کوردستان پێویستی بە هەمووانە
June 18, 2020
وتار و بیروڕا
کوردستان بە رەوش و هەلومەرجێکدا گوزه‌ر دەکات، كه باری سیاسيی هەمەلایەنەی و كارى پێكه‌وه‌يى به پێویستیيەک و ئەوله‌ويیەت داده‌نرێت. ناگەڕێینەوە قۆناغەکانی مێژوو، لێ ئێستای رۆژ پرسگەلێک هەڵدەگرێت، کە نەیار بەبێ دوودڵی و چەندوچۆنی ناڕاستەوخۆ دەستی خستوتە بينه‌قاقاى نیشتمانی کوردان، هەروەک رێڕەوەکانی خۆی لە گرتنەبەری ستراتیژی قرێژاوی دیسان دەیەوێت هەمان دەرخوارد بەگەلێکی مەزڵووم بدات، کە خاوەن هەموو رەسەناتيیەکانی خۆیه‌تى، وەک هەرگەل و نەتەوەيه‌كى ديكه کە خاوەن هەمان ماف و ژیان کردنە، بۆیە به تیشک خستنە سەر هەلومەرجی هەنوکەی کوردستان، دەگەینە ڕاستيیەکان و هۆکارو دەرنجامەکان، ئه‌وه‌ش پرسیاری زۆر دەخاتەڕوو، بۆ خولقاندنی ئەم کەشە نالەبارە، كه پێويسته وه‌ڵامده‌ره‌وه‌يان بين.
راستە جیهان رووبەڕووی ڤایرۆسێکی کوشندە بووه‌تەوە و ئه‌و په‌تابه بەرۆکی هەموو جیهانی گرتووە، ئەم فاکتە لای هەمووان روونە، بەڵام کوردستانێکی فیدرالی سیاسيی جوغرافی لە عێراقدا، تایبەتمەنديی خۆی هەیە، كه لە عێراق و زۆر ناوچەکانی دى جیاى دەکاتەوە، يه‌ك له‌وانه‌ش رۆژانی جەنگی دژە داعشه كه له قوربانیداندا پشکی شێر بەر ئەم کوردستانە کەوت و، "پێشمەرگە" وەک شانازیيەکی مەزن شەڕی بۆ هەموو جیهانی مرۆڤایەتی و دیموکراتخوازەکان کرد، به‌ڵام کاتێ دەستی برد، بۆ مافی ئاسایی و یاسايی خۆی، بە هەموو هێزە نێودەولەتی و هەرێماتیيەکان، پاشگەزبوونەوە لە بەلێنەکانیان، ئەویش ئەنجامدانی راپرسی بوو به وه‌رگرتنى رای گەلێک لەمەڕ سەروەریكردنی خاک، نیشتمان و گەلەکەی.. بۆ ئێستای کۆرۆنا و هەل و رەوشی ناسکی کوردستان، قەناعەتم وایە نه‌ياران و دوژمنانى كورد، لەسەر هەمان رێچکە و چاوچنۆکایەتی خۆیانن، ئەمەش کرۆکی ئازاری راستەقینەی کوردستانە، نیشتمان زامدارە، هاواریەتی، با خۆمان بین، بۆخۆمان بین، لەپێناو خۆماندا بين، چونکە چارەی بنەڕەتی و لەناوبردنی هەموو میکرۆبەکان چارەسەرەکەی هەرلای خۆمانە، بۆيه پێويسته لەخۆمان بپرسین: بۆ دەست پێ نەکەین؟ بۆ ئاڵای کوردستان هەموومان کۆنەکاتەوە؟ چارەنووسی هەمووان لە کەشتیيه‌كە، با بیگه‌یێنينە کەناری ئارامى، کەوا بوو، رێگە چارەش زۆرن بۆ ئەم ناهەموارییە کە بالی کێشاوە بە سەرئاسمانی کوردان و کوردستانیاندا، ئەویش تەنيا یەکڕيزيی نیشتمانی، نەتەوەيی و کوردستانییە، لە ژێر پەرچەمی کوردستاندا، به‌ڵام چۆن دەکرێت؟ کێ بيکات؟ بۆ نايکەین؟ هۆکارو بەربەستەکان چین؟
ئاماژەو شرۆڤه‌یەکی روون هەیە بۆ مەبەستى گرتنەبەری یەکڕیزيی نیشتمانی و داڕشتنی ستراتیژیەتی روون و شه‌فاف، ئه‌وه‌ش ئەرکی هەموو هێزە سیاسیيەکانی کوردستانە بێ جیاوازی، كه پێويسته به‌كرده‌يى هه‌نگاوى بۆ بنێن.
بۆیە وتمان:" کوردستان پێویستی بە هەمووانە"، له‌به‌ر ئه‌وه‌ى رزگارى له دۆخه سه‌خته‌كان كارى هه‌مووانه. بۆيه ده‌بێت لايه‌نه كوردستانييه‌كان بە تەکبیرکردن لە حاڵی خۆمان سه‌رقاڵ بن و بۆ دۆزينه‌وه‌ى رێكاره‌كانى چاره‌سه‌ر له ده‌ورى مێزى گفتوگۆ و دانوستاندن كۆ ببنه‌وه. دياره بوونى فرەحزبی (سیاسی، ئایينی) شتێكى ئاساييه و هەیە و، دەبێتیش، ئه‌وه‌ش گرفت نیيە، لێ بە هەموو جیاوازیيەکانمان له ئایديۆلۆژی و سیاسه‌ت، ده‌بێت ته‌نيا و ته‌نيا نیشتمان و نەتەوە هێڵی سوور بۆ هەمووان بکێشێت. ته‌نيا به‌وه‌ش ده‌گه‌ینە چاره‌سه‌رى دۆخى هه‌ستيارى هەنووکەيی و چاره‌ى بنەڕەتی... ئەگه‌ر ئەم برایەتیيە نیشتمانیيەمان کردە پێوەر و سەنگی مەحه‌ک، بێگومان یەکتر قبووڵکردن و ئازادی و زۆرتر چەکرە ده‌کات.
به‌رنامه و سياسه‌تى هەموو لایەنەکان پڕە لە خاڵی جەوهه‌ری بۆ پێشخستنی کوردستان، كه‌س ناتوانێت حاشا له‌وه بكات، به‌ڵام له كرداردا هه‌نگاهوه‌كان سستن، ته‌نانه‌ت هه‌ندێكجاريش به لاڕێيدا ده‌به‌ن، بۆيه ئه‌وه‌ى دەگوزەرێت لە ساحەکەدا خوازراو نييه و به‌وه‌ش بنبەسته‌كان زۆرتر دەبن.
بێ شك به ناته‌بايى ناوخۆيى ئازاری نیشتمان زیاتر ده‌بێت و گەل پەرش و بڵاو دەبێت. دەرخواردی بیانی زیاتر هاوردە دەکرێت، مێژوو لاپەڕەکانی خۆی به كاره‌ساته‌كان تێر نووسین دەکات، دواتر بەهانە و ئیهانەکان زۆر دەبن، زلهێزە دەستڕۆيشتووەکان كه خاوەنی قه‌رارن لە لێپێچینەوە و سزادا، زياتر پشتگوێمان ده‌خه‌ن... ئەمە حەقیقەتێکە و هەموو لایەنێکی سیاسی ده‌رک بەم راستیە دەکات، هه‌ر بۆيه پێويسته وه‌ك يه‌كه‌م هه‌نگاو و ئه‌وله‌وييه‌تى هه‌وڵه‌كان، شەڕی ميديايى و سوشیال میدیا رابگرن، كه هيچ ده‌ستكه‌وتێكى تێدا به‌دى ناكرێت، جگه له ئاڵۆزكردن و مه‌ترسيداركردنى داهاتووى نه‌ته‌وه‌يى و نيشتمانيمان. له برى ئه‌وانه ده‌بێت، كارێك بكه‌ين شکۆى خەبات و خوێنی شەهیدان به‌فيڕۆ نه‌چن. ته‌نيا به ته‌بايى و كارى پێكه‌وه‌يى ده‌توانين کوردستان لە قەیرانە گه‌وره‌كان رزگاربکەین، بۆ ئه‌وه‌ش ده‌بێت دروشم بکه‌ینە کردار و هاونيشتمانيان لە شڵەژاويی دەروونی رزگار بكه‌ين. با هەرچی زووە دەست لەناو دەست هەرسێ سەرۆکایەتی وەک یەک تیم کاراتر بکەین، با ئەنجومەنی باڵای سیاسی دابمەزرێت و پلان و ستراتيژى به‌چاو و كاريگه‌ر بخاته به‌رچاو و دامودەزگا و سێکتەر و جومەگەکانی حکومەت، به چاکسازی پتەوتر بکەن. ده‌بێت دەنگ و دوای ئەم گەلە مەزڵوومە زياتر به دونیای ئەوروپا و نەتەوە یەكگرتووەکان بگات. پێويسته به وه‌فده‌كانى گفتوگۆ به‌غدا له سياسه‌تى گوشارى ئابوورى له دژى هه‌رێم دوور بخرێته‌وه، هه‌موو ئه‌و كارانه‌ش پێويستى به هه‌مووانه، كه سه‌ردێڕى ئه‌م نووسينه بوو.