پێشنيارێك بۆ وەزارەتی پەروەردە

پێشنيارێك بۆ وەزارەتی پەروەردە

ساڵانی ڕابردوو بە هۆی بایکۆتی خوێندن و ئەمساڵیش به‌ هۆى بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسی کۆرۆنا، ئاراستەی پلان و بەرنامە و بڕیارەکانی هەردوو وەزارەتی پەروەردە و خوێندنی باڵاو توێژینەوەی زانستی گۆڕی، به‌تاسيه‌تى دواى سه‌رهه‌ڵدانى ڤایرۆسی کۆرۆنا، چونکە ئەگەر پڕۆسەی خوێندن بەردەوام بووایە و دەرگای ناوەندەکانی خوێندن بە ڕووی قوتابیاندا کرابایەته‌وە ،ئەوا بارودۆخێکی دیکە و کارەساتێکی گەورە ڕووی دەدا، کە سەڕەڕای ئەوەی دەبوو بە خێرایی دەرگای ناوەندەکانی خوێندن دابخرێتەوە، دەبوو دووبارە لە سفرەوە دەستمان پێ بکردبایەته‌وە، تاکو دۆخی تەندروستی کۆنتڕۆڵ بکرێتەوە.
سەرەتای بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسی کۆرۆنا و ڕێک ئەو کاتەی دەرگای ناوەندەکانی خوێندن داخران، هەردوو وەزارەت بە خێرایی بڕیار و پلانێکی نوێی خوێندیان داڕشت. وەزارەتی پەروەردە بڕیاری خوێندنی ئەلیکترۆنی دەرکرد، تاکو قوتابیان لەو ڕێیەوە وانەکانیان بخوێنن، وەوەزارەتی خوێندنی باڵاش بڕیاری خوێندنی ئۆنلاینی دەرکرد، تاکو قوتابیان له‌ ره‌وشى خوێندنه‌كه‌يان بێبەش نەبن. هەردوو خوێندنی ئۆنلاین و ئەلیکترۆنی خوێندنێکی نائیلزامی بوون بۆ قوتابیان. ئەوەی ئێستا جێگای باسکردنە لەلای قوتابیان، تەنيا قوتابیانی پۆلی دوازدەن، لە هەردوو بەشی زانستی و وێژەیی، چونکە هەندێکیان پێیان وایە ئه‌گەر داخڵبوونی گشتی ببێتە بڕیار، ئەوا ڕێژەیەکی زۆرى قوتابیان بەشداريی تاقیکردنەوە دەکەن و، نمرەی وەرگرتنی کۆمەڵێک بەرز دەبێتەوە، کەميی کورسيی خوێندنیش ڕێگە نادات، ئەو ڕێژە زۆرەی قوتابیان وەربگیرێن. هەندێکی دیکەشیان پێیان وایە باشترین بڕیار لەئێستادا داخڵبوونی گشتیيە، چونکە لە ئێستادا ڕۆژ بە ڕۆژ ژمارەی تووشبوانی ڤایرۆسی کۆرۆنا بەرز دەبێتەوە و، بۆ پارێزگاری لە تەندروستيی قوتابیان داخڵبوونی گشتی بە بڕیارێکی دروست دەزانن. هەر بۆیە ئه‌گه‌ر داخڵبوونی گشتی ببێتە هۆی زەرەر بۆ ئەو قوتابیانەی نمرەی بەرزیان هەیە، ئەوا داخڵنەبوون و ئەنجامدانی تاقیکردنەوە، دەبێتە هۆی زەرەر بۆ ئەو ئەو قوتابیانەی کە نمرەی بەرز و نمرەی نزمیان هەیە. لەم نێوەندەشدا وەزارەتی خوێندنی باڵاو توێژینەوەی زانستی پێی وایە گەر داخڵبوونی گشتی بێت و، تەواوی قوتابیانی پۆلی دوازدە لەهەردوو بەشی زانستی و وێژەیی بەشداريی تاقیکردنەوەی وه‌زاری بکەن، ئەوا ساڵێکی دیکە توانایان نیيە ڕێژەیەکی هێندە زۆر قوتابی لە زانکۆ و پەیمانگاکان وەربگرن و کورسيی خوێندن ڕێگە بە وەرگرتنی ئەو ڕێژە زۆرەی قوتابیان نادات.
لە ئێستادا باشترین بڕیار داخڵبوونی گشتيیە بۆ قوتابیان، لەبەر دوو خاڵ. یەکەم: ئه‌گه‌ر قوتابیەک بە پێنج وانەی کەوتوو داخلی تاقیکردنەوەی وه‌زاری ببێت، ناتوانێت نمرەی دەرچووون بەدەست بهێنێت و کاریگەری لەسەر نمرەی ئەو قوتابیانەش نابێت کە نمرەیان بەرزە. دووەم: بارودۆخی تەندروستی و ژمارەی تووشبوانی ڤایرۆسی کۆرۆنا ڕۆژانە پێمان دەڵێت، مەترسييه‌كه‌ی ئێستا زیاترە لە ڕابردوو،چونکە کاتێک دەرگای خوێندن داخرا بە ڕووی قوتابیاندا، تەنيا هەواڵی ڤایرۆسەکە هەبوو، بەڵام هەواڵی ئێستا ڕۆژانە تووشبووی نوێمان بۆ دیاری دەکات. بڕیاڕێکی دیکەش كه‌ دەتوانرێت لە سوودی قوتابیان بێت، مەرج نيیە داخڵبوون گشتی بێت، دەتوانرێت بڕیار بدرێت، ئەو قوتابیانەی وەزری یەکەم دەرچوون، یان تاکوو سێ وانە کەوتوون، ئەوا ڕاستەوخۆ بەشداريی تاقیکردنەوە بکرێت، ئەو قوتابیانەشی لە سێ وانە زیاتر کەوتوون، ئەوا تاقیکردنەوەی وانەکان بکەن، بزانرێت ئایا داخڵ دەبن، یان نا، چونکە ئەمە وادەکات لە ڕووی بەرکەوتن و قەڕەباڵەغيی ناو هۆڵەکانی خوێندن، ڕێژەی بەرکەوتن کەم بکاتەوە. بۆیە بۆچوونم وایە باشترین بڕیار لە ئێستادا داخڵبوونی گشتی بێت، چونکە وەزارەتی پەروەردەی عێراقیش بڕیاری داخڵبوونی گشتيی ڕاگەیاند.
Top