تەنانەت خوداوەندەکانیش بەرتیلخۆر دەکرێن
May 30, 2020
وتار و بیروڕا
وشەی گەندەڵی بۆ وشەی یۆنانی (corruption) دەگەڕێتەوە کە واتای نەفرەت کردنە لە رابردوو، ھەرچی (corrumpere)ە ئەویش بە (تێکیدا, بەرتیلخۆر کرا, وێرانی کرد) لێک دەدرێتەوە. مێژووی گەندەلی بەقەدەر مێژووی مرۆڤایەتی دەبێت, ئەو کردارە لە یەکەم خانەوادەی میسریی کۆن لە (٢٧٠٠ – ٣١٠٠) ساڵ بەر لەزایین تێبینی کراوە و ھەروەھا ئاماژە بە چینی کۆنیش دەکرێ بەوەی ھەر ماڵێک خوداوەندێکی چێشتخانەی ھەبووە کە چاودێری رەفتارەکانی ئەندامەکانی دەکرد، حەفتەیەک پێش سەرساڵی نوێی چینی ئەو خوداوەندەی چێشتخانەیە بۆ ئاسمان بەرز دەبووەوە و بۆ مەبەستی دیاریکردنی سزا و پادداشت راپۆرتی ساڵانەی خۆی دەدایە ئیمپراتۆر جایدی حاکمی بەھەشت . ئەندامانی ماڵەکانیش بۆ چاپۆشیکردن لە ھەڵەکانیان و تاکو راپۆرتەکەی بەپێی ئارەزووی ئەوان ئامادە بکا, کێک و شەکر و ھەنگوینیان لەژێر وێنەی خوداوەندی چێشتخانە دادەنا و بەرتیلخۆر دەکرا؛ پاشان رێوڕەسمی سووتاندنی وێنەی خوداوەند ئەنجام دەدرا کە لەو رێگایەوە بەرەو ئاسمان بەرز دەبووەوە.
لەسەر ھەمان رێچکە, (ھیرۆدۆت)ی مێژوونووسی یۆنانی گێڕاویەتییەوە کە خانەوادەی کامۆنیۆن قەشەکانی (ئۆراکڵ دلفی)یان بەرتیلخۆر کردووە کە یەک لە بەھێزترین ھێزی نادیار بوونە لە یۆنانی کۆن و مێژووەکەی بۆ ھەزار و چاردە ساڵ پێش زایین دەگەڕێتەوە. سەبارەت بەمە خەڵکی لەسەرانسەری یۆنان ھاتن تاکو وڵامی پرسیارەکانیان لە بیسیای کاھینی باڵا وەرگرن, خانەوادەی ئەبولۆ کە خاوەن سامان و دەوڵەمەندبوون پێشنیاری نووژەنکردنەوەی پەرستگای ئەبۆلۆیان بە بەردی گرانبەھای باریان کرد کە بە بومەلەرزەیەک رووخابوو, لەبەرامبەریشدا بیسیای کاھینی باڵا بڕوا بە دەوڵەتی ئەسبارتە بھێنێت بۆ لەناوبردن و شکاندنی دەسەڵاتی ئەسینا یارمەتی خانەوادەی کامۆنیۆن بدا... بۆیە ئەرستۆی فەسلەسوفی یۆنانی گوتی(تەنانەت دەتواندرێ خوداوەندەکانی بەرتیلخۆر بکرێن).
مێژوونووسان ئاماژە بە ئیمپراتۆریەتی رۆمانی لە چەرخی چوارەم دەکەن و تەشەنکردنی گەندەڵی بە ھۆکاری سەرەکی بۆ رووخانی ئەو ئیمپراتۆریەتە دەزانن, پێیانوایە کە پەتای گەندەلی پەلی بۆ کایە و دامەزراوەکانی سیاسی و ئابووری و سەربازی و کۆمەڵایەتی ھاویشتبوو و بەمھۆیەوە لاوازی و سستی لەتێکڕای بوارەکان بەدی دەکرا و بە تایبەتی تێکچوونی چالاکی ئابووری و نەمانی چینی مامناوەند و پیادەکردنی ستەم بەرامبەر لە ھاووڵاتیان و ناچارکردنیان بەدانی باج و خەڕاجێکی زۆر, ھەروەھا لاوازی و نا رێکخراوەیی لە سیستەمی سەربازی و پشتبەستن بە جاشەکان (ئەوەی بە بەربەرییەکان دەناسران) بۆ نێو ڕیزی لەشکر تاکو ئەو لەشکرە ھێزی خۆی لە گۆڕینی ئیمپراتۆردا بینیەوە, ھەر چەندە ئیمپراتۆر دقلنیانوس لە کۆتایی چەرخی سێیەم بە پیادەکردنی چەند چاکسازییەک توانی تەمەنی ئیمپراتۆریەتی رۆمانیا ماوەیەک درێژکاتەوە بەڵام دواجار نەیتوانی تا کۆتایی لە رووخان بیپارێزێت. بارودۆخی وڵاتەکە گەیشتبووە ئاستێک کە چاککردنەوەی ئەستەم بێت, لە ئەستۆگرتنی پۆستی ئیمپراتۆر گەیشتبووە راددەیەک وەکو بڕیاری لەسێدارەدان سەیر دەکرا بەشێوەیەک لە ماوەی حەفتا و پێنج ساڵ زیاتر لە بیست کەس عەرشیان گرتە دەست و ھەر یەکێکیان دوای کوژرانی ئەوی پێشی خۆیان دەھاتن. گەندەڵی وا بڵاو ببووەوە تەنانەت باس لەوە دەکرێ کە جارێکیان عەرشیان لە مەزادێکی ئاشکرا نمایش کرد بۆ فرۆشتن کە بووە ھۆی ئەوەی ھاووڵاتیان ھیچ متمانەیەکیان بە سەرکردەکانیان نەمێنێت. لەمڕووەوە لە پەرتووکێکدا بەناوونیشانی مێژوو خۆی دووبارە دەکاتەوە, لە دانانی د.مدحەت محەمەد و بە ھاوبەشی لەگەڵ چەند توێژوانێک و لە بەشێکی پەرتووکەکەدا ھاتووە کە: (ئیمپراتۆریەتی یۆنانی کە وەکو درەختێکی گەورە بوو سێبەری بەسەر ھەموو جیھانی کۆندا کردبوو, کیانێکی سیاسی و سەربازی بۆ ماوەی درێژ پێکھێنا, بەڵام نەیتوانی خۆی راگرێت)، باس لەوەش کراوە کە ستەمی سیاسی یەک لەھۆکارەکان بووە بەوەی تاکڕەوی لە دەسەڵاتدا پەیڕەو دەکرا کە ھەمیشە پێکھاتەکانی دیکە بە کەمتر لە رۆمانییەکان سەیر دەکران و ئەو خراپ بەکارھێنانی دەسەڵاتە رووخانی ئیمپراتۆریەکەی لێ کەوتەوە. لەلایەکی دیکەشەوە پرسی گەندەڵی سیاسیش ھۆکارێکی کەمتر نەبووە لەوانی دیکە بۆیە ئاماژە بەوە کراوە کە بەپێی بڕوای رۆمانییەکان وا بوو کە شەیتان لە رێگەی ئافرەتەوە دڵی پیاوەکان بەرەو خراپەکاری رادەکێشێ, بەڵام لە کۆتاییدا خۆیان سەرپێچیان لەو باوەڕە کرد و دەگوترێ کە ئیمپراتۆر (کالیجولا) نوقمی ناز و نیعمەت و ژیانی رابورادن ببوو لەگەڵ ئافرەتان تەنانەت لەگەڵ (دۆرسێلا)ی خوشکیشی, ئێدی لێکترازان و دوورکەوتنەوە نەک لەنێو دامەزراوە سیاسیەکان دروست بوو, بەڵکو ناکۆکی کەوتە نێوانی (بۆمبی و قەیسەر)یش و بەھۆی کێشە و ناکۆکییەکانیان ئاگایان لەدوژمنانی دەرەکی نەما و خەریکی دەنووک وەشاندن بوون لە یەکتری، ھەر یەک لەو دوو برایە بەھۆی خواست و تەماعیکردن بۆ گرتنەدەستی جلەوی دەسەڵات و بۆ شکاندنی بەرامبەرەکەی داوای ھاوکاریان لە ھێزێکی دەرەکی دەکرد تاکو رۆمانیا بووە مەبەستی داگیرکاری لەلایەن ئەو ھێزە دەرەکیانە و وردە وردە خاکەی داگیر کراوە و لەناوچوو.
لە ساڵی ١٦٦٠ و لە سەردەمی مەلیک ئیستجۆرت؛ دیاردەی گەندەڵی و بەرتیلدان گەیشتبووە ترۆپک لە وڵاتانی ئەوروپا و ئینگڵتەرا، کڕینی دەنگی پەرلەمانتاران بۆ کاریگەری کردن و پاراستنی بەرژەوەندییەکانیان لەلایەن مەلیکەوە شتێکی شاراوە نەبوو تەنانەت پۆست لەو سەردەمەدا کڕین و فرۆشتنی پێوە دەکرا, لە مێژووی ئەمریکاشدا پرسی گەندەڵی لە سەردەمەکاندا زۆر بەڕوونی پیادە کراوە و داگیرکردنی زەویوزار و تێپەڕاندنی پرۆژەی پیاوانی پیشەسازی و خاوەن کۆمپانیان لە لەڕێگەی کۆنگرێسەوە بەرێگای ناشەرعی لە وێستگە مێژووییەکانی ئەو وڵاتە باسی لێکراوە. فەیلەسوف و زانایان لەدێرزەمانەوە گەندەڵیان بە ئافات ناساندووە و ئەرستۆ لەلایەن خۆیەوە لە پەرتووکی (ئەخلاقیات)دا پاراستنی رۆژەڤی وڵاتان و ھۆکارەکانی رووخانیانی باسکردووە، ئەو پێیوایە کە ئەو شارەی بە ئامانجێکی گەندەڵ فریو بخوات ئەوا گەندەڵە و بەھیچ شێوەیەک نابێتە دەوڵەت. لەلایەکی دیکەشەوە لە چینی کۆن بڕێک پارە وەکو پادداشت دەدرایە فەرمانبەران کە پێی دەگوترا (یانگ لینگ) ئەویش بۆ ئەوەی چاویان لە دزی نەبێت و شەڕی گەندەڵی بکەن، و لەبارەی ھزری سیاسیشدا؛ لە فەلسەفەی (کۆنفوشیوش) ھاتووە کە: فەرمانڕەوایەتی چاک نابێت تەنھا مەگەر فەرمانڕەواکان چاک بن. فەیلەسوفی مەزن ئەفڵاتۆنیش لەبارەی گەندەڵییەوە ئاماژە بەوە کردووە کە تەنھا ھەنگاونان بەرەو دادوەری پرسی سوودمەندبوون و بەرژەوەندەی دوور دەخاتەوە کە ھەردووکیان بنچینەن بۆ دەرکەوتنی گەندەڵی.