کێ چاکسازی پێناخۆشە؟

کێ چاکسازی پێناخۆشە؟

لە ماوەی دوو ھەفتەی رابردوودا، خەڵکانێکی زۆر لە کەناڵەکانی میدیا و تۆڕە کۆمەڵایەتیەکانەوە پشتگیری خۆیان دەربڕی بۆ جێبەجێکردنی یاسای چاکسازی لە ھەرێمی کوردستان، ھەندێکیان راستگۆییانە و دڵسۆزانە و ھەندێکیش بۆ مەرایی و خۆشاردنەوە. ھەرچۆنێک بێت ئێمە لەناو دڵی کەس نین بۆ ئەوەی بزانین کێ پێی خۆشە و کێ پێی ناخۆشە، بەڵام لێرەدا لە خوێندنەوەی یاساکەوە ئاماژە بەو توێژانە دەکەین کە زەرەرمەند دەبن و چاوەڕواندەکرێت چاکسازییان پێیان ناخۆش بێت:
یەکەم: ئەو لایەنانەی کە لەلایەک لە حکومەتن و لەلایەکی تر ئۆپۆزسیۆن و وا دەزانن ئەگەر ئەم یاسایە جێبەجێبکرێت ئەوا دەبێتە دەستکەوتی سەرۆکی حکومەت وئەوان تیایدا خراپ دەبن، بە بەڵگەی ئەوەی کە زۆر کەم پشتگیری خۆیان بۆ ئەم پڕۆژەیە دەدرەبڕن. کەچی نازانن ھەرێمی کوردستان ھی ھەمووانە و ھەر کارێک بە ئاراستەی چاکسازی و پاکسازی بێت ئەوا قازانجی بۆ ھەمووان دەبێت و دەبێتە دەستکەوتی ھەمووان.
دووەم: ئەوانەی بە پلەی باڵا خانەنشین کراون و مافی ئەم ھەموو دەستکەوت و ئیمتایازاتانەیان نیە، تیایاندا ھەیە رۆژێکیش لە دەزگایەکی حکومەت خزمەتی نەکردووە، بەڵام لە بارودۆخێکی ناھامواری پێشبڕکێی نێوان پارتە سیاسیەکان ئەم پلانەیان وەریانگرتووە. ئەمانە سەر بە ھەموو لایانە سیاسیەکانن بە دەسەڵات و ئۆپۆزسیۆنەوە. لەوانەیە رێژەی ئەندام و کادیری لایەنێک لە لایەنێکی تر زیاتر بێت، بۆیە ئەو لایەنەی کە زۆرترین ژمارەی ئەم پلە باڵا ناباڵایانەیان ھەیە چاکسازی پێخۆش نیە.
سێیەم: لایەنە ئۆپۆزسیۆنەکانیش ئەم چاکسازییەیان پێخۆش نیە لەبەر دوو ھۆکار، یەکەمیان ئەوەیە کە ئەوان دژی ھەر پڕۆژەیەکن کە کابینەی نۆییەم دەستپێشخەری تێدا بکات، ھەتا ئەگەر پڕۆژەکە بۆ کۆی گشتی خەڵکیش باش بێت، چونکە پێیان وایە ئەمە لە جەماروەیی ئەوان کەمدەکاتەوە. دووەمیان لەبەرئەوەی بەشێک لە کادیرە باڵاکانی خۆشیان ئەم ئیمتیازاتانە بە ناھەق وەردەگرن.
چوارەم: لە پلەکانی خوارەوەش، ئەو فەرمانبەرانەی لەگەڵ جێبەجێکردنی یاسای چاکسازی نین ئەوانەن کە دوو مووچە یان زیاتریان ھیە، دەرماڵەیەک وەردەگرن کە شایستە نین، مووچەی کەمئەندامی وەردەگرن کە کەمئەندام نین، مووچەی پێشمەرگە وەردەگرن کە پێشمەرگەش نین و ھتاد.
پێنجەم: کەسانێک کە ئەجێندای ھەندێک لە ووڵاتانی دەوروبەر و دوژمنانی ئەم ھەرێمە جێبەجێ دەکەن و لە ھەموو بارودۆخ و قەیران و رووداوێک خۆیان مەلاس داوە بۆ ئەوەی ھانی خەڵک بدەن و رایێکی گشتی دژی ھەر پڕۆژەیەکی چاک لە ھەرێمی کوردستان دروست بکەن.
تێبینی: لە جێبەجێکردنی ئەم یاسایە, دەبێت بەرچاوڕوونی زیاتر بدرێتە ئەو کەسانەی کە بە رەنج و خزمەتی ساڵانە و ئەزموون و شارەزایی و بڕوانامەی خۆیان پڵەی وەزیفیان بەرزبۆتەوە و ھەروەھا ئەوانەش بەھۆی کارامەیی یان مەترسی کارەکانیان یان کەمئەندامیان، دەرماڵەی شیاویان بۆ بڕاوەتەوە، کە مووچەی ئەمانە نابڕێت و زۆریش کەمنابێتەوە. بۆ ئەوەی دڵنیابن یاساکە وەکو خۆی جێبەجێدەکرێت.
سەرۆکی زانکۆی پۆلیتەکنیکی ھەولێر*

Top