کۆمەڵگەی مەدەنی و بەشداری پێکردنی ھاوڵاتیان

کۆمەڵگەی مەدەنی و بەشداری پێکردنی ھاوڵاتیان

کۆمەڵگەی مەدەنی مەبەست لەو کۆمەڵگایەیە کە ھەریەک لە کۆمەڵ و رێکخراوە خۆبەخشە ئازادەکان واتا ئەوانەی لە لایەن سیستەمی سیاسی ھەر دەسەڵاتێکەوە ھان نادرێن، تا دەست بخەنە ناو کارو باری ھاوڵاتیانەوە و ھەوڵ پێش خستنی سەرجەم بوارەکانی ژیانی خەڵک و کۆمەڵگەکەیان دەدەن. بەمەبەستی کۆمەڵگایەکی پێش کەوتووی ھاوچەرخ، کە ڕێز لە سەرجەم تاکەکان و توێژەکانی کۆمەڵ بگرێت، ئەرکە کانیان بۆ دیاری بکات و مافەکانیان بپارێزێت. (ئێرنست گێلنھر)زانای کۆمەڵناسی ومرۆڤناسی بەریتانی بەمجۆرە پێناسەی کۆمەڵگەی مەدەنی دەکات.
کۆمەڵگەی مەدەنی (کۆمەڵێک لەدامەزراوە ناحکومیە جۆراوجۆرەکان لەنێوان خۆیاندا وەکو پێویست بەھێزن، بۆ ھاوسەنگکردنی دەوڵەت وتوانای ڕێگە گرتنیان ھەبێ لەسەپاندنی ھێژموون بەسەر کۆمەڵگەو پەرتەوازەکردنی، بەڵام بەبێ ئەوەی ببێتەکۆسپێک لەبەردەم دەوڵەت لەبینینی ڕۆڵی خۆیان وەک پارێزەرێک لەپڕۆسەی ئاشتی و وەک ناوبژیوانێک لەنێوان بەرژەوەندیە سەرەکییەکان، واتە بوارێکی ژیانی کۆمەڵایەتی تاکە کەسەکان کەلەلایەن یاساوە پارێزگاریێان لێ دەکرێت، دیارە کۆمەڵێک پێناسەی جیاواز و ھەمەجۆر بۆ کۆمەڵگەی مەدەنی دەکرێت. ھەر یەکەو بەپێی بۆچوون و بەرژەوەندی تایبەتی خۆی پێناسەی کۆمەڵگەی مەدەنی دەکات، بەتایبەتی لە کوردستاندا. بەڵام بە کورتی دەتوانین بڵێین کە کۆمەڵگەی مەدەنی بریتییە لە:
ھەر چالاکییەک یان جووڵانەوەیەکی ناو کۆمەڵگا، بە شێوەیەکی خۆبەخشی و ئازاد و سەربەخۆییانە، ئەندامانی کۆدەبنەوە بۆ بە دیھێنانی ئامانجێک ، ئاواتێکی دیارکراو ، کە خزمەتی کۆمەڵێکی دیاریکراو، یان گروپێک ، تەنانەت زۆرینەی ھاوڵاتییانی کۆمەڵگە بکات . بۆ نموونە ئەو چالاکییانەی کەلە پێناو ( ئازادی تاکەکەسی ، دژایەتییکردنی جەنگ و بڵاوکردنەوەی ئاشتی، نەھێشتنی ھەژاری ، چەوساندنەوەی ژنان ، داکۆکیکردن لە مافی کەمەنەتەوەو بێگانەکانی وڵات) . یان دەکرێت لە پێناوی ئامانجێکی تەندروستیش بێت ،
بەڵام بەگشتی دەتوانم بڵێم کۆمەڵگەی مەدەنی زیاتر ئەو چالاکییانە دەگرێتەوە، کە خەڵکانێک یان گرووپێکی خۆبەخش ئەنجامی دەگەیەنن ، بۆ بەدیھێنانی ئامانجێک کەلایان پیرۆز یان گرینگە ، بەبێ ئەوەی بیر لە سوودی تایبەت یان بەرژوەندی شەخسی بکەنەوە.

دیارە چەمکی کۆمەڵگەی مەدەنی لەگەڵ ڕێنانساز و شۆرشێ پیشەشازیی لەئەوروپا سەریھەڵدا. کۆمەڵگەی مەدەنی ھاوشانی چەمکە فکرییەکانی ( تۆلێرانس و ئازادی و عەلمانییەت ) سەریھەڵدا . دیسانەوە ئەوروپا بە دایکی ئەم چەمکە گرینگ و مۆدێرنەی مرۆڤایەتیی دێتە ژماردن و کۆمەڵێک بیرمەند و فەیلەسووفی مەزنی ئەوروپی ، لەم بوارەدا کارییانکردووە ، کەھەوڵ دەدەین بەکورتی باسی ھەندێکیان بکەین.

مێژووی چەمکی کۆمەڵگەی مەدەنی /



دیارە ڕاستە چەمکی کۆمەڵگەی مەدەنی لەم چەند ساڵەی دواییدا گەیشتۆتە لای ئێمە ،لێ مێژووی ئەم چەمکە زۆر کۆنە . بەشێوەیەکی گشتی مێژووی ئەم چەمکە دەگەڕێتەوە بۆ سەدەی ھەڤدەھەم، بەتایبەتی لەپاش شۆرشی ئینگلیزی، لەو کاتانەدا بە خەستی جارێکی تر باسی دەوڵەت و کۆمەڵگا ھاتەوە ئاراوە. قسەکردن و گفتووگۆی چڕوپڕ لەبارەی کۆمەڵگەی مەدەنییەوە ھەتاوەکو سەدەی ھەژدە بەردەوام بوو .
نیرا چاندۆک دەڵێت :
"دیارە دەرکەوتنی ئەم چەمکە گرینگ بوو لە بوارەکانی پەیوەندیدار بە تاک ، پەیوەندی تاک بە دەوڵەت و کەسانی دی کۆمەڵگاوە. کۆمەڵگەی مەدەنی جیابوونەوەی ڕوونی ژیانی مەدەنیی و سیاسییە لە یەکدای ، جیاکارییەک لە ڕابوردوودا بە گشتیی نەناسراوبوو . یەکەمین نیشانەکانی ئەم چەمکە تازەیەش لە شکڵبەندییەکانی لۆک و ھۆبزدا دەرکەوت ، کەھەردووکیان تیورەسازیی سەرەتایی نوێگەریبوون.
کۆمەڵگەی مەدەنی لەڕوانگەی (تۆماس ھۆبز)بیرمەندی ئینگلیزی ولایەنگری پەیمانی کۆمەڵایەتی لەچەمکی دۆخی سروشتی ومافی سروشتیەوەبەرەوچەمکی کۆمەڵگەی مەدەنی ھەنگاودەنێت بەڕای ھۆبزدۆخی سروشتی واتەئەودۆخەی کەمرۆڤ پێش گرێدانی پەیمانی کۆمەڵایەتی ودامەزراندنی حکوومەت تێیداژیاوە،
کۆمەڵگەی مەدەنی لەڕوانگەی (فریدیک ھێگڵ ۱۷۷۰-۱٨۳۱)گۆڕانکارییەکی ھەرەگرنگ کەلەچەمکی نوێی کۆمەڵگەی مەدەنیدا ڕوویدا لەفەلسەفەی سیاسی ھێگڵدابوو ژمارەیەکی زۆرلەفەیلەسووفانی سیاسی ئەم سەردەمە ھێگڵ بەدامەزرێنەری سەرەکی بیری نوێ وھاوچەرخی کۆمەڵگەی مەدەنی دادەنێ،ھێگڵ لەپەرەگرافی ۱٨۲کتێبی بنەماکانی فەلسەفەی حەقدا دەڵێ ""تاکەکەسی عەینی خۆی بۆخۆی ئامانجێکی تایبەتە،بەسیفەتی ئەوەی کۆمەڵێک پێداویستیە وتێکەڵەلەزەرورەتی سروشتی وئیرادەی زۆردارانە،پرەنسیپی یەکەمی کۆمەڵگەی مەدەنییەلەکاتێکدا کەتاکەکەسی تایبەت لەناوخۆیدا پەیوەندی بەشتەتایبەتیەکانی ئەوانی دیکەی وەک خۆیەوەھەیە ئەگەرھەریەکەیشیان خودی خۆی بسەپێنێ وڕازی بکات لەھەمانکاتدا،ناچارە لەسەرشێوەیەکی گشتی بڕواتکەئەویش پرەنسیپێکی دیکەیە"".
بنەماکانی کۆمەڵگەی مەدەنی
کۆمەڵگەی مەدەنی لەسەر ئەم چەند بنەمایەی خوارەوە وێنا دەکرێ:
حزب و رێکخراوو بزاڤە سیاسیەکان
گروووپ و دەستە و سەنتەر و رێکخراوە کولتوریەکان، ئەدەبیەکان، ھونەریەکان، زانستیەکان، ئایینیەکان و .....
یەکێتیەکان، سەندیکاکان، ئەنجومەنەکان، دەستەکان، رێکخراوە پیشەیی و بازرگانیەکان.
ئەنجومەنەکانی سەربە گوندو شارو دامەزراوە کۆمەڵاتیەکان.....

بەم پێیە کۆمەڵگەی مەدەنی پێکھاتووە لە کۆمەڵێک گرووپگەلی ئازادو سەربەخۆ و خۆبەخشەوە، بە مەبەستی بەرەو پێشەوە بردنی بەرژەوەندی و ویست و خواست و ئامانجەکانی ئەو چین و توێژانەی ئەم گرووپ و کۆمەڵانە نوێنەرایەتیان دەکەن.
ئەم گرووپانە دەتوانن لە چوارچێوی دەستە و سەندیکا و رێکخراو، یەکێتی، کلۆب، تیپ، ئەنجومەن، رێکخراوە ناحکومیەکان و دامەزراە سەربەخۆکانی راگەیاندنی ئازاد( دەزگاکانی چاپ و بڵاوکردنەوە، رۆژنامە ئازادەکان، چاپەمەنیەکان و رادیۆو تەلەفزیۆنە سەربەخۆکان) کارو چالاکی بنوێنن و رۆڵێکی کارا لە بەرەو پێشەوە بردنی ژیانی سیاسی و کۆمەڵایەتی و ئابوری کۆمەڵگەوە بگێڕن و جێ دەستیان لە ئاراستەکردنی کۆمەڵگە لە پێناو پاراستنی بەرژەوەندیە گشتیەکاندا ھەبێ و ببن بە چاودێر بەسەر حوکومەت و دەسەڵاتدارانە



کۆمەڵگەی مەدەنی و بەشداری پێکردنی ھاوڵاتیان
چەمکی ھاوڵاتی بوون و کۆمەڵگەی مەدەنی دوو مەفھومی ھاوتەریب و تەواوکەری یەکترن. زۆربەی ڕۆشنبیران پێیان وایە کۆمەڵگەی مۆدێڕن ھەمان کۆمەڵگەی مەدەنیە. بەو پێیەی ھەردوو چەمکی ھاونیشتیمانی بوون و بەشداری مەدەنی تەواوکەری یەکترن و لەیەکتر جیا ناکرێنەوە. گەشە سەندنی ئەم دوو چەمکە لە فەزایەک یا سنوورێکی جوغرافی دیاریکراودا روو دەدات کە بە " شار" ناودێر کراوە.

یەکێک لە رەگەزو بکەرە ھەرە سەرەکیەکانی کۆمەڵگەی مەدەنی، ھاوڵاتیە.
بەشداری کارای ھاوڵاتی لە پرۆسەی بەرەوپێشەوە چوون و پێشکەوتن وگەشەی کۆمەڵگە، بە بەردی بناغەی کۆمەڵگەی مۆدێڕن و مافی بنەڕەتی دادەنرێ. ھاوڵاتی ھۆشیار لە کۆمەڵگەی مەدەنی ئەو ھاوڵاتیەیە بەردەوام لە کارلێکی دوو لایەنە و چالاکی دایە لەگەڵ دامەزراوەکانی تری کۆمەڵگە و دەتوانێ بە خوێندنەوەی قوڵ و تێگەیشتن و لێکدانەوەو ھەڵسەنگاندن و ئاگادار بوون لە رووداوەکانی ھەناوی کۆمەڵگە، بیروبۆچوونەکانی لە پێناوی دەست نیشان کردنی کوموکورتی و ناتەواویەکانی جڤاک، گەڵاڵە بکات و بۆ سەرخستنیان ھەوڵی بێوچان بدات لە پێناوی بەرژەوەندی و خێری گشتیدا.



پێویستە بەردەوام کار بکرێ بۆ ئەوەی ڕێکخراوەکانی کۆمەڵگەی مەدەنی ڕۆڵی بەرچاویان ھەبێ لە سەقامگیر کردنی نەریتە دیموکراسییەکان لە نێو کۆمەڵگای کوردستاندا، وبتوانن بە تەواوی ببنە ئەو ڕایەڵەی کە پەیوەندی ھاوڵاتی بە دەسەڵاتەوە ببەستێتەوە.

لە ئەنجامدانی ئەم خالەدا گرنگە ئەو ڕێکخراوانە بایەخێکی تەواو بە داواکاری توێژە پەراوێزخراوەکان بدەن وھۆکاری گەیاندنی داواکاری ئەوان بن، بۆ بەردەم دەسەڵات، و ئەو توێژانەش بەرو تێکۆشانی مەدەنیی ئاشتییانە ئاراستە بکەن. لە ھەمان کاتدا پێویستە بایەخ بە کاریگەرکردنی بەشداری ناوەندی ئافرەتان ولاوان لەمەسەلە گشیتییەکاندا، بدەن.



Top