گەلی کورد کۆیلایەتی و پاشکۆیی عێراقی ستەمەکار قبوڵ ناکات..

گەلی کورد کۆیلایەتی و پاشکۆیی عێراقی ستەمەکار قبوڵ ناکات..

گەلی کورد ،٩٩ ساڵە، دوور لە ویستی خۆی لە نێو ئاگر وکۆمەڵکوژی ، پیلانگێری حکومەتە یەکە لەدوای یەکەکانی عێراق وەک چیاییەکی پۆڵایین خۆراگر بووە ، کۆڵی نەداوە و گیان و خوێنی بەخشیووە تا بە سەربەرزانە بە مافەرەواکانی بگات و پاشکۆ و کۆیلەی رژێمەکانی عێراق نەبێ.لە ١٩٢١ەوە ئێمەی کوردی ئەم پارچەیە، بووینەتە بەشێک لە دەوڵەتێک کە زمان و کولتوور و شێوە و روخسار و خوو و نەریت و خاک و ئاو و ھەوا و درەخت و داروبەردمان لێک جیاوازە. سەرانی ئەو دەوڵەتەش بە چەک و ئاگر و ئاسن و پەرواێزخستن حوکمیان کردین، زیاتر لە ٨٠ ساڵی حوکمی عەرەبی سوننە، بەشی کورد جینۆساید، ئەنفال، کیمیاباران، ڕاگواستن، ئاوارەکردن، وێرانکردنی ٤٥٠٠ گوند و ئەوانە بوو. دوای رووخانی رژێمی بەعس و سەرلەنوێ بنیاتنانەوەی عێراق لە ساڵی ٢٠٠٣ەوە، کورد بەھۆی ئەو گۆڕانکارییانەی لە عێراقی نوێ دروست بوو، بە دوودڵییەوە و کەمێکیش بەناچاری، کەوتە ئەو بڕوایەی کە عێراقی دوای سەدام دەبێتە عێراقێکی دیموکراسی و عەرەبی شیعە و سوننە وانە لە حوکمی سەدامی دیکتاتۆر وەردەگرن.

گەلی کورد ھیچ بڕیارێکی سەپێنراو قبوڵ ناکات و کاتی ئەوە ھاتووە کورد لە وڵاتێکی پڕ قەیران و کێشەی وەک عێراق قبوڵ نەکات و نەبێتە پاشکۆی ھیچ نەتەوەیەک.ئەگەر سەیری مێژووی نەتەوەکان بکەین دەبینین زۆرێک لە رووداو و یان رێکەوتی گرینگی مێژووی ھەن کە قۆناغەکانی ئەو نەتەوانەیان گواستۆتە بۆ قۆناغێکی جیاوازتر لە قۆناغەکانی پێشخۆیان، ھەر وەک ئەو رووداو و رێکەوتانەش بونەتە پەند بۆ ئەو میللەت و دەسەڵاتە ستەمکارە یەک لەدوای یەکەکان .راپەرینی بەھاری ساڵی ١٩٩١ خەڵکی رزگاری خوازی کوردستان، خالی وەرچەرخانی مەزن بوو لە مێژووی میللەتێک لە باشوور لە سەدەی بیستەم کە لە دژی زوڵم و ستەمی زۆرداری و داگیرکاری دڕندەترین رژێمی ناوچەکە راپەڕین کە ئەوەش نیشانەی گەلێکی زیندوە لە قبوڵ نەکردنی ژێردەستەی ، سەلمێنرا کە لە ھیچ رژێمێکی دیکتاتۆری قبوڵ ناکات زۆڵم و ستەم و نادادی بەسەردا بسەپێنێت .

روون و ئاشکرایە، عەرەبی شیعە کە وەک کورد قوربانیی دەستی رژێمی بەعس بوون، بەھۆی زۆرینەبوونیان، دەسەڵاتی عێراقیان گرتە دەست و بە شەراکەت و تەوافوق دانیان بە بەشێک لە مافەکانی کورددا نا، عێراقمان سەر پێ خست و ھێدی ھێدی بەھێز بوون، بەڵام بیریان چوو کە کورد نەبوایە عێراقە نوێیەکەی ئەوان نەدەبووەوە عێراق، ئیدی تەوافوقیان شکاند، شەراکەت نەما، دەستوور جێبەجێ نەکرا، بودجە و قووتی خەڵک بە بڕیارێکی سیاسی و نادەستووری بڕدرا. ئەمە لە کاتێکدا بوو کە ھەرێمی کوردستان رووبەڕوووی شەڕی داعش بووبووەوە و پێشمەرگە بە خوێنی خۆی پارێزگاریی لە گەل و خاکی کوردستان دەکرد. ئەمە جگە لەوەی زیاتر لە یەک ملیۆن و ٥٠٠ ھەزار ئاوارە روویان لە ھەرێمی کوردستان کردبوو. وەزیری کورد بە ھۆکاری سیاسی ئیستیجواب کرا و پۆستەکانی کورد بە کەسانی تر پڕ کرانەوە و ھێدی ھێدی پەڕاوێزخستنی کورد دەستی پێکرد و ئێستاش بەرەوامە.دوای ٩٩ ساڵ لە حوکمی عەرەب، دوای ئەو ھەموو تاوانەی لەو عیراقە یەکگرتووەدا دژی خەڵکی کوردستان ئەنجام درا، ئیتە ئیتر مافی کورد بە شوێن چارەنووسی خۆیەوە بێت و واز و لەو عێراقە خوێناوییە بھێنێت.
ئەو عیراقەی نەیتوانیوە دیموکراسیی راستەقینە پیادە بکات، نەیتوانیوە خزمەتگوزاریی دروست بگەیەنێتە ھاووڵاتییانی، ھێشتا کێشەی کارەبا و ئاوی ھەیە، ھێشتا لەنێو جەرگەی بەغدا پایتەخی عێراق و لە گەڕەکە راقییەکانیشی کۆڵان و شەقامی قیرتاونەکراو دەبینی.گەندەڵی سەرتاپای عێراقی گرتووەتەوە. دوو ھێزی چەکداری ھەیە، یەکێک یاسایی و یەکێک نیمچەیاسایی. ئینتیما بۆ مەزھەب و سیاسەتە، نەک بۆ حکوومەت و دەوڵەت. کە بەراوردی ١٧ ساڵ حوکمی شیعە بە ١٧ ساڵ حوکمی فیدراڵیەتی ھەرێمی کوردستانی دەکەی، سەرەڕای ئەو بودجە کەمەی کە بۆ کوردستان تا پێش ساڵی ٢٠١٤ نێردراوە، ئەوەت بۆ دەردەکەوێت کە جیاوازیی نێوان ھەردوو ١٧ ساڵەکە، جیاوازیی نێوان زەوی و ئاسمانە.

بۆیە، عێراقێک وەفای بۆ شیعە و ھاوڵاتیانی سوننەوە غیرە کورد نەبێ ، چۆن دەتوانێت ھەستی سۆزو و خۆشەویستی بۆ گەلێک ھەبێ کە ھەموو رژێمە یەک لە دوای یەکەکان لە ماوەی ٩٩ ساڵی رابردوو، بە ھەموو جۆرە چەک و ئامرازێک ھەوڵی قرٍکردنیان داوە . ھەروەھا گەلی کورد فێر نەبووە ، ژێر دەستی و پاشکۆی دوژمنان وداگیرکەران قبوڵ بکات . یان دەبێ رازی بێ بە جێبەجێکردنی مافە دەستوورییەکانی یانیش سەربەخۆیی و ماڵئاوایی لە عێراقی سەختە وگەندەڵ ووێران..

Top