خوێندنەوەیەکی نێوان ھێڵەکان (حوکمڕانی، تەنیا دابەشکردنی مووچە نییە) لە پەراوێزی وتارەکەی سەرۆکی حکومەتی ھەرێمی کوردستان
May 27, 2020
وتار و بیروڕا
کە گوێ لە وتارەکەی سەرۆکی حکومەت دەگرین، لە کۆی وشە و رستەکاندا چەندین شت بەدی دەکرێت، یەکەمیان مەسەلەی خۆپاراستنی ھاووڵاتیانە لە دەستپێکی وتارەکە و پابەندبوونیان بە رێنماییەکان و جەختکردنەوە لەسەر(تەندروستیی گشتیی کۆمەڵگە) ھەمان ئاماژەکان و قسەکانن کە وتارەکەی پێ تەواو دەکرێت. ئەو مەسەلەیە ئەوەمان پێ دەڵێت، خۆپاراستن لێپرسراویەتی دەزگاکانی حکومەت و خودی ھاووڵاتییە و مەبەستێکی سەرەکی و ئامانجی حکومەتە.
تەئکیدکردنەوە لە پاراستنی (قەوارەی فیدڕاڵی)ی ھەرێمی کوردستان کە زۆر بە راشکاوانە دەستووری ھەمیشەیی عێراق ددانی پێدا دەنێت و لە سێبەری ئەو ددانپێدانەدا ماف و شایستەی ھەرێم و خەڵک زۆر بە روونی دەخوێندرێتەوە، بەڵام پێویستی بە دەستە جەمعی نوێنەرانی سیاسی و حکوومی و پەرلەمانی ھەیە، کە بە بێ وچان بە دوای جێبەجێکردن و پەیوەستبوونی حکومەتی ناوەند و ئەنجومەنی نوێنەران و کۆمسێۆنە سەربەخۆکان و دەزگای دادوەری و بەتایبەتیش دادگای باڵای فیدڕاڵی) کە دەزگایەکی زۆر گرنگە بۆ پاراستنی جێبەجێکردن و پەیوەستبوون بە ماددەکانی دەستوورو تاکە لایەنە بۆ شیکردنەوەی دەستوور(تفسیر الدستور)، لە ھەمانکاتیش سەرۆک کۆمار بەحوکمی ماددەی٦٧ی دەستوور: (سەرۆک کۆمار. . . جەخت دەکات لەسەر پابەندبوون بە دەستوور)، عەرەب وتەنی(حامی الدستور)، ھەر چەندە ئەو دەزگایەی بە (فلتەر)ی پاراستنی مافەکان ھەژمار دەکرێت، لە وڵاتێکی دیموکراسی فیدڕاڵی، ئەویش (ئەنجومەنی فیدڕاڵی/مجلس الاتحاد)ـە کە تا ئێستا پێکنەھاتووە، ئەمەش بە پێچەوانەی دەستووری ھەمیشەیی عێراقە و لەو کاتەی کە عێراق (سەردەمی ھەماھەنگی) جێھێشت کە بۆ(سەردەمی زۆرینە و کەمینە) بازی دا.
نەتەوەی کورد کە یەکێکە لەو دوو نەتەوە سەرەکییەی عێراق کە سەد ساڵ بەدەست دیکتاتۆریەتە یەک لەودای یەکەکانی پاش دروستبوونی دەوڵەتی عێراق لەدوای رووخانی ئیمپراتۆریەتی عوسمانی دەیناڵاند، گەرچی ئەوجارەیان بەدەست (زۆرینەی عەرەبی شیعە و سوننە) دەناڵێنێت، چونکە (فلتەری) ئەنجومەنی فیدڕاڵی تا ئێستا لە عێراق دروست نەبووە، ئەمەش بۆشاییەکی گەورەیە لە دیموکراسی و پێم سەیرە لە ٢٠٠٤ەوە تا ئێستا سەرکردایەتیی کوردستان بێدەنگە! گەرچی ئەوەش بەوە دەکرێت کە نوێنەرانی کوردستان بەھەموو پێکھاتەکانی لە ئەنجومەنی نوێنەران بیخەنە ئەستۆی خۆیان و کاری جددی رۆژانەیان بێت و، بە بەردەوامی جەختی لەسەر بکەنەوە، ھەروەکو جەخت لەسەر کێشە سەرەکییەکانی نێوان ھەولێرو بەغدا دەکەنەوە. دەبێت ئەمەش بەھەمان شێوە بکرێت وەک (ماددەی ١٤٠ی دەستوور و یاسای نەوت و گاز و شایستەکانی ھێزی پێشمەرگە و ئەنجومەنی فیدڕاڵی و دادگای باڵای دەستووری و شایستە داراییەکانی ھەرێم و...تاد)، لە ھەمانکاتدا پابەندبوونی ھەرێمیش بە ئەرکەکانی بەرامبەر بە بەغدا لە ژێر سێبەری دەستووری ھەمیشەی عێراق، ئەوەش دەبێتە ھۆی ئەوەی کە پەیوەندییەکان لەگەڵ بەغدا تووشی کێشەو ئاستەنگ نەبێت و، لە ئەنجامدا یەکەم ھەنگاویان شایستە داراییەکان نەبڕن إ
ھەروەھا سەبارەت بە رۆڵی نوێنەرانی کوردستان لە بەغدا پێویستی بە ھێزی سیاسی و حکوومی و پەرلەمانیی پتەو و تۆکمە ھەیە، کە زۆرێک لە سەرکردایەتیی کورد لەھەموو حزبەکان بوونیان لە بەغدا ھەبێت، بەتایبەتی لەناو (پەرلەمان و حکومەت). ھەروەھا (دەزگایەکی تایبەت) لەناو قەوارەی فیدڕاڵی کوردستان ھەبێت، کە نوێنەرایەتیی سەرۆکایەتیی ھەرێم و حکومەت بکات، لەلای حکومەتی فیدڕاڵی و لە ھەمانکاتدا (دەزگایەکی تایبەت) ھەبێت، کەوا ھەماھەنگیی نێوان (ئەنجومەنی نوێنەران و پەرلەمانی کوردستان) جێبەجێ بکات، کە ئەم ھەنگاوەش دەبێتە مایەی بەھێزبوونی نوێنەرانی کوردستان لە بەغدا.
بەڵێ، لە وتارەکەدا ئەوەم خوێندەوە کە ئەم مەسەلەیەش نایەتە کایەوە ئەگەر ناوماڵی کورد یەکڕێزو تۆکمەو پتەو نەبێت و، دەسەڵاتی (لامەرکەزیی ئیداری) پارێزگاکانیش مەسەلەیەکە سەرۆکی حکومەتی کوردستان جەختی لەسەر کردەوە و، دەکرێت سوود لە یاسای ژمارە ٢١ی ساڵی ٢٠٠٨ی ھەموارکراوی(ئەو پارێزگایانەی پەیوەست نین بە ھەرێمەکان) بەتایبەتی ماددەی ٤٥ بەھەموو بڕگەکانی زۆر سوودمەندن بۆ جێبەجێکردنی لامەرکەزیی ئیداری. لەلایەکی دیکەوە کە جەنابی سەرۆکی حکومەتی کوردستان جەخت لەسەر( قەوارەی فیدڕاڵی) ھەرێم دەکاتەوە، مەبەست( دەستووری عێراقیشە)، ئەگەر لایەنێک یان کەسانێک لە ئان و ساتی قەیرانی دارایی (کوردستان و عێراق و جیھان) بەتایبەتی لە سایەی (پەتای کۆڕۆنا) مەسەلەی مامەلەی (بەغدا) لەگەڵ ھەرێمی کوردستان لەسەر بنەمای( پارێزگاکان) بێت و بیکات، ئەوە پێویستی بە ھەموارکردنی دەستووری عێراق ھەیە و رێگاکانی ھەموارکردنەوەی دەستووریش لەناو دەستوور دیاری کراوە.
لە وتارەکەی جەنابی سەرۆکی حکومەتی ھەرێمی کوردستان کە دینە سەر( ستراتیژی فرەچەشنکردنی سەرچاوەکانی داھات)، ئەمەیان بە پلانێکی (کورتخایەن و درێژخایەن) دەکرێت، لە رێگای دەستەی وەبەرھێنان بە شێوەیەکی زۆر کاریگەر، کە بە ھەماھەنگیی وەزارەتەکانی حکومەت پلانەکان دابڕێژدرێت لە بوارەکانی (نەوت و گازو وزە و کشتوکاڵ) کە ئەمەش بە پیشەسازیکردنی گەشتوگوزار و پەرەپێدانی پیشەسازی و بازرگانی و رێگاوبان و تەکنەلۆژیای پەیوەندی و بەستنەوەی ھەرێمی کوردستان بە ھەموو جیھان و رێگاخۆشکردن بۆ وەبەرھێنەرانی بیانی دەکرێت، بۆ ئەوەی لە ھەرێمی کوردستان پرۆژەی گەورەو ستراتیژی وەبەرھێنان دروست بکەن. ھاوکات پێویستە نوێنەرانمان لە بەغدا رۆڵیان لە پیشەسازیکردنی نەوت و غازی کوردستان ھەبێت، ئەویش بە جەختکردنەوە لەسەر ئەوەی ئەو جۆرە پرۆژانە لە بودجەی گشتی عێراق جێگاو شوێنی بۆ بکرێتەوە و جێگیر بکرێن. چونکە پیشەسازی (پێتروکیمیایی) گەورەترین پیشەسازییە لە بوارو کەرتی نەوت لەسەر ئاستی جیھان کە ئابووریی وڵات زۆر پێش دەخات، کە (سعودیەو ئیران) دوو وڵاتی باڵادەستن لەم بوارەدا. بەڵام سەبارەت بە کۆڵەگەکانی (حوکمڕانیی چاک – الحکم الرشید) خۆی لە سێ مەسەلە دەبینێتەوە:
یەکەم: ئازادییە گشتییەکان (الحریات العامە) کە بەشێکی زۆر گرنگی مافە سەرەتایی و سرووشتییەکانی مرۆڤە، ئەوەش دەبێتە مایەی بەڕێوەبردنی ئازادییە گشتییەکان بە شەفافیەت و لێھاتوویی، ئەنجامی ئەوەش پێشکەوتنی ئابووریی وڵات و پاراستنی دەوڵەت و کۆمەڵگەیە لە داڕمان و تێکچوونی ئاشتەوایی کۆمەڵگە، کورد وتەنی (کاسەی پڕ ئاشتی ناوماڵە).
دووەم: یەکسانی، ئەمەش ھەستی ھاووڵاتیبوون تۆکمەو پتەوتر دەکات و، کۆمەڵگەیەکی ئارام دێتە کایەوە، چونکە یەکسانی وادەکات ھەموو کەسێکی کۆمەڵگە یەکسان بن لەبەەدستھێنانی گشت ھەلێکی پێویستی ژیان، ئەوەش پێچەوانەی پەراوێزکردن و دوورخستنەوەی ھەموو جیاوازییەکە بەھۆی (رەنگ، رەگەز، نەژاد، باری کۆمەڵایەتی، یان باری ئابووری)،ھەموو ئەوانە وەلا دەنێت و ھەمووان لە بەدەستھێنانی ھەڵی ژیان وەکو یەک دەبن، بێ جیاوازی و بە یەکسانی.
سێیەم: دادپەروەری، کۆڵەگەیەکی زۆر گرنگ و مەزنی حوکمڕانیی چاک و حەکیمانەیە، چونکە حوکمڕانیی دادپەروەر، تەمەنی زۆر درێژترە لە حوکمڕانیی نادادپەروەر کە پڕە لە کێشەو دەردەسەری. ھەروەھا دەبێت شەفافییەت و توانستی گۆڕین و لێپرسراویەتی و لێپرسینەوەو لێپێچینەوە و یاسا لە سەرووی ھەموو کەسێک و کەسایەتییەک بێت، بێگومان ئەوانە دەبنە مایەی ئەوەی کە ھەردەم ھاووڵاتی ھەست بەوە بکات کە حکومەت و حوکمڕان سەربەوە و ھاووڵاتیش پارێزەری ئەم حوکمڕانەیە، لێرەدا دەبێت حکومەتی ھەرێم جەخت لەسەر ژیان و گوزەرانی ھاووڵاتیان بکاتەوە و ھەنگاوی زۆر بەپەلە بنێت بۆ چارەسەری قەیرانی دارایی، ھاوکات ئەوانەش ھەر لە وتارەکەدا دەخوێندرێتەوە:
یەکەم: یەکلاکردنەوەو چارەسەرکردنی کێشەکانی نێوان ھەولێر و بەغدا. دووەم: بەەدستھێنانی شایستە داراییەکانی بودجەی وەبەرھێنان، (چونکە بودجەی گشتی تەنیا بودجەی بەڕێوەبردن نییە)، لەوەشدا نوێنەرانی کوردستان لە ئەنجومەنی نوێنەران دەبێت زۆر کارابن بۆ پاراستنی شایستە داراییەکانی ھەرێم، ئەوانەش دەبنە ھۆی گەڕانەوەی متمانەی تەواوی ھاووڵاتی بە حکومەتی خۆی، لە وتارەکەشدا سەرۆکی حکومەت ئاماژەی بەوەکرد کە (حوکمڕانی تەنیا دابەشکردنی مووچە نییە).
سێیەم: زیادکردن و ھەمەچەشنکردنی سەرچاوەکانی داھات.
چوارەم: بەرەنگاربوونەوەی گەندەڵی و بەھەدەردانی ماڵی گشتی.
پێنجەم: چاکسازیی ئابووری و کارگێڕی و کەمکردنەوەی بارگرانیی سەر حکومەت لەو کەسانەی کە شایستە نین و بێ ھیچ ھۆیەک مووچە وەردەگرن – ( کێشەی بندیوار).
شەشەم: پێداچوونەوە لە کۆکردنەوەی داھاتە حکوومییەکان و رێگانەدان بەوەی کەسانێک، یان لایەنێک، یان کۆمپانیایەک نەچێتە ژێرباری دانی باج، یان گومرگ، یان ھەر ئەرکێکی دارایی کە بە یاسا رێکخراوە و چارەسەرکراوە.
حەوتەم: بەھێزکردنی رۆڵی دەزگا فەرمییەکان (پەرلەمانی کوردستان، کۆمسێۆنی پاکسازی، دیوانی چاودێریی دارایی گشتی، دەسەڵاتی دادوەری) و رێگا نەدات بە دەستتێوەردانی ھیچ لایەنێک لە کارەکانیان.
ھەشتەم: بەھێزکردنی رۆڵی دەزگاکانی راگەیاندن.
نۆیەم: بەھێزکردنی رۆڵی رێکخراو و کۆمەڵگەکانی مەدەنی.
دەیەم: کەسی شیاو لە شوێنی شیاو دابنرێت.
ئەم خاڵانەی کە دەستنیشانکران و چەند خالێکی دیکەش دەبنە ھۆی فرەچەشنکردنی سەرچاوەی داھات و چاکسازی و پاکسازی و گەڕانەوەی متمانەی تەواوی ھاووڵاتی بە حکومەت و دەزگاکانی حوکمڕانی و لە ئەنجامدا دەبێتە ھۆی ژیانێکی ئارام و بەکەرامەت ھەموو ئەوانەی کە ئاماژەمان پێ دا، لە وتارەکەی جەنابی مەسرور بارزانی سەرۆکی حکومەتی ھەرێمی کوردستان زۆر بە وردی و بە دیقەت لە سەری راوەستاوە. ھەروەھا ئەوەی زۆر گرنگە لە بەشێکی دیکەی وتارەکەی رێزدار مەسرور بارزانی سەرۆکی حکومەتی ھەرێمی کوردستان کە دەڵێت:
( دەبێت چاکسازی گشتگیرو سەرتاسەری بێت و ھەموو لایەنێک بگرێتەوە و، نابێت کەسێک و لایەنێک لەپێناو پاراستنی بەرژەوەندیی تەسکی حزبی و شەخسی رێگری لە پرۆسەی چاکسازی بکات)، لێرەدا بۆمان دەردەکەوێت کە باسی چاکسازی دەکات، تەنیا لایەنی ئابووری ناگرێتەوە، بەڵکو چاکسازی سیستەمی دارایی و ئابووری دادوەری و شەفافیەت و مافی ھاووڵاتی لە گەیشتن بەھەر زانیارییەک و ھەروەھا پەیوەستبوونی دەزگاکانی حکومەتی ھەرێم بە ھەموو مافە دەستوورییەکانی ھاووڵاتیان لە سیستەمێکی حوکمڕانیی دیموکرات کە حوکمڕان لە خزمەتی ھاووڵاتیاندا بێت، لەوەی کە خزمەتی گشتی ئەرکە.
بەڵێ، حوکمڕانیی دادپەروەر دەبێت بپارێزدرێت و شەفافییەت و توانستی گۆڕین و لێپرسراویەتی و لێپرسینەوە و لێپێچینەوەی ھەبێت، ئەوانەش دەبنە مایەی ئەوەی کە ھەردەم ھاووڵاتی ھەست بەوە بکات، کەوا حوکمڕان و حکومەت سەر بە ھاووڵاتییە، ئەمەشیان سەرۆکی حکومەت زۆر بە راشکاوانە ئاماژەی پێ دا و بە توندی بەرەی خۆی ھەڵبژارد. کە مەسرور بارزانی سەرۆکی حکومەتی ھەرێمی کوردستان لەمبارەوە وتی: ( چاکسازی داواکاریی زۆرینەی ھاووڵاتیانی ھەرێمی کوردستانە و منیش لە بەرەی ھاووڵاتیان دەمێنمەوە و بە پاڵپشتی ھاووڵاتیانی خۆشەویست لە چاکسازی بەردەوام دەبین و ھەرگیز لێی پاشگەز نابینەوە...)، بێگومان بەرەیەکی زۆر گەورەی ھەڵبژارد، بەڵام ئەم مەسەلە چارەنووسسازە تەنیا بە سەرۆکی حکومەت و حکومەتی ھەرێم ناکرێت، بەڵکو پێویستی بە ھەماھەنگیی نیشتمانیی کوردستانی ھەیە، (چونکە بەرژەوەندیی خەڵکانێکی سەرپێچیکارو گەندەڵ دەکەوێتە مەترسییەوە و ھەوڵی پەکخستنی دەدەن و ئاستەنگی بۆ دروست دەکەن)، ھەر بۆیە بۆ سەرکەوتنی پرۆسەی حوکمڕانیی سەرکەوتوو، جێبەجێکردنی چاکسازی زۆر گرینگە و بۆ ئەوەش پێویستمان بە یەکڕێزیی ناوخۆیی ھەیە، بۆ یارمەتیدانی حکومەت بۆ ئەوەی لە ھەنگاوەکانی سەرکەوتوو بێت و، بە ھەموومان زاڵ بین بە سەر قەیرانی دارایی و پەتای کۆڕۆناشدا.
بەرەو کوردستانێکی بەھێزو ئاوەدان و تەندروست و ھاووڵاتییەکی ئاسوودە و سەربەرز.
ئەمینداری گشتی پێشووی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق*