کۆمەڵگەیەکی دابڕاو

کۆمەڵگەیەکی دابڕاو

(سێوێکی گەنیو وادەکات سێوەکانی تریش بگەنن) پەندێکی فەرەنسی
ئاماژەکانی پەیوەندییە کۆمەڵایەتی و گشتییەکان ئەوەمان پێدەڵێت کە خەڵکی ھەرێمی کوردستان تووشی دابڕانێکی سایکۆلۆژی بەرچاو بوون.

ئەم دابڕانە دابڕانێکی بێدەنگ نییە، بەڵکو دابڕانێکی دەم بەھاوارەو سەرجەم کایەکان و زۆربەی خەڵکی گرتۆتەوە، لە خولانەوە دەچێت بە دەوری بازنەیەکدا کە دواجار دەگەیتەوە خاڵی دەستپێک، ئاراستەکانمان ئاراستەی بازنەیین لە بری ئەوەی ئاراستەیەکی راستبێت بۆ گەیشتن بە ئەوسەری ئامانجەکە.

لەم ژینگە سەرلێشێواوەدا ھیچ کەس و لایەن و چین و توێژێک سەلامەت نین، ھەموویان بەرکەوتەی ئەو تەوژمە ناتەندروستەین کە ھەر جارەو بە یەکێکماندا دەتەقێتەوەو تەنھا کات ریزبەندی سوکایەتیپێکردنەکان جیادەکاتەوە.

کەسایەتی سیاسی و ئاینی و کۆمەڵایەتی و پزیشکی و سەرمایەداران و میدیاکاران و ھونەرمەندان و وەرزشوانان و خاوەن کاران و خاوەن پێگەکان و تەنانەت کاسبکارانیش بەدەرنین لەم ئاراستە شکێنەرەی کۆمەڵگە، تەنانەت شارەکانی کوردستانیش جیاکراونەتەوە لەیەک بە ھۆی ئەم پەرژین بەزاندنەوە.

ژینگەیەک دروست کراوە کەس کەسی قبوڵ نییە، ئیرەیی بردن بە ژیان و گوزەرانی خەڵک بووە بە ئازادی، بە ھەژار نیشاندانی خود و خەڵک بووە بە شانازی، لێدان لە شکۆی تاک و کۆمەڵ بووە بە ئەرک، پێکەنین و گاڵتەکردنیش بە ھەموو شتێک بووە بە ئامانج و ستراتیژ!

ئەم ژینگەیە بێ بڕوایی دروست کردووە، بێ بڕوایی لە ھەموو شتێک و لە ھەموو کەسێک، بە ئاستێکە کە راستییەکان بە پێوەری کەسی دەپێورێت، بەو مانایەی ئەوەی بۆ من بوو راستە و ئەوەی بۆ خەڵک بوو درۆیە.

ئەم تێگەیشتنە شتێکی نەھێشتۆتەوە بە ناوی بەرژەوەندی گشتی یان بەرژەوەندی کۆی کۆمەڵایەتی، ھەموو بیرکردنەوەکان بوون بە بیرکردنەوەی تاکەکەسی چاوچنۆکانە بۆ بەرژەوەندی کەسی.

پرەنسیپی خۆشەویستی قەتیس بووە لە ناو خێزاندا و لە دەرەوەی ئەو چوارچێوەیە ھەموو کەس و لایەنێک جێگای گوومانە و ھیچ مایەی بایەخ نییە.

لە کۆمەڵگەیەکی لەم شێوەیەی ئێمەدا سەرجەم توانا و بەھرە راستەقینەکان دەکەونە ژێر دەست و پێی ئەو تەوژمەی کە ھیچی لا گرنگ نییە و ھیچی قبوڵ نییە گەر بۆ خۆی نەبێت، کەواتە لاسەنگی دروست دەبێت لە نێوان باش و خراپداو ھەڵسەنگاندنەکان بە مەزاج و حەز دەکرێت، لە کەشێکی بێ متمانەی وەھاشدا ھەموو کەس و لایەنەکان لە خەمی مانەوەی خۆیاندان و ناپەرژێنە سەر ھەڵسەنگاندنێک بە ئاراستەی پێویستیدا بۆ خاوەن توانا و بەھرەکان.

واتە ئێمە لەسەر ئاستی تاک چەمکی لێبوردەیی و لێبوردنی ھاوبەشمان تیادا کاڵ بۆتەوە، بۆیە شیرازەی کۆمەڵایەتیمان لاواز بووەو لە مافدا لە رووی کۆمەڵایەتییەوە یەکسان نین لە کۆمەڵگەدا، ھەر دەربڕینێکیش کە لە میدیاو سۆشیالمیدیادا دەبینرێت دەرھاویشتەی خودی ئەو کۆمەڵگەیەیە کە تیایدا دەژین.

بە گشتی ئەم دۆخە رێگری دەکات لە ھەر پێشکەوتنێک و ھەر سەرکەوتنێک، لە بری ئەوەی ھەوڵ بدرێت شانت بگەیەنیت بە شانی کەسێک یان لایەنێک یان شارێکی سەرکەوتوو، ئێمە دێین لە شان و شەوکەتی کەم دەکەینەوەو بێ بایەخ نیشانی دەدەین و سەدان توانج و تۆمەتییان بۆ دروست دەکەین، لە کاتێکدا ھیچ لە دۆخی چەقبەستووی خۆمان ناگۆڕێت و ھیچمان لێ بەرھەم نەھێناوە.
راستی ئەوەیە کە ھەوڵ بدەین لە باش باشتربین، کە ئێمە ئەو راستییەمان نییە ... بەڵکو دەمانەوێت باشەکەکانیشمان خراپ بکەین، بۆ ئەوەی ھاوسەنگی خراپی خۆمانییان بکەینەوە...!
• مامۆستای زانکۆ
Top