سەرکردایەتییەکی حەکیمانە ، لە قۆناغێکی ھەستیار ھیوا و ئومێدی کوردستانێکی بەھێزتر..
June 3, 2020
وتار و بیروڕا
ھەڵکەوتی جوگرافیایی ومێژوویی کوردستان کەوتۆتە نێو چەقی مڵمڵانێ وگرژی وڵاتانی زڵھێز وناوچەکە وبەتایبەت داگیرکەرانی کوردستان کە بەھۆی بەرژوەندییە تایبەتیەکانیان وایکردووە کە بەردەوام پرسی کورد وەک دۆزێکی رەوا لە ژێر ھێرش و داگیرکاری وگەمارۆدان بێت . بەڵام بە خۆراگری و قوربانیدان و خەباتی بێ وچان و کۆڵنەدان بەرانبەر بە ھێرش و پیلانگێرییەکان و بوونی سەرکردایەتییەکی حەکیمانە لە قۆناغە جیاوازەکان کوردستان توانیوێتی لە سەر پێی خۆی راوەست و بمێنێتەوە .
ھەموو گەلێکی ژێر دەستە ھەتا ئەو کاتەی کە دەبێتە خاوەنی قەوارەیەکی سەربەخۆی خۆی پێویستە لەخەبات و تێکۆشان نەوەستێ و ھەموو ھۆکارەکانی سەرکەوتن بگرێتەبەر .کاتێک گەڵێ ھەنگاوێک دەگرێتە بەرو ئامانجەکەی ناپێکێ یان ئاسەواری ئامانجەکەی لێ دەشوێنن ئیتر ئەمە بەمانای کۆتایی دونیا نایەت و خەبات و تێ کۆشان نەپێچراوەتەوە، بەڵکو دەبێت خۆی کۆبکاتەوە و بە خۆدا چونەوە بکات و بگەڕێ بەدوای ھەلێکی تردا کە کەش و ھەواکەی لە بارتر بێت تا دەگاتە ئامانجی دیاری کراوی خۆی .ئێمەی گەلی کورد لە باشوری کوردستان زۆر پێویستە دوو پرسیاری جەوھەری لە خۆمان بکەین بە تایبەتی لەم ساتە وەختەدا کە ھەندێ تاقم و لایەن و قەڵەم و ڕاگەیاندنیش زۆر زیاد لە پێویست کار لە سەر ڕوخاندنی باری دەروونی تاکی کوردی ئەکەن ، ئێمە لە قۆناغێکی ھەستیارداین و پێوستە ھەموو ھەنگاوەکان لە پێناو پاراستنی دەستکەوتەکان وبەدیھێنانی ئەو خەون وئامانجانە بێت کە دەیان ساڵە لە پێناویدا قوربانی دەبەخشین و باجی گەورەمان بۆ داوە .
لە ماوەی چەند ساڵی رابردوو، کوردستان توانی سەرکەوتن و گەشەسەندنی زۆر لە رووی ئابووری و گەشەسەندنەکان لە گشت بوارەکاندا بە خۆیەوە ببینێت ، بەتایبەت لە رووی ئەمنی و پێکەوە ژیانی ئاشتیانە فەراھەم کرد . ھەروەھا لە رووی سیاسی و دیپلۆماسییەوە پێشکەوتنی گەورەی بە خۆوە بینی .. ئەم پێشکەوتن و سەرکەوتننانە نەیارانی کوردی قەڵزتر کرد .. چونکە عێراق بەو ھەموو ئیمکانیات و سەروەتەوە بە ھۆی مڵمڵانێ و ناکۆکیی قوڵی مەزھبیی و تایفی ، لە نێو قەیرانی قوڵ دا بوون ، ئەوا بوو بە پیلانگێری بەردەوام و ھاتدانی جاشەکانیان لە نێو خۆی کوردستان نەخشە و مەرامەکانیان جێبەجێی کرد و ئامانجی سەرەکی لەم ھەڕەشە و پەلامارانەی سەر ھەرێمی کوردستان بۆ لەنێوبردنی ئەزموونی ھەرێمی کوردستان بووە، بەڵام ئیرادەی بەھێزی سیاسیی پارتی و بارزانی بە تایبەت کە چۆکیاننەدا بۆ داگیرکەران و دوژمنانی کوردستان، توانی خەونی ناحەزان و داگیرکارانی کوردستان لە گۆڕ بنێت و مەرامە سیاسییە بۆگەنەکەیان پووچەڵ بکاتەوەو وانەیەکیان پێبدات کە چیتر جورئەتی ئەوەیان نەبێت دەستدرێژی بکەنە سەر خاکی پیرۆزی نیشتیمان.
بەگرتنەبەری سیاسەتێکی ژیرانە و لۆژیکەوە ھەموو کات سەرکەوتن بەدوای خۆیدا دەھێنێت، ھەوڵە دیپلۆماسیەکانی بەرێز نێچیرڤان بارزانی سەرۆکی ھەرێم و بەرێز مەسروور بارزانی سەرۆکی حکومەتی کوردستان لەسەر ئاستی نێوخۆیی و عێراق و ناوچەکە و دەوڵەتە زلھێزەکانی دونیا ڕاکێشانی سەرنجی کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی بە گشتی لە سەر ھەموو ئاستەکاندا لێکەوتەوە کە ھاوکات لەگەڵ ئەو پێشھات و گۆڕانکارییە سیاسییانەدا ھەنگاوی بۆ ھاوێژرا و ئەمەش بووە ھۆی ئەوەی کە ھەرێمی کوردستان جارێکی تر سەنگ و پێگەی بەھێز ببێتەوە و قۆناغ بە قۆناغ بکەوێتەوە سەر ئاراستەی ئاسایی خۆی.
دوای چەند ساڵ و پیلانگێری شکستخواردوو بە رامبەر بە گەلی کورد و ئەزموونەکە دەبینین کە پێگەو بایەخی کوردستان چ لە سەر ئاستی نێودەوڵەتی و ھەرێمایەتی و عێراقیدا تا چ ڕادەیەک پێشکەوتنی گەورەی لە سیاسی و دیپلۆماسییەوە بە خۆیەوە بینیوە و گەیشتۆتە چ ئاستێک. بەڵێ ھەرێمی وەک تاکە ھەرێم ئەمڕۆ بە فەرمی بانگھێشت دەکرێت لە کۆڕبەندە ئابوورییەکان و کۆنفرانسە ئەمنییەکانی جیھان وەکو دەوڵەتێک مامەڵەی لەگەڵدا دەکرێت.
ئێستا کوردستان بەرابەرایەتی بارزانی و پارتی دیموکراتی کوردستان وەک قوتابخانەی پێشەنگە کە توانیویەتی ڕۆڵێکی گەورە،کاریگەرو گرنگ بگێڕێت لە ڕووی سیاسی و دیبلۆماسی و فەراھەمکردنی ئارامی و سەقامگیری سیاسی و ئاشتیی کۆمەڵایەتی بپارێزێت و ھاوسەنگی ڕابگرێت لە نێوخۆ و دەرەوەدا.ئەمەش کلیلی سەرکەوتنی ئایندەی کوردستانێکی بەھێزە ..