مەرامەکانی ئەمریکا لە پرۆژە یاسای قەیسەر
June 6, 2020
وتار و بیروڕا
یاسای قەیسەر چیە ؟
ئەم یاسایە بە مەبەستی پاراستنی گەلی سوریا ئامادە کراوە، جگە لەوەی مەرامی سیاسیشی لە پشتەوەیە.
بە پێی ئەو یاسایە سەرۆکی سوریا و رژێمەکەی دەکەونە بەر سزادان بە تومەتی ئەنجامدانی تاوانی جەنگ لە دژی گەلی سوریا.
لە ساڵی ٢٠١٦ ئەم پڕۆژە یاسایە ئامادەکراوەو کاری لەسەر دەکرێت زۆ ئەوەی لە ئەنجومەنی پیرانی ئەمریکا پەسەند بکرێت، لە ساڵی ٢٠١٩ وەکو پرۆژە یاسایەک لە لایەن ئەنجومەنی پیرانەوە پەسەند کرا و دواتر لە لایەن سەرۆکی ئەمریکاوە واژی لەسەر کرا.
هەنگاوی دواتری ئەوەبو کە تێچووی ئەم پڕۆژە یاسایە خرایە سەر بودجەی گشتی ئەمریکا بۆ ساڵی ٢٠٢٠، کە بەمەش دەتوانرێت پڕۆژەکە بکەوێتە بواری جێ بە جێ کردنەوە.
بە پێی ئەم پڕۆژە یاسایە ژمارەیەکی نوێی سزا بەسەر سەرۆکی سوریا و ژمارەیەک لە بەرپرسانی رژێمەکەی دەسەپێندرێت، هەروەها ئەو سزایانە ئەو لایەنانە دەگرێتەوە کە بە هاوپەیمانی سوریا حساب دەکرێن، هەروەها ئەو کۆمپانیایانە دەگرتەوە کە بە جۆرێک لە جۆرەکان هاوکاری رژێمی سوریا یان کردووە.
جگە لەو کارگە و کۆمپانیا یانەی ناوخۆی سوریا کە لە چوارچێوەی بناغەی ئابوری و وزە و سەربازی ڕۆلیان هەبووە، لە دواییش دا بانکی ناوەندی سوری دەگرێتەوە ئەگەر سەلمێندرا کە ئەو بانکە کاری سپی کردنەوەی پارەیان کردووە بۆ بەرژەوەندی رژێمی سوریا.
لە زیاتر لە پڕگەیەک دا لەو پڕۆژە یاسایەدا، ئاماژە بە روسیا و ئێران و ژمارەیەک لە پەرپرسانی ئەم دوو وڵاتە دەکرێت، کە بەشێک لە سزاکان ئەوانیش دەگرێتەوە وەکو دوو لایەنی هاوپەیمانی رژێمی سوریا.
ئەو پڕۆژە یاسایە دەستهەڵات دەداتە وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا کە هاوکاری ئەو رێکخراو و لایەنانە بکات کە دەتوانن بەڵگە لەسەر ئەو کەس و لایەنانە کۆ بکەنەوە کە تاوانی جەنگیان لە دژی گەلی سوریا ئەنجامداوە هەر لە ساڵی ٢٠١١ و بۆ سەرەوە، بۆ ئەوەی لە رووی یاسایی یەوە رووبەرووی دادگا بکرێنەوە.
هەر بۆیە وەزیری دەرەوەی ئەمریکا مایک پۆمپیو، لە لێدوانێک دا رایگەیاند، پەسەند کردنی ئەم پڕۆژە یاسایە هەنگاوێکی گرنگە لە پێناو سزادانی سەرۆکی سوریا و رژێمەکەی.
لە بڕگەیەکی تری ئەم پڕۆژە یاسایەدا هاتووە کە سەرۆکی ئەمریکا بۆی هەیە ئەو سزایانە رابگرێت، ئەگەر رژێمی سوریا ئامادە بوو بۆ دانوستاندن.
مەرامەکانی ئەمریکا لەم پڕۆژە یاسایە، تەنها سزا دان و لاواز کردنی رژێمی سوریا نیە، بەڵکو دەیەوێ هەموو ئەو لایەنانەی دەستیان لە کێشە ناوخۆییەکانی سوریا دا هەیە، ناچار بکات بە دوای چارەسەریێکی سیاسی بگەرێن بۆ دۆخی سوریا،
بەو پێیە، ئەمریکا دەیەوێ پلانە ستراتیجیەکەی خۆی لە ناوچەکە جێ بە جێ بکات، کە چتند خاڵێک لە خۆ دەگرت :-
١- خۆ پاراستن لە روبەروبونەوەی راستەوخۆ لەگەل روسیا، لە هەمان کات دا شکست هێنان بە پلانەکانی روسیا لە ناوچەکە و ناچارکردنی کە رازی بێت بە پلانەکانی ئەمریکا زەو پێیەی هەندێک لە بەرژەوەندیێەکان پارێزراو بن.
٢- کورت کردنی دەستی ئێران و کۆتایی هێنان هەژمونی لە ناوچەکە، بە تایبەت لە سوریا و لوبنان، بەو واتایەش لە عیراقیش دەبێ بکشێتەوە کە دەستهەڵاتی لە عیراق گرێدراوە بە قۆڵایی دەستهەڵاتی لە سوریا.
٣- پاراستنی بەرژەوەندییەکانی ئابوری ئەمریکا بە تایبەت لە رووی پتڕۆلەوە، کە ئەمریکا ئەو پلانەی بەستۆتەوە بە پلانە ستراتیجیەکانی بۆ باشور و رۆژئاوای کوردستان.
٤- جێگیر کردنی سیستەمی پاتریۆت لە باشور و رۆژئاوای کوردستان، دەرهاوێژتە سیاسی و سەربازی خۆی هەیە، کە ئامانجەکانی ئەمریکا تێیدا دیارن.
زۆر پێویستە لەو قۆناغەدا، سەرکردایەتی سیاسی کورد لە هەرێمی کوردسان هەول بدات کێشەکانی هەرێم لەگەڵ حکومەتی مەرکەزی بخاتە ناو قالبێکی نێو دەوڵەتی و بیکات بە بەشێک لە ستراتیجیەتی ئەمریکا لە ناوچەکە، تا بتوانێت بە رێکەوتنێکی نێو دەوڵەتی مەفەکانی دەستەبەر بکات لە چوارچێوەی دستوری فیدڕالی دا، کە هیچ دەرفەتێک نەمینێت بۆ حکومەتی مەرکەزی بۆ دژایەتی هەرێمی کوردستان بکات لە تەواوی ئەو بابەتانەی کە تا ئێستا خاڵی ناکۆکین لە نیوان هەولێر و بەغدا.