بۆ بەردەوامی، دڵسۆزیەت زەرورەتە!

بۆ بەردەوامی، دڵسۆزیەت زەرورەتە!

لە کاتی ئێستادا جیھان بە بارودۆخێکی سەختی تەندروستی و ئابووری و کۆمەڵایەتی گوزەر دەکات، لە سەرانسەری جیھاندا رۆژانە ھەواڵی جەرگ بڕ سەبارەت بە قوربانیانی پەتای کۆرۆنا دەبیستین، لە راستیشدا مەرج نیە ھەموو قوربانیان بەرکەوتەی راستەوخۆی کۆڤید ١٩ بن دەکرێ بەشێکی زۆر لە قوربانیان دەرئەنجامی لێکەوتەکانی ئەم پەتا جیھانیەیە بن و بە تایبەتی لێکەوتە ئابووریەکانی کە بوتە ھۆکار کە چەندەھا ھەزار کەس لە سەرانسەری دونیا بێ کار و بێ داھات بن. لێکەوتەکانی کۆڤید ١٩ لەسەر کەرتی ئابووری بەشێوەیەکی زۆر سەخت کاریگەریان ھەبوو و ئەو وڵاتانەی کە ژێرخانی ئابووریەکی پتەویان نیە و بۆ دەستکەوتنی داھات تەنیا پشتیان بە یەک سەرچاوە بەستوە و کاریگەریەکی گەلێک زیاترە لەو وڵاتانەی کە ئابووریەکی پتەویان ھەیە.
سەراڕای لێکەوتە کاریگەریەکانی پەتای کۆڤید ١٩، بەڵام ژیان بەردەوامە و بۆ بەردەوامیش دڵسۆزیەت بۆ خاک و نیشتمان زەرورەت و مەرجە، ھەر بۆ نمونە لە زلھێزترین وڵاتی سەر گۆی زەوەی کە ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەرمریکایە قەیرانی بێکار و بێ داھاتی سەری ھەڵداوە، لە ھەمان کاتیشدا دڵسۆزیەت و نیشتمان دۆستیش ھەر ماوە. لە راستیدا کاریگەریەکانی پەتای ناوبراو ئەوەندە کاریگەرن لەسەر ئێمە وەک ھەرێمی کوردستان کە لە چاوەروانی ھیچ کەسێک دا نەبوو، ھەرێمی کوردستان و عێراق بە تایبەتی جیا لە لێکەوتەکانی کۆرۆنا لە قەیرانێکی قولی سیاسی و ئابووری و گەندەلی دابوو، ئێستەیش بەدەر نیە لەم بارودۆخەی کە لە کاتی ئێستادا لە سەرانسەری جیھان دەگوزەرێ. نزمبوونەوەی نرخی نەوت کە سەرچاوەی تاکە داھاتە لە عێراق و ھەرێمی کوردستان بۆیتە ھۆکار کەوا مووچە و ماف و شایستەدارییەکانی فەرمانبەران لە کاتی خۆیدا بەدەستیان نەگات و سەرەرای ئەوەی ئەرکی حکومەت تەنیا ئەوە نیە مووچە دابەش بکات، چونکە ھاوڵاتی و ھاونیشتمانیان سەرەرای ئەوەی ماف و شایستەی خۆیان وەکو فەرمانبەر دەوێت ھەر بەم جۆرەش ماف و شایستەی ھاوڵاتیبوونیان دەوێ و ئەرکە لەسەر حکومەت خزمەتگوزاریە گشتیەکانی وەک پەروەردە و کارەبا و ئاو و لە ھەمووی گرینگ تر خزمەتگوزاری تەندروستی گشتی پێشکەش بە ھاونیشتمانیانی بکات، بە دڵنیایشەوە بۆ پاڵپشتی کردنی ئەم خزمەگوزاریانە حکومەت پێویستی بە سەرچاوەی دارایی ھەیە. کە ئەمیش لە کاتی ئێستادا ھەم داھاتی ناوخۆ وە ھەروەھا داھاتی نەوت سەرەرای ئەمانەش بەشە مووچەی فەرمانبەران کە لەلایەن حکومەتی فیدرالەوە بڕدراوە زۆر بە سەختی پاڵپشتی دارایی بۆ ئەو سێکتەرە بنچینەیەکانی ژیان لە کوردستان دابین دەکرێن.
ئەوەی دەگوزرێ، حەقیقەتە و واقعی ژیانی ئێستا لە ھەرێم و سەرانسەری دونیا ئەمەیە کە ھەیە، بەڵام بە بەراورد لەگەل وڵاتانی تر لە سەرانسەری دونیا ئێمە لە ھەرێمی کوردستان سەرەڕای ھەموو ئەو لێکەوتانەی پەتای کۆرۆنا لەسەر کەرتی ئابووری و سەختی ژیان، قەیرانی ھەست نەکردن بە بەرپرسیاریەتیمان ھەیە، لەم قۆناغەدا دلسۆزیەت زەرورەتە بۆ ئێمە، ئەگەر چاوێک بە روکنەکانی پێشکەوتن بخشێنین لە سەرناسەری جیھان و سەیری ئەزموونی وڵاتان بکەین، دلسۆزیەت بنەما و بنچینەیە.ئێمە لە کوردستان لە ماڵەوە، لەسەر شەقام و لە گەشت و لەکاتی ئەرکدا، ھەموو شتێک دەکەین بەڵام بە دڵسۆزیەوە نا، ئینجا لە ھەر ئەرکێک دا بێت. ئەوەی ئێستا ھەیە، ئەنجامی ئەوە روکنەیە کە لە وجودی ئێمە وەک خەلکی کوردستان لەم چەند ساڵەی دوایدا نیە و نەماوە، کە ئەمەش دەر ئەنجامی چەندین ھۆکار و سەرووی ھەمووشیان ئەو کەشە سیاسیەی کە لە ھەرێمی کوردستان دا ھەیە، بە جۆرێکی تر دەتوانین ناودێری بکەین وەک بڵێین رەنگدانەوەی (ئیرھابی فیکری)یە.
بۆ ئەوەی بەردەوام بین، ئەبێ دڵسۆز بین و شکێنەری ئامانج و خولیای ئیرھابی فیکری بین، مووچە مافە، بەڵام دڵسۆزی سیفاتە، مرۆڤ ھەمیشە بە سیفاتەکانی رەنگدانەوەی ئەرێنی دەبێت لەسەر کۆمەڵگا بە تایبەت لە کاتێکی ھەستیاری وەک ئێستا. ئەگەر وڵاتێکی وەک ئیتالیا کە جگە لە قەیرانی پەتای کۆرۆنا نە قەیرانی سیاسی و ئابووری و کارگێری ھەیە، بە رێژەیەکی زۆر زەرەرمەند بوو لە پەتای کۆرۆنا و لێکەوتەکانی، بۆ ئێمە وەک کوردستان سەرەرای بڵاوبونەوەی پەتای کۆرۆنا بە چڕی، بە قەیرانێکی زۆر سەختی ئابووری و سیاسی و کارگێری و دارایی و بگرە کۆمەڵایەتی گوزەر دەکەین، قەیرانەکانی تەندروستی و سیاسی و ئابووری رەنگدانەوەی ئەو قەیرانە کۆمەڵایەتی یە کە ئێمە لە کاتی ئێستا دا لە کۆمەلگای کوردستانی ھەمانە، ئێمە دلسۆزیەت و نیشتمان دۆستی و رەھەندی نیشتمانیمان فەرامۆش کردووە و تەنیا خەمی گیرفان-مانە، خەمی گیرفان مافە و پێویستیشە، بەڵام سیفات لە سەرووی مافە و نیشتمان پێویستی بە دڵسۆزی رۆلەکانی ھەیە. با دڵسۆز بین تا بەردەوام بین، دوای ھەر ناخۆشیەک خۆشیەک دێت.
Top