قەیرانی عەقڵ دایکی سەرجەم قەیرانەکان!

قەیرانی عەقڵ  دایکی سەرجەم قەیرانەکان!

لە کۆمەڵگەی ئێمەدا زۆرجار لە شاشەی تیڤیەکانەوە یاخود لەلایەن ھاوڵاتیانەوە گوێبیستی وشەی (قەیران) ئەبین، یەکسەر بیرمان بۆ (قەیرانی مووچە، قەیرانی نەوت و بەنزین، قەیرانی ئاو و کارەبا، چەندین قەیرانی دی دەچێت، ھۆکاری بەشێکی زۆری درووست بوونی قەیران خودی تاکی نێو کۆمەڵگایە، واتە ھاوڵاتی خۆیەتی چونکە پشت دەبەستێ بە ھەواڵی بەبێ بنەما و ناڕاست و نافەرمی، ھەروەھا لە سەرووی ھەموو ئەم قەیرانانەوە کە بە دایکی ھەموو قەیرانەکان دادەنرێ ئەویش (قەیرانی عەقڵ)ە کە بەداخەوە لای بەشێکی زۆری ھاوڵاتیان بوونی ھەیە، کە بەداخەوە لە ڕێگەی ئەم قەیرانی عەقڵەوە ئەبێتە سەرچاوەی بنیاتنانی قەیرانەکانی تری کۆمەڵگە کە دواجار خودی ئەو کەسانە ئەیگەڕێننەوە بۆ (سیاسەت، حکومەت، ئابووری) بەڵام بە پێچەوانەوە ئەمە ھۆکاری ئەو سێ بەشە نییە، بەڵکو بەم شێوەیە دەبێتە دەسپێکی دواخستنی پێشکەوتنی کۆمەڵگە، بەداخەوە بەمجۆرە کەسانە ئەوترێ (عەقڵ سفر کیلۆمەتر) چونکە خۆیان کار بە عەقڵیان ناکەن، بەڵکو لە پشتی ھەر قەیرانێکی نێو کۆمەڵگە کەسانێکی تێکدەر لە پشتی پەردەوەن و پیشەیان دەرھێنەری ئەو شانۆ تێکدەرانەن کە ڕۆڵ و کارەکتەرەکان ئەدەن بەو مرۆڤانەی کە قەیرانی عەقڵیان ھەیە و دواجار یاری بەعەقڵیان ئەکەن و ھەمیشە وەک ئامڕازو کەرەستە بۆخزمەتی بەرژەوەندی کەسی و حزبی و گرووپی خۆیان بەکاریان ئەھێنن، نموونەی زیندووش ئەمساڵی وەکو (شاسوار عەبدولواحید) و ئەمساڵیەکانیانە کە ھەمووان بە چاوی خۆمان بینیمان ئامانجی داواکاری و مافی ھاوڵاتیان نەبوو، بەڵکو ھۆکار و ئامانجی تێکدانی ڕەوشی ھەرێمی کوردستانە و خۆڵ کردنە چاوی ھاوڵاتیانی ھەرێمی کوردستانە و خۆدزینەوە و ڕاکردن و لەبیرکردنی قەرزەکانییەتی بەرامبەر بە ھاوڵاتیان و حکومەت، لایی ھەمووان ڕوون و ئاشکرایە مەرام و پیلانە گڵاوەکانی وەکو ھەمیشە و ڕابردوو شکست دێنێت، ئەمەش دواجار وەڵامی ھاوڵاتیان بەو جۆرە ئەبێ کە لە نێو خۆپیشاندەران ڕاویان نا، بۆیە پێویستە ھاوڵاتیان وردبین و وریابن و ھەڵنەخەڵەتێن بەم سیناریۆیانە و چیدیش ڕێگە بەم جۆرە کەسانە نەدەن، کە ڕەوش و ماندووبوونی ڕۆڵە قارەمانەکانی پێشمەرگە کە سەدەیەکە خەبات ئەکەن لە پێناو ئەمڕۆی ئازادی کوردستان کە بە خوێنی خۆیان قوربانییانداوە بۆیە با خوێن و ھەوڵ و ماندووبونیان لە بەرچاو بگیرێت، با دووبارە ھەمووان پێکەوە دەست لە ناو دەست تێکدەران و خیانەتکاران و جاشی عەیار٢٤ەکان ڕاپێچی یاسا و دادگا بکەین، ھەروەھا ھەمووان پێکەوە ھاوکاری حکومەتی ھەرێمی کوردستان بین و کوردستانێکی بەھێز بنیات بنێن.
ھەروەھا ئەگەر باس لە ھۆکاری ئەم ڕووداوانەش بکەین ئەوە ئەگەڕێتەوە بۆ پەروەردەی خێزانەکان یاخود سیستەمی پەروردەی خوێندن و کار کردن، لەسەر بە ڕۆشنبیری کردنی کۆمەڵگە ھەروەھا ھۆکارێکی دیکە ئەوەیە کە بە داخەوە ھیچ ئینتیما و دڵسۆزیەک بۆ خاک و وڵات نییە، بە پێچەوانەوە ھەندێک ھەن تەنھا بەدوای پارە و پلەو پۆست و خواردن و دەستکەوتی تاکە کەسی و حزبی و بازرگانی دا دەگەڕێن.

بۆیە کاتێک قەیرانی عەقڵ بوونی ئەبێ جۆرەھا قەیران لەسەرمان کۆئەبێتەوە و لە کۆتایی ئەبن بە کێشە بۆ کۆمەڵگە و حکومەت، بۆیە من دەڵێم قەیرانی عەقڵ دایکی ھەموو قەیرانەکانە لە کۆمەڵگەی ئێمەدا.
قەیرانەکان بریتین لە:
* قەیرانی زانیاری، پڕوپاگەندەی بێ بنەما.
* قەیرانی ئابووری، دابەزین و بەرزبوونی نرخەکان.
* قەیرانی دارایی، کێشەی نەمانی مووچەی فەرمانبەران.
* قەیرانی مرۆیی، زۆربوونی توند و تیژی و تێکدان.
* قەیرانی ناوبانگ، ناوزڕاندن.
* قەیرانی ڕووداوە سروشتیەکان، بوومەلەرزە، زریان، ئاگر کەوتنەوە.

چارەسەری قەیرانەکان:

* پەیوەندی و ھەماھەنگی لەگەڵ خاوەن مافەکان (خۆپیشاندەران)
* ناسین و ھەماھەنگی پەیوەندی لە نێوان رێبەرەکان و حکومەت
* زانینی سەرچاوەی ھۆکاری سەرھەڵدانی قەیران
* خۆڕێکخستن بۆ رووبەڕووبوونەوە و خۆپارێزی ‌
* پۆزەتیڤ بوون و مامەڵەی ھێمنی ھێزە ئەمنییەکان بەرامبەر بە خۆپیشاندەران بە مەبەستی دەروونی ھەمووان تاکو کۆنتڕۆڵی جڵەو و توڕەی خۆپیشاندەران بکرێتەوە
* ناسینی خاڵ بە خاڵی داواکاریەکان
* گرتنەبەر و پیدانی چەندین جۆری چارەسەر بۆ قەیرانەکان
لە کۆتاییدا ئەوەی پێویستە لەسەر خودی ھەر کەسێک لایی خۆیەوە دەست بە چاکسازیەکی بەرفراوانی فکری (عەقڵی) خودی خۆی بکات بۆ گۆڕینی سیستەمی (عەقڵی کۆمەڵایەتی)مان، داواکارم و ئومێدەوارم سەرجەم ڕێکخراوەکان و چالاکوانانی مەدەنی و ڕۆشنبیر و ھونەرمەندان و حزب و مامۆستایانی ئاینی بە ئەرکی سەر شانی خۆیان بزانن و ھەوڵ بۆ درووست بوون و بنیاتنانی کۆمەڵگەیەکی ڕۆشنبیر و پێشکەوتووتر بەرھەم بھێنن.
Top