ئەرێ: قۆزم!!!!

ئەرێ: قۆزم!!!!


بەشی یەکەم

ئەوێ سارێ، لە لایەن زانکۆی تاران داوەت کرام. لەوێ، کە چوومە ناو زانکۆ و بە ڕادەیەکی زۆریش کیژۆرەم دەدیتن ھەر یەکە و چرێشێکی١ بە کەپووی٢ وەبوو، کە: مانا ئەو خوشکە نەشتەرگەری جوانکاری کردییە! ئەوجا یان کەپووی گەورە بووە گچکۆکەی کردیتەوە، وە یان لاکەپوەکی بە درێ خوشکی نەبووە!؟ وە یان بە ھەر جۆرێک بووە کەپوویێ خۆی بەدر نەبووە. کە چوومە ناو بازاڕ و خەڵکی عەوام، ئەوا حالەتەکان ھەندە زۆر بوو وەکی دیاردەکی دەھاتە بەرچاو.
لە کوردستان ھەتا حەیامێک لەمەو پێشتر ئەو جۆرە دیاردانە ھیچ دیار نەبوون!؟ بەڵام دەگەر زۆر بوونی پارە وە گۆڕانی شێوازی ژیان و بۆچوونەکان و کوالێتی ژیان کردن و بەھای کۆمەڵایەتی و پلە و پایە و زۆر بوونی لرف کردن و مەعاش و مووچەی بندیواری و بە عەولەمە بوون و جیھانگیری و کرانەوەی سنوورەکان، ھووردە ھووردە ئەم دیاردە لۆ ناو کوردستانیش دزەی کرد، ھەنووکە لە بازاڕ بڕۆیت مەگەر تاک و لۆق دەنا خڕ چرێشی بە کەپووی وەیە!؟ ھەرچەندە دەگەر ڕوبعە مووچە و کەمکردنەوەی مووچەی خەڵک بڕۆکەک سڵەمینەوە ڕوویدا بەڵام ھێشتا ھەر ماوە و قل قلە دەبینرێن!! ئەم حالەتی تەجمیل و خۆجوانکردنە بەزۆری لە کیژۆران و جوانکان و ڕەگەزی مێ بەرچاو دەکەوێت، بە ڕێژەیەکی کەمتر دەناو زەلامان و ڕەگەزی نێر دەبینرێت.
وێنای خۆت و ڕا لەخۆ بوون (body image): بەوە پێناس دەکرێت کە مڕۆڤ چۆن دەخۆ ڕادەمینێت!؟ وە یان ھەستی کەسەکە کووە دەربارەی ئاکاری.... ئەوجا لۆی ھەیە؛ کە: ئەو ھەستەی ھیچ پەیوەندی بە ڕاستییەوە نەبێت؛ وە ھەستێکی ناڕاست بێت. لۆی ھەیە کیژۆرەک کێش و وەزنی تەواو بێت بەڵام خۆی پێ قۆپەن٣ بێت! وە یان کێشی زیاد بێت، ئەمەش بە زۆری لە حالەتی نەخۆشی (دڕدۆنگ =anorexia )، وە یان زۆر خۆری (bulimia) ڕوو دەدات. ھەروەھا زۆر لە گووینە؛ کە: کچێک تەماشای خۆی بکات و لە نەینۆک ٤ دەخۆ ڕابمێنێت دەگەر ئەوەی ئاکارێکی جوانی ھەیە بەڵام دەخۆ بفکرێت و بڵێت: کەپووم گەورەیە، وە یان لچم شۆڕە یان لچم وەکی قەیتانە و باریکە. ھەتا لە ئەمریکا لێکۆڵینەوە دوای لێکۆڵینەوە دەریدەخات، کە؛ ژنان لەوێ ھیچ ڕایان لە وێنا و ئاکاری خۆیان نییە!؟ وە خۆیان پێ ناشیرینە!؟ وە یان خۆیان پێ قەڵەوە یان قۆپەنە یان خۆیان پێ تووکنە، وە یان خۆ پێ درێژە ...ھتد. بەپێچەوانەی ئەوانەوە زەلام و ڕەگەزی نێر لەو ووڵاتە دەگەر ئەوەی ئاکار و ئەدگاریان وەکی ستاندەرد جوان نییە بەڵام پێ ڕازینە و خۆیان بە درە. ئەم جیاوازیەش لۆیە ھەیە چونکە ژیانی ڕۆژانەی ئافرەتان و ئەدگار و ئاکاریان بە شێوەیەکی ڕاستەوخۆ پەیوەندی بە باری جەستەکەیەوە ھەیە، وەکی: سووڕی مانگانە، دووگیانی و منداڵ بوون....ھتد. ھەر کوەک بێت ئەو ئافرەتەی، کە؛ لە ئەدگاری خۆی ڕازی نییە، ئەوا: زۆرتر تووشی ڕاڕا (obsession ) دەبێت و بەمجۆرە کاردانەوەی تەواوی لەسەر تەواوی مەجرای ژیانی دەبێت. وە ھەرکاتێک ئافرەتێک ئیحساسێکی وای لۆ دروست بوو، کە؛ جوان و جلەوکێش نییە! ئەوا: ئەو ئافرەتە خۆی بە کەم دێتە بەرچاو و تەنانەت بەدەنیشی ساغ و تەندروست نابێت. ھەر ژنەک ڕای لەخۆ نەبێت، وە یان خۆی پێ جوان نەبێت؛ ئەوا: لۆی ھەیە لە ئایندە تووشی دڕدۆنگی لە خواردن، وە یان تووشی قەڵەوی و قۆپەنی بێت. لە ڕووی سێکسیشەوە لۆی ھەیە تووشی گرفتی سێکس بێت (sexual dysfunction ) ئەمەش چونکە ھەر کاتێک ئافرەتێک خۆی پێ قۆز و لەبەر دڵان بێت؛ ئەوا: ئەم گرفتەی نابێت. ئەوەشمان وەبیر بێت، ھەر لۆ ئەوەی بە کەسێک بگۆترێت: قۆزی! ناچار پەنا لۆ پێڵاو و جوانکاری و تەنانەت نەشتەرگەری جوانکاری دەبات، ھەتا ئەوەی ئەو لای ناشیرین و کرێتە بەھۆیانەوە بیشارێتەوە... ھەر ھەندە بڵێن: قۆزی!؟
ئەرێ: قۆزم!؟

................
١. چرێش = پلاستەر.
٢. کەپوو = لووت.
٣. قۆپەن = قەڵەوی لپر لپر.
٤. نەینۆک = ئاینۆک = ئاوێنە = خۆدی.
Top