یاسای چاکسازی سەرەتا – گرفتەکان – دەرئەنجام

یاسای چاکسازی سەرەتا – گرفتەکان – دەرئەنجام

پرۆژە یاسای چاکسازی لە ھەرێمی کوردستان بەرھەمی دوو کابینەی حکومەتی ھەرێمە بۆ ڕێکخستنەوەی باری دارایی و کاری ئیداری و رێگە گرتن لە بەھەدەردانی سامان و داھاتی نیشتمانی لە ھەرێم و سنور دانان بۆ گرفتە ئابووریەکان کە ناوە ناوە لە لایەن حکومەتی اتحادی لە بەغدا وەک چەکێک لە دژی ھەرێم بەکاری دەھێنن .
ھەموو لایەک دەزانن ئەم پرۆژە لە کابینەی ٨ی حکومەتی ھەرێمی کوردستانەوە ئامادەکرا، بەڵام ھەر ئەو سەردەمە بە داخەوە دژایەتی زۆر کرا و نەچووە پرۆسەی دەنگدان لە پەرلەمانی خولی پێشوو زۆرینە دژی چاکسازی بوون ، ئەو پەرلەمانەی لە ساڵانی ٢٠١٤ – ٢٠١٨ گرفتی زۆر گەورەی بۆ ھەرێم دروست کرد و ھیچ دەسکەوتێکیشی بۆ ھەرێم نەبوو تاکە بریار دەکرێت شانازی پێوە بکات ڕەزامەندییان بوو لە سەر بڕیاری ناردنی ھێزی پێشمەرگە بۆ کۆبانی کە لە لایەن سەرۆکی ھەرێمی کوردستان (ڕێزدار جەنابی مسعود بارزانی) درابوو ، ھەر بۆیە پرۆژەکە بۆ کابینەی نۆیەم بەجێما و دوای پێداچوونەوە و رێکخستنەوەی ڕەوانەی پەرلەمانی کوردستان کرا و بەو پێیەی پارتی دیموکراتی کوردستان زۆرینەی ڕەھای لە پەرلەمان ھەیە ( بەھاوکاری دۆست و نزیکەکانی لە سیاسەتی پارتی ) رێگری کردن لەو پرۆژە یاسایە وەک محال ھاتە بەرچاو و بەناچاری حزبەکانی تر ھاتنە ژێر باری تێ پەراندنی لە پەرلەمان و کرایە یاسا .
ھەر ئەمە وادەکات بڵێین مادام ئەم پرۆژە یاسایە ھی ئەنجومەنی وەزیرانی ھەرێمە و لە پەرلەمان کرا بە یاسا پێویستە کاربکرێت بۆ جێ بە جێ کردنی ئەمە جگە لەوەی بارودۆخی ئابووری ھەرێم وا دەخوازێت پەلە بکرێت تا جۆرێک چارەسەر بۆ گرفتەکان دابنرێت ، سەڕەرای ناڕەزایی زۆری جەماوەری لە نەھاتنی مووچە و نەبوونی توانایی دارایی بۆ پەرەپێدان و پرۆژەکان و ھەلی کار .... ھتد.
پاڵپشتیەکان :-
دوای دەرچوونی یاساکە جۆریک ئومێد لای لایەنە دژبەرەکانی یاساکە ھەبوو کە نەچێتە بواری جێ بە جێ کردن ، لێ ئەم ئەگەر و تەمەننایە ھەر زوو کاڵ بووەوە کاتێک بە واژووی ڕێزدار مسرور بارزانی سەرۆکی ئەنجومەنی وەزیران بە بڕیاری ژمارە (٤١) لە ١١/١٢/٢٠١٩ گشتاندن بۆ سەرجەم وەزارەت و دەستەکان و لایەنە پەیوەندی دارەکان کرد و لیژنەکانی تایبەت دەست بەکاربوون و کار گەیشتە ئەوەی ئەگەر بارودۆخی ئابووری و ڤایرۆسی کرۆنا نەبوایە جێ بە جێ کردنی ھەندێ بڕیار بە دەرکەوتبوون لە یاسای چاکسازی لە خانەنشین و مووچە و دەرماڵە و بەخشین و ئیمتیازاتەکانی دیکە لە ھەرێمی کوردستان .
ئامانجەکانی ئەم یاسایە ڕوونن وەکو لە بەشی یەکەمی یاساکە و لە ئامانجەکەی دیارە بەرجەستە کردنی بنەماکانی یەکسانی و دادپەروەریە و بە دامەزراوەیی کردن و یەکخستنی دامەزراوەکان و چالاککردنی سندوقی خانەنشینی نیشتمانی و ڕێکخستنەوەی خانەنشین و مووچەی پلە باڵاکان ...ھتد.
لە سۆنگەی ئەم ئامانجانە زۆر بە ڕوونی دەردەکەوێت کارێکی ئەستەم و پڕ کێشە لە بەردەم حکومەتی ھەرێمە ، ھەر لە بەر ئەوەی دەست بۆ زۆربەی جومگەکان براوە کە گرفت و ناڕەزایەتی تێدایە و پێویستی بە پێداچوونەوە و ڕێکخستن و کەم و زیاد کردن ھەیە ئەمەش وادەخوازێت کەشێکی ئارام ھەبێت تا بتواندرێت چارەسەریەکانی چاکسازی بەپێی یاساکان و ئەو ڕێنمایانەی پێوەی دەرچوونە و دەردەچن بخرێتە بواری جێ بە جێ کردن .
لەم بوارە دەکرێت بلێین پشتیوانیەکی جەماوەری بۆ جێ بە جێ کردنی یاساکە ھەیە و لە لایەکی تریش پارتی دیموکراتی کوردستان بە ڕوونی ڕای گەیاندووە لە گەڵ جێ بە جێ کردنی یاساکەیە و لە لایەکی تر بەو پێیەی لە ھەر دوو کابینەی ٨ و ٩ی حکومەتی ھەرێم پاڵێوراوەکانی پارتی سەرۆکی حکومەتی ھەرێمی کوردستان بوونە و ھەر دوو بەڕێزیش سەنگ و پێگەی دیاری ناو پارتین ئەم پشتیوانیە وەک حزب بۆ یاسای چاکسازی یەکلا بۆتەوە بەڵام لایەنەکانی تری نێو حکومەت بە ڕووکەش لە گەڵ یاساکەدان و کردویانەتە مەرج و قسەی ھەمیشەییان بەڵام لە دیفاکتۆ و کردار جۆرێکی تر مامەڵەیان بەرچاو دەکەوێت .
دژبەرەکان :
لە خاڵی پێشوو باسی گرفتی ئابووری و دۆخی نەخوازراو و ڤایرۆسی کرۆنا وەکو فشارێک لە سەر جێ بە جێ کرنی یاسای چاکسازی کرد لە گەڵ ئەمەشدا کۆمەلێک دژ و دژکاری لە بەردەم جێ بە جێ کردنی یاساکە بەڕوونی و بەتایبەتی دوای بریاری ژمارە (٤١) لە ١١/١٢/٢٠١٩ ئەنجومەنی وەزیران کەوتنە بەر دیدی جەماوەر و تەنانەت خەڵکیش وا گۆش کرا کە پێویستە خۆ بۆ ڕێپێوان و ناڕەزایی زۆر ئامادەبکرێت بەناو و بیانوی جیاواز کە دواترینیان مەسەلەی کەرەنتین و قەدەغەی ھاتووچۆ بوو ، بەڵام لە راستیدا دژایەتی جێ بە جێ کردنی چاکسازی خاڵی ئەم ھەڵسوو کەوتانە بوو کاتێک لە سنوری ئیدارەی پارێزگای سلێمانی و یان ڕوونتر لە کۆیسنجاق بەو لاوە بانگەشەی ناناوەندێتی کارگیری و دارایی ( اللامرکزیە اللڕداریە والمالیە ) خرایە ڕوو ئەوانە لە بواری یاسای دەستوری و کارگێری شارەزان زۆر باش دەزانن کە ناناوەندێتی چوارچێوەیەکی دیاری کارگێریە و دەکرێت لە بواری کارگێری بە پێی یاسا دەسەڵاتەکان فراوانتر یا کەمتر بکرێتەوە و نموونەی زیندووی ناناوەندێتی لە جیھاندا زۆرن، بەڵام لە ناناوەندێتی دەسەڵاتی دارایی فراوان نیە و ناکرێت ھەر بۆیە مەبەست لەم بانگەشەی ناناوەندێتی دارایی ڕوون و ئاشکرا خۆ دەرباز کردن بوو لە بریارەکانی لیژنەی چاکسازی بەتایبەتی لە بواری خانەنشین و بڕینی مووچەی ئەوانەی مافی وەرگرتنی ئەو مووچە زۆرە یان ئەو بڕە مووچەیان نیە .
سەڕەڕای ئەمەی سەرەوە دەکرێت ھەندێ دژبەرەکان لە خاڵی تر نیشان بدرێت وەکو :
١ـ تاک :- ھەندێ تاکی نێو کۆمەڵگە دژی یاسای چاکسازین بەو پێیەی جێ بە جێ کردنی ئەم یاسایە ڕاستەوخۆ کاریگەری لە سەر مووچە و جیاوکاریەکان ھەیە چ لە خانەنشین یان پلە باڵاکان و ئەوانەی بە ناڕەوا مووچەیان بۆ کراوە ئەم ژمارەیەش کەم نین و بە ڕاستەوخۆ و ناڕاستەوخۆ دژایەتی یاساکە دەکەن و دەکرێت بڵێین لە نیو سەرجەم حزبە کوردستانیەکان و ئەوانی تریش لەم جۆرە کەسانە ھەن لە سەنگەری پێشەوەی دژایەتی ئەم یاسایەن و بەداخەوەش ژمارەیان زۆرەو کاریگەرییان لە نێو کۆمەڵگە ھەیە .
٢ـ لایەنی سیاسی :- دوای وورد بوونەوە لە بانگەواز و جۆری قسە و ڕاگەیاندنی ھەندێ لایەنی سیاسی یان کاراکتەرە دیارەکانی نێو لایەنە سیاسیەکان بە ڕوونی دیارە کە چاکسازی لەو بوارانەی لە ئامانجی یاساکە دەرکەوتووە بەتایبەتی لە وەزارەتی پێشمەرگە و ڕێکخستنی خانەنشین و ڕێکخستنەوەی پاسەوانی و مووچەی پلە باڵاکان و بڕینی مووچەی ناڕەوا و دوو مووچە و زیاتر ، لایەنی سیاسی دیار ھەیە زەرەرمەندی گەورە دەبن و لایان وایە ئەم یاسایە و ئامانجە نادیارەکانی پشت یاساکە و ڕای نھێنی پارتی دیموکراتی کوردستان لەم یاسایە لێدانی ئەو لایەنە سیاسیە و کەم کردنەوەی پێگە و جەماوەر و دەنگ و ڕۆڵی ئاییندەی ئەو لایەنەیە لە نێو ئەمانەشدا دەکرێت بڵێین (ی . ن . ک) خۆی لەو بابەتە دەبینێت و تا ئێستاش نە لە خۆیان و نە لە نوێنەرەکانیان لە حکومەتی ھەرێم نەیانتوانیوە دڵنیایی خۆپارێزی لە جێ بە جێ کردنی یاساکە بدۆزنەوە نە پارتی دیموکراتی کوردستان و نەنوێنەرەکانیان لە حکومەت ئەو دڵنیاییەیان داوە یان دەیدەن بەو پێیەی لە یاسای چاکسازی پارتی دیموکراتی کوردستان و یەکێتی نیشتمانی کوردستان کە لە ساڵی ١٩٩٢وە حکومەتی ھەرێمیان پێک ھێناوە و پێکەوە ئیدارەی ئەم ھەرێمەیان کردووە (ساڵانی شەڕی ناوخۆ و دوو ئیدارەی لە بەر چاو بگرین کە تاک لایەنە بڕیاری زۆریان داوە )پشکی شێریان لە یاسای چاکسازی بەر دەکەوێت و کادر و ئەندامانی ئەوان زیاتر لە حزبەکانی تر بە پێی ڕێژەی جەماوەر و ناوچەی دەسەڵات بابەتە داراییەکان و ڕێکخستنەوەی دامەزراوەکان دەیانگرێتەوە ئەمەش بەدیھیە و ھیچ گفتوگۆیەک ھەڵناگرێت .
ھەندێ لایەنی تری سیاسی دژایەتی ناراستەوخۆی یاساکە دەکەن ئەمەش پەیوەندی بە جۆری پێکھاتن و پاڵپشتی ئەو لایەنانە ھەیە کە ھەر کارێکی ئەم کابینەیە یان پارتی دیموکراتی کوردستان بیکات ئەوان دژی دەبن و تەنانەت بابەتەکە پەیوەندی بە ڕەھەندی نیشتمانی و ئاییندەی ھەرێم و ژیانی خەڵکیش ھەبێت لە نموونە زیندووەکان دژایەتی ڕیفراندۆم لە ٢٥ ئەیلوولی ساڵی ٢٠١٧ و ئێستاش دژایەتی خۆپارێزی لە ڤایرۆسی کرۆنا کە بابەتی نیشتمانی و ئایندەی ھەرێم و ژیانی خەڵکە، بەڵام ئەو لایەنانە بە ڕوونی دژایەتی خۆیان ڕاگەیاندووە بە ناوی بەرەی ئۆپۆزسیۆن ھەرچی بێت دژایەتی دەکەن و لە یاسای چاکسازیش ھەروا دەرکەوتووە لە نێویاندا بەرەی ئیسلامیەکان و ھەندێ حزبۆکە بە ڕوونی دیارن .
٣ـ گروپ :- لەم نێوەندەدا ھەندێ گروپیش دەرکەوتوون و دژایەتی بریارەکانی حکومەتی ھەرێم و یاسای چاکسازی دەکەن کە ئامانجێکی ڕوونیان نیە چەندین دەستەی جیاوازیان ھەیە لە لایەک بە ناوی ڕێکخراوی کۆمەڵگای مەدەنی دژایەتی روونی دەکەن و گۆڤار و ڕۆژنامەو کەناڵە ڕاگەیاندنەکان بەکاردەھێنن ، بەشێکی کۆمەڵگە ڕایان وایە ئەمانە بە دەستی دەرەکی (ووڵاتانی دەوروبەر) دژایەتی ئەزموونی ھەرێم دەکەن جا ھەر بڕیار و کارێک بێت.
گروپی تر بۆ دەسکەوت و پارە و پوڵ دژایەتی دەکەن وەک باندی چەکدار لە نێو ھەندێ لایەنی سیاسی یان دەرەوەی ئەوانیش دەرکەوتوون نموونەی زیندوو ڕێگریکردن لە ھاتنی غاز بۆ شارەکانی ھەرێم لە وێستگەی غازی کۆرمۆر لە قادرکەرەم بە تایبەتی بۆ ھەولێر بوو ئەمانەش لە یاسای چاکسازی و ڕێکخستنەوەی دامەزراوە و بابەتەکان و لایەکی تری گرێبەست و دەسکەوتەکان زەرەرمەند دەبن و دژایەتی دیار دەکەن .
لێرەوە ناچینە نێو بابەتی گرێبەست گەورەکان وەکو نەوت و غاز و گوند و یەکەکانی نیشتەجێ بوون و بابەتە سەرەکیەکانی چیمەنتۆ و کارگەکان و ھێنانی جگەرە و خواردنەوە کحولیەکان و دەرمان و ئامێرە ئەلیکترۆنیەکان و چەندین بابەتی گەورەی تر کە ھەر یەکێک بۆ خۆی پێویستی بە لێکۆڵینەوە و بەدواداچوون ھەیە وەک گرفت لە بەردەم یاسای چاکسازی دەردەکەون و کاری زۆری دەوێت .
ئەوەی لە کۆتاییدا پێویستە بڵێین ئەمەیە کابینەی نۆیەم بڕیاری خۆی داوە و پەرلەمانیش زۆرینەیەکی پێک ھێناوە ( ھەرچەندە پێویستە پەرلەمان کارا بکرێتەوە و لەو رکودە دەربچێت کە نە بڕیارەکە و نە دوای بڕیارەکەش لە بارەی پارێزبەندی شایانی ئەوە نەبوو پەرلەمانی بۆ پەک بخرێت )، بەڵام جێ بە جێ کردنی یاساکە وەک نەشتەرگەری مێشک وایە پێویستە زۆر بە ئارامی بە ووردی کاری بۆ بکرێت تا لە کۆتادا بە سەر گرفتەکان زاڵ بین نەک گرفتی گەورەتر بێتە ئاراوە.
بە ھیوای سەلامەتی بۆ ھەموو ھاوڵاتیان و جێ بە جێ کردنی ئارامی یاساکە .
بەرپرسی لقی ٣ی پارتی دیموکراتی کوردستان*

Top