شۆڕشی چاكسازیی بارزانی و هیستریای نەیاران و گەندەڵكاران
June 6, 2020
وتار و بیروڕا
لە سەرەتای متمانەبەخشین بە كابینەی نۆیەمی حكومەتی كوردستان بە سەرۆكایەتیی رێزدار مەسرور بارزانی، رایگەیاند: ئەركی سەرەكیمان خزمەتكردنی كوردستانیانە و چاكسازی و بنبرٍكردنی گەندەڵیی ڕیشەیی، دەبێتە یاسا و لە سەرووی هەمووانەوە دەبێت. بۆیە هەر وەك لە هەنگاوە كردەییەكانیدا بینرا، داهات و پرۆژە خزمەتگوزارییەكان لە ماوەی چەند مانگی سەرەتا بە شێوەیەكی بەرچاو بەرز بوونەوە و هەموو ئەو خەرجییە زیادانەی وەزارەت و دەزگەكانی حكوومی، یان كەم كرانەوە، یانیش بڕان و خەرجی زیادی نەما. لە هەمانكاتدا و هەر لەو ماوەیەدا سەرۆكی حكومەتی كوردستان، كاری ئامادەكردنی پرۆسەی چاكسازی بوو، تا لە نێو پەرلەمان دەنگی لە سەر بدرێت، ئەو هەنگاوانە وایان كرد كە گەندەڵكاران و هەلپەرەستان و ئەوانەی ترسیان لە بەرژەوەندیی شەخسیی خۆیان هەبوو، هەموو هەوڵەكانیان بۆ رێگریكردن لەو پرۆسە خستەگەڕ و هەوڵیان دا، ناشیرینی بكەن.
بە دڵنیاییەوە، هەنگاوەكانی چاكسازی حكومەتی كوردستان پرۆسەیەكی پیرۆز و سەركەوتووە و لە هەمانكاتیشدا دەستكەوتێكی گەورەیە بۆ نەهێشتنی گەندەڵی و ئەوانەشی كە چەندین ساڵە هەلپەرەستانە گیرفانە بێ بنەكانیان لەسەر حیسابی گەل و حكومەت پڕ كردووە، تەنگەتاو بوو. هەموو ئەو هەنگاوانەی چاكسازی لە بەرژەوەندیی زۆر كەس و گرووپ دەدات و سەركردەی بەهێزی دەوێت، كوردستان لە دەست ئەو پاشاگەردانییە رزگار بكات.
پرۆسەی چاكسازی، پرۆژەیەكی گشتگیر و هەمەلایەنە و دەخوازێت گشت هێزو لایەنەكان بە جددییەتەوە پشتیوانی لەو هەنگاوانە بكەن. سەرۆكی حكومەتی كوردستان، وەزیری دارایی راسپاردووە كە هەموو ئەوانەی قەرزداری حكومەتن، لە ماوەیەكی دیاریكراو دا قەرزەكانیان بدەنەوە، بە تایبەت خاوەن كۆمپانیای نالیا كە شاسوار عەبدولواحیدە و دەزگە میدیاییەكەشی تەنیا لە بەرژوەندیی نەیارانی كورد و لە دژی هەنگاوەكانی چاكسازییە لە كوردستاندا، لە ماوەی رابردووشدا هەموو ئامانجەكانیان ئاشكرا بووە.
هەندێك تاقم و گرووپ لە سەرەتاوە رێگرییان لە پێكهێنانی كابینەی نۆیەمی حكومەتی كوردستان دەكرد، لە دوای هەنگاوەكانی چاكسازی ئەوانە گومانیان نەماوە كە سەرمایەكانیان دەكەوێتە مەترسییەوە و چاكسازی هەموو ئەو داهاتە نایاساییان لە دەست وەردەگرێتەوە، بۆیە هەموو توانایەكەیان خستۆتەگەڕ، بۆ ئەوەی كۆسپی گەورە بۆ چاكسازییەكان دروست بكەن، بەڵام خەیاڵیان خاوە و ناتوانن رێگری لەو هەنگاوە پیرۆزانە بكەن، كە لە بەرژوەندیی خەڵكی كوردستان تەواو دەبێت.
بە دڵنیاییەوە ئەوانەی كە لە قۆناغێكی قورس و سەختدا ئەركی بەرپرسیارێتییان هەڵگرت و، ئەوەی لە توانایاندا بوو، بۆ خزمەتكردنی گەل ئەنجامیان داوە، ئێستاش سوود لە بیر و هزر و سەرچاوەی مرۆیی نوێی كارگێڕی و ئیداری وەردەگرن و چاكسازی و پاكسازیی ریشەییش بۆ نەه]شتنی گەندەڵی ئەنجام دەدرێت و، گەلی كوردستانیش هەر چاوەڕوانی ئەو هەنگاوە پیرۆزانە دەبن.
لە ئێستدا ، رێزدار مەسرور بارزانی وەك سەرۆكی حكومەتی كوردستان سەركردایەتیی شۆڕشێكی چاكسازی گرتووەتە ئەستۆ و رۆژ لە دوای رۆژ ئەو ئاواتەی میللەتی كورد كە چەندان ساڵە خۆزگەی بۆ دەخوازێ و، لە پێناویدا قوربانی و باجی گەورەی بەخشیوە، نزیك دەكاتەوە. بەڵام ئەوەی جێگەی هەڵوەستەكردنە ئەوەیە كە لەم دۆخەدا ناوچەكە و عێراق و كوردستان و جیهان بەگشتی بە قەیرانێكی داراییدا گوزەر دەكەن، هەر بۆیە لە كوردستان بەتایبەتی دەبێت هەنگاوەكانی چاكسازی زۆر پەلەی تێدا بكرێت.
ئەو لایەنانەی سەر و بنی زمانیان چاكسازی بوو، ئێستا هەوڵەكانیان بۆ ئەوەیە چاكسازی بوەستێندرێت، بۆ ئەوەی مشەخۆرەكانیان زیز نەبن، بۆ ئەوەش دەست بۆ هەموو سیناریۆیەك دەبەن، بۆیە كار گەیشتە ئەوەی وەزیری ناوخۆی هەرێم بە ڕوونی بە خەڵكی گوت: "ئەوانەی پێشتر بانگەشەی چاكسازییان دەكرد، ئێستا ڕێگری سەرەكین لەو پرۆسەیە..." بەڵام بڕیارەكانی سەرۆكی حكومەتی كوردستان رێزدار مەسرور بارزانی بە ئاراستەی جێبەجێكردنی ئەو پلان و ستراتیژییانەن كە كوردستانێكی بە هێزتری لێ دەكەوێتەوە.