کابینەی نۆیەم .. سەرکەوتن لە بەڕێوەبردنی قەیران و دیبلۆماسیەتی کارکردن

کابینەی نۆیەم ..  سەرکەوتن لە بەڕێوەبردنی قەیران و دیبلۆماسیەتی کارکردن

رێزدار مەسرور بارزانی پێشمەرگەو سەرۆکی حکومەتی ھەرێمی کوردستان لەبارودۆخێکی سەخت و قۆناغێکی ھەستیاردا نزیکەی پێش ساڵێک لەمەوبەر ئەرکی سەرۆکی حکومەتی ھەرێمی کوردستانی وەرگرت، قۆناغێکی پڕ لە قەیرانی دارایی و قەرزاری و سەپاندنی سیستەمی پاشەکەوت و خراپی دۆخی دارایی خەڵک و شەڕی داعش و بڕینی بودجەو ململانێی حزبی و قین و رقی گروپەکانی ناو حزبەکان ، وەرگرتنی ئەم پۆستە لەم واقیعە تاڵەی گەلەکەماندا تەنیا بەکەسێک دەکرا کە خاوەنی شارەزایی و ئەزموونێکی دەوڵەمەند بێت بۆ ئەوەی گەلەکەی لەناو ئەم ھەموو موزایەدەو قەیران و کێشانەدا بەرەو کەناری ئارامی ببات، کاتێک دروشمی کوردستانێکی بەھێزی بەرز کردەوە زادەی ئەو واقیعە تاڵەی ئابووری و سیاسی و کۆمەڵایەتی کوردستان بوو، ئەو لەکاتێکدا کابینەی حکومەتی ھەرێمی راگەیاند کە کوردستان لەرووی ئابوورییەوە قەرزار بوو سێکتەرە ئابوورییەکانی ئیفلیج بووبوون و خەڵکی لەبارودۆخێکی باشدا نەبوون و پەیوەندییەکانمان لەگەڵ بەغدا لەئاستێکی باش دا نەبوو، ئەمە وێڕای بوونی ململانێی حزبی و سیاسی کەواقیعێکی وای خوڵقاندبوو ناسەقامگیریی سیاسی لێکەوتبووەوە.
لەم بارودۆخە سەخت و ناھەموارەدا رێزدار مەسرور بارزانی وەکو سەرکردەو کەسایەتیەکی لێھاتوو لەماوەیەکی کەمدا ھەیبەتی بۆ حکومەت و دامەزراوەکانی گەڕاندەوەو لەقۆناغی یەکەمدا حکومەتی خستە خزمەتی ھاوڵاتیان و دواتر گەندەڵی راگرت و بێسەروبەریی ھەندێک لەگەورە کۆمپانیاکانی راوەستاند، بەڵام ھەموو ئەمانەش ھەر وائاسان نەبوو لەم ماوە کەمەی حوکمڕانیدا سەرۆکی حکومەت و کابینەکەی رووبەرووی کۆمەڵێک تەحەددای گەورە بوونەوە لەوانە:
١- کۆڕۆنا و لێکەوتە و مەترسیەکانی لەسەر ئابووری ( جیھان و ناوچەکە و عێراق و کوردستان).
٢- داڕمانی گەورەی بەھای نەوتی خاو.
٣- قەیرانی دارایی و بڕینی پشکی ھەرێمی کوردستان لەبودجەی عێراق ، ئەو بڕە پارەیەی کە لەبەغداوە بۆ موچە ھاتووە بڕکەی ئەوەندە کەم بوو بەشی بەشێکی موچەی فەرمانبەرانی ھەرێمی دەکردوو تەنانەت لەکاتی خۆیدا نەدەنێردرا و زۆربەی مانگەکانیش ھەر لەبەغداوە پشکی ھەرێمی کوردستان لەمووچە نەدەنێردرا.
٤- حەسادەتی سیاسی ھەندێک لەحزبەکان و نانەوەی پشێویی و ناسەقامگیری سیاسی .

بەشێوەیەکی گشتی بەھەموو ئەم تەحەدداو قەیران و ئاستەنگانە جۆرێک لەنائومێدی دروست کرد، بەڵام بووێرانەو سەرکەوتووانە لەم قەیرانە جیھانیەی پەتای کۆرۆنادا کە گەورە وڵاتانی پیشەسازیی لەئاستیدا داماون سەرۆکی حکومەتی ھەرێمی کوردستان توانی گەلەکەی لەپەتای کۆرۆنا بپارێزێت، خۆ ئەگەر ھەندێک لە حزبە سیاسییەکان و ژمارەیەک لەو سیاسەتمەدارو کەسە پۆپۆلیستیانەی ناو کوردستان نەبوونایە کە ترسیان لە پرۆسە چاکسازیی ھەبوو ، ھاوکات بەشێکی دیکەیان جۆرێک لە ئیرەیی سیاسییان بەسەرۆکی حکومەت و تیمەکەی دەبرد و خەڵکیان ھان دەداو پروپاگەندەی ژەھراویان دەرژاند بەوەی کۆرۆنا لەکوردستان نییە، ھەمووی لەپێناو ئەوەی خەڵکی لەخشتەبەرن بەوەی : ( ئەوە سەرۆکی حکومەت نییە گەلەکەی پاراستووە لەکۆرۆنا بەڵکو کۆرۆنا وجودی نییە ) ئەوەتا ئێستا ھەرێمی کوردستان و خەڵکەکەی تووشی چی بەڵاو پەتایەکیان کرد تەنیا لەپێناو گەرمکردنی بازاڕی سیاسەت و کۆکردنەوەی خەڵکی لەدەوری خۆیان . ھەرچۆنێک بێت ئێستاش تەنیا خەمخۆری سەرەکی پاراستنی ھاونیشتمانیان رێزدار مەسرور بارزانی سەرۆکی حکومەتی ھەرێمی کوردستانە ئەوەتا لەماوەیەکی کەمدا بەدەیان نەخۆشخانەو پێداویستی گرانبەھای کۆرۆنا دابین کراوەو بەھەزارەھا پشکنینی کۆرۆنا دەکرێت، من بەحوکمی ئەوەی ئەندامی بۆردی خۆراکم ئەو بۆردەی رێزدار مەسرور بارزانی سەرۆکی حکومەت لەپێناو پاراستنی گەلەکەی لەئەگەری کەوتنەوەی قەیرانی خۆراک و گەمەکردن بەبەھاکەی دایمەزراندوو سەرپەرشتی کرد لەنزیکەوە دەبینم چی کارێکی گەورە بۆ راگرتنی باڵانسی خواست و خستنەڕووی کاڵاو خۆراک و پێداویستی یە سەرەکییەکانی ژیانی ھاوڵاتیانە و رۆژانە زانیاریی و داتای وورد لەسەر بەھای خۆراک و پێداویستیەکانی بازار کۆدەکرێتەوەو کارو ئیجرائاتی خێراو راستەوخۆ دەگیرێتەبەر .. رێزدار مەسرور بارزانی پێشتر کە لەشەڕی بەرگریکردن لە ژیان و کەرامەتی گەلەکەی دژ بە تیرۆرستانی داعش رۆڵی بەتواناو لێھاتووی ھەبوو ئێستاش لێھاتوو ترین کاریزمایەتی ئەم سەرکردەیە لەوەدایە زۆر بە باشی بەڕێوەبردنی قەیران دەکات ، چی سەرکردەیەک لەجیھاندا دەتوانێت لەیەک کاتدا رووبەرووی کۆمەڵێک قەیران و تەحەددای وا گەورە ببێتەوەو حکومەت و ئەزموونەکەی بەپاڵپشتی دڵسۆزانی گەلەکەی لەسەر پێی خۆی رابگرێت، ئەو رۆڵی جوامێرانەو گەورەی لەسەرپەرشتیکردنی تیمی بەڕێوەبردنی قەیران ھەیە ، سەرۆکی حکومەت و تیمەکەی بەپێچەوانەی ھەندێ کەس و لایەنەوە لەبەردەم بەرپرسیارێتی و رووبەرووبوونەوەی قەیران ھەڵنەھات بەڵکو لەناو جەرگەی قەیراندا پرۆسەی چاکسازیی جێبەجێ دەکات ، ھەر خۆی لەخۆیدا حکومەتێک چاکسازیی لەکرداریدا ھەبێت واتا حکومەتێکی بەھێزە ، من لێرەدا تەنیا باسی لایەنی ئابووری دەکەم کە گەورەترین تەحەددای حکومەت و حوکمڕانەکانی ئەم سەردەمەی کۆرۆنا لێکەوتەکانی ئەم پەتا جیھانی یەیە ، راستە زۆر کێشە لەدەرەوەی توانا و دەسەڵاتی حکومەتە وەکو تەوافوقە سیاسییەکانی حزبە کوردستانیەکان یاخود چارەسەرنەکردنی کێشەکانی بودجەو موچە لەگەڵ عێراقدا بەڵام لەمەشدا ھەنگاوی بووێر و نیشاندانی نیازپاکی بۆ لایەنی بەرامبەر لەگرنگترین خەسڵەتەکانی کابینەی نۆیەمی حکومەتی ھەرێمی کوردستانە ھەروەکو چۆن لەدەستپێکی دامەزراندنی کابینەکەدا وەکو نیەت پاکی بەرامبەر سەرکردەکانی عێراق سەردانی بەغدای کردوو رەوشەکەی ئاسایی کردەوەو ئێستاکەش ھەموو ئامادەییەکی تێدایە بۆ دەستپێکردنی دانوستانەکان و چارەسەرکردنی کێشەکان و ئومێدی گەورە لە ئاسایبوونەوەی دۆخی نێوان ھەرێم و بەغدا دروستبووە، سەرۆکی حکومەت لەناوخۆشدا خزمەتێکی زۆری خەڵکی دەکات بەوەی گەندەڵی راگرت و رووبەرووی گەندەڵکارانیش بووەتەوە، لەمەشدا خەڵکی سوودمەندی سەرەکین بەڵام گروپەکانی فشارو گەندەڵکاران بەردەوامن لە زیانگەیاندن بەتێکدانی متمانەی نێوان حکومەت و خەڵکی.. ئەمڕۆ خەڵکی بەرچاوی روونە کە کێ بە راستگۆیی و راستەوخۆ خەمخۆری موچە و دابینکردنی بژێوی ژیان و پاراستنی سەقامگیری و ئارامی سەرو ماڵیانە، کێ لە قەیرانەکاندا راستگۆییانە لەگەڵ میللەتەکەی خۆی قسە دەکات ، ھەربۆیە سەرەڕای ئەو ھەموو فشارە دەرەکی و ناوخۆییە تا ئێستا نەتوانراوە زیان بەو متمانەیەی نێوان حکومەت و خەڵکی بگەیەنرێت . لەناو ئەم ھەموو تەحەدداو قەیرانە گەورانەی سەردەمی کۆرۆنادا سەرۆک وەزیران لە بەڕێوەبردنی قەیران و کەمکردنەوەی شوێنەوارەکانی و دیبلۆماسیەتی کارکردن لەگەڵ بەغدا و حزبە کوردستانیەکان و دەستپێکردنی پرۆسەی چاکسازیی ھەنگاوی گەورەی ناوە ئەمەش ھەمووی بەپاڵپشتی گەلەکەیی و خەڵکی و پێشمەرگە بووە.








بریکاری وەزارەتی بازرگانی و پیشەسازیی
Top