کۆڕۆنا، و دوای کۆڕۆنا!

کۆڕۆنا، و دوای کۆڕۆنا!

وەک ئاشکرایە، کۆڕۆنا پەتایێکی جیھانی گشتگیر و بێ جیاوازیە، ھەروەک چۆن لە بڵاوبوونەوەی سنوور نازانێت و لە دەرفەتێکی بچووکی ناپەبەندی بە ڕێنوێنیە تەندروستیەکان خۆی بەدەر دەخات، ھەتا بتوانێت کارا دەبێت و مەترسی لەسەر ژیانمان دروست دەکات، ھەروەک ئەو بارودۆخەی ئێستا ئێمە تێیدا ژیان بەرێ دەکەین و بۆ ھەموومان زۆر روون و ئاشکرایە کە دەرئەنجامی ئەو ناپابەندیە گشتگیرە بوو بە رێنوێنیە تەندروستییەکان لە ماوەی رۆژانی رابردوودا. بە ھەمان شێوەش لێکەوتەکانی گشتگیر و بێ سنوور و بێ جیاکاریین، لێکەوتە کۆمەڵایەتی و ئابوورییەکان کاریگەریان لەسەر تاک بە تاکی مرۆڤایەتی لەسەر ئەم جیھانەدا ھەیە.
تاکو ئێستا ئەوەی پێویست بوو لەسەر پەتای کۆرۆنا گوترا و بڵاوکرایەوە. لە راستیدا ئەوەی گرنگە لێکەوتەکانی دوای کۆرۆنایە،مەبەست لە دوای کۆرۆنا ئەو ژیانەیە کە ئێستا ئێمەی تێدایە! کاریگەری لێکەوتەکان پەیوەستە بە دۆزینەوەی چارەسەر بۆ ئەم پەتا جیھانیە، لێکەوتەکان لەگەل دۆزینەوەی (ڤاکسێن) راستەوخۆ کاریگەریان کەم نابێتەوە، بەڵکو پەیوەستە بە ھەبوون و بەردەستبوونی ڤاکسێن لە گشت ولاتانی جیھان. لێکەوتەکانی پەتای کۆرۆنا یاخود (کۆڤید١٩) شێوازی ژیانی داھاتوومان دەگۆرێت! لەگەڵم بن:
لە رووی کۆمەڵایەتیەوە:
 ئیتر، من وە تۆ! ئەبێ لە مێشکی خۆمان بی چەسپێنین، ڤایرۆسی کۆرۆنای ١٩ دوژمنی مرۆڤایەتیە و بێ جیاوازی مەترسی لەسەر ژیانی تاک بە تاکی مرۆڤەکان دروست دەکات، لە کاتێکدا کە ئێمە بە پێ ی پێویست پێیگیری رێنوێنیە تەندروستیەکان نەبین. کەواتە بۆ ئەوەی بەردەوام بین لە ژیانی لەگەل کۆرۆنا و رووبەرووی ئەو دوژمنە سەرسەختەی مرۆڤایەتی ببینەوە، وە خۆمان و خۆشەویستانمان پارێزراو بن، ئەبێت رێنوێنیە تەندروستیەکان بکەین بە ھاورێ و بنەمای ژیانی تاک بە تاکمان.
 ژیان لەگەل کۆرۆنا زۆر جیاوازترە لەو ژیانەی کە پێش کۆرۆنا ھەمان بوو، کۆرۆنا کولتور و نەریتی نیە، ھەر بۆی گرنگ نیە کە نەریت و کولتور چی یە و تایبەتمەندی گرنگیەکەشی لە چی دایە، کەواتە من و تۆ وەک مرۆڤ ئەبێ کولتور و نەریتمان بگونجێنین، ئیتر ئەبێت وا ھەست بکەین، تەوقە و ماچ و لێک نزیکبوونەوە دوژمنی مرۆڤایەتین، ئەبێ واز لە ھەست و سۆز بھێنین و مرۆڤایەتی و مانەوەی کۆمەلگە بە تەندروست، مەبەست و ئامانجمان بێت.
 ڤایرۆسی کۆرۆنای ١٩ پەتایێکی کوشندەی جیھانیە، دوژمنی ژیان و دۆستی مەراسیم و بۆنە کۆمەڵایەتیەکانە! کاتێ کە مرۆڤ خولیای بەردەوامبوونی ھەبێت لەسەر ئەنجامدانی بۆنە و مەراسیمی کۆمەڵایەتی، ئەو کات کۆرۆنا مەترسی زیاتر دەبێت بۆ سەر ژیان و کۆمەڵگا و ئاھەنگی لەناوچوونی مرۆڤایەتی دەگێرێت، ئیتر با مرۆڤایەتی لەمە بە ئاگا بێت کە ئەنجامدانی بۆنەیەکی کۆمەڵایەتی وەک پرسە یاخود ئاھەنگ یانیش جەژن وە...ھتد، کە لە رووی ئەنجامەوە کاریگەریان کەمتر نیە لە چەکی کیمیاوی و بۆمبارانی ئەتۆمی بۆ سەر ژیان و مرۆڤایەتی.
کەواتە، لە رووی کۆمەڵایەتیەوە ژیانێک چاوەرێمان دەکات کە تەواو جیاوازە لە ژیانی پێش سەرھەڵدانی پەتای (کۆڤید١٩)! شێوازی ژیان و چوونە سەرکار و بەشداری کردن لە بۆنە و مەراسیمەکان بە تەواوی جیاواز دەبێت! ئەو ئازادییەی لە رووی بەرێوەبردنی ژیان کە پێش کۆرۆنا ھەبوو، لەوانەیە ئیتر دەرفەتی ئەو ئازاداییەی ژیانمانی جوانتر کردبوو ئێستا لە رووی شێوازی ژیان کردن نەبێت یاخود بەرەو نەمان بچێت، ھەر کاتێکیش پابەند نەبین بە رێنماییەکان مەترسیەکی گەورە دروست دەبێت لەسەر ژیانمان. لەلایەکی تریشەوە ھەبوونی چەندەھا پرۆگرامی تایبەت بە کۆر و کۆبوونەوەکان وە ھەروەھا زیادکردنی ئەو تایبەتمەندیە لە تۆرەکۆمەلایەتیەکانی وەک فەیسبووک و گووگل ...ھتد وە ھەروەھا سەرەتای پەیدابوونی ئێنتەرنێتی (٥G)، کۆمەلە ئاماژەیەکی زۆر روون و ئاشکرا-ن بۆ ژیانی داھاتوومان لەسەر بنچینە تایبەتمەندیەکانی تۆری ئێنتەرنێت کە لە ئیستا و داھاتوو دا پێشکەش بە دانیشتوانی سەر گۆی زەوی دەکرێت و دەکرێ ببێتە بەدیلیک بۆ شێوازی ئێستای ژیانمان. تا دەرفتە لەم بوارەدا تواناکانتان پەرە پێدەن، ئەگەر نا، شەمەندەفەری ژیانی نوێ بە جێتان دەھێلێت!
لە رووی ئابووریەوە:
 کەرتی نەوت، گەشتیاری، وەبەرھێنان، پیشەسازی، بازار کردن، بەدور نەبوون لە لێکەوتەکانی پەتای کۆرۆنای جیھانی، نوێبوونەوە و گونجاندن لەگەل رادەی بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسی کۆرۆنا ئەرکێکی لە پێشینەیە بە مەبەستی ھێنانەکایەوەی سەقامگیری لە کەرتی ئابووریدا.
 بەشێکی زۆر لە وڵاتان، کەرتی سەرەکی بۆ مەبەستی بەدەستکەوتنی داھات، کەرتی گەشتیاریە. کە ئێستا لە لێواری داڕمانە، بەڵام لە ھەمانکاتیشدا ژیان بەردەوامە و خولیا مرۆڤ کۆتا نەھاتووە، بۆیە نوێگەرایی و پێشکەش کردنی خزمەتگوزاری تایبەت بە خۆ گونجاندن لەگەل پەتای کورۆنا پێویستیەکی زەروریە، ئەرکی زۆربەی ئەو وڵاتانەیە کە پایەکانی ئابووری-یان لەسەر کەرتی گەشتیاری بنیات ناوە، خزمەتگوزاری زیاتر پێشکەش بەو گەشتیارانە بکەن کە سەردانی وڵاتەکانیان دەکەم بە مەبەستی گەشتیاری. بۆ نموونە ھەر کەسێک کە بە مەبەستی گەشتیاری سەردانی وڵاتێک بکات ئەگەر بێت و توشی ڤایرۆسی کۆرۆنا ببێت، وڵاتەکە خەرجی چارەسەر کردن بگرێتە ئەستۆ، یاخود دابین کردنی خزمەتگوزاری بێ بەرامبەری خۆپارێزی لە ڤایرۆسی ناوبراو. ئەکرێ ئەوەی ئاماژەم پێدا یەکێک بێت لەو رێکارانەی کە وەک خۆ گونجادن لەگەل بارودۆخی ژیان یاخود گەشتیار لەگەل پەتای کۆرۆنا بێت.
 کەرتی پیشەسازی و بەرھەم ھێنان و بازارکردن، ھەتا بکرێت نوێگەرایی دەکەن و ھەوڵدەدەن تایبەتمەندی تایبەت بە بارودۆخی ئێستای ژیان لەگەل ڤایرۆسی کۆرۆنا لە بەرھەمەکاندا ھەبێت و سەرنجی کریاران رابکێشن و بە ئاسانترین شێواز مامەڵەکان ئەنجام بدرێن. ھەرچی کەرتی بازارکردن بێت ئیتر زیاتر لەسەر شێوازی ئۆنلاین و گەیاندن پەرەیپێدەدرێت، پرۆسەی بە بازارکردن وە ھەروەھا بازارکردن دەبێتە ئۆنلاین.
 لەرووی وەبەرھێنان و بانکدا پارەی کاش لەو وڵاتانەی کە تا ئێستا مامەلەی بازار و چاڵاکییەکانی تری ئابووری پێدەکرێت ، ھەولێک دەدرێت دەور و کاریگەری کاش لاوزبکرێت و زیاتر مامەلەکان لەسەر بنەمای کریدیت کارتەکان و ماستەر کارد ئەنجامبدرێت، مامەڵەی کاش چ بۆ مەبەستی بازارکردن یاخود ھەر جۆرێکی تر بێت نەمێنێت یاخود بەشێوەیەکی بەرچاو کەم ببێتەوە.
ھەروەک روونە بۆ ھەر تاکێکی ئەم جیھانە، سەرەرای ئەوەی کۆرۆنا پەتایێکی جیھانیە و رۆژانە ھەوڵی ئەوە دەدات ئازیزانمان لە دونیا کۆچ بکەن و بەجێمان بھێلن. بەڵام ئەرکێکی تریشی وەک ئامرازێکی کاریگەر دەرکەوتووە کەوا شێواز و ھەڵسوکەوت و نەریت و کولتورمان بگۆرێت و ئازادی لە شێوازی ژیان کە مافی ھەر تاکێکمانە سنووردار دەکات.
ژیان بەردەوامە، مرۆڤیش خۆلیا و ئارەزووی بێ کۆتایە، مرۆڤ و جیھان تا راددەی پێویست خۆی دەگونجێنێت و ئیتر ھەر وەک چۆن مرۆڤ لە ترسی گیانلەبەرێکی درندە ھیچ کات بێ چەک ناچێت بۆ دارستانێکی چر، ھەر وەھاش ناچێت بۆ دەرەوەی ماڵ بێ دەمامکێکی ئێن نەوەد و پێنج! بۆ؟ لەبەر کۆرۆنا.
Top