بەرپرسیارێتی و ئیمتیازات

بەرپرسیارێتی و ئیمتیازات

لەوەتەی حکومەتی ھەرێم پێکھاتووە، ھەر لە ساڵی ١٩٩٢ وەوە تا ئێستا ھیچ کابینەیەک یەک حیزب بەتەنیا حکومەتی پێکنەھێناوەو بەڕێوەی نەبردووە، تەنانەت ئەو ماوەیەی کە بە قۆناخی شەڕی ناوەخۆشدا رەت بووە، حکومەتی یەک حزبی نەبووە، بەڵکو بە رێگای سندوقی دەنگدان بووە، کە چەندین حیزب بەشدارییان تێدا کردووە. بەتایبەتیش لە دوای ساڵی ٢٠٠٥ پارتی و یەکێتی پێکەوە حکومەتیان پێکھێناوەو لە ھەندێ وێستگەدا حیزبەکانی تریش بەشدارییان تێدا کردووە. کەواتە راستە پارتی دامەزرێنەرو دروستکاری حکومەتی ھەرێمەو ھەمیشە لە ھەر کابینەیەکدا کۆڵەگەیەکی گرنگی حکومەتی ھەرێم بووە، ئەویش بەھۆی ئەوەی لە ھەڵبژاردنەکاندا دەنگی زۆرینەی ھێناوە.
لێرەوە پرسیارە جدییەکە کە سەرھەڵدەدا ئەوەیە، لە سەرتاسەری جیھاندا حیزبێک کە دەنگی زۆرینەی ھێنابێ ، ئایا بە تەنیا ھەڵگری بەرپرسیارەتییەکان بووە ؟ یان ھەموو حیزبەکانی بەشداربووی حکومەت بەرپرسیارێتییان ھەڵگرتووە، بەڵام ھەر حیزبەو بەپێی دەنگی کورسییەکانی ؟
بۆیە ئەم پرسیارەم کرد، ھەموو جارێک دوای ھەڵبژاردنەکان، زۆرترین و درێژخایەنترین گفتوگۆ بۆ بەشداریپێکردن لە کابینەی نوێ دروستبووە، حیزبەکان ئامادەیی دەنوێنن،تا لەگەڵ پارتی بە ھەماھەنگی کابینەی نوێ رابگەیەنن، ھەمیشە چاویشیان لەسەر ئیمتیازاتەو ،ھەوڵدەدەن لە پارتی زیاتر ئیمتیازاتیان بەربکەوێ، کەچی کێشەی سەرەکی ئەوەیە کاتێک حکومەت دەکەوێتە ناو قەیرانێکەوە،ھەموو حیزبەکانی بەشداربووی ناو حکومەت، وا خۆیان نیشاندەدەن، کە ئەوان رۆڵیان نەبووە لەو قەیرانە، بەڵکو ھەموو خەتای پارتی دیموکراتی کوردستانە!.بەڵام ھەمیشە پارتی ئەوە رەفتارو ئاکارو گوفتاری بووە، کە لە ھەر قەیرانێکدا خۆی بە بەرپرسی دۆخەکە زانیوەو ھەوڵیداوە، زوو بە زوویی چارەسەری بنەڕەتی قەیرانەکان بکات. لەکاتێکدا پارتی دیموکراتی کوردستان بە تەنیا خاوەنی حکومەتی ھەرێم نەبووەو نییە، ئەوەتا ئێستاش لەگەڵ یەکێتی نیشتمانی و بزووتنەوەی گۆڕان ئەم کابینەیەی نۆی حکومەتی ھەرێمیان پێکھێناوە، بەڵام زۆر روونە یەکێتی و گۆڕان، نەک خۆیان ناخەنە بەر بەرپرسیارێتییەکە، بەڵکو ھیچ کەمتەرخەمیان نەکردووە، لەوەی رووبەڕووی حکومەت قسە بکەن، وەک ئەوەی بڵێی ئەوان جۆرێکن لە ئۆپۆزیسیۆن، چونکە نەفەسی گوتارەکانیان رێک لە ئۆپۆزیسیۆن دەچێت نەک بەشداربوویەکی ناو حکومەت. بەڵام ھەر ئیمتیازاتێک ھەبووبێ بۆ یەک حیزب نەبووەو حیزبەکانی بەشداربووی ناو حکومەتیش پشکی خۆیان بە زیادەوە بردووە. کەواتە مافی خۆمانە بپرسین، ئەی بۆچی لە کاتی قەیرانەکاندا، پارتی بە تەنیایەو حیزبەکانی تر ھاوکار نین و وا نیشاندەدەن کە ئەوان بەشدار نین لەو قەیرانانە؟
لە راستیدا لە ھیچ کوێیەکی دنیادا شتی لەمجۆرە نەبووە، لەناو حکومەت بیت تەنیا بۆ پۆست و پلەو ئیمتیازارت، بەڵام بەرپرسیاری ھەڵنەگری .
حکومەتی ھەرێم لە پاپۆڕێک دەچێت کە ھەموو خەڵکێکی تێدایە، واتا چارەنووسی ھەموومان یەکە، بۆیە پێویستە ھەموومان دەست لەناو دەست بین بۆ کەمکردنەوەی قەیرانەکان و کارکردن لەپێناوی بەختەوەری ھەموو خەڵک. کەواتە پێویستە ھەموو لایەک واز بێنن لەو ئیزدیواجیەت و پاشقوولگرتنە، با ھەموومان لە خەمی کوردستان و خەڵکەکەیدا بین، بەتایبەت لەم نزیکانە حکومەتی ھەرێم بەرنامەی چاکسازی جێبەجێدەکات، کە ھەنگاوێکی گەورەیە و جۆرێک لە عەدالەتیشی تێدا بەرقەرار دەبێت.
Top