هەستى نەتەوایەتى پیروزە

هەستى نەتەوایەتى پیروزە

ئەوەى گەلان سەرفرازدەکات پێش هەمو شتیکى دیکە ، ڕاگرتنى پیروزى خاک و نەتەوەیە ، تەنانەت پاسارییەکانیش لێوان لێون لە دڵسوزى و میهرەبانى لە ئاست نشینگەو هێلانەکانیان ، پارت و گروپە خاوەن هەژمونەکانى گەلانى جیهانى ئازاد سەرەراى هەبوونى تەنگژە(سیاسی ، کومەڵایەتى ، ئابورى و بەریوەبردن ) ، ڕێگا بەخو نادەن بێ رێزى بەرامبەر بە گەل و قەوارە نیشتیمانییەکانیان بکەن ، لە بوارى نیشتیمانپەروەریدا هەمو رەنگەکان هاوشانن و قەڵاى بەهێزى پارێزەگارى گەل و ولاتن ، لە لایەکى دیکەوە بە دڵنییاییەوە بە بێ ولاتێکى سەرفراز ململانێێ سیاسی و کومەڵایەتى بەرهەمدارنابێت و گورانکارى جورى لە هەر بواریکدا بێت ڕووى نادات .
بەداخەوە ئەم پرسە ژیارییە بەدرێژایی مێژووی گەلى کورد ، ڕووبەڕوى گرفتى نیوخویی بوتەوە ،لە سەر دەستى توێژێکى مشەخورى رێکخراو و پشتبەستوو بە ئەجنداى بەرتەسک و دەرەکى ، لە ژێر چەترى چەندین پاساودا برەویان بە بیرى خۆ بەدەستەوەدان و پێشیلکردنى پیروزى سەروەرى گەل و ولاتیان داوە ، نزیکترین نمونە هەڵس و کەوتى نابەرپرسانەى توێژیکى هەرزەکارى هەلخەلتینەرى کوردەوارىی ئێستامانە ، سەرەڕای ئەوەى تا تەوقى سەریان خنکاون لە گەندەلى (سیاسی ، کومەلایەتى و ئابورى) دا ، بە هەمو توانایەکیانەوە کار دەکەن بۆ قولکردنەوەى ناکوکییەکان و بێزارکردنى خەڵک تا ئاستى پاساوهێنانەوە بو پێشێلکاریەکانى دەسەلاتدارانى بەغدا بەرامبەر بە هەرێمەکەمان، نوکى رمە ژەهراوییەکەیان دیماگوگیانە ئاراستەى پیروزترین هەستى مروڤانەى تاکى کوردستانى یانکردووە بە تایبەتى توێژى تازە پیگەیشتو کە خۆى لە (هەستى نەتەوایەتى نیشتیمانی) دادەبینیتەوە. ولاتپارێزى لە فەرهەنگى گەلانى ئازاددا هێڵى سورە ، نیشتیمان لە ریزبەندى یەکەمى هەمو پیروزییەکاندایە بە بێ نیشتیمانێکى ئازاد ( دین و ژیان پارێزراونابن ) بەلکو لە ژێر زەبرى بێ بەزەیی دوروو یی سیاسی و ئاینیدا دەتلێنەوە .
زور دورنەکەوینەوە لەم بارەیەوە تورکیا وەکو نمونە ، ولاتێکى ئاڵودەبوو بە چەندین کێشە و ئاڵوزى پڕ گرێ لە ناوچەکەدا، سەروی هەمویانەوە کێشەی رەوای گەلی کوردە ستانى باکوور ، بەداخەوە بە ئەنقەست ئاوێتەکراوە بە کێشەى بزووتنەوەى چەکداری (پ ک ک ) ، بەو پاساوە دەیان جارە هێرش و پەلاماری سەربازی لە دەرەوەى سنورەکانى خوی ئەنجام دەدات بە تایبەتی لە (هەردوو بەشی کوردستانى لکیێندراوی عیراق و سوریا ) بەڵام سەرەراى هەموو تەنگ و چەلەمەکانى نێوانی (ئاک پارتى و دژبەرانى) دا و بەردەوامى پروسەى گرتن و راوەدونانى بەرپرس و ئەندامانى پارتە ئوپوزسیونەکان ، نانبراوکردنى سەدان هەزار خەڵکى سیاسی و سەربازى و ئەندام لەو حزبانەدا ، نابینرێت هیچ کام لەو حزبانە هەڵوێستی نەرێنییان هەبێت بەرامبەر بە سەروەری خاک و نەتەوەکەیان ، دروستە بینەو بەردەیان هەیە لە نێوخویاندا ، بەڵام چەترى (پیروزى ئەمن و ئاسایشى نەتەوەیی ) کویاندەکاتەوە ، سەرجەمیان لەو پەرى راستەوە تا ئەو پەرى چەپ کوک و یەکریزن . بابەتى پیروزى نەتەوە و نیشتیمان لاى گەلانى سەربەستیىخواز پرسێ هەرە دانەبراوو بنەرەتى هەمو پیروزییەکانى دیکەیە ، هیچ لایەن و گروپێک وەکو نەریتێکى نیشتیمانى بواربە خو نادات گرفتەکان وەک پاساوێک بەکاربێنن بۆ دژایەتى سەروەرى گەل و نیشتیمان و، نابن بە کەواسورى بەر لەشکەرى بیگانە و بێریزکردنى ولات ، بە پێچەوانەوە بە ململانێی سەردەمیانە پایەکانى سەروەرى پتەوتردەکەن و دور لە هزرى بێهودەیی ، بە باوەرو گەشبینییەوە هەوڵى بنیاتنەرانەیان هەیە لە پێناوى چارەسەرکردنى گرفتەکان .
بەداخەوە سەرەراى هەمو نەهامەتییەکانى گەلەکەمان ، ئەو جورە رەوتە ملکەچە بێهودەو ڕەشبینى ئێستا لە هەرێمى کوردستاندا بوونى هەیە ، لە هەوڵى بێووچاندایە ، لە پێناوى لاوازکردنى هەست و نەستى پیروزى نەتەوەیی و تێکدانى شیرازەى کومەڵگاى کوردەوارى تا ئاستى بەریەککەوتن ، بەڵکو لە ناوەروکدا ئەرکدارکراون (ئەگەر بویان بکرێت ) بە پاساوى (نەبوونى موچە) و خولقاندنى کێشەى ترى لابەلا هەنگاو بنێن بە ئاراستەى نەهێشتن یان بچوکردنەوەى قەوارەى سیاسی هەرێمى کوردستان.
Top