ئاراستەی چاکسازی، ئاراستەی ئاڵنگاری!

ئاراستەی چاکسازی، ئاراستەی ئاڵنگاری!

دوای خستنە واری جێبەجێ کردنی یاسای چاکسازی ژمارە ٢ی ساڵی ٢٠٢٠ لە لایەن سەرۆکی بەرەی چاکسازی کاک مەسرور بارزانی کە ھاوکات سەرۆکی ئەنجومەنی وەزیران-ی ھەرێمی کوردستانە، دوو ئاڕاستە چاکسازیان کردووە بە ئامانج، ئاراستەیەک بریتیە لە پاڵپشتی کردن لە خواستی گەلی کوردستان کە ماوەی چەند ساڵێکە بە ئاواتەوە چاوەروانی جێبەجێکردنی یاسای چاکسازین و ئومێدی بەدیھێنانی شەفافیەت لە داودەزگاکانی حکومەتی ھەرێمی کوردستان دەخوازن،
ئاراستەکەی تر بریتی یە لەو کەس و لایەن و خەلکەی، کە بە پلەی یەکەم دەست و پەنجەیان دیارە لە سەرپێچی و خروقاتی رابردوو و ھەموو کارێک ئەنجام دەدەن تەنیا بۆ مەبەستی ئەوەی کۆسپ بۆ جێبەجێکردنی ئەو یاسایەی کە ئاییندەی کوردستان و خواستی خەلکی پێوە بەندە دروست بکەن، کە لە راستیدا گشت چین و توێژەکانی کۆمەڵگا چەندەھا ساڵە چاوەروانی وەھا یاسایەکن.ئەمەش لە کاتێکدایە کە لە رابردوو دا بانگەشە و پەیڕەو و پرۆگرامی ھەر یەکێک لەو لایەنانەی کە لەم ئاراستەیەدا یەکیان گرتووە چاکسازی بوو، بەڵام ئێستا دژی جێبەجێکردنی یاسای چاکسازی-ین. چونکە بەرژەوەندی تەسکی حزبایەتی ھەر یەکێکیان بەندە بە جێبەجێکردنی ئەم یاسایە و ئەو جەماوەرەی ئیستا بە مووچەی نایاسایی پاڵشپتیان دەکەن، لە کاتێکدا کە یاسای چاکسازی جێبەجێ کرا لە رووی جەماوەریەوە ئەو لایەنانە لاوازیان پێیەوە دیار دەبێت و کاریگەری لەسەر ئاییندەی سیاسیان دەبێت، کە ئەمەش پێچەوانەی گشت رێساکانی پەیوەست بە بەرژەوەندی گشتیە، کە بۆ مەبەستێکی تەسکی حزبایەتی دژی یاسایەک بیت کە رەھەندی نیشتمانی ھەیە.
ئاراستەی یەکەم کە بە ئاراستەی خواستی خەلک ناسراوە و جێگای ئۆمێدی خەلکی کوردستانە بە ھەموو چین و توێژەکانی کۆمەڵگایەوە، بریاری جێبەجێکردنی چاکسازی داوە و ھەنگاو بە ھەنگاو ئەو یاسایەی کە چەندەھا ساڵە لەو ئاواتەی کەخەلکی غەدرلێکراوی کوردستان خۆزگەی بۆ جێبەجێکردنی دەخوازێت نزیکمان دەکاتەوە، ئاراستەی چاکسازی سەرەرای ئەو ئالنگاری و کۆسپ تەگەرانەی کە بە ئەنقەست لە ھەمبەر جێبەجێکردنی دا دروست دەکرێن، بەڵام رۆژ بە رۆژ لەم بوارەدا دەستکەوتی زیاتر بەدەست دەھێندرێت و بەرەو چاکسازی ریشەیی لە داودەزگاکانی ھەرێمی کوردستان ھەنگاو دەنێین. بە حوکمی ئەوەی خالی جەوھەری کارنامەی کابینەی نۆیەمی حکومەتی ھەرێمی کوردستان بەدیھێنانی شەفافیەت و چاکسازییە لە گشت سێکتەرەکان، بۆیەش خالی سەرکەوتنی ئەم کابینەیە بەندە بە ھێنانەکایەوەی چاکسازی و شەفافیەت کە جێگای رەزامەندی خەلکی کوردستان بێت، خۆشبەختانە لەماوەی دەستبەکاربوونی کابینەی نۆیەم گۆرانکاری بنچینەی کراون لە زۆر سێکتەر و خەلکی کوردستانیش ھەست بەو گۆرانکاریانە دەکات و لە ئەدای حوکمرانی رازیە و تا راددەی پێویست جێگای رەزامەندی خەلکی کوردستانە. وە ھەروەھا بە گەرانەوە بۆ کارنامەی کابینەی نۆیەمی حکومەتی ھەرێمی کوردستان ئەوەمان بۆ رۆندەبێتەوە کە چاکسازی تەنیا لەوە کۆنابێتەوە کە تەنیا بەوەی چاکسازی بکرێت لە مووچە و دەرماڵەکان بەڵکو ئەمە وەکو یەکەم قۆناغ دیاری کراوە و قۆناغەکانی داھاتوو، چاکسازی گشت سێکتەرەکانی کەرتی گشتی لە حکومەتی ھەرێمی کوردستان دەگرێتەوە.
ئەوانەی بە جۆرێک لە جۆرەکان سوودمەندن لەو بێ سیستەمی و یاسایی و نادادپەروەریەی کە ئێستا ھەیە خۆیان لە ئاراستەی دووەم کە بە ئاراستەی ئالنگاری ناسراون، دەبێنەوە، لە راستیدا ئاراستەی ئالنگاری لە گشت ئەو کەس و لایەنانە پێکدێت کە لە سۆشیال میدیا و کۆرۆ کۆبوونەوەکان و شاشەی تیڤی و رادیۆکان ئاخاوتنی یەکەم و کۆتایان چاکسازییە، رۆژ نیە بابەتێکی موزایەدە ئاسایان نەبێت لەسەر چاکسازی، رۆژانە و ھەفتانە بە جۆرێک دەینووسن کەوا رای خەلک و خواستی نیشتمانیان بە لارێ دا ببەن، وەک ئەوەی کە چاکسازی تەنیا ئەوەیە کە دەرماڵەی فەرمانبەران دەبردێت و نە ھیچی تر! لە راستیشدا ئەم جۆرە کەسانە لە رابردوو و ئێستاشدا بە سیاسەتێکی بەرنامە بۆ دارێژراو ھەموو کات سواری شەپۆلی خواستی خەلک دەبن و بە مەبەستی ئەوەی بە لارێیدا ببەن و خۆیان و بەرنامەی کاریان دەکەن بە ئالنگاری ھەرە مەزن لە پێش مەبەستێکی وەکو جێبەجێکردنی یاسای چاکسازی کەوا مەبەستیانە جێبەجێ نەکرێت، وە ھەزاران پرۆژە و بەرنامەی تر کە لە رابردوو و ئیستادا رەھەندی نیشتمانیان ھەبوە و ھەیە ئەم جۆرە کەسانە ھەوڵی جێبەجێ نەکردنیان داوە. خەلکی کوردستان دەبێ زۆر لەمە بە ئاگا بێت و جیاوازیەک بکات لە نێوان شێوازی ژیانی خۆیان و ئەم جۆرە کەسانە، خەلک بێزارە لە نادادپەروەری، ئەی بۆ ئەوانەی سواری شەپۆلی نارەزایەتیەکان دەبن شێواز و شوێنی ژیانیان جیاوازە لە خەلک؟ ئەندام پارلەمانەک کە ژیانی پرە لە جیاوازی، چ لە رووی کوالێتتی ژیان بێت، یاخود داھات و شوێنی حەوانەوە، یانیش لە ئاستی ھەبوونی سەرمایە، بە بەراورد لەگەل ئەو خەلکەی کە داوای مافی خۆیان دەکەن ھەیە، کە لە بنەرەتدا خواستیان چاکسازییە. ئەم جۆرە کەسانەی کە ئاماژەم پێدا وەک نموونەیەک کار بۆ ئەمە دەکەن کە و ئامانج و مەبەستی یاسای چاکسازی بەلارێدا ببەن! خەلکی کوردستان با باش بیزانێت ئەو مووچە شایستەی کە بڕەکەی ٤٠٠ ھەزارە یاخود کەمێک زیاترە یەک فلسی لێ نابردرێت ، لە بەرانبەر دا ئەوەی دەبردرێت، بریتییە لەم ھەشت ملیۆنەی کە وەرگری ئەو پارلمانتارەیە، کە ھەولی ئەوە دەدات لەسەر خواستی جەماوەر، یاسای چاکسازی بەلارێدا ببات، کەواتە ئەو شینەی ئەم جۆرە پارلەمانتارانەی کە ئاماژەم پێداون دەیکەن بۆ مووچەی خۆیانە نە بۆ قوتی خەلکی چاکسازی ویستی کوردستان. باشترین بەڵگەش ئەوەیە خەلک با جیاوازی ژیانی ئەوان لەسەر بنچینەی پێش و پاش بوون بە پارلەمانتار بکەن، ئینجا بۆیان رۆن دەبێتەوە کە کێ یە لە پرێک دەبێت بە کەسێک!
لە ماوەی رۆژانی داھاتوو چاکسازی دەچێتە واری جێبەجێ کردنەوە و وەک یەکەم ھەنگاویش مووچەی پلە باڵاکان کەم کراوەتەوە و لە ھەنگاوەکانی داھاتووش دەرماڵە و مووچەی ئەو کەسانە رێکدەخرێتەوە کە بە نایاسایی چەندەھا ساڵە سوودمەندن لە سامانی گشتی و دادپەروەری کۆمەڵایەتی دەھێنرێتە کایەوە، بە سەرکردایەتی رێبەری ئاراستەی چاکسازی کاک مەسرور بارزانی، سەرەرای ئەوەی ئاراستەی ئالنگاری ھەر چی لە توانای دابێت دەیکات، تەنیا بە مەبەستی ئەوەی گەل و خەلکی کوردستان نەگەن بە مەقسەد.
Top