فەیسبووک بۆ پێگە و ئەکاونتەکانی دەزگای زانیاری داخست

فەیسبووک بۆ پێگە و ئەکاونتەکانی دەزگای زانیاری داخست

سیاسەتی بەکارھێنانی فەیسبوک کۆمەڵێک رێکار و مەرجی دیاری کردووە کە دەبێت بەکارھێنەران پێوەی پابەندبن.
گرنگترین ئەو رێکارانە بریتین لە (بڵاونەکردنەوەی جیاوازی ئاینی و رەگەزپەرستی و توندوتیژی و بەکارنەھێنانی پێگەکان لە بری خەڵکی تر و بڵاونەکردنەوەی بیری کۆنەپەرستی و دروستکردنی جیاوازی و تەشھیرکردن بە کەسایەتییە فەرمی و مەعنەوییەکان ... تاد*).
لەم چوارچێوەیەدا فەیسبوک لە راپۆرتێکدا کە ٥/٦/٢٠٢٠ بڵاویکردۆتەوە بە فەرمی کۆتایی ھێنا بە کاری ٤٣١ پەیج و ئەکاونت لە ھەردوو پلاتفۆڕی فەیسبوک و انستاگرام لە ھەرێمی کوردستان، بە ھۆکاری ئەوەی پابەند نەبوون بە سیاسەتی گشتی فەیسبوکەوەو بوبونە ھۆکاری تێکدانی ئارامی کۆمەڵایەتی لە ھەرێمی کوردستاندا و سەرچاوەی پشێوی و ھێرش و ناوزڕاندن بوون بۆ ھەریەک لە پێگەو کەسایەتییەکانی پارتی و گۆڕان و نەوەی نوێ.

ئەوەی جێگای سەرسوڕمانە ئەوەیە کە لە سیاسەتی فەیسبوکدا ھاتووە کە ئەو پارانەی بۆ سپۆنسەری پۆست و پەیجەکانی سەرف دەکرێت بە شاراوەیی دەمێنێتەوەو پارێزراو دەبێت، بەڵام لە راپۆرتە فەرمییەکەی فەیسبوکدا ئاماژە بە تێچوو خەرجی ئەو ٤٣١ پەیج و ئەکاونتە کراوە کە راگیراون لە لایەن دامەزراوەی فەیسبوکەوە کە بریتییە لە ٢٧٠ ھەزار دۆلاری ئەمریکی*.

ئاشکراکردنی پارەو تێچووی پلاتفۆڕمەکان چ فەیسبوک یان تویتەر یان ئەوانی تر، تەنھا لە کاتی شەری تیرۆردا بڵاودەکرانەوە تایبەت داعش، کە مانگانە تێچووەکانییان بۆ پێگەکانیان دەخرانە روو لەلایەن دامەزراوە فەرمیی و ھەواڵگرییە سەربازییە جیھانییەکانەوە!

ئەم راپۆرتەی فەیسبووک بۆ ناوبانگی ھەرێمی کوردستان باش نییە و ئەو لایەنەی کە بە دامەزراندنی ئەو ئەکاونت و پەیجانە تۆمەتبارە، کە دەزگای زانیارییە وەک لە راپۆرتەکەدا باس کراوە، دەکەوێتە چوارچێوەی بەرپرسیارێتی کۆمەڵایەتی خەڵکی کوردستان و گومانی نێودەوڵەتییەوە.

---
*سەیری سیاسەتی فەرمی فەیسبوک بکەن لە پێگەی فەرمی فەیسبوک.
*راپۆرتی فەرمی فەیسبوک لەسەر داخستنی پەیج و ئەکاونتەکان.
‏https://about.fb.com/news/٢٠٢٠/٠٦/may-cib- report/
Share
Top