦.٨٪)ی گەلانی عێراق لەساڵی(٢٠١٨ز) تووشی نەخۆشی شەکرە بوون. ئەوە بێگوومان ژمارە ڕاستەقینەکە نییە! وە ھەروەھا ئەوەشمان وەبیر بێت، کە: ھەر لە ساڵی (٢٠١٠ز) بوو و.تەندروستی عێراقی فیدڕاڵ بوو، کە: ئاماژەی بەوەدا کە (١٠٪) خەڵکی عێراق لە نێوانە تەمەنی (١٨ - ٦٥) ساڵی تووشی (برای شەکرە ) بوون، کە: ئەوەی دوایی ھەروەک نەخۆشی شەکرە ئەگەری ماک و ئاڵۆزی لەسەر خوێنبەرە قەبارە مامناوەندی و گەورەکان دروست دەکات. بەمە ڕێژەی تەواوی تووشبووان دەگاتە (٢٦.٨٪) و ھێشتا ئەوەش ژمارە ڕاستەقینەی تووشبووان نییە! ھەرچەند لە سایتی فەرمی فیدڕاسیۆنی شەکرەی جیھانیی ڕێژەی تووشبووان بە نەخۆشی شەکرە لە عێراق بە (٧.٥٪) دیاری کراوە و ئەو کات بە ژمارە (١٤١١٥٠٠)، واتە؛ یەک ملیۆن و چار سەت و یازدە ھەزار و پێنج سەت کەس) لە ژمارەی دانیشتووان (١٨٧٣٨٠٠٠)؛ واتە: ھەژدە ملیۆن و حەفت سەت و سی و ھەشت ھەزار کەس) نەخۆشی شەکرەیان ھەیە. لێرە ئەو ژمارەیەی فیدڕاسیۆنی نێودەوڵەتی نەخۆشی شەکرە ھەڵەیە!؟ ئەمەش چونکە ژمارەی دانیشتوانی عێراق نەک لۆ ئەمڕۆ بەڵکو ساڵی (٢٠١٧ز) ژمارەی (٣٨.٢٧) ملیۆن کەسی تێپەڕاند و ھەنووکە لە (چل ملیۆن)یش زێدەترە. بە ھەر حاڵ بە مەزەندەی ئێمە لۆ ئەمڕۆ و بەگشتی (٣٢ - ٣٥٪)ی گەلانی عێراق نەخۆشی شەکرە و برای شەکرەیان ھەیە!؟!؟ داخەکە لەوەدایە، کە: ئەو ژمارەیەی پێشبین بوو لە ساڵی (٢٠٢٥ز) بیگەینێ، ئەوا: لەمێژە لێمان ڕەتدایە و زۆریش زیاترە!؟!؟
ئەگەر ئاماری ئەمڕۆ ببینین، کە؛ تووشبووان بەس لە ناو جەرگەی ھەولێرێ (٣٧٠٠٠) سی و حەفت ھەزاری تێپەڕاند!!! وە ئەوە بەس یێ ناو چەقی شارە، دەنا ئەگەر دەوروبەر و شار و شارۆچکەکان وێکڕا حسێب بکرێن؛ ئەوا: لەو ژمارەیە گەلەک زێدەترە!؟؟!! وە ئەوەش بزانین، کە: ئەم ژمارەیە بەس ئەوانەن کە دەفتەری نەخۆشی سووکەرییان کردووە. دەنا ئەگەر ئەوە بزانین، کە: لە ھەر چار نەخۆش نەخۆشی شەکرەی ھەبێت، ئەوا: یەکێکیان بزرە!؟ وە ھێشتا نەدۆزراوەتەوە. ئەوەش بزانین، کە: ئەوانەی خوا پێداو و دەوڵەمەندن نایەنە سەنتەری حکومەت و دەفتەری نەخۆشی درێژ خایەن ناکەن. وە ھەروەھا ئەو ژمارەیە شەکرەی کاتی دووگیانیش ناگرێتەوە، کە؛ لە ھەولێرێ لە مابەینی (٥٠٠ - ١٠٠٠) ژنی تووشبوو ھەیە، کە: لەسەر دووگیانی تووشی شەکرە بووە.
ئەوجا ئەگەر دەگەل ساڵی پار بەراورد بکەین، دەبینین کە؛ ساڵی پار مانگی یەک (کانونی دووەم ٢٠١٧ز) ژمارەی تووشبووان (سی و یەک ھەزار و حەفت سەت و قسور بوو)! بەو مانایەی لە (٠٢⁄٠١⁄٢٠١٧ز)ەوە ھەتا ھەنووکە ژمارەی تووشبووان (٥٣٠٠)، واتە: پێنج ھەزار و سێ سەت نەخۆش زیادی کردووە!؟
ئەوجا ئەم ژمارەیە پێویستی ھەڵوەستە لەسەر کردنی ھەیە!؟ وە پێویستە بپرسین؛ لۆ؟ وە چ بکەین؟
* لۆ؟ وەرام ئەوەیە، کە: ئێمە ژیانێکی تەندروست ناژین... ھتد. لۆ زیاتر شارەزا بوون، ئەوا: سەیری (گۆڤاری پزیشک، ژمارە (١ + ٢) ی (ئەیلول و ت١)ی ساڵی (٢٠١٠ز) بکە. وەیان سەیری لاپەڕە (پەیجی) گۆڤاری پزیشک لە فێسبووک بکە.
* چ بکەین!؟
١. حکومەت: حکومەت و دەسەڵات نابێت وا داستەوستان دابنیشن!! دەبێت بێنە مەیدان و کار بکات ھەتا ئەگەر چش نەکرێت، ئەوا: ژمارەی تووشبووان کەم بکرێتەوە و کوو؟
ا. بڵاو کردنەوەی ھۆشیاری دروستی و شێوازی تەندروستی ژیان و چۆن ژیان بکەین و ھەمووی ڕۆن بکرێتەوە! وە تەنانەت خەڵک ھان بدرێت لەوەی کە سحەت و تەندروستی گەورەترین سەرمایەیە.
ب. تەلەفزیۆن و ڕاگەیاندن: ناکرێت بەو شێوەی ھەنووکە ھەیە ڕاگەیاندنەکان (نووسراو و بینراو و بیستراو و ئەڵیکتڕۆنی) کار بکەن و ڕەچاوی باری تەندروستی ھاووڵاتیان نەکەن!؟ وە ھەروەھا تەنانەت نابێت ھەموو جۆرە ڕێکلامێکیش داببەزێنن. ئەوە جگە لەوەی نابێت ڕێکڵام لۆ خواردنی خۆش و بەتام بکرێت، وە ھەروەھا دەبێت بەگژ خڕ ئەو ئیدیۆمانەی ناو خەڵکی، وەکو؛ (قەڵەوی نیشانەی جوانییە! وەیان نیشانەی ھەبوونییە! وە یان ژنی قەڵەو پەسەندە.....ھتد) دەبێت ھەوڵی گۆڕینی ھەموو ئەو ئیدیۆمانەی ناو خەڵک بدرێت، وە ھەروەھا ڕۆن بکرێتەوە؛ کە: ئەوانە ھەموو قسەی پڕوپیرەژنانە و ئەساسی عیلمییان نییە.
ج. چاودێری بازرگانی و ڕەقابە: دەبێت حکومەت ئیش لەسەر ئەوە بکات، کە: ڕادەی بەکار ھێنانی شەکر لە ھەموو بازاڕ کەم بکرێتەوە! ھەر لە دوکانی شیرینی و پاقلاوە و شەربەت بگرە ھەتا دەگاتە نان و خواردنی خواردنگەکان و ڕێژەی ئەو شەکرەی دە بیبسی و خواردنەوە گازییەکان دەکرێت ھەتا خڕ خواردنەکان و خواردنەوەکانی بازاڕ کۆنتڕۆڵی بەکار بردنی ڕێژەی شەکر بکرێت. بەکورتی و کوردی گرنگی بە تەندروستی و سەلامەتی خۆراک بدرێت ھی ناوەخۆ و ھاوردە.
د. ڕێگا و بان و توڕمبێل و ھاتووچۆ: حکومەت دەبێت کار لە سەر ئەوە بکات، کە: ھەر چ نەبێت خەڵک ڕۆژێ نیو سەعات ڕێ بکەن؛ ئەمیش بەھۆی ڕێکخستنی گواستنەوە و ھاتووچۆی کەرتی گشتی بەشێوەیەک ڕێک بخرێت، کە: ئەگەر یەکەک ویستی بچێتە بازاڕ یان بێتە ناو شار؛ ئەوا خۆشی بێت و ترشی بێت ھەر نەبێت نیو کاتژمێر ڕێ بکات.
ھ. شارەوانی: ھەوڵدان لۆ گۆڕینی دیزاینی شار، وە ھەروەھا تەنانەت لە پێدانی مۆڵەتی خانوو، وە لە کردنەوەی جادە و ڕێگا و بان و باڵەخانە بازرگانی و حکومیەکان ئەوە لەبەر چاو بگیرێت. وە تەنانەت لێژنەی ھاوبەش لە نێوان و.تەندروستی و شارەوانی ھەبێت و گرنگی بەو لایەنانە بدەن.
و. حکومەت ھانی چالاکی وەرزشی بدات، وە دەکرێت لە خوێندنی باڵا و پەروەردە کۆلێژ و پەیمانگای تەندروستی (کولیەی سحی) بکرێتەوە؛ کە: دەگەل کۆڵێژی پزیشکی (کولیەی تووب) جوودایە. بە جۆرێک بێت ھەم فەرھەنگ و ھەم ژیان و ھەم تەندروستی و ھەم گوزەرانی خەڵک گۆڕانی بەسەر دابێت.
٢. کۆمەڵگا و میلەت: ھەروەک حکومەت و دەسەڵات ئەرکی دەکەوێتە سەر و دەبێت ھەماھەنگی دەسەڵات بێت لە جێبەجێ گەیاندنی ھەموو ئەو ڕێکارانەی باسکرا، ئەوە جگە لەوەی دەبێت میلەت و کۆمەڵگا وێکڕا ھەوڵی گۆڕینی زۆر ئاکار و دەستەواژە و شێوازی ژیان و گوزەران و ئیدیۆم بدەن. ئەگەر بەو شێوەیە نەخۆشی شەکرە بڵاوەی لێ بکات، ئەوا: میلەت و کۆمەڵگا لە زۆر عەقڵیەت و بەھرە و توانا دەبێت و گرفت و ئاریشەی زۆرتری (دارایی، ئابووری، کۆمەڵایەتی و سیاسی) لۆ دەبێت! وە ھەروەھا ئایندەی نەوەکانیش ڕۆن نابێت، وە ئایندە لە دەست دەدەین.
ا. میلەت و کۆمەڵگا ھەوڵی گۆڕینی ژیان و گوزەران و شێوازی بینا و ئەندازەی خانوو و باڵەخانەکان و تەنات جادە و کۆڵانەکان بدەن.
ب. تەندروستی و سەلامەتی خۆراک: نابێت ھەموو جۆرە خۆراکێک بخوات؛ وە ھەروەھا نابێت خواردنی ھەموو ووڵاتێک بخوات. وە باشترە لە بڕ و چەندێتی خەڵک بگەڕێتەوە خۆراگی گووندی و لە خۆراکی شارستانی دوور بکەوێتەوە.
ج. وەرزش کردن: وەرزش کردن و جوولانەوە ھۆکارێکی گرنگی دوور بوونە لە نەخۆشی. دەبیت ھەر چ نەبێت ڕۆژانە بە لایەنی کەم نیو سەعات بەپێ ڕێ بکەین. وە ھەروەھا نابێت وەرزش کردن بە عەیب دابنرێت بەڵکو بەڕێگایەکی دروست لۆ پارێزگاری کردن لە تەندروستی دابنرێت.
د. دوورکەوتنەوە لە جگەرەکێشان؛ ھەروەک دەسەڵات میلەتیش دەبێت ھۆکار بێت لە نەھێشتنی جگەرە کێشان ئەمەش چونکە لە ئێستادا جگەرەکێش تەنیا ژیانی خۆی ناخاتە مەترسیەوە بەڵکو ژیانی خێزان و خۆی و کۆمەڵگا دەخاتە مەترسیەوە.
ھ. زیاتر ھەوڵی خۆڕۆشنبیر کردن و بڵاو بوونەوەی ھۆشیاری دروستی بدرێت، وە میلەت و کۆمەڵگا بە ڕێگا زانستی و دروستییەکە بابەتی پزیشکی و تەندروستیان لۆ باس بکرێت. ھەروەھا ڕێگای دروستی چارەسەری نەخۆشی شەکرەیان لۆ باس بکرێت ھەتا ماڵ و دارایی بەھەدەر نەدرێت.
د. ئەمن و ئارامی تەندروستی: دەبێت نەخۆشی شەکرە وای حسێب لۆ بکرێت، کە: ئەگەر بەشێوازی دروست چارەسەر نەکرێت، ئەوا؛ لۆی ھەیە ئەمن و ئاسایشی میلەت و کۆمەڵگا تێکدەچێت و ژیان دەخرێتە مەترسی و لەناوچوون و بەمەترسی لۆ سەر میللەت و نەتەوە حلێب بکرێت. ھەر لۆیە؛ دەبێت حکومەت بودجەیەکی تایبەت و بەجودای لۆ تەرخان بکات؛ کە: ئاماژەی پێبدرێت و بگۆترێت؛ ئەوە لۆ ناساندن و چارەسەر کردن و بڵاو کردنەوەی ڕۆشنبیری گشتی و ھۆشیاری دروستی دەربارەی نەخۆشی شەکرە بێت و وا بکرێت؛ کە: پسپۆڕانی بواری تەندروستی ھەموو ڕۆژ وەبیر خەڵکی بھێننەوە ھەتا دەتوانرێت گۆڕان لە تاک و کۆمەڵگا لە شێوازی ژیان و تەندروستی بکرێت بەجۆرێک ھەموو ھەماھەنگ بین لە بەرەنگاربوونەوەی نەخۆشی سووکەری! ھەموو، واتا؛ حکومەت و میللەت و خەڵک!
ت.
١. لە ئێستادا لە (٢٠٢٠ز) ژمارەی تووشبووان لە ناوجەرگەی ھەولێرێ لە (٤١٠٠٠) کەسی تێپەڕاند! ئەوە جگە لە ژمارەی ئەو عەرەبە ئاوارە (نازح)انەی بە جودا حیساب دەکرێن.
٢. لە دوا چاپی کتێبی (داڤیدسۆن)ی پزیشکی (چاپی ساڵی ٢٠١٨ز) ڕێژەی تووشبووانی بە (١٢٪) داناوە.
٣. ژمارەی ئەو عەرەبە ئاوارانەی، کە: لە ھەولێرن و نەخۆشی سووکەرییان ھەیە ھەتا کۆتایی ساڵی (٢٠١٩ز) بریتی بوو لە (٩٢٢) کەس و ئەوانە لەسەر ھەولێر حسێب ناکرێن و تەنانەت دەفتەری نەخۆشی درێژخایەنیشیان جوودایە.
پسپۆڕی ھەناو و دڵ