ڕاگەیاندن وچەواشەکاری

ڕاگەیاندن وچەواشەکاری

ڕاگەیاندن لەڕابردوو بەدەسەڵاتی چوارەم دادەنرا، ئێستا لەزۆربەی وڵاتان بەدەسەڵاتی یەکەم ناودەبرێت، چونکە ئەرکێکی زانستی وھونەری لەئەستۆیە، ھەمیشە ڕۆڵی سەرەکی لەژیانی ڕۆژانەی تاکەکانی گۆمەڵگاو وشیارکردنەوەو گەیاندنی پەیام لەھەموو سێکتەرەکانی ژیان ھەیە.


پێناسەیەک بۆ زانستی ڕاگەیاندن

"پڕۆسەیەکە تیایدا نێرەر و وەرگری پەیام لە بابەتێکی کۆمەڵایەتی دیاریکراودا کارلێک دەکەن، لەم کارلێک کردنەش دا بیرو بۆچوون و زانیاری سەبارەت بە کێشەی دیاری کراو لە نێوان تاکەکان دەگوازرێتەوە ".
پێناسەی زانستی ڕاگەیاندن لە دیدی کۆمەڵێک زاناوە


چارلز مۆیس /لەسەر ڕاگەیاندن دەڵێت: "زاراوەی ڕاگەیاندن کاتێک بە شێوەی بەربڵاو و فراوان بەکار دەھێنین، ئەو کاتەیە کە بەشداری کردنی ژمارەیەک کەس لە کاتێکی دیاری کراودا لەخۆ دەگرێت"

ولبر شرام :"ڕاگەیاندن ئەو ئامرازەیە کە لێکگەشتن لە نێوان کۆمەڵگاکاندا مسۆگەر دەکات، ئەمەش بە سروشتی خۆی کۆمەڵگای مرۆڤایەتی لە کۆمەڵگاکانی تر جیا دەکاتەوە" .

(باغی )ش دەڵێت : "پرۆسەیەکی ئامانجداری گواستنەوەی زانیاریە لە کەسێکەوە بۆ کەسێکی تر بەمەستی لە یەکتر گەیشتنیان" .

(کۆمەڵگای مەشقکردن لەسەر ڕاگەیاندنی ئەمریکی)
"پرۆسەی گۆڕینەوەی بیرو باوەڕ و زانیاریە لە پێناو دۆزینەوەی لەیەکتر گەیشتنێکی ھاوبەش لە نێوان توخمەکانی مرۆڤایەتی دا ".

د.ئیبراھیم ئیمام :"پرۆسەی گواستنەوەی ھەست و نەست و بیر و بۆچوون و زانیارییە لە نێوان تاکەکانی کۆمەڵگادا.
زۆرن ئەوبیرمەندو زانایانەی کەھەریەکەیان بەشێوازێک پێناسەی ڕاگەیاندنیان لەڕوانگەی خۆیانەوەکردوە، تیشکیان خستۆتەسەر شێوازو ئەرکەکانی ڕاگەیاندن وچۆنیەتی گەیاندنی پەیام بەوەرگر، کوردستانیش وەک ھەمووڵاتانی دنیا بەچەندین قۆناغی مێژووی یەک لەدوایەک گەیشتۆتە ئەو میدیایەی ئێستا ھەیە کاری تێدادەکرێت، ڕاگەیاندنی بیستراو بینراو ھەموو جۆرەکانی تری میدیا.......وەک میدیای نھێنی وئاشکراو سێبەر لەکوردستان بوونیان ھەیەو ھەریەکەیان کاردەکەن، ئەوەی پێویستە ئاماژەی پێبکەم زۆرو بۆری ئەومیدیانە وایان کردوە کە ھەریەکەیان لەپێناوبەرژەوەندی شەخسی خۆیان بەرژەوەندی وئاسایشی نەتەوەیی نەپارێزن و ھەوڵی چەواشەکاری و بەلاڕێبردنی تاکی کۆمەڵگا بدەن، بەوئاراستەی خۆیان دەیاونەێت کار لەسەر ھۆشیاری گەنج ولاوی کوردستان بکەن، ئەمەش جێگای مەترسییە، لەدنیای دیموکڕاسی کار بۆ بەرژەوەندییە گشتییەکانی وڵات ونیشتمان دەکرێت، پاشان ئەرک ومافی تاک دیاری دەکرێت، کەچی لەکوردستان ھەمووی پێچەوانە بۆتەوە لەژێر میدیای سێبەرو سیخوری ناوخۆو دەرەوە، کە کار بۆ تێکدانی ئاشتی وئارامی نیشتمان دەکات، پێویستە لەکوردستان یاسا سەروەر بێت و کار بۆخۆشەویستی نیشتمان بکەین، ئەم ڕۆژگارەی ئێمەی تێدا دەژین وا بەئاسانی نەھاتۆتە بەرھەم، چەندین شۆڕش وقوربانیمان داوە، بۆپێگەیاندن و وشیارکردنەوەی تاکێکی دڵسۆز وبە وەفا بەرامبەر بەخاک ونیشتمان پێویستە کار لەسەرجەم سێکتەری پەروەردەو فێرکردن بکەین. بەکورتی تیشک دەخەمە سەر بەشێکی کەمی ئەرکەکانی ڕاگەیاندن

ڕاگەیاندن: بەوەی کە چالاکیەکی تاکەکەسی و بە کۆمەڵ و جەماوەریشە و بەشداریکردن ‌لە بیرو بۆچوون و خستنە ڕووی ڕاستیەکان و ڕاگەیاندراوەکان دەگرێتەوە، بۆیە کۆمەڵێک ئەرکی جۆراو جۆر دەگەیەنێت، کە دەتوانین ئەرکە سەرەکییەکانی ڕاگەیاندن بەم جۆرە بخوێنینەوە:
۱- ئەرکی ڕاگەیاندن: برتییە لە کۆکردنەوە و پاشـکەوتکردن و چارەسەر و بڵاوکردنەوەی ھەواڵ و زانیـاری و ڕاگەیاندراوەکان و وێنە و بیروڕاکان، لە پێنـاوی تێگەیشتنی ژینگەی دەورو بەر و ھەڵسوکەوت و مامەڵەکردن تیایدا بەشێوەیەکی زانـستی و کارامـەیی و لیھاتوویەوە .
۲- ئەرکی گەشەکردنی کۆمەڵایەتی: ئەم ئەرکە خۆی لەدابینکردنی گەنجینەیـەکی ھاوبەشی زانست و زانیاری دەبینێتەوە، کە تاکەکان بە ھۆیەوە بتوانن ببنە ئەندامی کاریگەر و بونیادنەر و لە کۆمەڵگاکانیاندا بژێن و بەشداری لە ھۆشیاری کۆمەڵایەتی وکاری بە کۆمەڵ وکێشەکانی کۆمەڵگادا بکەن .
۳- ئەرکی خوڵقاندنی پاڵنەرەکان واتە ڕاگەیاندن بـۆ بڕیاردانی باش و گونجاو بەشداری لە ھاندان و پاڵپێوەنانی جەماوەر دەکات، کە توانای خزمەت کردنی کۆمەڵگای ھەبێت، پاشانیش بەشداری کردن لەدرێژە دان بە پرۆسەی کارلێکی کۆمەڵایەتی لەنێوان تاکە کاندا. ھەموو ئەمانەو چەندین ئەرکی گرنگی تری ڕاگەیاندن ھەیە، کە لە کۆمەڵگەکەمان ڕۆژانە کاری لەسەر دەکەن، لەسەر وەزارەتی ڕۆشنبیری حکوومەتی ھەرێمی کوردستان پێویستە کار بۆڕێکخستنەوەی ھەمووئەوڕاگەیاندنەحزبی و سێبەرانە بکات، کە لەکوردستان کاردەکەن وبەیاسای ڕۆژنامەگەری سزایان بدات، ھەرکاتێک کەئاسایشی نەتەوەییان خستەمەترسی وژیانی تاکی کۆمەڵگایان لەپێناو بەرژەوەندییە گڵاوەکانی خۆیان بەکارھێنا، ھاوڵاتیانی کوردستان ھەر بیرو بۆچوونێکی سیاسیان ھەبێت، لەم نیشتمانە ھەموومان یەکسانین لەئەرک ومافدا ناکرێت یاری بەژیانی گەنج ولاوی نیشتمانەکەم بکرێت و خوێنیان لەپێناو چەواشەو بەلاڕێبردنی میدیاو ڕاگەیاندنەکان ناھۆشیاری تاکێکی تەندروست بەفیڕۆ بچێت، لەدنیای ئەمڕۆماندا ھەمووجیھان وەک گوندێکی بچووکی لێھاتوە لەڕێگەی ئینتەرنێت وسۆشیاڵ میدیا کە ھەریەکەمان لەناو ماڵەکانی خۆمان کاری لەسەردەکەین و دەنگ وڕەنگی جیاواز دەگەینینە ھاوپیشەکانمان.
کاریگەری سۆشیال میدیا لەنێو چین و توێژەکان و سێکتەرە جیاوازەکان و پێگەی سۆشیال میدیا لەئاستی نێو خۆیی و نێو دەوڵەتی و ڕەھەندە تایبەتیەکانی ئەم بوارەو یەکخستن و یەک ھەڵوێستی و کاریگەری بەھێزی سۆشیال لەژیانی ھەیەکەمان ڕەنگی داوەتەوە، ئەرکی ھەریەکەمانە بۆ وشیارکردنەوەو پاراستنی ئاسایشی نەتەوەییمان لەپێناو بەرژەوەندییە گشتییەکانی کوردستان کار بکەین.
Top