چاکسازی، دەرفەتە نا بۆ درەنگ جێبەجێکردنی!

چاکسازی، دەرفەتە نا بۆ درەنگ جێبەجێکردنی!

وەک ئاشکرایە بەڕێز سەرۆکی ئەنجومەنی وەزیران زۆر بە پەرۆشەوە کار دەکات، بۆ ئەوەی ھەرچی زووە پرۆسەی چاکسازی بچێتە واری جێبەجێکردنەوە، لەسەر بنەمای یاسای چاکسازی ژمارە (٢)ی ساڵی ٢٠٢٠ کە لە پارلەمانی کوردستان دەرچووە بۆ مەبەستی ئەنجامدانی چاکسازی لە دام و دەزگاکانی کەرتی گشتی حکومەتی ھەرێمی کوردستان. ئەم پرۆسە گرنگەی کە سەرۆکی ئەنجومەنی وەزیران بڕیاری جێبەجێکردنی لێداوە بێ ئالەنگار نییە، لەھەمبەر جێبەجێکردنی دا، گشت ئەو کەسانەی کە بە جۆرێک لە جۆرەکان سوودمەندن لەو بێ سیستەمی و بەرنامەیەی کە ئێستا ھەیە دەبن بە دڕکێک و ھەوڵی جێبەجێ نەکردنی دەدەن. ئالەنگاریەکان لەسەر ئاستی جیا جیا دروست دەکرێن، وەکو ئاستی تاکەکەسی و ئاستی کۆمەلە کەسێک و بگرە لەسەر ئاستی فراکسیۆنەکان و لایەنەکانی بەشدار لە حکومەت، یاخود ئۆپۆزسیۆن یانیش لەوانەیە ئالەنگاری ھەرە مەزن لەلایەن سەرۆکی گەورەترین دەسەلاتی یاسا دانان بێت کە سەرۆکی پارلەمانی کوردستان-ە.
گشت ئەو کەس و لایەنە سیاسی و ئەو فراکسیۆنانەی لە کاتی ھەڵبژاردن سەری دەم و بنی زمانیان چاکسازی بوو، ئێستا ئەوان ئالەنگاری ھەرە گەورەن لە پێش جێبەجێکردنی یاسای چاکسازی! بە جێبەجێکردنی یاسای ئاماژە پێکراو دادپەروەری لە مووچە و ماف و شایستەکانی ھەر فەرمانبەرێک دێتەکایەوە، بۆ ئەبێت ئەوانەی لە رابردوودا سواری شەپۆلی خواستی خەلکی کوردستان ببون و بانگی چاکسازیان ئەدا ئێستا دژی بن! بەڵام زۆر بە روونی دیارە کە کێ لە بەرەی خواستی خەلکە و کێش دژی خواستی خەلکی کوردستانە، بە بیانووی جۆراوجۆری وەک بابەتی پارێزبەندی پارلەمانتارەکان تەوافق و شەراکەتی راستەقینە دەبەنە ژێر پرسیار تەنیا بۆ ئەوەی لەمپەر بۆ جێبەجێ کردنی یاسای چاکسازی دروست بکەن، ئەگەر نا، چ ھۆکارێک ھەیە کە یاسا سەروەر نەبێت، جیاوازی چیە لە نێوان تاکێکی ئەم کۆمەڵگایە و پارلەمانتارێکی کوردستان!کە ئەمە بکرێت بە بیانۆ و تەوافقی نیشتمانی نەمێنێت! لە بەرانبەر ئەوە ھەڵوێستەی ئەوان بۆ چەڵەمە دروست کردن بۆ ئەو پرۆسە گرنگە، ئەوەی لە بەرەی خەڵکە سەرۆکی ئەنجومەنی وەزیران کاک مەسرور بارزانییە کە ھەر وەک لە وتارە ڤیدیۆیەکەی ئاماژەی پێدا" خواستی گەلی کوردستان چاکسازییە، منیش لە بەرەی خواستی گەلی کوردستان دەمێنمەوە و یاسای چاکسازی جێبەجێ دەکەم".
چاکسازی جێبەجێ دەکرێت و تەنیا کات و ماوەی جێبەجێکردنی ماوە. ئەوەی گرنگە ئەبێ لە پەنای پرۆسەی چاکسازی پاکسازیەکی گشتی ئەنجام بدرێت لە گشت دام و دەزگاکانی حکومەتی ھەرێمی کوردستان لە رووی سەرچاوەی مرۆیەوە، لە گشت وەزارەت و فەرمانگەکانی نەبەستراو بە وەزارەت یاخود دەستە و دەزگاکانی تر کۆمەلە کەسێک سوودمەند بوونە لە وەزیفەی گشتی و کە لە راستیشدا تایبەتمەندیەکانیان ناگونجێت لەگەل وەزیفە و ئەرکیان. چاکسازی جێبەجێدەکرێت و رێکخستنەوەی گشتی ئەنجام دەدرێت بەڵام ئەگەر پاکسازی لەو کەسانەی کە ئاماژەم پێداون ئەنجام نەدرێت دوای چەند ساڵی تر ھەمان کێشەی نەبوونی سیستەم و بێ پلانی و بێ سەروبەری رووبەرووی دام و دەزگاکانی کەرتی گشتی لە ھەرێمی کوردستان دەبێتەوە. ئەوانەی ئاماژەم پێ کردون لە قۆناغی سەخت ئەرکی بەرپرسیاریەتیان ھەڵگرت و ئەوەی لە توانایان دابوو ئەنجامیان دا، ئێستا کاتی ئەوەیە سوود لە بیر و ھزری سەرچاوەی مرۆیی نوێ ی کارگێری و دارایی وەربگیرێت و پاکسازی ریشەیی ئەنجام بدرێت کە لە ئاست چاوەروانی گەلی کوردستان بێت.
بەڕێز کاک مەسرور بارزانی وەک سەرۆکی ئەنجومەنی وەزیران سەرکردایەتی شۆرشی چاکسازی گرتۆتە و ئەستۆ و رۆژ بە رۆژ لەو ئاواتەی گەلی کوردستان چەندین ساڵە خۆزگەی بۆ دەخوازێ نزیکمان دەکاتەوە. لە بیریشتان نەچێت کاری مەزن ئالنگاری گەورەی رووبەروو دەبێتەوە گرنگ بەردەوام بوونە و تێکشکاندنی ئالنگاریەکان نزیکمان دەکاتەوە لەوەی ماف بە مافخوراو بگات. ھەموومان لە بەرەی چاکسازی دادەبین و سەرۆکی بەرەی چاکسازیش کاک مەسرور و بارزانییە.
Top