‏‎ئایا قەرزارین؟

‏‎ئایا قەرزارین؟


لەبڕی وتار نووسین، بانگهێشت بۆ دانیشتنێکی پەرلەمانی بکەن ...

‏‎لە ڕۆژی 22 ئایار لەوتارێکدا بەرێز سەرۆکی ئەنجومەنی وەزیرانی کوردستان لە رێگەی پەیامێکی تایبەتەوە تیشکی خستە سەر چەندین تەوەری گرنگی سیاسی و ئابووری و زۆر راشکاوانە باسی لە واقعی ئێستای هەرێم کرد. بەتایبەت خاڵێک هەبوو کەوا پرسیار و ئارگۆمێنتی زۆری بەدوایخۆیدا هێنا ئەویش بابەتی قەرزەکانی حکومەت بوو ...
‏‎۲۷ ملیار دۆلار بووبە تایتل و سەرە دێری نوسینی زۆربەی شرۆڤەکارانی سیاسی کە ژمارەیەکیان هەروەک پیشەی هەمیشەییان بەدڵی خۆیان راستی بابەتەکەیان بە ئاراستەی جیاوازدا برد و دووبارە کردیانەوە بە ئامرازێک بۆ چەواشەکاری و لارێدابردنی راستییەکان. ئەوەی جێگەی سەرسورمانە هەمان ئەو کەسانەی کە پێشتر لەژێر سێبەری ئۆپۆزسیۆنەوە دەیانگوت حکومەتی هەرێم قەرزارە و نزیکە لە ئیفلاس بوون کەچی ئێستا دوای وتارەکەی سەرۆکی حکومەت ئاراستەی نوسین و قسەکانیان تەواو پێچەوانە کردووەتەوە و دەڵێن حکومەت قەرزار نییە!

‏‎چۆن حکومەت قەرزار بوو؟

‏‎یەکەم/ لەلایەک نەناردنی بودجەی ساڵانی ۲٠۱٤ تاوکو ۲٠۱۷، لەلایەک شەڕی داعش و هاوکاری کردنی ماددی و مەعنەوی پێشمەرگە لە جەنگی ڕووبەڕوونەوەی تیرۆریستان. لەپاڵ ئەمانەشدا ئەو شەپۆلە زۆرەی پەنابەرانی سوریا و ئاوارەکانی خواروو و ناوەراستی عێراق کەوا روویان لەهەرێمی کوردستان کردبوو پێویستی بە بودجە و میزانییەکی گەورە هەبوو بۆ گەیاندنی خزمەتگوزاری لە دابینکردنی شوێنی نیشتەجێبوون و کارەبا و ئاو ... بۆ هەموو ئەمانەش هەرێم پشتی بەستبوو بە تاکە سەرچاوەی داهات کە نەوت بوو، بەداخەوە دەتوانم بڵێم خێرێکی ئەوتۆی بۆ هەرێم نەبوو.
‏‎پێش ئەوەی هەرێمی کوردستان سەربەخۆ نەوت هەناردەی بازارەکانی جیهان بکات نرخی یەک بەرمیل نەوت لەنێوان 120 بۆ 150 دۆلار بوو، بەڵام کاتێک عێراق لەپڕ بودجەی هەرێمی بڕی، حوکمەتی هەرێم بۆ دابینکردنی موچە بیری لە بژاردەی فرۆشتنی نەوت بەشێوەیەکی سەربەخۆ کردەوە. لەو ساڵانەدا بەهۆی ناکۆکی نێوان وڵاتانی ئۆپێک پڵەس و داگیرکردنی چەندین ناوچەی گرنکی ستراتیژی لەعێراق و سوریا لەلایەن داعشەوە وای کرد نرخی نەوت بەشێوەیەکی زۆر بەرچاو دابەزێت تاوەکو ساڵی 2018. ئەمە جگە لەوەی نەوتی هەرێم لە بازارەکانی جیهان بە هەرزانتر دەفرۆشرێت. هەموو ئەم پێشهاتانە لە بەرژەوەندی دۆخی هەرێمدا نەبوون و فاکتەرگەلێک بوون کە حوکمەتی هەرێم لەماوەی ئەو چوار ساڵەدا توشی چەندین تەنگژەی ئابووری بکەنەوە.
‏‎بۆیە حوکمەت بریارێکی ناچاری وەرگرت بەوەی دەست بە پاشەکەوتی موچەی فەرمانبەران بکات، کە ئەنجامەکەی تاوەکو ئێستا ئیلتیزامێکی ۱۱ ملیار دۆلارییە. لەلایەکی ترەوە ئەو شایستە داراییانەی کە مانگانە دەبوایا بیدات بە کۆمپانیاکانی دەرهێنانی نەوت هەمووی ڕاگرت، دیسانەوە بەمەش قەرزاری ئەو کۆمپانیانە بوویەوە. ئینجا دواتر بۆ دەربازبوون لەم دۆخە لە چەند سەرمایەدارێک و دەوڵەتی تورکیا قەرزی وەرگرت. هەموو ئەم رێکار و بریارانە بژاردەگەلێکی سەخت بوون لە دۆخێکی ئاڵۆز بەڵام دەتوانرێت بگوترێت لە ناچاری بوون. ئەگەر بەم رێکارانە چارەسەری دۆخی ئابووری نەکرابا ئەوسا نەک هەر حکومەت توشی داڕمانی ئابووری دەبوویەوە بەڵکو سەرکەوتن بەسەر جەنگی تیرۆریشدا مەحال دەبوو، چونکە هەر ئەو قەرزانە بوون بە هانای هەرێم هاتن کە بتوانێت چەکی پێشکەوتوو و پێداویستی سەربازی بۆ پێشمەرگە دابین بکات.

‏‎دووەم/ دوای ۱٦ ی ئۆکتۆبەری ۲٠۱۷ حکومەتی عێراق لە رێگەی حەشدی شەعبی و هاوكاری و رێککەوتنی ژێربەژێر لەگەڵ تاقمێكی نێوخۆیی دەستی بەسەر کێڵگە نەوتییەکانی هاڤانا و بای حەسەندا گرت کە رۆژانە نزیکەی ۲٥٠ هەزار بەرمیل نەوت لێیەوە هەناردەی دەرەوە دەکرا، ئەمەش یەکێکی تر بوو لە فاکتەرەکانی کەمبوونەوەی داهاتی نەوتی هەرێم.
‏‎هەروەها لە ناوەڕاستەکانی ساڵی 2018 نرخی نەوت تاڕادەیەکی باش رووی لە بەرز بوونەوە کرد، داهاتی بەدەستهاتوو لە فرۆشی نەوت گەیشت بە 700 ملیۆن دۆلار. لەم داهاتە بڕی 300 ملیۆن دۆلار بە وەزارتی دارایی دەدرا و بڕی 400 ملیۆن دۆلاریش بۆ تێچووی دەرهێنانی نەوت و گواستنەوەی و هەروەها بۆ قەرزی سەرمایەداران و کۆمپانیاکان.
‏‎راستییەکی تاڵ هەیە کە پێویستە بگوترێت، لە ئێستادا بۆ جارێکی تر هەرێمی کوردستان لەهەمان دۆخی ساڵانی 2014 دایە بەوەی کە نرخی نەوت دابەزیووە و حوکمەتی فیدراڵی بودجەی کردووە بە کارتی فشار و لەکاتی خۆیدا ناینێرێت، هەروەها گرتنەبەری رێوشوێنەکانی رووبەرووبوونەوەی ڤایرۆسی کۆرۆنا کاریگەری راستەوخۆی لە کەمبوونەوەی داهاتی ناوخۆ هەبوو. بەهۆی ئەمانەوە حکومەت ناچاردەبێت دیسانەوە دەست بکات بە قەرز وەرگرتن بۆ ئەوەی بتوانێت موچەی موچەخۆران دابین بکات تا ئەو کاتەی هەردوو حوکمەتی هەرێم و بەغداد دەگەنە کۆتا بریار و نرخی نەوت بەرز دەبێتەوە (هەربۆیەش بۆ دابینکردنی موچەی ئەم مانگە حکومەت قەرزی لە خاوەن سەرمایەدارەکان وەرگرت).

‏‎لەم دۆخەدا حکومەت چی بکات؟

‏‎دەتوانین بڵێین قەرز وەرگرتن و جێبەجێکردنی برگە و ماددەکانی یاسای چاکسازی وەکو خۆی و پێداچوونەوە بە دۆخی خاڵە سنوورییەکان و وەرگرتنی باج لە کۆمپانیا نەوتییەکان و هەڵوەشاندنەوەی تەواوی ئەو ڕێنماییانەی کەڕێگربوون لە پێدانی باج و رسومات، حکومەت دەتوانێت داهاتی ناوخۆ بەشێوەیەکی بەرچاو بەرز بکاتەوە کە یەکێکە لە سەرچاوە سەرەکییەکانی داهاتی هەرێم. هەروەها فرە چەشنەکردنی سەرچاوەکانی داهات کە سەرۆکی حکومەت ئاماژەی پێدا، دەکرێت ببێت بە ستراتیژییەتێکی ئابووری سەرەکی بۆ ئەم کابینەیە و لە چوارچێوەیدا گرنگی تەواو بدرێت بە کەرتەکانی کشتوکاڵ و پیشەسازی نێوخۆیی و گەشتوگوزار و ... هەروها هەوڵ بدرێت بە هاوسەنگکردنی دابەشکاری لە داهات و رێژەی داهاتی دابینکراو بۆ بووژانەوەی ژێرخانی ئابووری زیاد بکرێت کە ئێستا تەنها لە ٪٥ ی داهاتی بۆ تەرخانکراوە.

‏‎لەم دۆخەدا پەرلەمان چی بکات؟

‏‎لەدوای دانیشتنی حەوتی ئایار كە بە ئامادەبوونی ٥۸ ئەندام پەرلەمان و لە چوارچێوەی هەموو بنەما پەیرەویی و یاساییەكانەوە بەرێوەچوو، پەرلەمان نەیتوانیووە لە دوو هەفتەی پێشوو بەگوێرەی پێویست بە ئەرکە یاساییەکانی خۆی هەڵسێت. هۆکارەکەشی بەهۆی لەدەستدانی بێ لایەنی و وەرگرتنی هەلوێستی حزبی بەرێز سەرۆكی پەرلەمان کە بووە مایەی پێشێلکاری پەیرەویی بەوەی ئامادەنەبوو بانگهێشتی پەرلەمانتاران بکات بۆ دانیشتنی ژمارە پێنجی ئاسایی وەرزی بەهارە بۆ دەنگدان لەسەر (پێشنیازە بریاری درێژكردنەوەی وادەی پێشكەشكردنی پێشنیازی بریار و یاسا) کەوا لەلایەن ئەندام پەرلەمانە بەرێزەکانەوە ئامادە کرابوو. هەڵبەت دیار پاش تەواو بوونی پشووی جەژن ئەم دۆخە نەخوازراوە چیدیکە لە سەرۆكی پەرلەمان قبوڵ ناكرێ و راستەوخۆ لەگەڵ دانیشتنی هەردوو مەكتەب سیاسی پارتی و یەكێتی، دانیشتنەكانی پەرلەمانیش دەستپێدەكەنەوە.
لەئێستاشدا پرسی قەرزەکانی حکومەت پێویستی بە بەدواداچوون هەیە لەلایەن لیژنە پەیوەندیدارەکانەوە بەتایبەتی لیژنەی دارایی و کاروباری ئابووری بۆ ئەوەی راپۆرتی خۆیان ئامادە بکەن و پێشکەشی سەرۆکایەتی پەرلەمانی بکەن. بەڵام وتارەکەی دوێنێی بەرێز سەرۆکی پەرلەمان کەوا لە چوارچێوەی ئەو بۆچوونەدا نووسرابوو کە هەرێم هیچ قەرزێکی یاسایی نییە جێگەی سەرسورمان بوو!! دەمەوێت پرسیاری ئەوە لە بەرێزیان بکەم ئایا بە پشت بەستن بەکام راپۆرتی لیژنە و بەدواداچوونی کام ئەندام پەرلەمان گەیشتوونەتە ئەو رایەی کە حکومەت جگە لە قەرزی موچەخۆران و شایستە داراییەکانی بەڵێندەران هیچ قەرزێکی تری نییە؟؟
‏‎كاری پەرلەمان چاودێری و بەدواداچوون و یاسادانانە نەك وتاری هەفتانە!! بەرێزیان ئەگەر هەر راپۆرت و بەڵگەی تەواوی لەبەر داستدایە بۆ پشتراستکردنەوەی قسەکانی، دەبوایە پێش ئەوەی بابەتێکی هاوشێوە بنوسێت داوا لە لیژنە پەیوەندیدارەکان بکات کە بەدواداچوون بۆ ئەم پرسە بکەن و دواتر لەرێگەی سازدانی دانیشتنێکی پەرلەمانی و باگهێشتکردنی حکومەت ئەنجامی راپۆرتەکە بۆ پەرلەمانتاران و بۆ هاوڵاتیانی هەرێم تاوتوێ بکەن...

‏‎بۆ ئەمەش وەکو ئەندامێکی لیژنەی دارایی و کاروباری ئابووری پێشنیار دەکەم بۆ تەواو روونکردنەوەی بابەتی ۲۷ ملیار دۆلار قەرزی حکومەت، لیژنەکەمان کۆبوونەوەی خۆی سازبکات و بریار لەسەر ئامادەکردنی راپۆرتی تایبەت بدات، دواتر بۆ خستنەروو و تاوتوێکردنی دەرئەنجامەکان دانیشتنێکی پەرلەمانی بەپەلە سازبکرێت و هەریەک لە بەرێزان جێگری سەرۆکی حکومەت و سکرتێری ئەنجومەنی وەزیران کە هاوکات بەرپرسی فەرمانگەی قەرزەکانە لە ئەنجومەن هەروەها وەزیری دارایی و یاریدەدەری سەرۆك وەزیران بۆ كاروباری وەبەرهێنان و ئەنجومەنی راژە كە پێشتر لەكابینەی هەشتەم وەزیری دارایی بووە، بانگهێشتی دانیشتنەکە بکرێن. بەتایبەت ئامادەبوونی بەرێزان قوباد تالەبانی و ئامانج رەحیم و رێباز حەملان گرنگی خۆی هەیە بەوەی کە لەکابینەی هەشت بەشداربوونە و دەتوانن هاوکاری زیاتر بن لە پێدانی وردەکاری سەبارەت بە پرۆسە و رێکارەکانی قەرزەکانی پێشووتر.
‏‎چاوەرێی ئەوە دەکەم بەرێز سەرۆکی پەرلەمان بەدەم پێشنیارەکەمەوە بێت و دوور لە هەموو بریارێکی حزبی و سیاسی بە کاری سەرۆکایەتی خۆی هەڵسێت و رێز لە گەورەترین پۆستی تەشریعی هەرێم بگرێت پێش ئەوەی بكەوێتە ژێر گوشاری زیاتری ئەندامانی پەرلەمان و فراكسیۆنە جاجیاكان. چونکە ئەم بابەتە رەهەندێکی دارایی و ئابووری هەیە و هاوڵاتیانی هەرێم مافی خۆیانە بەو پەڕی شەفافییەتەوە ئاگاداری واقعی ئەم رەهەندە بن کە پەیوەستە بە چارەنووسی هەموومانەوە.

لیزا فەلەکەدین کاکەیی
ئەندام لە پەرلەمانی کوردستان
Top