کۆرۆنا و دەرسێک لە مێژوو!!!!

کۆرۆنا و دەرسێک لە مێژوو!!!!

چەند ڕۆژێک پێش ئێستا حکومەتی ھەرێم بڕیاری خانەگیربوون و قورمتێنەی لۆ شەش ڕۆژدا، کە: لە بەرواری (٠١⁄٠٦⁄٢٠٢٠ ھەتا ٠٦⁄٠٦⁄٢٠٢٠ز) بەڵام ھەندەی نەبرد لە ژێر فشاری خەڵک ھەڵگیرا ھەڵگیرا!؟ ئەمەش ئەو کاتە ھات؛ کە: خەڵک بەزۆری و بە لێشاو تووشی ئەم ڤایرۆسە ھات. ھەرچەند ئەو کاتی ئێمە لامان سەیر بوو؛ کە: لۆ بەس تەنیا شەش ڕۆژ!؟! چونکە لە سەروبەندی بوونی پەتایەکی لەمجۆرە دەبێت ھەتا پزیشکانیش ماوەی متبوون و تەنانەت ماوەی چێڕە درێژی نەخۆشییەگە لەبەر چاو بگیرێت ئەوە جگە لە بارودۆخی دارایی و ئابووری ووڵات.
ئەم ڤایرۆسە ماوەی متبوونی لە (٥.٨ ھەتا ١٢.٤) ڕۆژە؛ واتا: بە لایەنی کەم (١٤) ڕۆژە! وە ئەگەر کەسێک تووشی نەخۆشی (کۆڤید ١٩) بوو، ئەوا: پێویستی بە شەش حەفتە ھەیە؛ ھەتا تەواو چاک دەبێتەوە. ئەم ڤایرۆسە توانای تەنینەوە و تێزانەوەی یەکجار زۆرە! بزانە؛ بە شێوەیەکی ڕێژەی ئەم تووشبووەکی ئەم ڤایرۆسە لە شەش ڕۆژی یەکەم کە ھیچ نیشانەیەکی لە سەر وە دیار نەکەوتییە ڕۆژانە (٢.٤ ھەتا ٣.٨) کەس تووش دەکات! خۆ کەسانێکیش ھەن؛ کە: تووشبووی ئەم ڤایرۆسەن و پێیان دەگۆترێت: (super spreader)؛ کە: ڕۆژانە بە لایەنی کەم دە کەس تووش دەکەن. ئەوجا بڕۆننێ، چونکە داتاکان ھەتا ھەنووکە ئەوە دەسەلمێنن؛ کە: (٨٢٪)ی تووشبووان ھەر ھەست پێ ناکەن تووشی بوون و تەنانەت تووشی دێن و چاکیش دەبنەوە بەڵام (١٥٪) لەو نەخۆشانە پێویستییان بە نەخۆشخانە دەبێت و لەو ڕێژەیە (٣ - ٥)ی پێویستی بە ئامێری ھەناسەدان دەبێت!؟! کە، ئەمە لە توانای دەسەڵاتی دامەزراوە تەندروستییەکانی ھیچ ووڵاتێک نییە!؟! ھەر دوێنێ، ووڵاتی عێراقی فیدڕاڵ ئاشکرای کرد؛ کە: ڕێژەی مردن بە کۆرۆنا (٣.١٪)یە، لۆیە: پێویست دەکات کە خەڵک ئاگاداری خۆی بێت. ھەر چەند ھێشتا لە کوردستان نەگەیشتووە بەو قۆناغەی ترس دروست بکات!!! چونکە خاڵی مەترسیدار لە ڕووی پزیشکی ئەو کاتەیە؛ کە: ئەو دوو سەت تەختەی ئامێری دەستکردی ھەناسەدان، کە ھەیە تەژی بێت و جێگا نەمێنێت، ھەر لۆیە: پێویست دەکات لۆ ئەوەی نەگەینە ئەو ڕۆژەی زێدەتر مقەیەتی خۆمان بین.
خانەگیر و قورمتێنە لۆ ئەوەی تەواو کاری خۆی بکات؛ ئەوا: لە ھیچ حالەتێک نابێت لە سێ مانگ کەمتر بێت چونکە تەنینەوەی ڤایرۆسەکە شەش حەفتە و تێزانەوەی شەش حەفتە ئەوە بووە سێ مانگ. سەیری ووڵاتی (چین) بکە ماوەی خانەگیر بوونی لۆ چار مانگ درێژ کردەوە؛ وە دوای چار مانگ ئەوجا لێگەڕا خەڵک بچنەوە سەر کار و پیشەیان.
ئەم ڤایڕۆسە بەگوێرەی پێشھاتەکان ھەتا ساڵی (٢٠٢٢ز) دەمێنێتەوە؛ وە لە ھاویندا ئەگەری بڵاو بوونەوەی کەمترە وەک لە وەرزەکانیتر نەک بڵاو نابێتەوە بەڵکو ئاستەنگ لۆ ڕێگای گواستنەوەی لە ھاوین دروست دەبێت. دەنا لە خڕ وەرزەکانی ساڵ ھەیە؛ وە ئەگەر خەڵک پابەند بە ڕێنماییەکان نەبن؛ ئەوا: لۆی ھەیە لە ھاوین لە چاو زستان زۆرتر بڵاو ببێتەوە.
* ووڵاتان و خانەگیر بوون: لێرەدا؛ دەردەکەوێت ئەم ڤایرۆسە مزیڕ و چەتوونە! ھەر لۆیە؛ لە زۆر ووڵاتان خانەگیر بوون و لۆ ئەو ماوە زۆرە دەبووە ھۆی داتەپینی باری ئابووری ووڵاتان و تەنانەت لە ناو چوونییان! ھەر لۆیە؛ حکومەتەکان تۆپەکەیان لە گۆڕەپانی خۆیان گواستەوە گۆڕەپانی خەڵک و گۆتیان؛ ئەوە قورمتێنە و خانەگیر بوون ھەڵدەگرین و خەڵک ئۆباڵی لە ملی خۆی!! لۆیە؛ کێ دەیەوێت خۆی بپارێزێت با خۆی بپارێزێت و ئەوەی نایەوێت تەختی خەستەخانە چاوەڕێیەتی.... ھەتا لۆ زانینیش ھەتا ئەمڕۆ ئەم ڤایرۆسە نە چارەسەری ھەیە و نە ڤاکسینی ھەیە. ھەر لۆیە؛ دەبێت خەڵک ئەوە بزانێت؛ کە: ھەڵگرتنی خانەگیر بوون مانای نەمانی نەخۆشییەکە و ڤایرۆسەکە ناگەیەنێت و مانای ئەوە نییە دەعوەت و دەعوەتکاری و خڕ بوونەوە ڕوو بدات. ھەر کەسێک یان لایەن، گۆتی: نەخۆشی و ڤایرۆسەکەمان کۆنتڕۆڵ کردووە و سەیتەرەمان لە سەری کردووە، ئەوا: عەفووی فەرمووە! بەڵکو لێرە سەیتەرە و ھەدەفەکە ئەوەیە؛ کە: ڕێژەی چاکبوونەوە لەوانەی لە خەستەخانە خەوێندراون بگاتە (٧٠٪)؛ کە: دوێنێ و پێرێ لە عێراقی فیدڕاڵ (٤٦٪) و (٤٩٪) بووە.
* دەرسێک لە مێژوو: لە ساڵی (١٩١٨ز) جۆرە ھەڵامەت و پەسیوێک ھات؛ کە: بە (ھەڵامەتی ئیسپانی) ناوزەد کرا و بە سێ شەپۆڵ وەدیار کەوت و (٥٠٠) ملیۆن کەس تووشی بوون و بووە ھۆی مردنی (٥٠) ملیۆن کەس. وە لە سەرەتادا ڤایرۆسەکە و لە شەپۆلی یەکەم خەڵکی ھەندە نەکووشت بەڵام ئەو کات خەڵک لە قورمتێنە و خانەگیر بوون بێزار بوون؛ ھەر لۆیە: ھەر چەند حەفتەیەک دوای ھەڵگرتنی خانەگیر بوون لەبەر ئەوەی خەڵک و عالەم تێکەڵ بوون ئەمە بووە ھۆی ئەوەی لەو چەند حەفتەی دواتر شەپۆلی دووەم بێت و خەڵک بیلبتوون بە ھۆیەوە قەتلوعام بکرێن و لەناو چوون..

* دەرئەنجام: دەرس لە مێژوو وەربگیرێت و نەمانی خانەگیر بوون مانای نەمانی ڤایرۆس و نەخۆشییەکە ناگەیەنێت؛ لۆیە: ئەرکێکی ئەخلاقی و مرۆیی و ئایینی و نیشتیمانی و نەتەوەییە لۆ ئەوەی دوور بیت لەم نەخۆشییە ڕێکارەکانی خۆپارێزی پیادە بکەیت.
* پسپۆڕی ھەناو و دڵ

Top