ڕیسوایی کۆمەڵگە لەو چرکە ساتەوە دەست پێ دەکات کە مرۆڤەکان وەک مرۆڤ مامەڵە لەگەڵ یەکتردا ناکەن

ڕیسوایی کۆمەڵگە لەو چرکە ساتەوە دەست پێ دەکات کە مرۆڤەکان وەک مرۆڤ مامەڵە لەگەڵ یەکتردا ناکەن

ڕیسوایی کۆمەڵگە لەو کاتەوە دەبێتە کردارێکی گشتی کە جەماوەر بەگشتی لەژێر داب و نەریتە کۆنەکاندابن و ھێشتا دامەزراوەی حکومەت و یاساو دادگا جێگەی متمانەی مرۆڤەکانی کۆمەڵگە نەبن. ڕیسوایی کۆمەڵگە لەو کاتەوە دەست پێ دەکات، ھەلی کار و دەرفەتی کاری کچان و ژنانی کۆمەڵگە لە کەرتی تایبەت لەسەر بنەمای جوانی و ڕازی بوون بێت.

ڕیسوایی کۆمەڵگە لەو کاتەوە دەست پێ دەکات ھەلی کاری کچان و ژنان لەبری کارکردن لەسەر کارەکەی، لە کردنەوەی دەرگای شوقە و فریودان و ڕازی بوونەوە دەست پێ بکات، دواتر وێنەی سناب و خۆبادانی پۆزی کچان و ژنان لە سناپ و فیسبوک دانانی وێنە بێت لە بەردەم تەلاری شوقەکان.

ڕیسوای کۆمەڵگە لەو چرکە ساتەوە دەست پێ دەکات کچان و ژنانی دوکان و مارکێت و مۆڵەکانی ڕۆژی سەدان جار داوای پەیوەندی و خۆشەویستیان لێ بکرێت. ڕیسوایی کۆمەڵگە لەو چرکەساتەوە دەست پێ دەکات کچ و ژنە ڕۆشنبیرەکانی کۆمەڵگە لەپێشەوەی قافڵەی ڕازی بوونی دڵی پیاوانی پارەدارو بەرپرسانەوە بن.

ڕیسوایی کۆمەڵگە لەو چرکەساتەوە دەست پێ دەکات مامۆستاکان ببنە سواڵکەر دوای زیاتر لە ٢٢ساڵ خوێندن و چەندان ساڵ خزمەت، کەچی کچە مۆدێلەکان لە کەمتر لە شەش مانگ ببنە ملیۆنەر. ڕیسوایی کۆمەڵگە لەوە دەست پێ دەکات بۆ لێوی فیلەرکراو لوتی تەجمیل کراوی کچە مۆدێلەکان ھەزاران و ملیۆنان لایک و کۆمێنت دەکرێت، بۆ توێژینەوەیەکی زاستی لە دەیان و سەدان لایک تێ پەڕ ناکات.

ڕیسوایی کۆمەڵگە لەو چرکەساتەوە دەست پێ دەکات، کە ژنان ھەڕەشە بن بۆ سەر کچان و ژنانی تر، لەکاتی کارکردن بۆ ملکەچ بوون و ڕازی بوون، لەوەش ڕیسواتر کەسانێک ئەم کارە بکەن پەروەردەی ڕێکخراوەکانی ژنان بن. ڕیسوایی کۆمەڵگە دەبێتە پرسێکی گشتی تەنھا سێکس ببیێتە سەرچاوەی دیاری کردنی چارەنووسی کاری کچ و ژنان لەکۆمەڵگەدا.

ڕیسوایی کۆمەڵگە بەم شێوازە لەبەردەوامی دایە، تەنھا کاتێک چارەسەر دەبێت کە بە یاسا شکۆو کەرامەتی مرۆڤەکانی کۆمەڵگە پارێزگاری لێ کرا، کاتێکیش پەروەردە گەیشتە ئاستێک نێرو مێ لە کۆمەڵگەدا بەشێوازێک ئاڕاستە بکات کە وەک مرۆڤ لەتەنیشت یەکترەوە مامەڵە بکەن.

بۆیە ھەرچەندە سەختەو قورسە، بەڵام فاکتە و دەبێت شیکارەی بکەین، دۆخی ڕیسوایی کۆمەڵگەی کوردی لە ھەندێک شوێن و ناوچە شوێنگەیەک نییە بۆ متمانەی کارکردنی کچان و ژنان لە کۆمەڵگەی کوردی.
دەبێت ئەم دۆخە ڕیسواییە چارەسەر بکرێت، ئەستەمە لەمێژوو ھیچ گەل و وڵاتێک لە سەدەی بیست و یەکدا بێت دۆخی ڕیسوایی کۆمەڵگەی بەو شێوازە بێت کە لە کۆمەڵگەی کوردیدا لەلایەن ھەندێک لە کەسانی نەفس نزم پیادە دەکرێت و بوونی ھەیە.
Top