ساڵێک لە سەرۆکایەتی ھەرێمدا ،،
June 9, 2020
وتار و بیروڕا
کە ھات وتی ( نەرم لە ناوخۆ بەھێز لەدەرەوە ) ، جا بەفیعلییش ھەر وا دەرچوو ، ئاخر ئەگەر ( نەرم لە ناوخۆ )کەی ئەم نەبووایە ، ئەوا ئەو تۆزە نەرمییەی کە لەنێوان حیزبە سیاسییەکانماندا ھەیە و ماوە و ئومێدی بەیەکگەیشتنەوەیشیان لێئەکرێ ، لەژێر ھەڕەشەی نەماندا بوو ! خۆ ئێستایشی لەگەڵدا بێ ، گەرموگوڕیی ئەمە کە ساردی نێوان حیزبە کوردستانییەکانی نەگەیاندۆتە ڕادەی سڕ بوون ، ئەگینا تاجیری شەڕی وامان ھەن کە لە خوایان ئەوێ نەک بگەینە سڕ بوون ، بگرە بگەینە بەستەڵەکێکی وا کە ھەر نەکرێتەوە و ئیتر سەرەتا ھەرکەس لە ماڵی خۆی و جا دواتریش ھەرکەس بۆ خۆی !
وا ئەبێ بە ساڵێک کە نێچیرڤان بارزانی سەرۆکی ھەرێمی کوردستانە ،، ھەرێمێک کە ھەرچی کێشەی مرۆڤکردە ، ھەر لە سیاسیی و ئابوورییەوە بیگرە تا ئەگاتە ئیداریی و حیزبی و ماوە ماوە ئەمنی ش ھەیەتیی و تاڕادەیەکیش پێیانەوە گیرۆدەیە ! ئێ ئەوەتا خوای گەورەش بە ڤایرۆسێکی کوشندە تاقیمان ئەکاتەوە و لەبەردەم زەحمەتی شەپۆلێکی بێڕەحمانەی کۆرۆنادا دایناووین ، بەڵام کولتوری شەخسیی و تەجروبەی ژیان ، سەرۆک نێچیرڤانی فێرکردووە کە تێپەڕاندنی ھەر کێشەیەک ، با قورس و ئاڵۆزیش بێ ، ئیرادەی جەماعیی ئەوێ ، ئەو ئیرادەیەش ، تەبایی ھەمووانی ئەوێ و تەباییەکی ئاوھاش بەبێ نەرمیی نوواندن لە ئاست یەکترییدا ، دروست نابێ !
ئەو ، نەرمی ناوخۆی ھەر بۆ سەقامگیریی ناوخۆیی ناوێ ، بەڵکو بۆ بەھێزبوونی دۆزی کورد و پێگەی کوردستان لەدەرەوەش ئەیەوێ ، ئاخر شارەزایی کەڵەکەبووی لە ئیدارە و سیاسەتدا ، ئەو قەناعەتەی لا جێگیرکردووە کە بەبێ ناوخۆیەکی بەھێز ، کارکردن لەدەرەوە ، با کارەکە ئاسانیش بێ ، ناکرێ و بیشکرێ سەر ناگرێ !
ئەو مێژووخوێنێکی وردە و بەوردییش تێگەیشتووە کە دەستکەووت چەند بچووکیش بێ ، بە تەنیا بەدەست ناھێنرێ ، خۆ ئەگەر بەدەستیشھات ، ئەوا بەبێ شەریک و شەراکەت ، ناپارێزرێ !
ئەو ئەزانێ کوردبوون سەختە و مانەوە و بەرەوامبوونیش لە جوگرافیایەکی وەک ئەوەی کە تێیداین ، سەختترە ، بەڵام ئەیشزانێ ئەگەر ھەرەوەزی سیاسیی و یەکڕیزی جەماوەریی ھەبێ ، شکست ھیچ دەرفەتێکی نابێ و سەرکەووتن مسۆگەرە ، ھەربۆیەش لە ھەرێمێکی ناسەقامگیری ناو وڵاتێکی ناسەقامگیر و لە ناوچەیەکی عەجیب ناسەقامگیردا ، سەرۆکی دامەزراوێکی سەقامگیرە و بە ئومێدەوە ئەڕوانێتە ئایندە و بە متمانەیشەوە ھەنگاوی بۆ ئەنێ .
شێروان تاڵب