چاکسازی لە بەرژەوەندی ھەمووانە

چاکسازی لە بەرژەوەندی ھەمووانە

کوردستانێکی بەھێز یەکێکە لە بەڵێن و دروشمەکانی پارتی دیموکراتی کوردستان لە پێکھێنانی کابینەی نۆییەمی حکومەتی ھەرێمی کوردستان بە سەرۆکایەتی جەنابی کاک مەسروور بارزانی.
گومانی تێدا نییە دروستکردن و بونیادنانی کوردستانێکی بەھێز پێویستی بە حوکمڕانییەکی رەشید و دامودەزگایەکی بەھێزی یاسای دەبێتە تا لە رێگایەوەی بەرەنگاری گەندەڵی و نادادپەروەری ببینەوە کە مەترسییەکی گەورەی لە سەر دەستکەوتە مێژووییەکانی خەڵکی کوردستان دروستکردووە ھیچی لە مەترسی ئەنفال و کیماباران و داعش کەمتر نییە لە سەر ئەزموونی ھەرێمی کوردستان.
گەندەڵی و نادادپەروەری چیدیکە بابەتێکی شاراوە و نھێنی نییە، بەڵکو ھەڕەشەیەکی گەورە و مەترسیدارە لە سەر ھەموو سێکتەرەکان، پارتی وەکو حیزبی براوەی ھەڵبژاردنەکان بە ھاوبەشی لەگەڵ یەکێتی نیشتمانی کوردستان و بزووتنەوەی گۆڕان لە پێکھێنانی کابینەی نۆییەم بەڵینی بە ھەموو خەڵکی کوردستانداوە کە چاکسازی ریشەی لە ھەموو بوارەکان دەکات، ئامادەشە ھەموو قوربانییەکی بە دەستکەوتی حیزبی و شەخسی بدا، جەنابی کاک مەسروور بارزانی وەکو مرۆڤێکی خاوەن دیسپلینی بەرزی کوردایەتی و کەسێکی دەستپاک بەڵێنیداوە کە لە بەرەی خەڵک و ھەژاران دەبێ، ناھێڵی چیدیکە کۆمەڵیک بەرپرس و بازرگان کە تۆڕێکی ھاوبەشی بەرژەوەندیان دروستکردووە یاری بە داھات و چارەنووسی خەڵک بکەن.
گەندەڵی لە نێو ھەموو حیزبەکان بە رێژە و قەبارەی جیاواز ھەیە بۆیە بەرەنگاربوونەوەی گەندەڵی پێویستی بە کاری پێکەوەی و ستراتیژی ھاوبەش ھەیە خۆشەبەختانە لە پەسەندکردنی یاسای چاکسازی ئەو خواستە لە لایەن ھەر سێ لایەنە سەرەکییەکەی پێکھێنەری حکومەت (پارتی، یەکێتی و گۆڕان) بەدیکرا.
ئێستا کاتی ھەنگاوە گەورەکە ھاتووە کە ئەویش جێبەجێکردنی یاسای چاکسازییە کە بە دەنگی زۆرینەی پەرلەمانتاران شەرعییەتی یاسایی وەرگرتووە، ئەو یاسایە لە بەرژەوەندی تەواوی خەڵکی کوردستان و حیزبەکانە تەنیا لە دژی گروپ و چەند کەسانێکە کە چەندین ساڵە لە پاڵ ناونیشانی جیاواز داھات و دەسەڵاتیان خراپ بەکارھێناوە.
بۆ دابینکردنی مووچەو جیاکردنەوەی فەرمانبەری راستەقینەو بندیوارو خەڵکی ناشایستەو زیادکردنی داھات باشترین کارو شت جێبەجێکردنی یاسای چاکسازییە.
ئەندام پەرلەمانی خولی چوارەمی ھەریمی کوردستان*

Top