لامەرکەزییەتی سلێمانی و یۆتۆبیای دوو ئیدارەیی و ئالنگارییەکانی
June 11, 2020
وتار و بیروڕا
لامەرکەزییەت، ئامرازی رێکخستنەوەی پەیوەندییەکانی کۆمەڵگەو حکوومەتە، بە پیادەکردنی سیستەمی لامەرکەزی، بەرپرسیارییەتی کۆمەڵگە زیاتردەبێ و ئەرکی سەرشانی حکوومەت سووکتردەبێ. کەواتا چەمکی لامەرکەزیەت، گواستنەوەی دەسەڵات و بەرپرسیارییەتیە، بۆئەوەی کەرتی گشتی، لەڕێگەی دابەشکردنی دەسەڵاتەکان و بەرپرسیارییەتیەکان چالاکتربکرێ...
لامەرکەزییەت لە ھەرێمی کوردستاندا
لامەرکەزی وەکو ئەوەی لەبەرنامەی کاری حکوومەتدا ھاتووە، لامەرکەزی ئیدارییە، ئامانجیش لێی شۆڕکرنەوەی دەسەڵاتی جێبەجێکارە بۆ خوارەوە، بەمەبەستی راپەڕاندنی ئەرک و کاری یەکە ئیدارییەکان، لەبوارە خزمەتگوزارییە جیاوازاکاندا، بەمەرجێک لەژێر چاودێری و سەرپەرشتیی ئەنجوومەنی وەزیران دابێت... ئەمەش دەبێ رێگە خۆشکەربێت، بۆئەوەی پارێزگاو قەزاو ناحیەکان، دەسەڵاتی ئیدارییان ھەبێ بۆ جێبەجێکردنی ئەو بەرنامەیەی کاری حکوومەت، کە لایەنە سیاسییە بەشداربووەکانی نێو ئەنجوومەنی وەزیران، لەسەرەتای پێکھێنانی کابینەی نۆیەمی حکوومەت لەسەری رێککەوتوون.
یەکێتی و بانگەشەی لامەرکەزییەت
لەساڵانی شەستەکانەوە، دوای جیابوونەوەی باڵی ئیبراھیم ئەحمەدو مامجەلال، لەپارتی دیموکراتی کوردستان، کە بەباڵی مەکتەبی سیاسی، یان باڵی جەلالی ناسرابوون. دوای ئەوەی بەرەو ھەمەدان چوون و پاشان گەڕانەوەیان بۆ عێراق و تەسلیمبوونەوەیان بە حکوومەتی ئەوکاتی عێراق و مانەوەیان لە بەغداو دژایەتیکردنی بزووتنەوەی رزگاریخوازیی نەتەوەیی کوردستان، بەرابەرایەتی نەمر مەلامستەفای بارزان. بۆ پەردەپۆشکردنی ئەو ھەڵوێستە خیانەتکارانە، بەرامبەر بەشۆڕش، بیرۆکەی لامەرکەزییەت لە ھزرو عەقڵییەت و سیاسەتی ئەو گرووپە، چەکەرەی کردو وەکو دروشمێک باس دەوترایەوە. بەڵام لەوسەردەمەدا دیارە بەھۆی ئەو گۆڕانکارییانەی کە لەگۆڕەپانی سیاسی کوردوستان و عێراقدا روویدا، توانرا بەرامبەر بەسەرکردایەتیی پارتی و خوالێخۆشبوو بارزانی نەمر، شکست بەم باڵە بھێندرێت. ئەم بیرۆکەی لامەرکەزییەتەش، وەکو ھەموو خەونەکانی دیکەیان، پووکایەوەو لە بەدیھاتنی زۆربەی ئامانج و مەبەستە سیاسی و کەسییەکانیان، . سەرکەوتوو نەبوون.. کەچی ئێستاش یەکێتیی نیشتیمانیی کوردستان، جارێکیدیکە بۆ پەردەپۆشکردنی ھەڵە سیاسی و ستراتیژییەکان و خیانەتی گەورەی شازدەی ئۆکتۆبەر، دەیەوێ سیناریۆی ھەمان مێژووی ساڵانی شەستەکان، دووبارە بکاتەوە. ھەربۆیە ماوەیەکە بانگەشەی لامەرکەزییەت دەکا، بەمەبەستێک کە لامەرکەزیی ئیداری بریتی بێت لەدەسەڵاتی سەربەخۆیی ئیداریی و سیاسیی و دارایی پارێزگاکان، تا ھەر پارێزگایەک ئازادانە کار لەگەڵ حکوومەتی ناوەندی عێراقدا بکا. ئەمەش خۆی لەخۆیدا، مەترسی دوو ئیدارەیی و دابەشکردن و پارچەکردنی قەوارەی ھەرێمی کوردستانی لێدەکەوێتەوە...
شکستی حوکمڕانیی یەکێتی لەماوەی سێ دەیەی رابردوو
لەکاتێکدا دەکرێ یەکێتیی نیشتیمانیی کوردستان، کار بۆ لامەرکەزیی بکا، کە ئیرادەی جەماوەری و توانای سیاسیی و ئیداریی، بۆ ئیدارەدانی لامەرکەزییەت ھەبێ، بەڵام ئەزموونی سێ دەیەی دەسەڵاتدارێتی یەکێتی، لە زۆنی سلێمانی، دیمەنێکی روون و ئاشکرای شکستی حوکمڕانی یەکێتیمان لەم دەڤەرە بۆ دەردەخاو پێماندەڵێ، سەرچاوەی سەرەکی تێکچوونی ژیانی سیاسی و ئابووری و کۆمەڵایەتی، لەسنووری سلێمانی و ھەڵەبجەو گەرمیان و راپەڕین، خراپی ئیدارەو دەسەڵاتداریی یەکێتییە لەم زۆنەدا. نوخبەی سیاسی و ئیداریی یەکێتی بەھۆی نەزانی و خراپ ئیدارەکردنی ئەم دەڤەرە رەنگاورەنگە، نموونەی نوخبەیەکی نەزان و فاشیل و ڵاوازی عەقڵی سیاسییان پیشانی ھاووڵاتییانی ئەم دەڤەرەدا. دۆخێکی واخراپیان دروستکرد، نەبەخۆیان و نە بەھاووڵاتییانیش چاک ناکرێتەوە، چونکە بەدرێژایی ماوەی دەسەڵاتدارییان لەم زۆنە، ساڵ لەدوای ساڵ، ھەڵە لەدوای ھەڵەیان کرد، بێئەوەی بتوانن کۆنتراکتێکی کۆمەڵایەتی، لەگەڵ جەماوەرو حزب و لایەنە سیاسییەکانی ئەم دەڤەرەو ھاووڵاتییانی کوردستان ئەنجام بدەن. بۆیە ئەوەی ئێستا سەرکردایەتی نوێی یەکێتی، بەناوی لامەرکەزیی بانگەشەی بۆدەکا، سیاسەتی خزمەتکردن و گەشەسەندن و پێشخستنی ئەو دەڤەرەنییە، ئەوەندەی سیاسەتی بەردەوامیدانە بەململانێ و دژایەتیکردنی پارتی دیموکراتی کوردستان، کە سەرۆکایەتیی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان دەکا، دەیەوێ بەناوی لامەرکەزییەوە، ئەزموونی ھەرێمی کوردستان لاوازبکاو نەیھێڵێ. ئەمەش لەبەرئەوەی پاش سێ دەیە لە حوکمڕانی، یەکێتیی نەیتوانی بەڕێکارە شەرعی و دیموکراسییەکان، لەڕێگەی ھەڵبژاردنەوە، دەسەڵات لە پارتی دیموکراتی کوردستان و سەرکردایەتیی بارزانی وەرگرێتەوە، بۆیە ئێستا دەیەوێ بەناوی لامەرکەزییەتەوە بەمەرامی خۆی بگا. کە دەستبەسەرداگرتنی زۆنی سلێمانی و ھەڵەبجەیە، چونکە خەونی لەمیژینەی سەرکردایەتی نوێی یەکێتی، لاوازکردنی پارتی و بێدەسەڵاتکردنی ماڵباتی بارزانە.
بۆیە گەر وردتر بەمێژووی دروستبوونی یەکێتیدا بچینەوە، بۆمان دەردەکەوێت کە یەکێتی, ھەر لەسەرەتاوە، وەک کاردانەوەیەک بەرامبەر بەپارتی دیموکراتی کوردستان دروستبوو, نەک وەکو زەرورەتێکی مێژوویی، کە لەسەر بنەمای ھزرێکی نەتەوەیی پێشکەوتووخوازو ستراتیژێکی قووڵی دیاریکراو دروستبووبێ. ھەر لەسەردەمی رابەرایەتیکردنی ئەم رێکخراوە، لەلایەن خوالێخۆشبوو مامجەڵال تاڵەبانیەوە تاوەکو ئێستا، نەک بۆ ئاییندەی کوردوستان بەتەنھا, بەڵکو بۆ خودی خۆیشی, نەیتوانیوە خاوەن دیدگایەکی ستراتیژیی روونبێت. بەڵکو ھەمیشە وەک رێکخراوێکی سیاسیی تاکتیکی، خاوەن دیدگایەکی کورتبین و نەفەسێکی تەنگ و تۆڵەستێن کاریکردوە. ئەمەش وایکردوە ھیچ ئاڕاستەیەکی فکری دیاریکراوو جێگیر، لەناو یەکێتیی نیشتیمانیی کوردستاندا بوونی نەبێت. ھەربۆیەش لەکات وساتی بڕیارە چارەنووسسازەکاندا, ھەمیشە یەکێتی دوچاری کێشەو ئاڵۆزیی بڕیاردانی سیاسیی بووە. نەیتوانیوە ھیچ بڕیارێکی جێگیر بدات، ھەمیشە کەوتۆتە دوای رووداوەکانەوەو ئەمەش ھۆکارێک بوو، بۆ پەکخستن و شکست و دواخستنی ئەو رێکەوتنانەی، کە ئەنجامیداوە، ھەمووجاریش دەرەنجامی رێکەوتنەکان بۆ یەکێتیی نیشتیمانیی کوردستان, مایەی سەرئێشەو پەشیمانی بوون. ئەمەش تاڕادەیەک، کێشەو گرفتی بۆ ناوخۆی یەکێتی دروستکردوە... بەڵام بەھۆی گەمەو تاکتیک و جووڵە سیاسییەکانی مامجەلال لە رابردوودا, یەکێتی تاڕادەیەک دەیتوانی خۆی لەکێشەکان دەربازبکا، ھەربۆیەش بۆ تێپەڕاندنی رەوشی ئاڵۆزی ململانێ ناوخۆییەکانی نێوان باڵەکان، بۆ دەرەوەی بازنەی یەکێتی، بەردەوام بەدوای دروستبوونی قەیراندا گەڕاوە، تا ھیچ نەبێ بۆ ماوەیەک ، یەکیتیی دژەکان لەناوخۆی یەکێتیدا دروستبکاو سەرقاڵییان بکات بەململانێ و ناکۆکی، لەگەڵ ھێزو لایەنە نەیارەکانی خۆی. بۆیەش ماوەیەکە خەریکە بەناوی لامەرکەزییەتەوە، دەیەوێ جەماوەرو لایەنگرەکانی، بەئاڕاستەی دووئیدارەیی سەرقاڵ بکا.
یەکێتی دوای نەمانی مامجەلال
یەکێتیی نیشتیمانیی کوردستان، لەدوای نەمانی مامجەلال و بەستنی کۆنگرەی چوارەم، لەسایەی سەرکردایەتییە نوێیەکەی, لە رەوشێکی جیاوازتردایە، بۆیە ئیدارەدانی ململانێ و ناکۆکییە قووڵ و مێژووییەکانی ناوەوەو دەرەوەی یەکێتی, کارێکی ئاسان نییە، ئیحتیواکردنی ململانێکان, بەمجۆرە ئەقڵیەتەی سەرکردایەتی نوێی یەکێتی شتێکی زەحمەتە. بۆیە پێویستە سەرکردایەتی نوێی, بەردەوام ئەم راستییانەی خوارەوە بزانێ و بەنەزەری ئیعتیباریش وەریبگرێ...
یەکەم: یەکێتیی نیشتیمانیی کوردستان, ئێستا لەژێر رابەرایەتی و فەرمانی سەرکردایەتیەکی نوێی کەم ئەزموون و رادیکاڵ دایە، نەک لەژێر رابەرایەتیی خوالێخۆشبوو مامجەلال تاڵەبانی دابێ, واتا ئەوەی لەمامجەڵال قبووڵدەکرا، لەم سەرکردایەتییە نوێیە قبووڵناکرێ. جا لەبەر ھەر ھۆکارێک بووبێ، لەوانەیە زیاتر پەیوەندیی بەکەسایەتی و مێژووی مامجەلالەوە ھەبووبێ. بۆیە ئەو دەنگۆیەی بەناوی رێبازەکەی مام دەیدەن بەگوێی جەماوەرەکەی یەکێتی, ئەوا وەکو خوالێخۆشبوو مامجەڵال دەیگووت: (حچی جرائد)ە, بۆیە ئەو دەنگانەی بەناوی سەرکردایەتی نوێ ئاواز دەچڕن, ئەوا لە ئۆرکسترای کوردستاندا، ئاوازێکی ھارمۆنی نەشاز دروستدەکەن.
دووەم: دەبێ سەرکردایەتی نوێی یەکێتی، واقیعی پێگەی خۆی و پەرپرسیارییەتی خۆی بەرامبەر بە ھەرێمی کوردستان و جەماوەرەکەی و ھاووڵاتییانەوە بزانێ, کە دووەمین ھێزو ڵایەنیی سیاسیی بەشداربووی کابینەی نۆیەمی حکوومەتی ھەرێمی کوردستانەو بە رێژەیەکی دیاریکراو ئەندامی لە ئەنجوومەنی وەزیران ھەیەو چەندین پۆستی سیادی لەحوکمڕانی ئەم ھەرێمەی لەدەستدایە. واتا دەبێ یەکێتیی بزانێ حزبی دەسەڵاتە، نەوەکو ئۆپۆزیسیۆن، بەپێی رێژەی بەشداربوونیشی لەدەسەڵات, بەرپرسیارییەتی لەئەستۆدایەو ناکرێ بە ھەر بیانوویەک بێ خۆی لێ بدزێتەوە.
سێیەم: دەبێ یەکێتیی نیشتیمانیی کوردستان بزانێ, کە ھەر حزبێکی سیاسیی کار بۆ پشێوی و ئاڵۆزیی ھەرێمی کوردستان بکا, ئەوا زەرەرمەندی یەکەم ھەر ئەو حزبە خۆی دەبێ، جا لەھەر ئاست و پلەیەکدابێ.
چوارەم: حزبێک تەمەنی زیاتر لە چوار دەیەبێ, خاوەنی چەندین باڵ و بۆچوونی جیاوازو فرە بەرژەوەندیی و فرە بڕیاربێ, خاوەنی چەندین کێشەی نێوخۆیی و دەرەکی بێ, خاوەنی یەکێتی فکرو بڕیارنەبێ, لەکاتێکدا زۆربەی زۆری ھاوخەبات و ھاوڕێبازەکانی لەناوەندیی بڕیاریی یەکێتی دوورخستبێتەوە, زۆرینەی ئەندامانی مەکتەبی سیاسیی و سەرکردایەتی پێشووی حزبەکەی کەنسڵ و دیلەیت کردبێ, وابزانن درێژەدان بە رێبازیی مامی گەورە (وەکو خۆیان دەیڵێن), ئەگەر بەندبێت بە ملکەچبوون بۆ مامە بچووکەکان, ئەوا کۆتاییەکەی بە کارەساتێک بۆ کوردو شکستیش بۆ یەکێتیی نیشتیمانیی کوردستان تەواودەبێت. بۆیە زۆر زەحمەتە سیاسەتی پڕ قەیران و پڕ کێشەی ھەرێم و یەکێتیش, بەو عەقڵییەتە کورتبینیەی سەرکردایەتییەکی ساویلکەو کەمئەزموونی وا ئیدارە بدرێت. بڕیاریی سیاسی و چارەنووسساز سەرکردەی قاڵبووەوەو پڕئەزموونی سیاسی و دیپلۆماسیی دەوێت, نەک کەسانێک کە لەماوەی شەوو رۆژێکدا، بڕیاری وەکو ١٦ی ئۆکتۆبەربدەن, بەڕێککەوتنێکی نالۆژیک و ساویلکانە کەرکوک و ناوچەیەکی فراوانی کوردستان، تەسلیم بکەنەوەو پاشان دەستێکیان بکەوێتەپێش و ئەویدیکەیان بکەوێتەپاش, قەیرانێکی وا دروستبکا, نەتوانێ لێی دەربازبێ, ئێستا یەکێتی دوای شازدەی ئۆکتۆبەر، لە کەرکوک تووشی وەزعێکی وابووە, نە بۆ کەرکوک ھیچی پێدەکرێ, نە بۆ خۆی دەاتوانێ ھیچ بکا.
پێنجەم: نابێ سەرکردایەتی نوێی یەکێتیی, بۆ گەڕاندنەوەی ھەیبەت و ھەیمەنەی شکستخواردوی خۆی، بەھۆی شازدەی ئۆکتۆبەرەوە, گەمە بەھەست و سۆزی خەڵک و ھاووڵاتییانی ھەرێمی کوردستان بکاو مەترسیی دوو ئیدارەیی و شەڕی ناوخۆ، بێنێتەوە بەرچاوی خەڵکی کوردستان, بەھەڕەشەی دابەشکردنی ھەرێم و ئاژاوەگێڕیی سیاسی، خۆی بسەپێنێ. دەبێ بزانێ ئەم رەفتارانە بەڵگەی شکست و بێتوانایی ئەم سەرکردایەتییە نوێیەیە, لە یەکلاکردنەوەی بڕیاردانی سیاسی و چارەسەریی کێشەو پرس و قەیرانەکان.
بۆیە بە سەرنجدانی ورد، لەم راستییانەی سەرەوە، سەبارەت بە رەوشی یەکێتی, پێموایە کارێکی ئاسان نیە بۆ یەکێتی، تابتوانێ بەدوو ئیدارەیی لە ھەرێمی کوردستان, سەرکەوتووانە درێژە بە کارو چاڵاکییەکانی بدا, چونکە بژاردەی دوو ئیدارەیی چەندین ئاڵنگاری دەھێنێتەپێش، کە ئەستەمە سەرکردایەتی نوێی یەکێتی بتوانێ، لەم ئالنگارییانە دەربازبێ.
ئالنگارییەکانی بەردەم یەکێتی لە راگەیاندنی دوو ئیدارەییدا
١) لەحاڵەتی دوو ئیدارەییدا زۆنی ئیدارەی یەکێتی، بەتەواوی دەکەوێتە ژێر ھەژموونی ئێرانەوە, ئەمەش بەھیچ جۆرێک لەلایەن ئەمریکاوە قابیلی قبووڵ نییە. بەتایبەت ئێستا ئەمریکا، ھێزو بنکە سەربازییەکانی خۆی، لەھەموو عێراق کشاندۆتەوە بۆ دوو بنکەی سەرەکی, کە یەک لەو بنکانە لە ھەرێمی کوردستانە. بۆیە لەو حاڵەتەدا، ئەمریکا رێگا بە دوو ئیدارەیی لە کوردستان نادا, بەڵکو لەگەڵ یەکپارچەیی ھەرێمی کوردستانە.
٢) ناردنە دەرەوەی نەوتی ھەرێمی کوردستان و کەرکوک, لە رێگەی ھەولێرەوە دەگاتە تورکیاو دەفرۆشرێ. بۆیە بەھیچ شێوەیەک ئەنقەرە رازینابێ, کێشە بۆ ئەو دەستکەوتە ماددیەی تورکیا، کە لەرێگەی نەوتی ھەرێمی کوردستانەوە بەدەستی دەکەوێ, لەلایەن ھێزێکی سەر بە کۆماری ئیسلامی ئێرانەوە, بکەوێتە مەترسییەوە, بۆیە زەحمەتە بژاردەی دوو ئیدارەیی لەڵایەن ئەنقەرەوە یەسەندبکرێ.
٣) لە زۆنی سلێمانی و ھەڵەبجەو گەرمیان و راپەڕین, یەکێتی, تاقە حزب و ھێزی سیاسیی دەسەڵاتدار نیە, بەڵکو چەندین حزبی سیاسیی دیکە، لەم سنوورە ھەن و بەشدارن لە ئیدارەی دەڤەرەکە, بۆیە بۆ یەکێتی زەحمەتە بتوانێ تاکلایەنە بەناوی لامەرکەزییەتەوە، بڕیاریی بژاردەی دوو ئیدارەیی بدا, بێئەوەی رەزامەندیی ئەم لایەنانەی ھەبێ, لەکاتێکدا زۆرینەی جەماوەریی ئەم حزب و ڵایەنە سیاسییانە بە بەشێک لە جەماوەرو سەرکردایەتیی یەکێتیشەوە, لەگەڵ ئەم بژاردەیە نابن, بەمەش یەکێتیی دوچاری کێشەی نێوخۆیی زیاتر دەبێت.
٤) یەکێتیی نیشتیمانیی کوردستان, ھیچ پلان و بەرنامەیەکی ئیداری و ئابووری و دارایی و خزمەتگوزاریی دیاریکراوی نیە, بۆیە لەحاڵەتی دوو ئیدارەییدا زەحمەتە سەرکەوتووبێت, چونکە سنووریی لەگەڵ تورکیادا نیەو تورکیاش لەبارەی فرۆشتنی نەوتەوە, مامەڵەی فەرمی لەگەڵ یەکێتی ناکا, یەکەم بەھۆی فاکتەری جوگرافیاو دووەمیش بەھۆی متمانەی زیاتر بە سەقامگیریی و یەکلاکەرەوەی بڕیارەکانی سەرکردایەتیی پارتی دیموکراتی کوردستان, ھەربۆیە تێگەیشتن و کارکردنی لەگەڵ پارتی پێ بەسەندترە. بۆیە لەرووی ئیداریی و دارایی ئیدارەی سلێمانیی سەرکەوتوو نابێت.
٥) بوونی دیاردەی فرە مەرجەعی و فرە بۆچوون و فرە بڕیار, لەناو یەکێتی, نائارامی و ناسەقامگیریی لەنێوخۆی ئەم رێکخراوە دروستکردوە. ئەمەش کاریگەری لەسەر پەیوەندییەکانی لەگەڵ دەوروبەری خۆیدا ھەیە, لەوانەیە ئەم دیاردەیە لەکاتی دوو ئیدارەییدا بەدڵی ئێران نەبێ و زیانی زۆرتر بە بەرژەوەندییەکانی ئێران بگەیەنێ. لەکاتێکدا لەئێستادا پەیوەندییەکانی ئێران تا رادەیەک لەگەڵ پارتی لەحاڵەتێکی خراپدانیە, ھەروەھا لەھەموو کات و سەردەمێکدا, ئێران دۆستایەتی و پەیوەندیی پارتی پێ باشتربووە.
٦) پەیوەندیی بەغداو ھەولێر لەئێستادا پەیوەندییەکی باش و گونجاوە, بۆیە رەزامەندیی بەغدا بۆ بژاردەی دوو ئیدارەیی ئەمڕۆ بۆ یەکێتی کارێکی ئاسان نیە. ئەم پرسەش بەبێ رەزامەندیی بەغدا ناکرێ, بەغداش بەبێ گەڕانەوە بۆ ھەولێرو بەبێ رەزامەندیی بارزانی, چرای سەوز بۆ بڕیاری دوو ئیدارەیی ناداتە یەکێتی, بۆیە دەبێ سەرکردایەتیی نوێی یەکێتیی نیشتیمانیی کوردستان, ھەمیشە ئەوەی لەبەرچاوبێ, کە بڕیاری یەکلاکەرەوە لە ھەولێرە, ئەمە دیفاکتۆیەکەو جا گەر یەکێتی بەدڵیشی نەبێ, دەبێ قبووڵی بکا.
٧) لەگەڵ ھەموو ئەو کێشەو قەیرانانەی کەوا لە ھەرێمی کوردستاندا ھەیە, بەڵام بەھیچ جۆرێک و لەھیچ حاڵەتێکدا، رای گشتیی ھەرێم، لەگەڵ بژاردەی دوو ئیدارەیی نیەو قەتیش پشتگیریی لەمجۆرە بڕیارانە ناکا. چونکە دوو ئیدارەیی پەنجەرەیەکی لێڵ و نادیار بەڕووی ئەم خەڵکەدا دەکاتەوە, لەکاتێکدا ھاووڵاتییانی ھەرێمی کوردستان, چاوەڕێی خۆشگوزەرانی و باشبوونی رەوشی دارایی و چاککردنی مووچەکانیان دەکەن.
٨) لەکاتێکدا یەکێتیی نیشتیمانیی کوردستان, چاوی لە دەرگای پارتی دیموکراتی کوردستانە, تا رەوشی کەرکوکی بۆ ئاسایی بکاتەوەو بەربژێریکی یەکێتی بۆ بکات بە والی کەرکوک. بەڵام بژاردەی دوو ئیدارەیی، کێشەی کەرکوک ئاڵۆزتردەکاو پارتی زیاتر لە چارەسەریی رەوشەکە دووردەخاتەوە. لەکاتێکدا زۆرینەی ئەندامانی ئەنجوومەنی یارێزگای کەرکوک سەر بە پارتی دیموکراتی کوردستانن. ئەمەو جگە لەوەی پەیوەندیی عەرەبی سوننە لە کەرکوک، لەگەڵ پارتی زۆر باشترە، لەوەی لەگەڵ یەکێتی.
٩) ھەموو دامەزراوەو دەزگا ئیداری و حکوومی و سەرۆکایەتییەکان, ھەموو وەزارەت و دادگاو ئەنجوومەنی دادوەری لە ھەولێرن, ھەموو دامەزراوە ئیدارەکانیدیکەی شارەکانی ھەرێم سەر بە ھەولێرن, بەدڵنیاییەوە لەحاڵەتی دوو ئیدارەییدا, ھەولێر ھیچ کێشەیەکی نابێ, بەڵام ئیدارەی سلێمانی بەردەوام دوچاریی کێشەی یاسایی و ئیداریی و دارایی دەبێتەوە.
١٠) گرنگترین فاکتەر، بۆ سەرکەوتنی دەسەڵات و بڕیاریی لامەرکەزیەتی ئیداریی، لە ھەرێمی کوردستان بوونی متمانەیە لەنێوان لایەنە سیاسییە باڵادەستەکانی ھەرێم. بەتایبەت :
• متمانەی نێوان حکوومەتی ھەرێم و یەکێتیی نیشتیمانیی کوردستان،
• متمانەی نێوان لایەنە سیاسییەکانی زۆنی سلێمانی و یەکێتی،
• متمانەی نێوان ھاووڵاتییانی ھەرێمی کوردستان و دەسەڵاتدارانی یەکێتیی نیشتیمانیی کوردستان.
بۆیە بەخستنەبەرچاوی ئەم راستییانەی سەرەوە, پێموایە بژاردەی دوو ئیدارەیی, خۆکوژی و شکستێکی دیکە بۆ یەکێتی دێنێتەپێش, باشترە ئەم سەرکردایەتییە نوێیە, وردترو حەکیمانەترو بەرپرسانەتر, رەفتار لەگەڵ واقیعی ھەرێمی کوردستان بکا، بیر لە چاکردنەوەی سیاسەتی خۆی بکاتەوە, نەوەک ھەوڵبدات شکست و رەفتارە ناپەسەندەکانی, بە ھەڕەشەو ترس خستنەدڵی ھاووڵاتییان بشارێتەوە. دەبێ سەرکردایەتیی یەکێتی دان بەھەڵەکانی خۆیدابنێ و چاو بەڕابردووی بخشێنێتەوە. ئەگینا بە دڵنیاییەوە, ئاییندەیەکی زۆر خراپ چاوەڕێی یەکێتی دەکا.
پارتی دیموکراتی کوردستان چی بکا...؟!
من پێموایە ئاڵۆزیی و ھەستیاریی ھەرێمی کوردستان ئاسایی نیە, بۆیە دەبێ زۆر بە ھەستیاری کار لەگەڵ واقیعی ھەرێم بکرێ. بەتایبەت رەفتارکردن لەگەڵ رەوشی سیاسی و ئەمنی کوردستان, چونکە ئەوەی لەم پارچە جوگرافیایە دەگوزەرێ، زۆرکەم لەئەزموونی وڵاتان و میللەتانی دونیا روویداوە. بۆیە بۆئەوەی جارێکیتر، کارەسات و رووداوە خیانەتکاری و ھەڵە مێژووییەکان دووبارە نەبنەوە, بۆئەوەی دەربازبین لە دووبارەبوونەوەی شازدەی ئۆکتۆبەرو ھەڕەشەو گەمەی زۆن زۆنانێ و دوو ئیدارەیی, ئەرکی حکوومەتی ھەرێمی کوردستانە, بەتایبەتیش پارتی دیموکراتی کوردستان, کە حزبی یەکەمەو سەرۆکی ھەرێم و سەرۆکی حکوومەت پشکی ئەوە, ھەروەھا رۆڵی کاریگەری لەدیاریکردنی چارەنووسی ھەرێمی کوردستاندا ھەیە، بڕیاردەری پرسە ھەستیارەکانیشە، ھەر ئەویش دەتوانێ لەسەر ئاستی نێوخۆیی و ھەرێمی، ئاڕاستەی پرسەکان بگۆڕێ... بۆیە پێموایە بۆ دەربازبوون لەم دیاردەو کارەساتانە, باشترین شت ئەوەیە، پارتی دیموکراتی کوردستان، کار بۆ دروستکردنی ئالتەرنێتیڤی یەکێتیی نیشتیمانیی کوردستان بکا, چونکە ڵاوازکردن و دوورخستنەوەی یەکێتی لەبڕیاری سیاسی و دامەزراوە ھەستیارەکان, ئارامی و سەقامگیریی بە ھەرێمی کوردستان دەبەخشێ, ئەمەش بە شەڕی چەکداریی و شەڕی راگەیاندن ناکرێ, بەڵکو لەڕێگەی بەدامەزراوەییکردن و سەروەریی یاساو دەستوورێکی مۆدێرن دەکرێ. بۆیە بەدیلی یەکێتیی نیشتیمانیی کوردستان, بۆ پارتی دیموکراتی کوردستان, بەھێزکردنی ھەرێمی کوردستانە لەسەر بنەمای :
١- کارکردن بە ئاڕاستەی دەوڵەتداریی,
٢- بەدامەزراوەییکردن دامو دەزگاکانی حکوومەتی ھەرێم,
٣- دەستوورێکی مۆدێرنی دیموکراسی بۆ کوردستان بنوسرێتەوە,
٤- ماقی ھاووڵاتیبوون و پاراستنی شکۆی ھاووڵاتیان,
٥- داماڵینی حکوومەت لە رەنگە حزبییەکان.
٦- یەکبوونی ھێزی پێشمەرگەی کوردستان،
٧- چارەسەرکردنی یرسی گەندەڵی وەک پرسێکی یاسایی نەک سیاسی,
٨- پرسی چاکسازی بەتەنھا لە چوارچێوەی مووچەوە,قەتیس نەکرێ. پێموایە ئەمڕۆ دەستکاریکردنی پرسی مووچە کێشەو گرفت بۆ حکوومەت زیاتر دەکا, بۆیە پێش ئەوەی پرۆسەی چاکسازیی لە بواریی مووچەی ھاووڵاتیاندا بکرێت، واباشترە لە بوارەکانی دیکەدا بکرێت.
ئەندامی مەکتەبی ناوەندی
سەنتەری دیرسات و تویژینەوەو ئەکادیمیای پارتی